بابەتی گەرم:

"ئێمە قاسملوومان تیرۆر کرد"

Saturday, July 18, 2015
ناسر فەتحی

Wir terrorisierten Dr. Ghasemloo, den Führer der demokratische Partei in Kurdistan.
#Islamische Republik Iran

رۆژی بیست و دووی پووشپەڕ، ئەو رۆژەی کەوا چووم لە شارووبانی بێرڵین بە هونەری جەستە تیرۆرکرانی دوکتور قاسملووم شەرمەزار کرد، کۆمەڵێک ڕووداوم بۆ هاتە پێشێ کە لام وایە شیاوی گێڕانەوەبن.

دوای ئەوەی جلی داوەڵێکی ئاخوندم بە رۆژنامە درووست کرد و پێچامەوە و رۆیشتمە ناوەندی شار، سەرەتا دڵەڕاوکێم هەبوو کە چۆن جلی داوەڵەکە لەبەر بکەم و وەناو کەوم. دەترسام خەڵک بترسن و پۆلیس بمگرن؛ بۆیە بۆخۆم دەستپێشخەریم کرد و چوومە لای پۆلیسێک و گوتم: کاکە کارێکی والەم بەدەستەوەیە و ئەویش گوتی: بۆ پارە کۆکردنەوەیە؟ گوتم نا نومایشێکە بە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران، گوتی: دەی باشە فەرموو، خۆت دەزانی!

جلە رۆژنامەییەکانم لەبەرچاوی خەڵکی لەبەر کرد و وەخۆ کەوتم. زۆربەی خەڵک لێم دەکشانەوە و رادەوەستان تا لێیان دوورکەومەوە، بەتایبەت کە لە مێترۆکان و کۆڵانەکان کوتووپڕ لەبەر دەمیان دەردەکەوتم زیاتر دەبوومە مایەی تۆقانیان، بەس کاتێک لە گۆڕەپانە گشتییەکان زۆرتر دەمامەوە ـ بۆ ئەوەی بتوانن نووسینەکەی پشتەوەم بخوێننەوە ـ ترسەکە دەڕەوییەوە و جۆرێکی دیکە هەڵسووکەوتیان لەگەڵ دەکردم، یانی کە دڵنیا دەبوون ئیتر ناتەقێمەوە، بە ئەسپایی لێم نزیک دەبوونەوە و هەتادوایی؛ منداڵەکان پێم پێ دەکەنین و گەنجەکان خۆیان تێ نەدەگەیاندم و پیرەکان بە تووڕەییەوە سەیریان دەکردم. لەو نێوەدا بەتەمەن مامناوەندەکان تەنیا کەسانێک بوون کە دەیاندواندم و وێنەیان لێ دەگرتم. 

یەکەم کەس، ژنێکی ڕووسی لێم هاتە پێشێ و گوتی: ئەوە چییە لە پشتت نوسراوە؟ گوتم: خۆت بیخوێنەوە، خوێندییەوە، گوتی: یانی ئێوە ئەو دوکتوورەتان تیرۆر کردووە، منیش لە زمان داوەڵە ئاخوندەکەوە گوتم: بەڵێ! ژنە خێسەیەکی لێکردم و بە توندی لێم دوور کەوتەوە. پێم وابێ وایزانی بەڕاستی من یەکێک لە تیرۆریستەکانی ئەو تیرۆرەم و هاتووم بە ئازادی لەنێوشاردا دەخولێمەوە؛ ئاوایە ئیتر، وڵاتێک کە ئازادی تێدابوو خولخواردنی تیرۆریستیش لەنێوشار ئاسایی دێتەبەرچاو، ئەوە لای خۆمان بوایە دەجار لەسەر ئەو فشەیە بەگرتیان دابووم.

زۆرم ئەداو ئەتواری ئاخوندان دەرهێنابوو و کەسم لەگەڵ نەبوو وێنە و فیلمم لێ هەڵگرێتەوە، ئەوەی وێنەشی دەگرتم دەڕویشت و تازە نەمدەدیتەوە، بۆئەوەی پشوویەکم دابێ و كورتەیەکم لە کارەکەم بە دیکۆمێنت کردبێ، ڕووم کردە باڕێک کە کوڕێکی کوردی برادەری خۆمی لێبوو، کە لە باڕەکە وەژوور کەوتم و ریش و پەشمی ساختەم لەسەر دەمووچاوم لادا، ئەو برادەرە کوردە لەشەرمان هەر زوو خۆی لێ بزر کردم. بیرەیەکم خواردەوە و چاکتر گەرم داهاتم و لە ترسی باران نمایشم گواستەوە نێو مێترۆکان. کە سەر دەکەوتم، خەڵکی نێو شەمەندەفەرەکان تا دەگەیشتنە وێسگەی مەبەستی خۆیان، بەتەواوی زراویان دەچوو، دڵنیام زۆر کەس لەترسان بەرلەوەی بگەنە وێستگەی مەبەستیان دابەزیون.

باران لێی کردەوە، دوا شوێنم بۆ نومایش هەڵبژارد، گۆڕەپانێک بوو بەناوی ئێلێکساندرپلاتز، یەکێک لە قەرەباڵخترین شوێنەکانی بێرڵینە و، تاوەری بەناوبانگی بێرڵینیش لەو گۆڕەپانە هەڵکەوتووە.

ئیتر دوو کاتژمێری کۆتایی ئەو پێنج کاتژمێر نومایشەم لەوێ بەسەر برد. سەت هەنگاو دەچوومە پێشێ و سەت هەنگاو دەگەڕامەوە دواوە.


زیاتر سەبارەت بە د. قاسملوو

دوو کوڕە کووردی رۆژهەڵاتم لێ پەیدا بوون: دووسێ ڕەسمیان بە کامێراکەی خۆم بۆ گرتم، یەکیان وادەکات: کاکە تۆ هی حیزبی دێموکڕاتی کۆمەڵەی؟ گوتم: دێموكڕاتی کوردستان، بە ئێرانەوە و بێ ئێران، جیاوازی نییە، گوتی: چۆن یانی؟ گوتم: لێیگەڕێ جارێ! لێگەڕان و بڕێکیان شانازی پێوەکردم و، ئەوان رویشتن.

کامێراکەم دا دەست کوڕێکی عەرەب و ئەویش خولەکێک و دوو چرکەی بەخێرا خۆی فیلم لێ هەڵگرتمەوە.

دوو پیرە پیاوی ئێرانیم تووش بوو، هەر دەچوونە پشتمەوە و دەهاتنەوە پێشێ و نووسراوەکانی سەر داوەڵەکەی بەرمیان دەخوێندەوە، یەکیان بەوی دیکەی گوت: باشە ئاڵای ئێرانی بۆ سووک و چرووک کردووە؟ ئیتر بڕێکیان بۆڵە بۆڵ کرد و دوور کەوتنەوە. یەکێک نەبوە لەوێ پێیان بڵێ: ئەخە سەگی سەگبابانە خۆ بە تەمەن و بە ئاڵمانی خوێندنەوەکەتان ڕادیارە کە لەگەڵ شای زەمانی شا هەڵاتوون بۆ ئەم وڵاتە، ئەی ئیتر بۆ پێتان ناخۆشە ئاڵای ئێران سووک بکرێ؟ خۆ ئاڵاکە شێر و شمشێری تێدانەبوو، هێمای ئەڵڵای تێدا کێشرابۆوە!

بڕێک دواتر، کوردێکی باکووریم لێ نزیک بۆوە، بە ئاڵمانی گوتی: لە پشتت چ نووسراوە؟ گوتم: بیخوێنەوە، گوتی: خوێندەواریم تەواو نییە، گوتم: نووسراوە "ئێمە دوکتوور قاسملوو ڕێبەری حیزبی دێموکڕات هی کودستانمان تیرۆر کرد، واژۆ کۆماری ئیسلامی ئێران." گوتی: یانی تۆ دەڵێی ئێران تیرۆریستە؟ گوتم بەڵێ: گوتی: نا نا شتی وا مەڵێ! گوتم: ئەرێ تۆ کورد نی؟ گوتی: با، گوتم: بە کوردی قسەت بۆ بکەم؟ گوتی: نا، کوردی باش نازانم، گوتم: ئەگەر مەبەستت سۆرانییە، بە کورمانجی قسەت لەگەڵ دەکەم خەمت نەبێ، گوتی: نا، کورمانجییەکەشم باش نییە. ئەوەش لەوە. ئەویش رۆیشت.

ئەوە جیا لەوەی جارووبارە خەڵکی ئاڵمانیش دەهاتن و بە شەقە شەق لە کارەکەم تێ دەگەیاندن و، بە خەفەتەوە بەڕێم دەکردن.

بەتەمابووم کۆتایی بە نومایشەکەم بێنم و بگەڕێمەوە ماڵێ کە بۆ یەکەم جار دوو گەنج لێم نزیک بوونەوە، رەشپێست بوون، دەتگوت رەپێڕن بەو جلووبەرگە شڵپیتاوانەیانەوە، یەکیان گوتی: ئینگلیزی دەزانی؟ گوتم: بڕێک، گوتی: مەبەستت لەو کارە چییە؟ ئینگلیزییەکەم بەشی نەکرد، حاڵی نەبوون، لێیان پرسیم خەڵکی کوێی؟ گوتم: کوردستان! یەکیان زوویەکی هەڵیدایە: دەی برام بە کوردی قسە بکە! گوتم: کوردن؟ گوتی: هەدووکمان نا، بەس من، منیش بەس دایکم کوردە، خەڵکی هەولێرە. زۆرم پێ سەیر بوو، قەتم رەشپێستی کورد نەدیتبوو، دەستم پێ کرد، باسی تیرۆری دوکتور قاسملووم بۆ کرد، هەر دەمگوت و ئەویش دەیگوت دەی، لە کۆتایی دا گوتم: تێ گەیشتی؟ ئەویش گوتی: ئا برام تێ گەیشتی، بەس ئێمە تەئخیرین، ئیشت نییە، خوات لەگەڵ برام.
 

پەیوەندی‌دار:

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە