بابەتی گەرم:

گۆنۆل تۆڵ

رێککەوتنی ناوکی لە گەڵ ئێران، هاوسەنگییەکانی عێراق و سوریا چۆن دەگۆڕێت؟

Wednesday, July 29, 2015

گۆنول تۆڵ – رادیکاڵ
کەسانی نزیک لە حکوومەتی ئەمریکا لە واشنتۆن پێیان وایە؛ رێککەوتن لە گەڵ ئێران جگە لە بابەتی ئەتۆمی، دەرەنجامی دیکەش لە گەڵ خۆی دێنێت.

ئێران و ئەندامانی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان + ئەڵمانیا، سەبارەت بە پرسی بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران بە رێککەوتنێک گەیشتن.

بەگوێرەی رێککەوتنەکە؛ ئێران پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی سنووردار دەکاتەوە و لە بەرانبەریشدا سزا ئابوورییەکانی سەر ئەو وڵاتە سووک دەکرێنەوە.

رێککەوتنەکە بۆ حکوومەتی ئۆباما کە پرسی ناوکیی ئێرانی خستبوە سەرووی مژارەکانی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەی، سەرکەوتنێکی گەورەیە. کەسانی نزیک لە حکومەتی ئەمریکا لە واشنتۆن پێیانوایە؛ رێککەتن لە گەڵ ئێران جگە لە بابەتی ئەتۆمی، دەرەنجامی دیکەش لە گەڵ خۆی دێنێت.

پێشبینی دەکرێت لە سایەی ئەمەدا پەیوەندییەکانی ئێران لە گەڵ جیهانی خۆرئاوا ئاسایی ببێتەوە، سیاسەتە توندەکانی لە ناوچەکە کەمتر ببێتەوە و لە زۆر بابەتی پەیوەندیدار بە قەیرانی سووریا و عێراقدا هاوکاریی ئەو وڵاتانە بکات. تەنانەت کەسانێک لەو بڕوایەدان کە ئەنتگراسیۆنی ئێران لە گەڵ بازاڕی ئابووریی جیهان، کاریگەری لە سەر بەدیموکراتیبوونی ئەو وڵاتە دەبێت.

ئەو کەسانەش کە لە دیدێکی رەشبینانەترەوە لەو بارودۆخە دەڕوانن دەڵێن؛ لە سیاسەتی ئێراندا گۆڕانکارییەکانی ئەوتۆ بەدینایەت و ئەم رێککەوتنە دەبێتە هۆی ئەوەی لە عێراق و سووریادا ململانێکانی لە گەڵ ئەمریکا قووڵتر ببنەوە. گەلۆ ئەگەری کامە سیناریۆ زیاترە؟

سیناریۆ گەشبینەکە دەشێ لە ماوەیەکی درێژتردا بێتەدی بەڵام، لە ماوەیەکی کورتدا ئەگەری روودانی سیناریۆ رەشبینەکە زیاترە. لە ئێراندا چینێکی ناوەڕاستی خوێندەوار هەیە کە دژی ئەمریکا نییە و لەجیاتی هەڵشاخان و ململانێ لە گەڵ جیهان، خوازیارە لە گەڵ جیهانی دەرەوە خۆی بگونجێنێت. ئەنتگراسیۆنی ئێران لە گەڵ بازاڕی سەرمایەی جیهان دەبێتە هۆی بەهێزبوونی ئەم چین و بلۆکە و دەشێ لە داهاتوودا رێ لە پێش ئەنجامدرانی هەندێک چاکسازیش بکاتەوە.

ئەمریکا و ئێران لە هەندێک گۆڕەپانی وەک ئەفغانستاندا کە لەوێ بەرژەوەندی هاوبەشیان هەیە و هەروەها لە هەندێک بابەتاندا کە لە رووی سیاسییەوە زۆر ریسک  و مەترسی هەڵناگرێ، دەتوانن پێکەوە و لە نزیک یەکتر کار بکەن.

بەڵام لەو بڕوایەدا نیم کە بە چارەسەربوونی پرسی ئەتۆمیی ئێران، سیاسەتەکانی ئەو وڵاتە لە ناوچەکەدا گۆڕانێکی زۆر بەخۆوە ببینێت و سیاسەتێکی کەمتر گرژیخواز بگرێتەبەر و خۆی لە سیاسەتەکانی خۆرئاوا لە ناوچەکە نزیک بکاتەوە.

تاران پێیوایە لەم بارودۆخەی ئێستادا هەلێکی مێژوویی بۆ هەڵکەوتووە.

لە گەڵ ئەو قۆناغەی کە بە راپەڕینەکانی وڵاتانی عەرەبی دەستیپێکرد، ئێران گۆڕەپانی نفووزی خۆی زۆر پەرەپێداوە.

وا دیارە رێککەوتنەکەی لە گەڵ خۆرئاوا بۆ پەرەپێدانی ئەو گۆڕەپانی نفووزە بەکاردێنێت، نەک بۆ پاشگەزبوونەوە و پاشەکشەکردن. لە هەلومەرجێکدا کە بەرەی سوننەی دژە ئێران هاوپەیمانییەکی عەرەبییان پێکهێناوە و سعوودییەکانیش لە ترسی ئێران دەستیان داوەتە بۆردوومانی یەمەن، ئەستەمە ئێران بۆ دواوە بکشێتەوە.

واتا تاران وەک ساڵانی رابردوو لە رێی میلیشیا شیعەکانەوە درێژە بە دەستێوەردانی خۆی لە ناوچەکەدا دەدات و لە سەر پشتیوانیی لۆجستیکی، دیپلۆماسی و دارایی لە رێکخراوگەلی وەک حیزبوڵڵا بەردەوام دەبێت.

خۆرئاوا هیوادارە دوای ئەم رێککەوتنە ئێران گۆڕانێک لە سیاسەتەکانی خۆی لە عێراق و سووریادا بەدیبێنێت، کەچی پێناچێ تاران گۆڕانێکی ئەوتۆ لە سیاسەتی ناوچەیی خۆیدا بێنێتەدی.

ئێران لە عێراقدا حکوومەتێکی خۆرئاواپەسندی ناوێت کە سوننەکانیش لەخۆبگرێت. بەڵکوو پشتیوانی لە دەسەڵاتێکی شیعەتەوەر دەکات. بۆیە درێژە بە پشتیوانی لە میلیشیا شیعەکان و گرووپە ئیسلامییەکان دەدات.

خۆرئاوا هومێدەوارە دوای رێککەوتنەکە، لە بابەت کێشەی داعشەوە پەیوەندی و هاوکارییەکی نزیکی لە گەڵ ئێران هەبێت. کەجی ئەمە لە ناخی خۆیدا پاڕادۆکسێکی تێدایە. کاکڵی سیاسەتی ئێران بەرانبەر داعش بریتییە لە پشتیوانیکردنی ئەو وڵاتە لە میلیشیا شیعەکان. ئەم میلیشیایانە گەلێک سەرکەوتنیان دژی داعش دەستەبەر کردووە. لەو شوێنانە کە سوپای عێراق بە بێ شەڕ و تەقە کشاونەتەوە، میلیشیا شیعەکان زەبرێ سەربازیی گەورەیان لە داعش وەشاندووە.

بەڵام ئەم سیاسەتە کە لە رێی میلیشیا شیعەکانەوە پەیڕەو دەکرێت، ئەوەندەی داعش دەسەڵاتی ناوەندیی بەغداشی لاواز کردووە. عەبادی سەرۆکوەزیری عێراق، گەلێک جاران لەجیاتی پشتبەستن بە سوپای عێراق ناچار بوو پشت بەو میلیشیا شیعانە ببەستێت کە گوێڕایەڵی ئێرانن.

واتا ئەو سیاسەتەی کە ئێران بۆ لاوازکردنی داعش گرتوویەبەر، دەسەڵاتی ناوەندی عێراقی لاواز کردووە. یەکێک لە هۆکارەکانی گەشەکردن و پەلهاویشتنی داعش لە عێراق و سوریادا ئەمەیە: حکومەتگەلێکی لاواز کە دەسەڵاتیان بە سەر خاکەکەی خۆیاندا ناشکێت.

واتا سیاسەتی ئێران لە عێراق و دژی داعش، سیاسەتێکی بی بەرهەمە.

وا دیارە لە داهاتوودا ئێران لە سەر سیاسەتی خۆی لە سووریا بۆ پشتیوانی لە رژێمی ئەسەد بەردەوام دەبێت. رەنگە بە دەرچوونی ئێران لەو گوشار و پاڵەپەستۆ ئابوورییەی کە بە هۆی گەمارۆکانەوە لە سەری بوو، پەرە بە یارمەتییەکانیشی بدات. ئەمەش هەم بۆ ناوچەکە و هەم بۆ سوریا هەواڵێکی خراپە.

چونکە لەوانەیە ئەمە عەرەبستانی سعوودی و وڵاتانی سوننەی دیکە دنە بدات پشتیوانییەکانیان لە گرووپە توندئاژۆ ئیسلامییەکان زیاتر بکەن.

رێککەوتنی خۆرئاوا لە گەڵ ئێران، بۆ سیاسەتی دەرەوەی حکوومەتەکەی ئۆباما سەرکەوتنێکە. ئەم سازشە دەکرێ لە داهاتوویەکی دووردا ببێتە هەنگاوێکی رێخۆشکەر بۆ ئاسایببوونەوەی پەیوەندییەکانی خۆرئاوا و ئێران.

بەڵام  بە بڕوای من دڵخۆشکردن بەوەی لە ئاکامی ئەم رێککەوتنەدا هاوسەنگییەکانی ناو عێراق و سووریا بە دڵی خۆرئاوا بگۆڕدرێن و ئێران واز لە سیاسەتە شەڕهەڵایسێنەکانی خۆی لە ناوچەکەدا بێنێت، چاوەڕوانییەکی بەجێ نییە.

بە پێچەوانە، دەشێ ئەو سیاسەتەی کە لەمەولا ئێران لە سووریا و عێراق دەیگرێتەبەر، تاران و وڵاتانی خۆرئاوا بێنێتە هەمبەری یەکتر.

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

وەرگێڕانی بۆ کوردی: ئاوارە وڵات


پەیوەندی‌دار:

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە

راپۆرتەهەواڵ

analis picture

١٣ بابەت لە سەر ڕاپەڕینی وەرزێرانی موکریان و خەڵکی بۆکان لە سەردەمی موسەدیق (بابەتی حەوتەم)


هەواڵ


دیمانە

Interview Picture

گەلێک دەوڵەت ، ئەوانەی کە ئەندامی ناتۆن و لەگەڵ ترکەکان کار دەکەن و پێوەندییان لەگەڵ تورکیا هەیە دەیانەوێ نێوانی ڕۆژئاوا

پێنج‌شەمە ۱۲رەزبەر۱۳۹۷/ ۲۳:۳۳