ئەوە منم ئازادی، کە نیم!

Sunday, January 24, 2016



ناسر فەتحی


هێمن کانی سانانی، لەدایکبووی ١٣٦٤ مەریوانە و لە بەشی گرافیک دیزاین، لە زانکۆ هونەری تاران دەرسی خوێندووە. لە چەندین پیشانگای تاک و بەکۆمەڵ لە شارەکانی تاران، سنە، مەشهەد، ڕەشت و ئەسفەهاندا بەشدار بووە. لە ١٣٨٧ بۆ ١٣٩١ بەڕێوەبەری بەشی تەڕاحیی شیرکەتی ئیستەک بووە. لە ١٣٩٣ دا، هەڵبژێرراوی فستیواڵی تەڕاحانی گرافیکی ئێران بووە و لە بوارەکانی تری هونەردا، وەکوو میعماری، وێنەگری، تەڕاحیی سێن و وێنەسازیدا چالاکە.

من لێرەدا شڕۆڤەی هەشت وێنەی کۆمەڵە وێنەی "مەعنا"ی وێنەگر "هێمن کانی سانانی" دەکەم کە خۆی یەکەمجار لە کاناڵی تلێگڕامی "ڤەژین" بۆ شڕۆڤە و ڕەخنەی هونەریدا، بژاری کردبوون و داینابوون.

بەر لە هەر شتێک ئەوەی لەم وێنانەدا سەرنج ڕادەکێشن ئەوەیە؛ بە خۆشییەوە ئەم وێنانە ـ جگە لە یەکیان ـ کارەکتەری گیانداری ئینسانی و ئاژەڵی تێدا نییە و ئەوەش ئەرکی شڕۆڤەی وێنەکانی بۆ ئاسانتر کردووین. خاڵێکی سەرنجڕاکێشی دیکە ئەوەیە؛ کارەکان بە گشتی ئابستڕاکتن و چیرۆکێکی زەقمان بۆ ناگێڕنەوە. هەر بۆیە لێرەدا بە بڕوای من، دەبێ جیهانبینیی وێنەگرەکە زیاتر لە خودی وێنەکان شڕۆڤە و شیکاری بۆ بکرێ. بە دڵنیاییەوە هەڵکەوتە، کۆمپۆزیسۆن و ڕەگەزەکانی نێو وێنەکان، هەروەها ڕەنگەکان دەرخەری بەشێک لە جیهانبینیی وێنەگرەکەن. جگە لە دوو وێنەیان، واتە ئەو وێنەیەی گەڵا زەردەکانی تێدایە و ئەو وێنەیەی لە گۆڕستانەکە گیراوە، ڕەنگی زاڵی زۆربەی وێنەکان ڕەنگی ڕەش و بۆرە. لەوانەیە بڵێن؛ ئەم قسانە چ گرنگییەکی بۆ شڕۆڤەکردنیان هەیە؟ گرنگیی ئەم قسانە ڕێک وەک هەوڵی مەتەڵ هەڵهێنانی کۆمەڵێک کەسە کە بەدیار مەتەڵ بێژێکەوە دانیشتوون و بۆ نزیک بوونەوە لە وەڵامی مەتەڵەکەی، هەرجارە و شتێک دەڵێن. لە وێنەکاندا دیوار، قەفەس و سێبەر سێ خاڵی واتاهەڵگری دیکەن کە لە جیهانبینیی وێنەگرەکە یان مەتەڵەکە نزیکترمان دەکەنەوە. نەبوونی مرۆڤ لە کارەکاندا هەر یەکجار زۆرترمان نزیک دەکاتەوە، وەک بڵێی مرۆڤ هیچ گرنگییەکی نەبێ. لەوانەیە لێرەدا یەکێک بڵێ؛ بەرهەم سەربەخۆیە لە بەرهەمهێنەر و لە دەروەجی مەرگی بەرهەمهێنەرەوە دەبێ بڕوانێتە وێنەکان، بەڵام بە بڕوای من بەرهەمهێنەر وەک تاکێکی کۆمەڵگاکەی نوێنەرایەتیی پەروەردە و جیهانی زەینی کۆمەڵگایەک دەکات کە تێیدا دەژیت و نابێ کەسایەتیی خۆی ـ کە بەشێکی زۆری شەبەنگی کۆمەڵگاکەیەتی ـ لە کاتی شڕۆڤەی کارەکانیدا لەبەرچاو نەگرین. بۆ وێنە ئەگەر ئێمە لێرەدا نەپەڕژێینە سەر دنیای تاکەکەسی و تایبەتیی وێنەگرەکە لە نێو وێنەکانیدا و ناوەرۆکی ئەو کۆمەڵگایەی ئەوی هانداوە کە بە وێنە بەرجەستەی بکات، ئەوە ئەو وێنانە لە کۆمەڵێک کاری ئابستراکتی بێ مانا زیاتر هیچیتر نین. هەر بۆیە ئەگەر لە ڕوانگەی ئیئۆریی مەرگی بەرهەمهێنەرەوە باسەکەمان درێژە بدەین، بەم وێنانە هیچمان دەست ناکەوێ. دیارە ـ لەگەڵ ئەوەی ئەم تێئۆرییە دژبەریشی هەیە ـ مەرجیش نییە ئەم تێئۆرییە هەردەم بۆ شڕۆڤەی هەموو کارێکی هونەری و ئەدەبی ڕەچاو بکرێ. من لە سەر خودی وێنەگر هێمن کانی سانانی قسە ناکەم، ئەو مشتێک لە خەرواری کۆمەڵگاکەیەتی. من لە ڕێگای وێنەکانی ئەو و دنیای دەروونیی خۆی کە بە وێنەکان ئاشکرای کردوون، کۆمەڵگایەکیش دەخوێنمەوە کە تێیدا پەروەردە و گەورە بووە. وای دادەنێین ئەم وێنانە دەکەونە بەر دەستی بینەر و شڕۆڤەکاری بیانی؛ ئێستا پرسیار لێرەدا ئەوەیە، ئایا هەر کارێکی هونەری ناو و نازناوی هونەرمەندەکەی پێویستە لەسەر ببێت یان نا؟ ئەگەر ئا، کەواتە مەرگی بەرهەمهێنەر بێ مانایە. دەزانین کە لە دنیادا هەردەم بایەخی کاری هونەری بەستراوەتەوە بە کەسایەتیی تاکی هونەرمەندەکەوە، ئەگەر وێنەگرێک چەند کارێکی، سەرنجی جیهانی پێشکەوتووی ڕاکێشا و دواتر خۆیان بانگهێشت کرد لە جێیەک قسەیان بۆ بکات، ئەگەر نەڵێ لە چ جوگرافیایەک ڕا هاتووە و پاشخانێکی مەعریفی و زانستی و تەنانەت فەلسەفی بۆ کارەکانی خۆی نەبێ، زوو بەردێکی لەسەر دادەنێن و بێدەنگی لێ دەکەن. کەواتە تێئۆریی مەرگی موئەلف تەنیا بۆ بینەری تەنها بینەر دەیخوات، نەک بۆ شڕۆڤەکاری جددی کە بەو وێنانە شڕۆڤەی کەس یان ناوچە یان جوگرافیایەکی دیاریکراوی پێ دەکات. لەوانەیە وێنەگرێک بتوانێ بە چەند وێنە ناوبانگی جیهانی دەر بکات، بەڵام ئەمە بۆ ئەو وێنەگرە نابێتە سامان و دوای ماوەیەکی کورت فەرامۆش دەکرێ. شەڕی من لێرەدا مانەوە و بوون بە قوتابخانەی کارە هونەرییەکانی هونەرمەندەکانە، بوون بە کەسایەتییەکی هەرماو لە دنیای هونەردایە. 

هەندێک جار وێنەش وەک بەرهەمی ئەدەبی، ناوچەیی دەبێتەوە، واتە لە ئاستی جیهانیدا بێ مانا و قورس دێتە بەرچاو. بۆ وێنە؛ چەند گەڵایەکی زەرد لەسەر ڕووبەرێکی شین، لە تەنیشت ڕەنگێکی بەڕێکەوت شین ـ تۆخ کەوتوون و وێنەگرەکە بەرجەستەی کردوونەتەوە. ئەمە بەر لەوەی وێنەیەک بێ کە بتوانێ بە زمانی جیهانی قسە بکات، وێنەیەکە بە پێی دەروونناسی ڕەنگەنەکان باس لە چیرۆکێکی ناڕوونی سنوورێکی دیاریکراوی کۆمەڵگایەکی دیاریکراو دەکات. واتە بۆ بینەری دەرەوەی ئەو جوگرافیایە هیچ واتایەک درووست ناکات. لێرەدا لەوانەیە بڵێن؛ ئەو وێنانەی کە دەتوانن جیهانی بن، خۆ کەسایەتیی وێنەگرەکە لە پشت وێنەکانی نەنووسراوە تا بینەر بەو پێیە شڕۆڤەی کارەکانی بکات. ڕاستە، بەڵام بۆ ناسینی هونەرمەندێک، پێویست ناکات زۆر وردەکاری لە سەر ژیانی تایبەتیی ئەو بزانین، بۆ دەسپێک تەنیا 10 وشە بۆ ئەوەی ئاسۆیەکت بۆ خوێندنەوەی جیهانبینیی هونەرمەندەکە بەدەستەوەبێ، بەسە. 10 وشەکەش بۆ نموونە دەتوانن بریتی بن لە: ناوی هونەرمەندەکە، تەمەنی، ڕەگەزی، ئاستی زانستی، ئەزموونەکانی، وڵاتەکەی، شارەکەی، ئاستی ماوددیی، شێوازی کار کردنی، کەرەسەکانی. کاتێک بینەرێکی بیانی دەزانێ ئەم کۆمەڵە وێنەیە هی کەسێکە لە کوردستان دەژی، لە ڕێوە بەپێی ئەو باکگڕاوند و زانیارییانەی لەبارەی کوردستانەوەی هەیەتی، لە خەیاڵیدا بەخۆی دەڵێ: ئەوە بۆیە ئەم شتە، ئەو ڕەنگە، ئەو فۆڕمەی بەرجەستە کردووە! ئەوە دەیهەوێ ئەمە بڵێ!

بە پێی ئەم قسانە، هەر وەک لە سەرەتاشەوە باسم کرد، ئەم وێنانە پازێلەکانی هەڵهێنانی مەتەڵێکی گەورەن.

من باوەڕم وایە هونەرمەند هەر بەرهەمێکی هونەری کە دەیخولقێنێ، ڕێگە بۆ بە مرۆڤتربوونی مرۆڤەکان و سەربەستییان خۆش دەکات. مرۆڤ کاتێک لە شوێنێکی جیا لە ئاودەست گوو دەکات، دەیهەوێ بەم کارەی شتێک بڵێ و بەو گوتنەشی جووڵەیەک، گۆڕانێک، گەشەیەک بخولقێنێ. کە هونەر لە کەسایەتیی هونەرمەند و کۆمەڵگای هونەرمەندەکە داماڵین، ئیتر هیچ قسەیەکمان بۆ گوتن پێ نامێنێ، جگە لەوەی بڵێین: سەیری ئەو چەند دارە، سەیری ئەو گۆڕستانە، سەیری ئەو ماسییانە. دەی کەچی سەیری بکەم؟ ڕەنگی ڕەش و بۆری زاڵی نێو وێنەکان، دیوار و تۆڕ و قەفەسی نێو وێنەکان، ڕەنگە شینە چاوەزارەکەی بن گەڵا زەردەکان، ماسییە سورە دیلە بەڕەڵاکانی ژێر باران، سێبەرە بێ ماناکانی وێنەکان، ئاڵۆزیی، پرشوبڵاویی دەورووبەری دارەکان، نەبوونی مرۆڤ لە نیو وێنەکاندا، بەرجەستەکردنی سووچە واتادارەکان و پیسەکان، شەوی تاریک و پەنجەرە ڕووناک و کووژاوەکانی، هەموویان هاوار دەکەن لێرە لەم جوگرافیایەدا، جوانی نییە، جوانی شێواوە، تاریکی و مەرگ و زیندان و ناهومێدی زاڵە. ئیتر لە ئەنجامدا مەتەڵەکە سەروەدەردەنێ و دەڵێ؛ بەڵێ ئەوە من بووم ئازادی بووم، کە نەبووم! 

کاتێک هونەرمەندێک لە هەشت کاریدا، لە سیانیاندا باسی زیندان دەکات و لەوانی تریشی باسی دیواری ڕووخاو و سێبەڕ و تاریکی و بێڕەنگی دەکات، دەبێ بینەر بەخۆی بڵێ: بەڕاستی بۆ؟ 

چ بکەین؟ ئەی ئەگەر ئێمە پرسیارگەلی لەم شێوەیەمان لە کارێکی هونەریدا بۆ نەیەتە پێشێ، بینینیمان بۆ چییە؟ یانی ئێمە تەنها بۆ چێژ و بۆ شڕۆڤەی ستاتیک یان جوانیناسیی بەرهەم، بەرهەم دەهێنین؟

بەڕای من چۆن سەرۆک کۆماری وڵاتێک کاتێک قسە بۆ خەڵک دەکات، دەزانێ دەڵێ چی و چاوەڕوانیی ئەوەی هەیە قسەکانی جێی خۆی بگرن و ئاوا هونەرمەندیش چاوەڕوانیی ئەوەی هەیە قسەکانی نێو تابلۆکەی جێ بگرن و کاردانەوەیان هەبێ.

ئیتر لەوانەیە کەسانێک وتەکانی سەرۆککۆمارەکە بە گەوجاندنی خەڵک لەقەڵەمبدەن، یان کەسانێک بە ئایەندەبینی ئەو، یان کەسانێک بە نیشتمان پەروەریی، کەسانێک بە خۆبەزلزانی و کەسانێکیش بە سیاسەتی ئەوی لەقەڵەمبدەن، ئەوە گرنگ نییە، گرنگ ئەوەیە سەرۆککۆمارەکە بۆ چێژوەرگرتنی خەڵک قسەی نەکردووە، بەڵکوو بۆ تێگەیاندنی خەڵک قسەی کردووە.

کارەکانی کاک هێمنیش ئەگەر بەیەکەوە قسەیەکی ڕوونیان بۆ من نەکردبوایە، بە ڕام هیچ نەدەبوون و منداڵێکیش دەیتوانی وێنەگەلی لەو چەشنە بگرێ.

***

تێبینی: ئەم ڕەخنەیە یەکەمجار بە شێوەی گفتوگۆیەکی ئانلاین و بە شێوەی کۆمەڵێک بۆچوون لە گرووپی تێلێگڕامی ڤەژیندا بڵاوبووەتەوە، بەڵام دواتر، بەهۆی گرنگیی بابەتەکە، بە شێوەی وتار بۆ ناوەندی نووچە و شڕۆڤەی ڕۆژ داڕێژراوەتەوە و لێی کەم و زیاد کراوە.








پەیوەندی‌دار:

"که‌مینه‌گه‌ری ئه‌ده‌ب له‌ ده‌لاقه‌ی جیهانه‌ لێک هه‌ڵوه‌شاوه‌کان"

"بە بیانووی چاپی کتێبی "دستور زبان باران"

۱۰ چوارینە لە "ئارەش ئەفزەلی" هەرسین

هەڵمیزنە ناو سندووقەکانی دەنگدانەوە

بازاڕ

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە

راپۆرتەهەواڵ

analis picture

هەپەگە: تەقینەوەکەی جزیرە کاردانەوە بوو بەرامبەر بە بێئاگای لە ئۆجەلان


هەواڵ


دیمانە

Interview Picture

عیرفان ڕەهنەمون ساڵی 1973ی زایینی لەشاری مەریوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایک بووە. فەڵسەفەی ڕۆژئاوای لە زانکۆی شاری ئەسفە