بابەتی گەرم:

ئێران و وڵاتانی ناسراو بە ١+٥ لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی ئێران ڕێککەوتن

Tuesday, July 14, 2015

                                سێشەممە ٢٣ی پووشپەڕ- ١٤ی جولای

- هەڵوێستی حیزبی دێموکراتی کوردستان:
"کێشه‌ی ئه‌تومیی ئێران له‌ لایه‌ن رێژیمی زاڵ به‌سه‌ر ئه‌و وڵاته‌دا‌ بۆ باجگیری له‌ ناوچه‌ که‌ڵکی لێوه‌رگیراوه‌و‌، ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ سه‌ره‌ڕای تێچووی یه‌کجار زۆری ماڵی‌و ئه‌منیه‌تی هیچ قازانجێکی بۆ خه‌ڵک نه‌بوه‌؛ به‌ڵام رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران ساڵانێکه‌ به‌و هۆیه‌وه‌ دنیای ده‌ره‌وه‌ی سه‌رقاڵی ئه‌و مژاره‌‌ کردوه‌و به‌وجۆره‌ زۆربه‌ی پرس‌ و بابه‌ته‌کانی دیکه‌ وه‌ک مافی مرۆڤ، ماف‌و ئازادییه‌ سیاسی‌و مه‌ده‌نییه‌کان و داواو مافه‌ نه‌ته‌وایه‌تییه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان‌و ناوچه‌کانی دیکه‌ی ئێرانی پێ له‌په‌راوێز خستوه‌.... ئێمه‌ هیوادارین کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک به‌ پێداگری‌ و فشارهێنان بۆسه‌ر کۆماری ئیسلامی‌ و پرسیار له‌ ده‌وڵه‌تی ڕووحانی ئه‌و رێژیمه‌ له‌به‌ر ده‌م وه‌ڵامدانه‌وه‌ ڕابگرن‌ و به‌ به‌رده‌وامی فشاره‌کانیان حه‌سه‌ن ڕووحانی ناچار به‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ به‌و به‌ڵێننیانه‌ی دیکه‌ی بکه‌ین که‌ له‌کاتی بانگه‌شه‌کانی هه‌لبژاردندا دابووی...کۆبوونه‌وه‌ی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی له‌و باوه‌ڕه‌دا بوو مه‌سه‌له‌که‌ ئه‌وه‌ نییه‌ له‌و نێوه‌دا کێ براوه‌یه‌ و کێ دۆڕاوه‌، چونکی هیشتا زۆر زووه‌ قه‌زاوه‌ت له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ بکرێ، به‌ڵام خه‌ڵک مافی خۆیانه‌ مکوڕتر له‌ جاران به‌دوای وه‌ڵامی پرس‌و پرسیاره‌کانیاندا بڕۆن‌و وه‌ڵامیان له‌ حکومه‌ت‌و ده‌وڵه‌ت بوێ. تا ئه‌و جێیه‌ش که‌ که‌ پێوه‌ندی به‌ ماف‌و ئازادییه‌کان‌ له‌ ئێران هه‌یه‌ خه‌بات‌و تێکۆشانی خه‌ڵک درێژه‌ی ده‌بێ‌و به‌به‌رده‌وامی ده‌چێته‌ پێش."
دەقی هەڵوێستەکەی حدک

- حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران:
"ئەگەر بەدوای ئەو ڕێککەوتنەدا، تەنانەت ئاڵوگۆڕ لە چالاكی ناوکیی كۆماری ئیسلامی ئێراندا پێک بێ‌، ئاڵوگۆڕ لە سیاسەت‌ و كردەوە‌ و نێوەڕۆكی رێژیمدا پێک نایە‌و هەر ئەوەش مەترسی رێژیم بۆ سەر كۆمەڵگایی جیهانی لە جێگای خۆی دێلێتەوە. بۆیە پێویستە وڵاتانی رۆژئاوایی‌و ئامریكا ئەو راستیە لەبەرچاو بگرن ‌و ئەو بەها مرۆڤیانەی وەك دێموكراسی، مافی نەتەوەكان و... نەخەنە ژێر سێبەری ئەم رێككەوتننامەیە. لە بەشیکی دیکەی بەیاننامەکەی حدکادا هاتووە: "ڕابردوو نیشانی داوە لەو جۆرە حاڵەتانەدا سەركوت‌ و فشار بۆ سەر خەڵک بەرینتر‌ و زیاتر‌ و بێ‌‎بەزییانەتر دەبێ‌ ‌و لە دەرەوەی وڵاتیش رێگا دەدات كۆماری ئیسلامیی ئێران بە رێژەیەكی بەرچاوتر لە پێشوو یارمەتیی هاوپەیمانانی خۆی لە ناوچە وەک بەشار ئەسەد، حیزبوڵڵای لوبنان، حوسییەكانی یەمەن‌ و باقی گرووپە تیرۆریستییە ورد‌ و درشتەكانی بدا، بەهێزبوون ‌و پشت ئەستووربوونی ئەوانەش بە كۆماری ئیسلامی ئێران بە مانای درێژەكێشانی ئاژاوە‌و شەڕ‌و ئاوارەیی‌و وێرانی لە ناوچە دەبێ‌."
دەقی بەیاننامەکەی حدکا

- عەلی خامنەیی، ڕێبەریی ئایینیی ئێران:
چوار ڕۆژ پاش ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ڤیەننا، لە وتاری نوێژی هەینی ١٨ی جولایدا ڕایگەیاند کە ئەو ڕێککەوتنە، سیاسەتی وڵاتەکەی لە بەرانبەر ئەمریکا ناگۆڕێ. ناوبراو وتیشی کە وتوویژ لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران لەگەڵ ئەمریکا لەپێناو بەرژەوەندی وڵاتەکەیدا بووە بەڵام ئەمە هیچ لەوە ناگۆڕێ کە ئێران جیاوازیی زۆری لەگەڵ سیاسەتەکانی ئەمریکا لە ناوچە و جیهان هەیە. ناوبراو هەوەها ڕاشیگەیاند کە ئەو ڕێککەوتنەکە جێبەجێ بکرێ یان نا، ئێران، درێژە بە یارمەتیدانی دۆستانی لە فلستین، سووریا، عێڕاق، لوبنان و یەمەن دەدات.

- پەیامی نێچیروان بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێم:
به‌بۆنه‌ی ڕێككه‌وتنی وڵاتانی پێنج كۆ یه‌ک و كۆماری ئیسلامیی ئێران، له‌سه‌ر دۆسیه‌ی ئه‌تۆمیی ئێران، پیرۆزبایی له‌ ڕابه‌ر و سه‌رۆكایه‌تیی كۆمار و گه‌لی ئێران ده‌كه‌ین. هیوادارین ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ سه‌ره‌تایه‌ک بێت بۆ به‌هێزكردنی هه‌ماهه‌نگی و هاوكاریی نێوان وڵاتان و گه‌لانی جیهان، له‌پێناو ئاشتیی جیهانی و پێشكه‌وتنی مرۆڤایه‌تیدا. ئه‌م ڕێككه‌وتنه‌، ئه‌وه‌ی نیشان دا كه‌ پشوودرێژی له‌ دانوستاندا، باشترین ڕێگه‌یه‌ بۆ دروستبوونی ڕێككه‌وتن له ‌نێوان ده‌وڵه‌تانی جیهاندا. به‌و بۆنه‌یه‌وه‌ ڕێز له‌ كاری هه‌موو شانده‌ دانوستاندنكاره‌كان و هاوكاری و هاندانی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ده‌گرین، له‌پێناو دروستكردنی هه‌ماهه‌نگی و ئاشتیی جیهانیدا. هه‌ر لێره‌دا ده‌مه‌وێ جه‌خت له‌ په‌یوه‌ندیی دۆستانه‌مان له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران بكه‌مه‌وه ‌و دڵنیاین ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ ده‌بێته‌ هۆی فراوانتربوون و پێشكه‌وتنی زیاتری هه‌مه‌لایه‌نه‌ی په‌یوه‌ندیی نێوان هه‌رێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران له‌ هه‌موو بواره‌كاندا.

- د. ئومێد سەباح، گوتەبێژی فەرمیی سەرۆكایەتیی هەرێم:
"سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانی عێراق هیوادارە كە ڕێككەوتنی ئەتۆمیی نێوان كۆماری ئیسلامیی ئێران و وڵاتانی پێنج كۆ یەک ببێتە مایەی سەقامگیری و بووژانەوە لە ناوچەكە و نەهێشتنی بارگرژی و خزمەتی پاراستنی ئاشتی و ئاساییشی جیهانی بكات."

- دوابەدوای ڕاگەیاندرانی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ٢٣ی پووشپەڕ، هەژمارێک لە شارۆمەندانی ئێرانی هاتنە سەر شەقامەکان و ئەو ڕێککەوتنەیان وەک سەرکەوتنی دیپلۆماتیکی ئێران لەقەڵەم دا و جەژنیان گرت. لە تاران خەڵکانێک لە مەیدانی "ولی عصر" وێڕای نیشاندانی خۆشحاڵیان، دروشمیان لە پشتیوانی مەهدی کەڕوبی و میرخسێن موسەوی سەردا کە بە ڕێبەرانی "بزوتنەوەی سەوز" ناوبانگیان دەرکردووە و نزیک بە شەش ساڵە، لە ماڵەکانی خۆیان لەژێر چاوەدێری دان.

زانرا کە لە شارەکانی مەشهەد، کەرەج، زەنجان، شیراز، کرمان، برووجێرد و بووشێهریش خەڵک خۆشحاڵی خۆیان، سەبارەت بە کۆتایی هاتنی گەمارۆ ئابوورییەکان و دوورکەوتنەوەی مەترسی هێرشی سەربازی بۆسەر ئێران، لەسەر شەقامەکان دەربڕیوە.

- هاوکات لەگەڵ باقی شارەکانی ئێران، سەدان کەس لە خەڵکی کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بە بۆنەی ڕێککەوتنی ئێران و وڵاتانی پێنج زێدە یەک، هاتوونەتە سەر شەقامەکان و خۆشحاڵی خۆیان نیشان دەدەن.


حەسەن ڕووحانی‬، سەرۆککۆماری ئێران؛
- ئێمە لە دەستپێکی وتوویژەکاندا ٤ ئامانجمان بۆخۆمان دیاری کردبوو: یەکەم ئەوە بوو کە بتوانین مافی ئەوەمان بێت درێژە بە گەشەپێدانی بەرنامە ئەتۆمییەکەمان بدەین، گەمارۆ هەڵە و دژەمرۆییەکانی سەر ئێران کۆتایی پێبهێنین، بڕیارنامە نایاساییەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان هەڵبوەشێنرێنەوە و چوارەم ئەوە کە دۆسیەی ئەتۆمی ئێران لە ئەنجوومەنی ئاسایش بێتە دەر.

- ئێمە پاش ٢٣ مانگ وتووێژی بەردەوام و بەتایبەت لە ١٨ ڕۆژ دانوستانی دواییدا، سەرکەوتین کە ٥٠٠٠ سانترییووژ لە بنکەی ئەتۆمیی نەتەنز و ١٠٠٠ سانتریفیووژ لە بنکەی ئەتۆمیی فۆردۆ بهێڵینەوە. درێژە بە پیتاندنی یورانیۆم بدەین.

- بە گوێرەی ڕێککەوتنەکە، سەرجەم گەمارۆ ئابوورییەکان هەڵدەوەشێندرێنەوە. گەمارۆ لەسەر چەک و چۆڵیش تا پێنج ساڵ سنووردار دەکرێ و دواتر هەڵدەوەشێتەوە.

- ڕێککەوتنەکەی ئەمڕۆ، دەبێ سەرەتا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا پەسەند بکرێ، پاشان دوو مانگ دوای پەسەندکرانی، ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپایی دەست بە هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر ئێران دەکەن.


باڕاک ئۆباما، سەرۆککۆماری ئەمریکا سەبارەت بە واژۆکرانی ڕێککەوتنەکە وتی:
- پێشمان بە دەستوێڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی گرت
- ئەو ڕێککەوتنە چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران سنووردار دەکات
- بە گوێرەی هەندێک خاڵی ڕێککەوتنەکە، پشکێنەرانەی ئای ئەی ئی ئەی هەرکات بیانهەوێ و کوێیان گەرەک بێ دەتوانن بیپشکنن
- گەمارۆ ئابورییەکانی سەر ئێران، هەنگاو بە هەنگاو لادەبرێن
- کۆنگرە دەرفەتی باشی دەستکەوتووە کە ئەو ڕێککەوتنە پەسەند بکا و ئەگەریش نەیکا من ڤێتۆی دەکەم
- درێژە بە پاراستنی ئیسرائیلی هاوپەیمانمان دەدەین. بە بێ واژۆکرانی ئەو ڕێککەوتنە ڕۆژهەڵاتی ناوین تووشی شەڕێکی مەترسیدار دەبوون
دەقی وتەکانی ئۆباما بە ڤیدیۆ

- فێدریکا موگێرینی، بەرپرسی پێوەندییە درەکییەکانی یەکێتیی ئەورووپا و جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران، بەیاننامەی فەرمیی واژۆکرانی ڕێککەوتنەکە دەخوێننەوە.

- ماڵپەڕی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا، بەڵگەیەکی ١٥٩ لاپەڕەیی بڵاوکردۆتەوە کە پێدەچێ دەقی ڕێککەوتنی وڵاتانی پێنج زێدە یەک و ئێران بە وردەکارییەکانییەوە بێت. لەم لینکەدا دەتوانن دەقی ئەو بەڵگەنامە بخوێننەوە کە لە وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا وەرگیراوە

- کاناڵی ڕاشا تودەی بانگەشە دەکات کە کۆپییەک لە ناوەڕۆکی ڕێککەوتنی ئێران و وڵاتانی ناسراو بە ١+٥ دەست کەوتووە. هەواڵدەریی تەنسیم لە ئێران و دەفتەری سەرۆکایەتیی وەزیرانی ئیسرائیلیش دەڵێن کە ئاگاداری ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکەن.

- دەگوترێ گەمارۆ ئابوورییەکان ئێرانی سەر ئێران هەڵدەگیرێن، ئەو وڵاتە بۆی هەیە کە پاش نزیک بە چل ساڵ فڕۆکە بکڕێ، داهاتە نەوتی و داراییە بلۆکەکراوەکانی لە دەرەوەی وڵات وەربگرێتەوە، مامەڵە ئابوورییەکان دەستپێبکاتەوە و ڕێگەرییەک لەسەر وەگەڕخستنی سەرمایەی دەرەکی لە ناو ئەو وڵاتەدا نەمێنێ.

- ئێران ڕەزامەندی نیشان داوە کە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بنکە ئەتۆمییەکانی بپشکنێ و چاودێریی ورد لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی بکات. باس لەوەش دەکرێ کە ئێران دەبێ پاشماوە زیادییەکەی یورانیۆمی پیتێندراوی خۆی بۆ وڵاتێکی تر بۆ وێنە ڕووسیا بگوازێتەوە.

- دوا کۆبوونەوەی داخراوی وەزیرانی دەرەوەی ئێران و وڵاتانی پێنج زێدە یەک، لە بنکەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڤیەننا‬ خەریکە بەڕێوەدەچێ. بڕیارە بە کۆتاییهاتنی ئەو کۆبوونەوە داخراوە، وەزیری دەرەوەی ئێران و بەرپرسی پێوەندییە دەرەکییەکانی یەکێتیی ئەورووپا، ناوەڕۆکی ڕێککەوتنی ئێران و وڵاتانی ١+٥ بخوێننەوە.

- یەکێک لەو ئیمتیازانەی ئێران لە ئاکامی ئەو ڕێککەوتنەدا دەستی دەکەوێ، ئازادکرانی ١٢٠ میلیارد دۆلاری بلۆکەکراوی ئەو وڵاتەیە.

- لە ساڵی ٢٠٠٦ەوە گفتوگۆکانی نێوان ئێران و شەش وڵات دەستیانپێکردوە. لەگەڵ هاتنی ڕووحانی بۆ سەرۆکایەتیی ئێران، گفتوگۆکان جارێکی تر دەستیانپێکردەوە و گەشەیانکرد. لە ئۆردۆن بە نهێنی لەپێش ٢٠١٣ گفتوگۆکان چەندجار لە نێوان ئەمریکا و ئێران ئەنجامدرابوون و هاتنی ڕووحانی و ویستی ئۆباماش بۆ سەرخستنی گفتوگۆکان ئەو هیوایەی دروستکرد.
P5+1 دەنوسرێ و نانووسرێ ٦ وڵات، بۆچی؟
چونکە P لێرە ئاماژەیە بۆ پێنج وڵاتی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاساییشی نەتەوە یەکگرتوەکان (Permanent) کە بە P ئاماژەی بۆ کراوە واتا "هەمیشەیی" و+ کۆ ئەڵمانیا. ٥ وڵاتەکە بریتین لە ڕووسیا، شانشینی یەکگرتوو، چین، فەڕەنسا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
کەماڵ چۆمانی

- بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیری ئیسرائیل، توندترین دژبەری ڕێککەوتنی ئێران و پێنج+زێدە یەکە. ناوبراو دەڵێ کە ئێران بەو ڕێککەوتنە هەم چەند میلیارد دۆلار پارەی دەستدەکەوێ و هەم چێکردنی بۆمبی ئەتۆمی بۆ هاسانتر دەبێ و هەمیش درێژە بە پشتیوانیکردن لە تیرۆریزم دەکات. گرووپێک لە توندڕۆکانی ئێرانیش پێشووتر باسیان لە "هێڵی سوور" کردبوو کە ئەگەر لە ڕێککەوتنەکەدا هەبێ، ناهێڵن پارلەمانی ئێران قبووڵی بکات. لە ئەمریکاش کۆنگرە، هەندێک هەڕەشەی لەم چەشنەی لە ئۆباما کردووە و وتوویەتی وا هاسان ئەو ڕێککەوتنە پەسەند ناکەین.

- کاریکاتۆر "دەیڤ گرانلوند" بەم شێوە لە ڕێککەوتنی ئێران و وڵاتانی ناسراو بە پێنج زێدە یەک و ناڕەزایەتیی ئیسرائیل دەڕوانێ.


- زیاتر لە ١٠ ساڵە، زلهێزەکان دەوری ئێرانیان داوە تا ناچاری بکەن واز لە پڕۆژە گوماناوییە ئەتۆمییەکەی بهێنێ و دواجار پاش سێ جار درێژکردنەوەی ئەو خولەی دانوستانەکان، ڕێککەوتن واژۆ کرا.

- پێشووتر -ڕۆژی ٢ی ئاپریلی ٢٠١٥-، نوێنەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و وڵاتانی پێنج زێدە یەک، پاش چەند ڕۆژ گفتەگۆی چڕوپڕ، لەسەر هەندێک خاڵ سەبارەت بە پرسی ئەتۆمی ئێران ڕێککەوتن. وڵاتانی ڕۆژئاوای بەڵێنیان لە ئێران سەندووە کە هەژماری سانتریفیووژەکانی کەم بکاتەوە، پەرە بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی نەدات و بەشێک لە ناوەندە جێگەی گومانەکان دابخات و لە بەرانبەردا، گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر ئەو وڵاتە هەڵگیرێن و مافی ئەوەشی هەبێت کە بۆ بەرهەمهێنانی وزە و لێکۆڵینەوەی زانستی هەژماریکی کەم لە ناوەندەکانی بەکاربێنێ.


هەر ئێستا؛
- پاش زیاتر لە یەک دەیە؛ ئێران و وڵاتانی ناسراو بە پێنج+یەک لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئەو وڵاتە ڕێککەوتن. یووکیا ئامانۆ، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لەمبارەوە گوتی کە ئاژانس و بەرپرسانی ئێرانی لەسەر پشکنینی بنکە ئەتۆمییەکان و چاودێریکردن بەسەر پڕۆژە ئەتۆمییەکەی ئەو وڵاتە ڕێککەوتوون. "عەلی ئەکبەر ساڵحی"، جێگری سەرکۆماری ئێران، ڕێککەوتنەکەی بە نوێنەرایەتی لە وڵاتەکەی واژۆ کراوە.

- ئاژانسی ڕۆیتەرز کە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە ڕایگەیاندووە کە وڵاتانی پێنج+یەک لەسەر هەڵگرتنی گەمارۆ ئابوورییەکانی ئێران، بە مەرجی ئەوە ئەو وڵاتە ڕێککەوتنەکە جێبەجێ بکا ڕێککەوتوون. دەگوترێ ئەگەر ئێران پابەندی بەڵێنییەکانی نەبێ، لە ماوەی ٦٥ ڕۆژدا، هەموو گەمارۆ ئابوورییەکان وەک خۆی بەسەر ئێراندا دەسەپێنرێنەوە.

- دەگوترێ کە بڕیارە گەمارۆی چەک و چۆڵی ئێران تا پێنج ساڵی تر و قەدەخەی کڕینی مووشەک تا ٨ ساڵ درێژەیان هەبێ. بڕیارە تا چەند خولەکی تر، لە کۆنفڕانسیکی ڕۆژنامەنووسیدا، دوو لایەن گەیشتن بە ڕێککەوتن.


پەیوەندی‌دار:

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە