داستانی شەڕی ژنە گەریلایەکی کورد

Wednesday, January 27, 2016



ئامادەکردنی: گێرت پلات
وەرگێڕان لە ئینگلیزییەوە: یاران سمکۆ


ژنە گەریلاکانی کوردستان لە کوبانێ بە خەباتی خۆیان دژی داعش خەریکن مێژوو دەنووسنەوە. هەرگیز پێشتر ژنانی شەرڤان دەورێکی ئاوا کاریگەریان نەبینیوە لە ناوچەیەکی بەرفراوانی شەر، وە قەت پێشتر بۆ فیداکارییەکانیان بەو شێوەیە سەرنجی نێونەتەوەییان بۆ لای خۆیان رانەکێشاوە.

بە گوێرەی هەواڵەکان یەک لە سێی ئەوانەی بەرگری لە کۆبانی دەکەن ژنن، کە لەژێر بەیداخی یەکینەکانی پاراستنی ژن YPJ شەڕ دەکەن. لە راستیدا هەموو هێزەکانی بەرگری لە ژێر فەرماندەریی "نارین عەفرین" سەرکردایەتی دەکرێن. نارین و هێزەکانی بە ڕاونانی داعش لە زۆرینەی بنکەکانیان بەرەو لوتکەی سەرکەوتن بەڕێوەن.

پێگەی ئەلکترۆنیی ئای بی تایمز[IBTimes] بۆسازدانی دیمانەیەکی تایبەت لەگەڵ یەکێ لە ژنە شەڕڤانەکانی شارەکە بە ناوی "بێجان چیایی" کە لە دەسپێکی شەڕەوە رۆڵیکی کاریگەری هەبووە، چۆتە پشت بەرەکانی شەڕ لە کۆبانی.

بێجانیی ٣٢ ساڵە خەڵکی شاری "وان"ە کە خۆی بە کوردستانی تورکیا ناوی دەبا. ئەو لە هەڕەتی لاوی ڕا بە شێوەکی چالاک لایەنگری لە دۆخی سەربەخۆیی کورد کردووە.

- من لە تەمەنی ١٦ ساڵیدا لە گەڵ کۆمەڵیک هەڤاڵ چووم بۆناو ڕیزەکانی پ ک ک. قەت مێردم نەکردووە؛ بۆ من ئەوە هەڵەیە کە مێرد بکەی و منداڵیک بێنیە ئەم دونیایە، پێش ئەوەی دونیا بیکە جێگایەکی ئاسوودە بۆ ژیانی منداڵ.

هەرگیز حەزم لەشەڕ نەبووە، بەڵام هەمیشە خەباتکارانی ئازادی سەرنجیان راکێشاوم. بە منداڵی پێم خۆش بوو ببم بە نووسەر، پێم خۆش بوو دونیایەک هەبا کە لەوێدا کەس بۆ دەربڕینی هەستی خۆی پێویستی بە شەڕ نەبا. بەڵام دونیای ئێمە ئەو دونیایە نییە.
ماوەیەک لەمەو بەر، داعش دەستی بەسەر بەشێکی زۆر لە عێراق و سووریادا گرت، چیای شەنگالی لە باکووری عێراق گەمارۆ دا. نیزیکەی ٤٠.٠٠٠ کوردی ئێزیدی کە پەنایان بۆ چیای شەنگال بردبوو دەورەیان گیرابوو.

- من ئەوکات لە چیای قەندیل بووم. پێشنیارم کرد برۆین بۆ چیای شەنگال بۆ شەڕ لەگەڵ داعش و ناردرام بۆ ئەوێ. لەوێشەوە کاتێک ئەم قەیرانە دەستی پێکرد ناردرام بۆ کۆبانی.

من ئێستا لە بەرەی رۆژهەڵاتی کۆبانیم. ئەو بەرەی لەوێ شەڕ لە هەمووی قورسترە. بەڵام ئامادەم هەرچی لە توانام دایە بیکەم بۆ ئەوی نەهێڵم ئەو تراژیدییەی شەنگال دووپات ببێتەوە.

چەندین هۆی ئایدیۆلۆژیک، ڕامیاری و کۆمەڵایەتی هەیە لە پشت ویستی من بۆ شەڕ لەگەڵ داعش. سوێندم خواردووە بەرگری لە نەتەوەی کورد بکەم لەمەڕ هەموو بەدخوازییەک. بەهەرحاڵ، داعش هەر ئەو بەدخوازییەیە کە بژێو لە سیستمی گلوباڵی ئێستای ئێمە وەردەگرێ. ئەم رێکخراوەیە هەوڵ دەدا یاری بە شێوازی جوغرافیایمان بکا.

لە ئاخری وام لێهات کە نەتوانم رووی خۆم لەوەی کە لە وڵاتەکەمدا روو دەدا وەربگێڕم. ئەگەر جارێکی دیکەش بەرەنگاری ئەو بڕیارە ببمەوە هەر ئەو رێگایە هەڵدەبژێرمەوە کە گرتوومەتە بەر. ئێستاش خۆم بە بەختەوەر دەزانم کە شایەدی ئەو سەردەمە مێژووییەم.


بە گوێرەی هەڤاڵەکانی شەرڤانە ژنەکان بە شێوازی جۆراوجۆر هەوڵەکانی چەکدارانی داعش پووچەڵ دەکەنەوە، بە بەکارهێنانی چەکی ئاسایی، دانانی کەمین، تەڵە و هێرشی خۆکوژی.

- شەرڤانە ژنەکانمان بە باشی لە بەکارهێنانی هەموو ئەو چەکانەی کە هەمانە راهێـنراون، لە تفەنگەوە تا نارنجۆک هاوێژ. بەڵام ژنان لە بەکار هێنانی قەنناسەی دراگۆنۆڤ باشترینن، لەبەر ئەوەی ژن لە نیشانەگرتن زۆر ئازان. ئەو کارە پێویستی بە ئارامی، سەبر و زەرافەت هەیە، ژن لەوانەدا یەکەمن.

هەڤاڵە ژنەکانمان دەتوانن دزە بکەنە ناو هێڵەکانی دوژمن. بەم دواییانە چوار هەڤاڵی ژن دزەیان کردە ناو شوێنی داعش، هەموویان کوشتن، چەکەکانیان هەڵگرت و بە سڵامەتی گەڕانەوە. ئەمەیان سەیرترین سیناریۆش نییە.

یەکێک لە هەڤاڵەکانم، ئافرین میرکان، بەم دواییانە خۆی تەقاندەوە و ئەو یەکەم شەرڤانی ژنی بزووتنەوەی ئازادیخوازی کورد نییە کە هێرشێکی وا دەکا. ئەو رێڕەوی رێگایەکی درێژی شەهیدانی لەو جۆرەیە. هەرکات هەڕەشەی کۆمەڵکوژی لەسەر گەلەکەمان هەبووە، ژنانی کورد پەنایان بۆ ئەو کارە بردوە.

بەهەرحاڵ (هێرشی خۆکوژی) تاکتیکی خەباتی ئێمە نییە. تەنانەت رێکخراوەکەمان پەسندیشی نەکردوە. بڕیاری ئەم جۆرە کردەوانە بە تەواوی بەدەست بکەرەکەیەتی. تەنانەت جۆرێکیش لە هێرش نییە. ئەوە هێرشێکی گیانبەخشانەیە، ئەو کەسەی کارێکی وا دەکا ژیانی خۆی دەبەخشێ تاکوو بەرگری لە نەتەوەی خۆی بکا لە دەست هێزێکی کۆمەڵکوژ.

وەکوو خۆم حەزناکەم بڵێم هەتا ئێستا چەند چەکداری داعشم کوشتووە. وەکوو هێزی سەربازیان نابینم. ئەوان لە چەشنی دێوەزمەن. قەت نەمویستوە هیچ ئینسانێک بکووژم، بەڵام لێم روونە ئەگەر ئێمە نەیانکووژین، ئەوان منداڵەکان دەکووژن و دەستدرێژی دەکەنە سەر ژنەکان.

داعش سەری چەند ئەندامی یەکینەکانی پاراستنی ژنانی پەڕاندووە و لە تویتر بڵاوی کردۆتەوە بۆ ترساندنی ئەوانەی لە دژیان شەڕ دەکەن.

- من بۆخۆم زۆر جار رووبەڕووی مەرگ بوومەوە. باسکردنی ئەو ئەزموونە لە گەرمەی شەڕدا دژوارە. بەڵام پاشان خەوف دەتگرێ.

ترس لە مردن سرووشتییە. بەڵام راستی بڵێم نامەوێ لە شەڕێکی پیسدا دژی داعشی چەپەڵ بمرم. لەناوچوونیان ئاواتمە. دونیا دەبێ لەوانە پاک بکرێتەوە و ئەمن دەمەوێ ئەوە بە چاوی خۆم ببینم. دەبێ دەورێکم لەوەدا هەبێ. کاتێک رێگایەکی ئاوا هەڵدەبژێری، وە بۆخۆشت دەزانی بۆ، مەرگ وەکوو فیداکارییەک دەبێتە یەکێک لە هەڵبژاردەکانی ژیان.

ئەگەر قەرارە بمرم، دەمهەوێ لەشەڕی تەن بە تەندا بمرم، نەوەک تەڵە یان هێرشێکی خۆکوژی. نازانم بۆ بەڵام وا هەست ناکەم کە دەتوانم بمرم. هۆکاری ئەو هەستە دەتوانێ ویستی دیتنی سەرکەوتنی گەلەکەم و مرۆڤایەتی بێ.

هەراسم لە گیران، ئەشکەنجە یان کۆیلەتی داعش نییە، چونکە قەت ناهێڵم ئەوە لە من روو بدا. گوللـەی ئاخر بۆخۆم هەڵدەگرم ئەگەر پێویست بوو.

بە گوێرەی هەواڵەکان داعش لە شەڕ دژی ژنان لە کۆبانی دەترسێ، ئەگەرچی رێکخراوەکە خۆی نکۆڵی لەوە دەکا.

- ئەوە راستە کە داعش لە شەڕی دژی ژنان دەترسێ. بە حەقیقەت هەوڵ دەدا لەو شوێنانەی ژنی تێدایە خۆ بپارێزێ.

هێندێک کەس ئەمە وا لێک دەدەنەوە کە: "ئەگەر بە دەست ژن بکوژرێن ناچن بۆ بەهەشت"، بەڵام پێم وایە هۆکاری ئەوە زیاترئەوەیە کە ئەوان قەت تووشی ژنی خاوەن بڕیار و نەترسی وەکوو ئێمە نەهاتوون.

داعش ژن وەکوو ئۆبجێکتی سێکسی چاو لێدەکا، بەڵێ ئەوە ورەم پێدەدا کاتێک شەڕ لە دژیان دەکەم. بۆیە دەزانم داعش لە ئێمە ژنانی ناو ی پ ژ ترساوە. ئەوان بۆخۆیان دەزانن چۆن هەڵسوکەوت لەگەڵ ژن دەکەن، دەشزانن کە ئێمەش ئاگادارین و هەست بە دژبەرایەتی و نەفرەتی ئێمە دەکەن.

ئەوەی ئێمە دەکاتە دوژمن لەگەڵ داعش جیاوازی بۆچوونمانە لەبارەی ژندا. ئێمە رزگاری ژنمان کردۆتە تەوەری سەرەکی خەباتمان. لە کاتێکدا داعش دەستدرێژی جنسی کردۆتە تەوەری سەرەکی ژیانی.

سەرکەوتنی ژنان لە کوردستان سەرکەوتنی هەموو ژنانە بە سەر سیستەمی پاتریارکی لە جیهاندا و ئەوە زۆر خۆشحاڵم دەکا. لەبەر ئەوە شانازی بە هەموو ژنێک دەکەم. تەنانەت ژنی شەرڤانمان لە وڵاتانی دیکەش را لەگەڵە.

سەرکردەی هێزی ژنانی کورد، نارین ئافرین، بە هۆی ئازایی و ووشیاری لە بەرگری لە کۆبانی نێوبانگی نێونەتەوەیی دەرکردووە.

- لە راستیدا ناوی خۆی نارین ئەنگیزەکە. ئەنگیزەک کێوێکە دەروانێتە ئافرین. بەڵام وەکوو زۆربەی هەڤاڵانمان خەڵک بە ناوی ئەو شوێنەی لێوەی دێن دەناسرێن.

نارین بە کوردی بە مانای ناسکە و لە راستیدا نارینیش خۆی زۆر ناسکە. ئەو ماوەیەکی زۆرە لە ناو رێکخراوەیە. ئەو لە لای سەرۆکمان عەبدوللا ئۆجەلان دەرسی ئایدیۆلۆژی خوێندوە.

ئەمن بۆخۆم لە ساڵی ١٩٩٩ را دەیناسم. ئەو مرۆڤێکی ئۆمانیست و واقعبینە و هەروەها زۆر ئازایە. کەسایەتیەکی بەرچاوە لە شۆڕشی رۆژئاوا.

شەرڤانێکی دیکەی ژن کە باسی لێکراوە ریحانەیە کە دەوترێ زیاتر لە ١٠٠ داعشی کوشتووە. ئازایەتییەکەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتر دەنگی داوەتەوە.

- ئەمن لەو باوەڕەدام کە زەق کردنەوەی تاکێک لە شەڕدا دروست نییە. شەڕ هەوڵدانێکی بە کۆمەڵە. ئەو باسە کە کێ دوژمنی زیاتری کوشتووە لە رێکخراوەکەمان بوونی نیە.

لە رێکخراوەکەمان زۆر قارەمان هەیە کە هەرگیز کەسیان نەکوشتووە. لە هیچ یەک لە هاورێکانمان باسی ئەوەم نەبیستووە کە چەند کەسیان کوشتووە.

لەگەڵ وەشدا سپاسی ریحانە و هەموو ئەو شەرڤانە ژنانە دەکەم کە ئەندامانی داعشیان کوشتووە.

بە گوێرەی هێندێک راپۆرت سەرکەوتنەکانی ی پ ژ بۆتە هۆی ناکۆکی لەگەڵ یەکینەکانی پاراستنی گەل، ی پ گ و سەرکۆنە لە لایەن کۆمەڵگای کوردی بە گشتی.

- ئێمە وەکوو هێزی ژن نە قەت خۆمان جیاکردۆتەوە و نە قەت خۆمان بەراورد کردووە لە گەڵ بزووتنەوەکەمان بە گشتی. ئێمە وەکوو ژن خۆمان بە رێبەری خەباتی ئازادی کوردستان دەزانین. پێم وایە وەکوو ژن ورەی هەڤاڵە پیاوەکان و گەلی کورد بە گشتی بەرز دەکەینەوە.

ی پ ژ و ی پ گ لە یەک سەنگەرن. سەرکەوتنی ی پ ژ سەرکەوتنی ی پ گ-یە و بە پێچەوانەش. ی پ گ رێز لە بڕیارەکانی ی پ ژ دەگرێ، ئەوان هەقی دەست تێوەردان لە بڕیارەکانی ی پ ژ-یان نییە. ی پ ژ نەک بۆ ژنی رۆژهەڵاتی ناڤین بەڵکوو بۆ هەموو ژنانی جیهان بۆتە سیمبۆلێک.


ئێمە وەکوو شەرڤانانی ژن قەت هیچ چاوەڕوانێکمان لە میللەتەکەمان نەبووە لە بەرامبەردا. بە رای من ئەو خۆبەخشینەیە وا دەکا خەڵک زۆر پشتیوانی لە شەڕڤانانی ژن دەکەن. خۆشەویستییەکی راستەقینە لە نێوان ئێمە و میللەتەکەماندا هەیە. ناتوانم ئەوە بە ووشە دەرببڕم.

دایک و باوکی وا هەیە بە شەهید بوونی شەرڤانێکی ژن زۆر زیاتر لەوەی نارەحەت دەبێ هەتا منداڵێکی خۆی.

نەبوونی پشتیوانی نێونەتەوەیی بۆ بەرگریکارانی کورد لە کۆبانی بۆتە هۆی هێندێک رەخنە لێرە و لەوێ، لەوانەش تورکیا کەوتۆتە بەر رەخنەی توند.

- دەوڵەتی تورکیا کار بۆ لەناوبردنی کورد دەکا و ئامادەیە لەو پێناوە هەموو شتێک بکا. شۆڕشێک لە رۆژئاوادا لە ئارادایە و دەوڵەتی تورکیا نیگەرانی وەیە کە شۆڕشەکە بچێتە نێو سنوورەکانی ئەو ووڵاتە.

بۆیەش داعش هێرش دەکاتە سەر رۆژئاوا و بۆیەش تورکیا یارمەتیان دەکا. شۆڕشی رۆژئاوا بۆ ئا ک پ (گەورەترین پارتی سیاسی لە تورکیا) و داعش زۆر گرینگە لەبەر ئەوەی یەکێک لە گرینگترین پێشکەوتنەکانی کۆمەڵایەتی ١٠ ساڵی رابردووی دونیایە.

هیچ ووڵاتێکی تر جگە لە تورکیا هەیە کە نەزانێ ئەو شەڕە چەندە پیسە؟ هیچ ووڵاتـێکی دیکە هەیە کە نەزانێ ئەو شەڕە چۆن بە کەمترین قوربانیدان کۆتایی پێدێ؟ هەموو ووڵاتانی دونیا دەزانن ئەو شەڕە چۆن کۆتایی پێ دێ. ئەوان دەزانن چی پێویستە بکرێ.

ئەمن شەرڤانێکم؛ ئەوە کاری من نییە کە داوای چەک لە هیچ ووڵاتێک بکەم. زیاتر لە چەک باوەرم بە جەسووری و شەهامەتمان هەیە. هەر کەس غیرەتی شەڕی هەبێ چەکی خۆشی دەدۆزێتەوە.

ئەوانەی داعشیان بردە موسڵ هێشتیان داعش هەموو ئەو چەکانە ببا. ئەوە تورکیا بوو کە قەتاری پڕ لە چەکی بۆ داعش نارد. ئەمن ئێستا چۆن دەتوانم لەو ووڵاتانە داوای چەک بکەم؟ بەڵام ئاخریەکەی ئەو ووڵاتانە تیگەیشتن کە داعش رۆژێک لە وانیش وەردەگەرێتەوە.

ئەمن ئێستێ پێم وایە کە ئەو ووڵاتە نەک بۆ بەرگری لە ئێمە بەڵکوو بۆ پێشگیری لە هاتنی داعش بۆ ناو سنوورەکانیان هەوڵ دەدەن. ئەوانەی دەیانهەوێ چەکمان بدەنێ نییەتیان ئاوایە. ئەوە لەوانەیە لێکدانەوەیەکی دووردەست بێ بەڵام ئەوە تێگەیشتنی منە لە رۆژهەڵاتی ناڤین.

هەر نەبێ لەوەتی بارودۆخەکە جیددیتر بووە هێرشە ئاسمانییەکان کاریگەرترن. بەڵام رەنگە ئەوە ئەنجامی بارودۆخە سیاسییەکە بێت. ئەگەر کۆبانی بڕووخابا هەموو دونیا دەروخا.

بەڵام کۆبانی نەڕووخاوە، لە راستیدا، سەرەڕای نەبوونی یارمەتی نێونەتەویی، بەرگریکارانی کورد بەرەو سەرکەوتنێکی مەزن دەڕۆن و هێزی داعشیان لە زۆربەی زۆری بنکەکانیان لە شارەکە راوناوە.

- تەنانەت ئەگەر کۆبانی بشڕووخابا، کورد هەر سەرکەوتوو دەبوو. ئەوە لەبەروەی کە کۆبانی لە شەڕ بۆ مرۆڤایەتی شوێن پێی خۆی کردەوە. دونیا دەبێ دان بەوەدا بنێ کە بەرگرییەکی ئاوا قارەمانانە قەت بەدی نەکراوە. ئێستا خەڵکی کۆبانی لە جیاتی هەموو مرۆڤایەتی شەڕی داعش دەکەن، کەس ناتوانێ نکۆڵی لەوە بکا.

ئەگەر کۆبانی بڕووخابا، ئا ک پ و داعش خەڵکیان وا تێدەگەیاند کە بە سەر شۆڕشێکدا سەرکەوتوون. بەڵام ئەگەر بەرگرییە قارەمانانە بە سەرکەوتن بنەخشێ، کە ئێستاش وا پێدەچێ، ئەوکات ئەو شۆڕشە خۆی بۆ حکوومەتە سەرکوتکەر و دواکەتووەکانی رۆژهەڵاتی ناڤین دەناسێنێ.

کورد رێگایان بۆ سەرکەوتنی گەورەتر خۆش دەکرد. بە زمانێکی تر کورد خەسارەکەیان دەکرد بە قازانج. وەکوو ژن ئێمە واز لە بەرگری لە خۆمان ناهێنین. بڵێی و نەڵێی ئێمە لە رۆژهەڵاتی ناڤین دەژین و زۆر هێز هەن کە حەز دەکەن ناوچەکە لە نائارامی بەردەوامدا بمێنێتەوە، واتە ئێمە دەبێ هەردەم ئامادە بین بۆ بەرگری لە خەڵکەکەمان.

زۆر کەس پێی وایە کە خەباتی ی پ ژ دەتوانێ ببێتە مایەی بەهێزی ژن لە دونیای عەرەب.

- تەنانەت ئێستاش ژنان لە چواردەورەی رۆژهەڵاتی ناڤین داوای پەروەردە دەکەن بۆ بەرگری لە خۆیان و ووڵاتەکانیان. ئێمە بە خەڵک دەڵێین کە ئەوە تەنیا لە رێگای سەربازییەوە مسۆگەر نابێ.


ئەو خەباتە چەندین هۆکاری کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئایدیۆلۆژیک لە خۆ دەگرێ. ئێمە هەرگیز لە پشتیوانی خەباتی ژنانی ناوچەکەمان دەست هەڵناگرین. بەڵام بە تەنیا ناوچەکەشمان نا، کێ دەتوانێ نکۆڵی لە وە بکا کە خەباتەکەمان تەئسیری لە سەر هەموو ژنانی جیهاندا نەبووە؟

رێکخراوەی وەکوو داعش ترۆپکی بەجەستەکردنی سیستەمی پاتریارکییە کە ئێمە تێیدا دەژین. داعش ژنان ژێردەستە دەکا لە رێگای بە دیل گرتن، دەستدرێژی جنسی و بە کۆیلەکردنیان. بەڵام ئێمە دەزانین کە ژن تەنانەت لە ووڵاتە هەرە پێشکەوتووەکانیش زەجر دەکێشی.

هەڵسوکەوتی داعش لە گەڵ ژنان نابێتە هۆی داپۆشینی مەینەتیەکانیان لە ووڵاتانی تر، بەڵکوو بگرە دەبێتە هۆی باشتر دەرکەوتنیان.

بەهۆی دەوری سەرەکیان لە کۆبانی ، شەرڤانانی ی پ ژ کە لەو شەڕە نەجاتیان دەبێ، وێدەچێ وەکوو قارەمان مامەڵەیان لەگەڵ بکرێ و بچنە نێو مێژووی سەردەمی کوردستان.

- کاتێک شەڕ تەواو دەبێ پێویستە زۆر شت بکرێ. لەوانەیە رووکەمە نووسین. پێم وایە پێویستە رۆمانێک لەسەر ئەو شەڕە بنووسرێ. باشترین کەسیش بۆ ئەو کارە کەسێکە کە لە ناویدا ژیابێ.

ئاخرین قسەی زۆر لە هاوڕێ شەهیدەکانمان ئەوەیە کە: ئەو بەسەرهاتە دەبێ بگوترێتەوە. ئەمن ناتوانم ئەو ووشانە لە بیر بکەم. رووحی ئەو مرۆڤانە دەبێ بگوازرێتەوە بۆ نەوەی داهاتوو. ئەمن حەزم لێیە زیاتر لەسەر ئەو رۆمانە بڕۆم بەڵام هیوادارم دوای شەڕ دەرفەتی زیاتر هەبێ.

کێشەکانی دێموکراسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی هێشتا بوونیان هەیە. ژیان لە خۆیدا خەباتێکە، واتە خەبات بەردەوامە. ئێمە بەختەوەرین بە ژیانمان و خۆمان بە نوێنەری گەشەپێدانی بەها ئینسانییەکان دەزانین.

سەبارەت بە دوارۆژی کوردستان، من قەت خەونم بە هیچ ووڵاتێکەوە نەبینیوە. لە منداڵییەوە هەمیشە لە دەزگا حکوومییەکان ترساوم. پێم نا ئینسانین. خۆشحاڵم کە لە ١٩٩٩وە پەیرەو و پرۆگراممان گۆڕاوە و ئەو بارەمان لە سەر شانی نەماوە.

بەهەرحاڵ ئەمن نیشتمانێکی دێموکراتم گەرەکە. هیوادارم هەموو ووڵاتانی دونیا لە پارادیگمی دەوڵەت - میللەتەوە بۆ پارادیگمی دێموکراسی- میللەت بگۆڕدرێن. کوردەکان قەت کۆمەڵێکی ناسیۆنالیست نەبوون بەڵکوو ئازادیخواز بوون.

هەڵبەت ژیان بە ئازادی لە ووڵاتەکەیان تەبیعییە بۆ کوردان. بە هەرحاڵ ئەوە شتێکی تەواو جیاوازە لەوەیکە بیانهەوێ دەوڵەتێک دروست بکەن. ئێمە دان بەو سنوورە دەستکردانە کە ووڵاتەکەمانیان لە نێو چوار حکومەت دابەش کردووە نانێین.

هەموو رۆژێ، لێرە لە کۆبانی، مناڵان دەچوونە سەر سنوور بۆ یاری کردن لەگەڵ خزمەکانییان لە سوروج. پیاو هەیە لە قامیشلو کە ئاشقی ژن بووە لە نووسەیبین کە تەنیا چەند سەد مەترێک دوورە بەڵام بە پەرژینێکی ناحەز جودا کراوەتەوە.

سەرەڕای هەوڵە لەبن نەهاتەکانی حکوومەتی تورکیا بۆ توواندنەوە، ئەمن قەت نەبووم بە تورک. ئەگەنا ئەوڕۆ لێرە چیم دەکرد؟

بۆ ئێمە ژیانی کۆن و تازە نییە. ئەمن ژیانی خۆم بە خەڵکی خۆم بەخشیوە، ئەوە لە دەورانی ئاشتیدا ناگۆڕدرێ. کە شەڕ تەواو دەبێ بنیاتنانێکی زۆرمان لە پێشە.

تیيینی: ئەم وتووێژە لە ڕۆژانی شەڕی کۆبانێدا ئەنجام دراوە و هەر ئەو کاتیش بە زمانی یەکەم [ئینگلیزی] بڵاو کراوەتەوە. ناوەندی نووچە و شرۆڤەی ڕۆژ، بەبۆنەی یەکەم ساڵوەگەرێ ڕزگاریی شارەکەوە، بە کوردی بڵاوی کردۆتەوە


پەیوەندی‌دار:

ڕۆژئاوا لەژێر هێرشی سوپای تورکیادا

تەقینەوەی خۆکوژی لە حەسەکە؛ لانیکەم ۲۲ کەس گیانیان لەدەست داوە

ئەو کاتەی ژنان دەچنە شەڕی داعش

HPG: لە نسێبین ١٤ پۆلیسی تایبەتمان کوشتووە

"ڕێگە بە دروستبوونی قەندیلێکی نوێ نادەین"

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە

راپۆرتەهەواڵ

analis picture

هەپەگە: تەقینەوەکەی جزیرە کاردانەوە بوو بەرامبەر بە بێئاگای لە ئۆجەلان


هەواڵ


دیمانە

Interview Picture

مانناسیی کۆمەڵایەتی زاراوەیەکە بۆ باسکردن و شیکردنەوەی هەموو بوارەکانی پێوەندی نێوان زمان و کۆمەڵ ، جگە لەو بوارانەی

سێ‌شەممە ۲۹نەورۆز۱۳۹۶/ ۱۷:۱۱