بابەتی گەرم:

عارف سه‌لیمی

بەیتی* قاسملوو یان حەدیسی کونەجەرگ بوون و بەرەوپیری مەرگ چوون

Saturday, September 5, 2015

عارف سەلیمی

هەموو ساڵێک لە سەروبەندی کارەساتی نەمانی قاسملوودا، ئەو پرسیارەی کە زیاتر لە هەموو شتێک مێشک ئازار دەدات و سووژن لە جەرگ ڕۆ دەکات ئەوەیە کە بۆچی ئەویش ڕێک کەوتە داوی هەمان ئەو تەڵەکەیەوە کە پێشتر چەندین سەرکردەی سەرهەڵدێری دیکە [بە تایبەت مەزنەکانی شکاکان و مەنگوڕان] تێی کەوتبوون؟ پرسیارەکە جەرگبڕتر دەبێت کاتێ کە بزانیت قاسملوو تەواو ئاگاداری چارەنووسی تڕاژیکی ئەو سەرکردانەی پێش خۆی [و بەتایبەت سمکۆ] بووە. ئەڕی بەڕاست بۆچی ئەمیش هەمان کۆتایی هەڵەبژارد؟ هەڵبژاردن بوو یان چارەنووس؟

باشە ئەوە چ تەلیسمێکە کە نزیکەی تێکڕای سەرکردە سەرهەڵدێرەکانی ئەو بەشەی ئێستا پێی دەگوترێت ڕۆژهەڵات، لە "داوی تەزویر"، یان وەک مێژوونووسە دەربارییە ئێرانییەکان نووسیویانە لە "کەمەندی تەدبیر"ی دەسەڵاتی ناوەندی کەوتوون؟ داخۆ چ خاڵگەلێکی هاوبەش لە نێوان بەسەرهاتی باپیراغا و هەمزاغای مەنگوڕ یا سمایلاغای باپیرە گەورەی سمکۆ و خودی سمکۆ لەگەڵ قاسملوودا هەیە وا هەموویان بە "فێڵ و تەڵەکە"ی دەسەڵات گیانیان بەخت کردووە؟ داخۆ چ پەیوەندییەک لە نێوان ئەم بەسەرهاتانەدا هەبێت؟

ئەگەر سەیری بەسەرهاتی ئەوانەی پێشوو بکەین، دەبینین زۆربەیان لە دوایین وێستگەی ژیانیاندا تووشی جۆرێک لە "تەنیایی" و "بێهیوایی" هاتوون. هەمزاغای مەنگوڕ و سمکۆی شکاک لەم ڕووەوە زۆر لێک دەچن. کەسێکی ئەوتۆیان بە دەورەوە نەماوە، هاوکات دوژمن وردە وردە خەریکە چواردەوریان لێ دەگرێت. ڕۆشناییەکی ئەوتۆ شک نابەن بۆ ئەوەی بتوانن درێژە بە شەڕ بدەن، یان دەبێ بە یەکجاری بڕۆن و ببنە "پەنابەر"، یان دەبێ تەسلیم بن، یان دەبێ لە شەڕی کۆتاییدا لە خوێنی خۆیان بگەوزێن [وەک چۆن مەلا ئاوارە و سمایلی شەریفزادە کردیان] بۆ ئەوەی بەشکم غیرەتێک لە گەلەکەیانەوە هەڵسێت (کە ئەزموون دەڵێ هەڵناسێت) و خوێنەکەیان ببێتە هەوێنی سەرهەڵدانێکی نوێ. یانیش ئەوەتا سازانێک بێتە ئاراوە کە نە شیش بسووتێت و نە کەباب، دەرفەتێک بستێنن بۆ ئەوەی بتوانن پشوویەک بدەن.

پێشنیاری مەسڵەت و وتووێژ و موزاکەرە لە وەها دۆخیکدایە کە وەک دوایین تروسکایی دەردەکەوێت. وەک بڵێی ئیتر دڵساردی و بێهیوایی هیچ دەرەتانێکیان بێجگە لەو تروسکاییە بۆ ناهێڵێتەوە؛ تروسکاییەک کە دواجار دەردەکەوێت مەشخەڵی دەستی دێوەزمەی مەرگ بووە.


زیاتر سەبارەت بە د. قاسملوو

تۆ بڵێی قاسملووش لە دوایین وێستگەی ژیانیدا تووشی دۆخێکی هاوشێوە نەبووبێت؟

پێشینیان بەسەرهاتی ئەو مەزنانەیان لە قاڵبی بەیتەکاندا هۆنیوەتەوە. ئەدی بڵێی بەسەرهاتی قاسملوو چۆناوچۆن بگێڕدرێتەوە؟ بڵێی بەیتی قاسملوو چۆن بێت؟

بەسەرهاتی قاسملوو و قوتابییە تاقانەکەی [شەرەفکەندی] لە پەیوەندی گەڵ شوێنکەوتوانیاندا، لە لایەکەوە لە بەسەرهاتی مووسای پێغەمبەر و هاڕوونی برای، لەگەڵ قەومی بەنی ئیسرائیل دەچێت و لە لایەکی دیکەشەوە هاوشێوەی پەیوەندیی بەسەرهاتی ئیمامی عەلی [و دواتریش حسێنی کوڕی] لەگەڵ شێعەکانی شاری کووفەیە.

لە چیرۆکە ئاینییەکاندا زۆر باسی ئەو دەردیسەریانە کراوە کە مووسای پێغەمبەر بە دەستی قەومی بەنی ئیسڕائیلەوە چەشتوویەتی. مووسا قەومەکەی لە دەستی فیرعەونی میسر ڕزگار کردووە، ئەوانی لە ئاوەکە پەڕاندۆتەوە و بە کەناری ئەمنی کەنعانی گەیاندوون. وادەی موڵکی کەنعان و بەهەشتی ئەو دنیاشی پێیان داوە. کەچی سەرەڕای هەمووی ئەمانە، قەومەکەی وەخت و ناوەخت لێی بەبیانوون. ڕۆژێک حەسرەتی ڕۆژگاری کۆیلەیی میسر دەخۆن، ڕۆژێک داوای "مەن" و "سەلوا" دەکەن و ڕۆژێکی تر دەبۆڵێنن کە بۆچی مووسا ئەوانی هێناوەتە ئەم سەحرایە. تا لێشیان خافڵ دەبێت گوێرەکەیەک دادەتاشن و دەیپەرستن. مووسا زۆر جار لە داخی قەومەکەی سەری خۆی هەڵدەگرێت و ڕوو لە کێوی "توور" دەکات. دەستەواژەی "بیانووی بەنی ئیسرائیلی" کە ئێستاش کەڵکی لێ وەردەگیرێت، ئاماژەیە بەو بڕوبیانووانەی ئەو قەومە، پەیتا پەیتا بۆ پێغەمبەرەکانیان هێناوەتەوە.

ڕیوایەتی شێعەکانیش سەبارەت بە بەسەرهاتی ئیمامەکانی یەکەم و سێیەمیان، تا ڕادەیەک هاوشێوەی ئەمەیە. کووفە لە یەکەم ناوەندەکانی شێعەگەرییە. هەر لە سەرەتای ئاوابوونییەوە، واتە لە سەردەمی خەڵیفەی دووەمدا، بەردەوام یەکێ لە شارە ناڕازییەکان بووە و گلەیی و گازەندەی لە دژی حاکمەکانی هەبووە. خەڵکەکەی ئەوندە نزیکن لە عەلی، کە دوای ئەوەی دەبێتە خەڵیفە یەکسەر پایتەخەتەکەی لە مەدینەوە دەگوازێتەوە بۆ کووفە. لە زۆر شوێنیشدا پەسنی خەڵکەکەی داوە. بەڵام هەر ئەو خەڵکە ئەوندە ئازاری دەدەن و ئەوندە کونەجەرگی دەکەن، کە [دیسان بە گوێرەی ڕیواتەتی شێعەکان] لە زۆر شوێندا بە خراپە باسیان دەکات. لە خوتبەیەکدا بە "بۆرەپیاوانی ناپیاو" [اشباه الرجال و لا رجال] ناویان دەبات. سەبارەت بە کارەساتی بێکەسکوژکردنی حسێنی کوڕی عەلی لە دەشتی کەربەلاش، ئەوە هەر "پیاو ماقووڵان"ی خەڵکی کووفەن کە پەیتا پەیتا نامەی بۆ دەنێرن و داوای لێ دەکەن بێت ببێتە حاکمیان، بەڵێنی ئەوەشی پێدەدەن تا کۆتایی پشتی بگرن. بەڵام دوای ئەوەی حسێن لە مەدینە بەرەو کووفە بەڕێدەکەوێت، لە نیوەی ڕێگەدا بەڵێنەکەیان دەشکێنن و خۆیان لە نامەکانیان نەبان دەکەن. "موسلیمی کوڕی عەقیل"، نێردەی تایبەتی حسێن بۆ لای کووفەییەکان، بە بەرچاویانەوە دەکوژرێت و ئەمان فزەیان لێوە نایەت.

ئەگەر بە دیوێکی تردا لە مێژووی [دوای کارەساتی قەڵای دمدم و موکری قڕانەکەی] ناوچەی موکریان بڕوانین، بە تایبەت ئەگەر لە مێژووی مەلا و میرزا و ئاغاکانی ئەم ناوچەیە [نەک سەرۆک عەشیرەتەکان] ورد بینەوە، دەبینین کە موکریان و بەتایبەت سابڵاخە حەیاتەکەی، ئەلحەق کووفەی کوردەوارییە.

بۆ نموونە سەیری ڕووداوەکانی سەردەمی باپیراغا و هەمزاغای مەنگوڕ و سمکۆی شکاک بکەن.
دەڵێن، لە شۆڕشەکەی شێخ عوبەیدولڵای نەهریدا، هەمزاغای مەنگوڕ هەوڵی زۆری لەگەڵ محەمەدئاغای مامەش داوە بۆ ئەوەی بەشداریی ڕاپەڕینەکە بکات. بەڵام محەمەد ئاغا "لە سابڵاخ هەوڵی زۆری دا تا کاربەدەستانی عەجەم لە مەترسی و گەورەیی بزووتنەوەکە ئاگادار بکاتەوە، بۆ ئەوەی هەر لە سەرەتاوە ڕێی تەشەنەکردنی بگرن، دوای ئەوەی لەوان نائومێد بوو، ڕاپەڕینەکە پەرەی سەند و ئەوسا ئەویش بە ناچاری تێکەڵاو بوو. " [کورد و عەجەم، نەوشیروان مسەتەفا، لاپەڕەی 205]
گەلۆ نیشانەی ئەم "بە ناچاری تێکەڵاو بوونەی" مەلا و میرزا و ئاغا و کوێخاکان، جارێکی تریش لەسەروبەندی دامەزراندنی کۆماری کوردستاندا بەدی ناکرێت؟ 
ئەو کاتە لە شاری تازە سەرهەڵداوی "مەهاباد" چینێکی ناوەڕاستی شاری خەریک بوو ڕەگی دادەکوتا و کۆمەڵەی ژێکاف چرۆی یەکەمی ئەو چینە بوو، "ڕەسەنەکان"ی موکریان بە دیتنی سوپای سۆڤیەت، وایانزانی ئیتر ئەو سوپایە تا هەتایە لەوێ دەمێنێتەوە. بۆیە وازیان لە مەسینەهەڵگریی سەدان ساڵەیان بۆ دەسەڵاتی ناوەندیی ئێران هێنا و بۆ یەکەم جار لە مێژوویاندا خۆیان لە بزووتنەوەی کوردی هەڵقورتاند. خۆهەڵقورتاندنێک کە شاری تازە سەرهەڵداوی "مەهاباد"ی کرد بە "کۆمەڵگەی دیوەخانیی سابڵاخ". هەر بۆیە کۆمەڵەی ژێکاف، تا ئێستاکەش تاکە [یەکەمین و دوایین] بزووتنەوەی شاریی ئەو دەڤەرەیە.

ئەگەر بڕیار بێت بەسەرهاتی قاسملووش لە شێوەی چیرۆکەکانی ناو تەورات بنووسرێتەوە، ئەوا بێگومان موکریانییەکان تانە و تەشەری زۆریان بەر دەکەوێت.
با ئاوڕێک لە پەیوەندیی قاسملوو لەگەڵ ئەو جەماعەتە بدەینەوە بزانین وایە یان نا. بزانین ئەگەر لە داهاتوودا بەیتی قاسملووش، بەتایبەت لە پەیوەندی لەگەڵ ئەو جەماعەتەدا بگوترێتەوە، چۆن باس دەکرێت و چی دەگوترێت [ئەمەی خوارەوە بەم مێنتاڵیتەوە نووسراوە]:

سەرەتا لە حیزب وەدەریان نا. ئەو کوڕە "کرمانج"ێک بوو کە ئەوان پێیان کەسری شان بوو گوێڕایەڵی بن. قاسملوو چووە هەندەران. لەوێ خۆی بە عیلم و زانست تەیار کرد. دەرکەی دیپلۆماسیەتی بۆ داهاتووی خۆی و حیزبەکەی کردەوە. لەولاشەوە حیزبەکەی تا دەهات زیاتر پەرش و بڵاو دەبوو. هەندێک لەپاڵ شۆڕشەکەی مەلا مەستفا خزابوون، هەندێکیان کە غیرەتیان قبووڵی ئەو دۆخەی نەدەکرد، دەستیان دابوویە تفەنگ و لە خوێنی خۆیان گەوزابوون. هەندێکی دیکەشیان بۆ بژێوی ژیانیان دەستیان دابوویە کەسابەت و تووتنیان دەفرۆشت. قاسملوو لە وەها دۆخیکدا گەڕایەوە. حیزبەکەی ڕێک خستەوە و وەسەریەکی نایەوە... شۆڕشی گەلانی ئێران دەرفەتێکی زێڕین بوو، قۆستییەوە و هێزی لە دەوری کۆ کردەوە. پەلوپۆی حیزبەکەی گەیاندە "شیمال" و "جنووب". پێگەی لە ناو کرمانج و هەورامییەکاندا داکوتا. لەو ساتەوە تا ئێستاکەش "هەورامییەکان" و "کرمانجەکان" دوو کۆڵەکەی بە ئەمەگی ئەو حیزبەن. ئەوان هەتا ئێستاش پشتیان لەو بەڵێنەی بە قاسملوویان دابوو، نەکردووە. نە ئینشعابێک، نە پرتەیەک، نە بۆڵەیەک، نە بیانوویەک. بەڵام موکریانییەکان، ئاخخخخخ موکریانییەکان.

لە پێشدا لای چەپیان لێی گرت. ئەو کە تا دوایین ساتەکانی ژیانی "چەپ" و "سۆسیالیست" مایەوە، ئەو سەردەمە لە لایەن کۆمەڵێ مەلازادە و میرزازادە و بەگزادەی موکریانییەوە تۆمەتی بانگردێنی ئیمپڕیالیزم خرایە پاڵی. قاسملوو دەیزانی کە "شەڕ" کۆتایی دیپلۆماسیەتە و دوایش هەر بە دیپلۆماسیەت کۆتایی دێت. شەڕ بۆ ئەو ئامانجێکی هەتاهەتایی نەبوو، بەڵکوو مەودای نێوان دوو دیپلۆماسیەت بوو. بەڵام ئەوان کە بە هۆی مۆدەی ڕۆژگارەوە، بووبوونە چەپ، ئەو کاتە بە داگیرکردنی تارانیش قایل نەبوون، دەیانگوت تا ئەمریکاش نەڕووخێنین واز ناهێنین. [دواتریش کە ئیتر مۆدی چەپ نەما، خوداوەندانی بادانەوش، وەک نە بایان دیتبێت نە بۆران، بەرەو لای ڕاست بایاندایەوە.]

دەڵێن لە میتینگە جەماوەرییەکەی شاری بۆکان، کاتێ قاسملوو ویستی باسی پڕۆژە شەش مادەییەکە بکات، یەکێ لە بەگزادەکانی ئەو شارە بازی دایە سەر بەرمیلێک و پڕ بە گەرووی هاواری کرد "مەرگ و نەمان بۆ سازشکار". جەماعەتێکیش لەگەڵی دووپاتیان کردەوە. لە ساڵۆنی کاوەی سەقزیش هەمان بەزمیان گێڕا. کۆمەڵێ هەرزەکاری خوێنگەرمیان لە دەوری خۆیان کۆ کردەوە و هەر یەکەو کۆکتێل مۆلۆتۆفێکیان دا بە دەستیانەوە، تا قاسملوو باسی شەش مادە و هەشت مادەی کرد مۆلۆتۆفەکانیان تەقاندەوە و هاواریان کرد مەرگ و نەمان بۆ سازشکار...
[خاڵێکی سەیر و سەرنجڕاکێش لەوەدایە کە سەقز و سابڵاخ و بۆکان خۆیان بە چوار پارچەی کوردستان ناگۆڕنەوە؛ کەچی ئەگەر بە شێوەیەکی ڕێژەیی بڕوانی، دەبینی کە بە هەرسێکیانەوە تا ئێستاکە بەقەد "تورجان"یان پێ نەکراوە].

برا بچووکەکەی ئەو بەگزادە بۆکانییە، ئەو سەردەمە یەکێ لە شوێنکەوتوانی مۆدەی چەپ بوو. دوای سەرکردەیەکی کاریزمای وەک کاک فواد، بۆ ئەوەی مل بە مەزنایەتیی "کوڕە کرمانج" نەدا، چوو لە وڵاتی عەجەمستان گەڕا و بە "دۆزە دۆزە گەورەیەکم بۆ هەڵگۆزە"، مەنسووری حیکمەتی دۆزییەوە و هێنای لای سەرووی خۆیەوە داینا. بەس بۆ ئەوەی دان بە "مەزنایەتی"ی قاسملوودا نەنێت. خەسڵەتێکی سەیرە. ئەو عەقڵیەتە دەرەبەگییە بە درێژایی مێژووی چەندسەد ساڵەی، بە دەیان جار ئامادە بووە مەسینە بۆ حاکمێکی دەرەجە چواری فارس یان عەجەم هەڵگرێت، بەس بۆ ئەوەی "بەڵێ"یەک بۆ سەرۆکێکی مەنگوڕ یان شکاک نەکات. ئەو مەنگوڕ و شکاکانەی لە ڕابردوودا بەردەوام لە دژی دەسەڵاتی سەفەوی و قاجاڕ ڕاپەڕیون، بەڵام ئەمان بەردەوام مەسینەهەڵگریان بوونە. گەلۆ هۆکاری ئەو سوکایەتییانەی ئێستاش لەناو ئەو کولتوورە خۆ بەزلزانەدا بەرامبەر بە "مەنگوڕ" و "کرمانج" دەکرێت، هەر بۆ ئەو ڕابردوویە ناگەڕێتەوە؟: ["فڵانەکەس لێی ناگیرێ، مەنگوڕە/کرمانجە"].

قاسملوو کە دیتی جەماعەت دەهۆڵی شەڕی کون فەیەکون دەکوتێت، گوتی جا مادام ئێوە دەڵێن شەڕ دەکەین، یاڵڵا با شەڕ بکەین. خۆیان بۆ شەڕ ئامادە کرد. بەڵام دیسان جەماعەتێکی تر، ئەمجارە لای ڕاستیان لێی گرت. گرووپە حەوت کەسییەکەی ناو کۆنگرەی چوار، بە فیتی حیزبی توودە لە قاسملوو هەڵسانە سەر چۆک و "ئینشعاب"یان کرد.

دەڵێن قاسملوو لەو ساڵانەدا بۆ ئەوەی لە دەستی ئەو عەقڵییەتە ڕزگاری بێت، بە دەستی خۆی کۆمەڵێ گەنجی خوێندەواری هێنایە ناو سەرکردایەتیی حیزبەکەی، بۆ ئەوەی یارمەتیدەری بن و لە ڕاپەڕاندنی کارەکاندا دەستی بگرن. مخابن داهاتوو نیشانی دا کە بێجگە لە "شەرەفکەندی" ئەوانی دیکە - بە قەولی سابڵاخییان دەڵێن ـ "هەو نەبوون"، داهاتوو نیشانی دا کە ئەوانیش جیا لە شەڕەگەڕەکی ناو ئاوایی "موکریان" هیچی تریان پێ ناکرێت.

لە کۆنگرەی هەشتدا ئیتر خەنجەرە گەورەکەیان لە پشتی دا. بە بیانووی "لیستەی فیکس"، لێی هەڵگەڕانەوە. دیسانەوە مەلا و میرزا و بەگزادەکانی موکریان حیزبیان کرد بە دوو لەتەوە. داخۆ قاسملوو ئەو ڕۆژانە چ ئازارێکی چەشتبێت؟ داخۆ چ زووخاوێکی هەڵهێنابێت؟ ڕەنگبێ ئەو لەتبوونە باندۆرێکی گەورەی لەسەر قاسملوو دانابێت. ڕەنگبێ ئەگەر ئەو پەرتەوازەییە نەبوایە ئاوا بێهیوا نەبوایە. ئەوانەی ئێستاکە وێنەکەی بە دیواری ژوورەکەیانەوە هەڵدەواسن، ئەو ڕۆژگارە بە دیکتاتۆر وەسفیان دەکرد. ئەوانەی کە ئێستاکە بە بزیەکی ڕۆژنامەنووسێکی ئەمریکایی گەز گەز باڵا دەکەن، ئەو کاتە ئەویان تۆمەتبار دەکرد بەوەی کە خەریکە پاڵ بە ئیمپڕیالیزمی ئەمریکاوە دەدات...

ڕەنگبێ ڕاگەیاندنی ئاگربەستی نێوان ئێران و عێراق ئیتر بە یەکجاری هیوابڕاوی کردبێت. ڕەنگبێ ئیتر هیچ تروسکاییەکی بۆ درێژەدان بە خەباتی چەکداری بەدی نەکردبێت: حیزبەکەی بۆ جاری چەندەم بۆتە دوو لەت. ئەوانەی بە دەورییەون زۆرینەیان بۆ ئەوە نابن حیسابیان لەسەر بکات. شەڕی نێوان دوو وڵات ڕاگیراوە. سەدام سوپاکەی لە باشووری عێراقەوە هێناوە و ئاوقەی قەندیلی کردووە. تەنگی بە "یەکێتی"ی دەستەخوشکی حیزبەکەی هەڵچنیوە. مەرگەساتی هەڵەبچە قەوماوە. گەرمەی کارەساتی ئەنفالە. قاسملوو هەموو ئەمانە بە چاوی خۆی دەبینێت...

بڵێی خومەینیش نیازێکی لەو چەشنەی نەبێت و لاسایی سەدام نەکاتەوە؟ داخۆ لەو هەلومەرجە دژوارەدا، چۆن بتوانێت درێژە بە شەڕ بدات؟ ئەگەر ئێرانیش سوپاکەی کۆ بکاتەوە و بیهێنێت لە کوردستان مۆڵی بدات، داخۆ چی دەقەومێت؟ بڵێی بتوانن لە قەندیل خۆ بگرن؟ ئەی چی بەسەر خەڵکەکەی دێت؟ بڵێی ئەوانیش تووشی ئەنفال نەبن؟

داخۆ قاسملوو لە دوایین مانگەکانی ژیانیدا چەند جار بیری لە پرسیارگەلی لەم چەشنە کردبێتەوە؟ بڵێی پرسیاری لەم چەشنە تا چەند کاریگەرییان لەسەر دوایین بڕیارەکەی دانابێت؟ بڵێی لە تەنیایی خۆیدا دۆخەکەی چۆناوچۆن لێکدابێتەوە کە بەو بڕیارە مەرگهێنەرە گەیشتووە؟ بڵێی لە تەنیایی خۆیدا....

دەنگۆیەک هەیە: دەڵێن گوایە لە دوایین ڕۆژەکانی تەمەنیدا، هاوڕێیەکی ئەورووپایی لێی پرسیوە داخوا بۆچی بە تەنیایی هاتووە وتووێژ لەگەڵ ڕژێم بکات؟ بۆ لەگەڵ حیزبەکەیدا باسی نەکردووە؟ دەڵێن قاسملوو لە وەڵامدا گوتوویەتی "من لە ناو حیزبەکەشمدا هەر تەنیام".

بەسەرهاتی قاسملووو، بە دیوێکی دیکەدا، بەسەرهاتی سەرکردەیەکە کە تەنانەت لەناو حیزبەکەشیدا تەنیا بوو. بەسەرهاتی کونەجەرگ بوونی "کوڕەکرمانج"ێکە بە دەستی عەقڵیەتی "مەلا" و "میرزا" و "ئاغا" و "کوێخا"ی ناو "ئاوایی موکریان"ەوە. 
ئەو مەلا و میرزا و ئاغا و کوێخایانەی لە دوای ڕووخانی کۆمارەوە تا ئێستاکەش دەستیان لە بینەقاقای سیاسەتی ڕۆژهەڵات ناوە و بەم دەردەی ئەمڕۆیان گەیاندووە.
بەیتی باپیرئاغای مەنگوڕ- بە ئاماژە بە ڕۆڵی بوداق خانی موکری حاکمی سابڵاخ لە پیلانگێڕییەکەی موقەدەمی مەراغەییدا- بەم ڕستەیە کۆتایی دێت: "گوێو لە من بێت گەلی جەماعەتی، کەس بە بەگزادان هەڵنەخڵەتێ!" لەوانەیە ئەو پەند و ئامۆژگارییە بۆ ئەم سەردەمە بەم شیوەیە بنووسرێتەوە کە: "تا جڵەوی سیاسەتی حیزبەکان بە دەستی مەلا و میرزا و ئاغا و کوێخاکانی ئەو دەڤەرەوە بێت، شۆڕش لە ڕۆژهەڵات شین نابێت." [ جا ئیتر گرینگ نییە کە ئەو حیزبانە ڕەسەنن یان ناڕەسەن، کلاسیکن یان مودێڕن!]
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

* لەوانەیە بتوانین بڵێێن کە "بەیت" و "داستان" لە ئەدەبی زارەکیی کوردیدا دوو ژانری هاوشێوەی "تراژیدیا" و "حەماسە"ی ئەدەبیاتی کلاسیکی یۆنانین. واتە "بەیت" تراژیدیا و "داستان" حەماسەیە. لە هەردووکیاندا وەک هاوشێوە یۆنانییەکانیان، باسی ئازایەتیی سەرکردە و پاڵەوانەکانە، لە هەردووکیشیاندا ڕووداوێکی ڕاستەقینە هەوێنی چیرۆکەکەیە... لە "داستان"ەکاندا پاڵەوانەکان ئازایەتی دەنوێنن و سەردەکەون، کەچی لە "بەیت"ەکاندا بەسەرهاتەکە بە مەرگی تڕاژیکی پاڵەوانەکان کۆتایی دێت. "داستان" ئەگەرچی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ژێر کاریگەریی زمانی فارسیدا، مانای سەرکیی خۆی لە کیس داوە و زیاتر واتای "حەقایەت" دەگەیەنێت، بەڵام وەک دەبینین لە پارچەکانی دیکەی کوردستان، کە زمانی فارسی کاری نەکردۆتە سەریان، "داستان تۆمارکردن" یان "داستان نڤیساندن" ئێستاش واتای حەماسەت خوڵقاندن دەگەیەنێت. ئەمە تەواو جیاوازە لە "حەقایەت" کە بە واتای چیرۆکێکی خەیاڵی و "ناڕاست" دێت.


پەیوەندی‌دار:

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە

راپۆرتەهەواڵ

analis picture

١٣ بابەت لە سەر ڕاپەڕینی وەرزێرانی موکریان و خەڵکی بۆکان لە سەردەمی موسەدیق (بابەتی حەوتەم)


هەواڵ


دیمانە

Interview Picture

گەلێک دەوڵەت ، ئەوانەی کە ئەندامی ناتۆن و لەگەڵ ترکەکان کار دەکەن و پێوەندییان لەگەڵ تورکیا هەیە دەیانەوێ نێوانی ڕۆژئاوا

پێنج‌شەمە ۱۲رەزبەر۱۳۹۷/ ۲۳:۳۳