بابەتی گەرم:

"مه‌ولود ئافه‌ند له‌ ژێر ئه‌شکه‌نجه‌ی ئاسایشی سلێمانیدا کوژراوه‌"

Wednesday, July 4, 2012

NNSROJ:
 سه‌رچاوه‌یه‌کی نزیک له‌ هێزه‌کانی ئاسایشی سلێمانی به‌ ماڵپه‌ڕی NNSROJی راگه‌یاند، که‌ مه‌ولود ئافه‌ند سه‌رنووسه‌ری گۆڤاری ئیسرائیل کورد له‌ گرتوخانه‌یه‌کی سه‌ر به‌م هێزانه‌ له‌ ژێر ئه‌شکه‌نجه‌دا کوژراوه‌.

ئه‌م سه‌رچاوه‌یه‌ که‌ نه‌یویست ناوی ئاشکرا بکرێت به‌ ماڵپه‌ڕه‌که‌مانی راگه‌یاند "مه‌ولود ئافه‌ند"، که‌ نزیکه‌ی یه‌ک مانگ‌ پێش ئێستا له‌ شاری سلێمانی له‌ لایه‌ن ئاسیشی ئه‌م شاره‌وه‌ ده‌ستبه‌سه‌ر کرابوو، دوو رۆژ له‌مه‌وبه‌ر له‌ ژێر ئه‌شکه‌نجه‌دا گیانی له‌ده‌ست داوه‌.

سه‌رچاوه‌ی ناوبرا رایگه‌یاند که‌ هه‌واڵی کوژرانی مه‌ولود ئافه‌ندی‌ له‌ به‌رپرسێکی باڵای ئاسایشی سلێمانی بیستووه‌.

ئێن ئێن ئێس رۆژ هه‌وڵی دا ئه‌م هه‌واڵه‌ له‌ چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌کی تره‌وه‌ پشتڕاست بکاته‌وه‌، به‌ڵام تا ئێستا هه‌وڵه‌کان بێ ئاکام بوونه‌.

ئه‌مه‌ له‌ حاڵێکتدایه‌ که‌‌ له‌ دوای شوێنبزربوونی مه‌ولود ئافه‌نده‌وه‌ ده‌نگۆی ئه‌وه‌ش بڵاو‌ بۆته‌وه‌ که‌ ناوبراو له‌ لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌کانی سه‌ر به‌ کۆماری ئیسلامیی ئێران رفێندراوه‌.

مه‌ولود ئافه‌ند کوردی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان و سه‌رنووسه‌ری گۆڤاری ئیسڕائیل کورد له‌ ‌رۆژی هه‌شتی مانگی ژوئه‌ن/ حوزه‌یرانه‌وه‌ دوای ئه‌وه‌ی له‌ هه‌ولێره‌وه‌ گه‌یشته‌ سلێمانی شوێنبزره‌.

ناوه‌نده‌ ئه‌منییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان و به‌ تایبه‌ت شاری سلێمانی تا ئێستا له‌ هه‌مبه‌ر دیارنه‌مانی مه‌ولود ئافه‌ند روونکردنه‌وه‌یه‌کی ئه‌وتۆیان نه‌داوه‌.


پەیوەندی‌دار:

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە