بابەتی گەرم:

نەخشەکەی 'ئوستانی ورمێ' تورکەکانی تووڕە کرد

Saturday, December 8, 2012
 nexshe

NNSROJ: نەخشەی '‹پێکهاتەی نەتەوەیی و ئایینی ئوستانی ورمێ' کە لە لایەن سولەیمان چوکەڵیەوە ئامادە کراوە، وەک سەرجەم نەخشەکانی دیکەی ئەو پسپۆڕەی جوگرافیا لە نێو میدیای تورکە ئازەرییەکان دا جەنجاڵێکی تازەی دروست کردوە.

نەخشەی 'پێکهاتەی نەتەوەیی و ئایینی ئوستانی ورمێ'، ماوەیەک لەمەوپێش چاپ و بڵاو کرایەوە و هەر دوابەدوای هەواڵی بڵاوبوونەوەشی، لە نێو میدیاکانی ئازەری دا کاردانەوەی توندی لێکەوتەوە.

زۆربەی ئەو ناوەندانەی راگەیاندن لە بەکارهێنانی دەستەواژەی 'ئوستانی ورمێ' لە بری 'ئازەربایجانی غەربی' تووڕەن و بە نەخشەیەکی 'جیاخوازانە’ی لە قەڵەم دەدەن.

تەلەڤزیۆنی 'گوناز' کە تەلەڤزیۆنێکی ئازەری زمانە، نیگەرانی خۆی لە بەرامبەر گۆڕینی ناوی ئوستانی ئازەربایجانی غەربی دەربڕیوە و وێڕای ئاماژە بە نەخشەی 'پێکهاتەی نەتەوەیی و ئایینی ئوستانی ورمێ' پێی وایە ئەمە هەوڵێ 'بە کوردستانی کردن’ی ئەو ئوستانەیە.

ماڵپەڕ و ناوەندەکانی خەبەری 'ئویرەنجی سەسی' (دەنگی خوێندکارانی ئازەربایجانی باشوور)، 'قیرمیز’، 'گونەی نیوز' و 'ئەخباری ئازەربایجان’یش لە راپۆرتێکی هاوشێوە دا، توڕەبوونی خۆیان لە دەرچوونی ئەو نەخشەیە نیشان داوە.

ئەو توڕەبوونە تەنیا بە سایتەکان و ناوەندەکانی خەبەری سنووردار نەماوەتەوە و توڕە کۆمەڵایەتیەکانیشی گرتۆتەوە. ژمارەیەک لە 'چالاکانی ئازەری' لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک دا توڕەبوونی خۆیان لەمبارەوە نیشان داوە و هەڵیانکوتاوەتە سەر ئامادەکاری ئەو نەخشەیە. ئەوان هەروەها رەخنە لە کەناڵەکانی راگەیاندنی ئێران و بە تایبەت بەرنامەی پڕبینەری ٢٠:٣٠ دەگرن کە گۆیا لە ژێر کارتێکەری ئەم نەخشەیە دا لە بری ئوستانی ئازەربایجانی غەربی، ئوستانی ورمێی بە کار هێناوە.

بەڵام ئاخۆ نەخشەی ‹پێکهاتەی نەتەوەیی و ئایینی ئوستانی ورمێ› هەموو ئازەرییەکانی تووڕە کردوە یان تاقمێکی توندڕەو؟ هۆکاری ئەم هەڵچوون و تەنانەت هەڕەشەکردنانە بۆچی دەگەڕێتەوە؟

سولەیمان چووکەڵی، ئامادەکاری نەخشەکە و مامۆستای پێشووی زانکۆی کۆیە بە ‹ئێن ئێن ئێس رۆژ’ی راگەیاند: "چاوه‌ڕوانی توڕه‌بوونێکی له‌م چه‌شنه‌م ده‌کرد و زۆر به‌ شتێکی ئاسایی ده‌بینم، چونکە سه‌رچاوه‌ی زێهنیه‌تێکی ویشک و به‌رته‌سکه‌ که‌ دان به‌ بوونی به‌رامبه‌ری دانانێ."

رووبەرگی نەخشەکە

رووبەرگی نەخشەکە

چووکەڵی پێی وایە ئه‌م چه‌شنه‌ پڕۆژه‌گه‌له‌ ده‌توانێ ده‌رگای دیالۆگێکی چڕ و پڕ له‌ نێوان ئه‌م دوو نه‌ته‌وه‌یه‌دا بکاته‌وه‌ و بەمجۆرە بەردەوام دەبێ "ته‌نیا روحی یه‌کتر قه‌بوڵ کردن ده‌توانێ پێش له‌ بارگرژی و هه‌ڵایسانی شه‌ڕ له‌ دوا رۆژی ئه‌م ئوستانه‌دا بگرێت. به‌لآم پێ ده‌چێ که‌م ئه‌زمونی سیاسی و کف وکوڵی ناسیونالیسمێکی سه‌ره‌تایی لایه‌نی به‌رامبه‌ر واتا نه‌ته‌وه‌ی تورکی ئازه‌ری زیاتر ئه‌و بارگرژییه‌ هان ده‌دات. هه‌ر چه‌ند گومان له‌وه‌دا نییه‌ له‌ نێو واندا هه‌ن که‌سانێکی نییه‌ت پاکیش که‌ له‌ گه‌ڵ چاره‌سه‌ری کێشه‌کانن."

لە لایەکی دیکەوە، سایتێکی ئازەری، وێڕای هێرشکردن بۆ سەر سەرجەم بزووتنەوە کوردییەکان و بە 'تیرۆریست' لە قەڵەم دانیان، بڵاوکردنەوەی ئەو چەشنە نەخشانە دەخاتە پاڵ تێکۆشانی ‹ناسیۆنالیستە توندڕەوەکانی کورد› کە لە لایەن کوردانی دانیشتووی دەرەوە و حکومەتی هەرێمی کوردستان پشتیوانی دەکرێن.

بەڵام بۆچوونی سولەیمان چووکەڵی 'ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ وێڕای ده‌رک کردن به‌ گشت ئه‌م کێشانه‌ی که‌ له‌ به‌ر ده‌م چاره‌سه‌ری پرسی هه‌نوکه‌یی و یه‌کلا نه‌کراوه‌ی نیشتیمانی هه‌ر دووک نه‌ته‌وه‌ی سه‌ره‌کی ئه‌و ناوچه‌یه‌دا هه‌یه،‌ هه‌وڵی داوە به‌ له‌ به‌ر چاوگرتنی گشت هه‌ستیارییه‌کانی شوێنی ئه‌م رووبه‌ره‌ جوگرافیاییه‌ بجوڵێته‌وه' و دەڵێ "کۆمه‌ڵگه‌ ئه‌گه‌ر ئێلیته‌کانی لێ ده‌رکه‌ین خه‌ریکی ژیان ئاسایی خۆیه‌تی و ژیانێک که‌ ئه‌وله‌هی تێدابێت و قه‌ت حه‌ز به‌ ئاژاوه‌ ناکات، ژماره‌یه‌ک له‌و ئێلیتانه‌ که‌ خۆیان به‌ دم راستی گشت کومه‌ڵ ده‌زانن هۆکاری ئه‌م توڕه‌ بوونه‌ و هاندانه‌ن."

جێگەی وەبیر‌هێنانەوەیە دوای چاپ و بڵاوکردنەوەی نەخشەی 'سیاسی و دێموگرافیکی موکریانی کوردستان' و 'نەخشەی گەشتیاری شارستانی مەهاباد’یش لە لایەن هەمان ئامادەکارەوە، میدیاکانی ئێران و ئازەری هەڵوێستێکی هاوشێوەیان نیشان دابوو.


پەیوەندی‌دار:

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە