بابەتی گەرم:

"حەوا بە سنوورەكانەوە"

Sunday, March 6, 2016


شاناز جەوانشیر


حەوا بە سەر و گوێلاكی خوێناوی و جلە دڕاوەكانی بەری لە پشت تەلیسە گەنمەكانی نێو كۆگا ساردەكەدا كەوتووە و بە دم ئازارەكەی نێو زگیەوە دەناڵێنێ. مشكەكان وەك زیخ و خۆڵ لە دار و دیوار دێنە خوارێ و بە كەیفی خۆیان لە سەر تەلیسەكان جریتان دەكەن. بە دەنگی تەقە تەق و كرانەوەی درگا ئاسنەكە گوێیەكانیان قوت دەكەنەوە و هەتا كونەكانیان و ژێر قوژبنەكان گیر نابن. دایكی درگاكە دەكاتەوە و بە خۆ ڕنینەوە بەرەولای دێت و بە سەریدا دەقیژێنێ، دەڵێ: ”تۆ كە هێشتا 20 ساڵت تەواو نەكردووە ئەو كارە چی بوو كە كردت. پزیشكەكە بە باوكتی كوتووە 2 مانگانە. واژۆیان لە باوكت سەندووە كە دەبێ چاوی بە سەرتەوە بێ."
حەوا بە حاڵێ چاوەكانی دەنوقێنێ و دەگری، دەڵێ: ”بمبوورن”
دایكی بە سەری دا دەگوڕینێ دەڵێ: '' لە گەڵ كێ بووی؟”
حەوا داوێنی كراسەكەی دایكی تووند بە پەنجەكانی دەگرێ و دەڵێ: ”ڕەشید بە زۆر لە گەڵم نووست.”
دایكی بە بیستنی ناوی ڕەشید هەتا هێزی تێدایە شەبڵاغەیەك دەكێشێ بە لاڕوومەتی دا و دەڵێ: ”چۆن دەتوانی بەم شێوەیە بوختان بە كوڕ و پیاوی خەڵكی بكەی ئەو داماوە لەو دەمەی قادری باوكت بەدوایدا ناردووە هاتووە و لە گەڵ ئەو و براكانت لە ژوورێ دانیشتووە، سەد جار سوێندی خوارد كە ئەو كارەی نەكردووە. ئێستاش لە جێی ئەو درۆیانە وا باشە ناوی ئەو ناپیاوەم پێ بلێی هەتا بەرلەوەی كێشەكە لەمە گەورەتر بێ كارێ بكەین.”
حەوا سەری دەخاتە سەر زەوییە بۆشەكەی كۆگاكە، گەنمەكانی نێو مشتی دەكوشێ و دەڵێ: ”ڕەشید بوو ڕەشید.”
دایكی هەڵدەستێ و لەچكەكەی سەری توند دەكات و چاوەكانی دەسڕێ و دەڵێ: ”ئیتر لەمە بە دواوە چاوەڕێی هیچت لە من نەبێ من ئیتر مناڵێ بە ناوی حەوام نییە، تێ گەیشتی؟”
بە ڕاكردن لە كۆگاكە دەچیتە دەرێ و درگاكە بە تاو دادەخات.
حەوا بیرمەندانە بۆن بە گەنمەكانی نێو مشتی دا دەكات و بیر لە چەن مانگ لەوە پێش دەكاتەوە كە لە گەڵ مەردان و میرانی برای لە خۆشی كڕینی كۆمپاینەكە پێیان لە زەوی نەدەكوت.

***

مەردان مژی لە جگەرەكەی دەدا و بە خەیاڵی ئاسوودەوە دەدوا دەیگوت: ”ئیتر لەمە بەدواوە كارەكانمان زوو تەواو دەكەین.”
میران دەستی دەكردە ملی حەوا دەیگوت: ”ئۆخەی دادە چیتر پێویست بە دروێنەكردن ناكات باوكم هەموومانی حەساندەوە ."
حەوا سەیرێكی پەنجەكانی دەستی خۆی دەكرد و لە خۆشیدا دەیگوت: ”ئەرێ وایە لە دڕك دەرهێنانش ڕزگارمان بوو.”
باوكیان بە بیستنی قسەی مناڵەكان، دەیگوت: ”باشە ئەوندە قوونگران مەبن، ئەم كارەش قورسیی خۆی هەیە دەبێ هەتا جوان لە گەڵی ڕادێن گوێ لە ڕەشید بگرن."
ڕەشید كوڕی یەكێك لە هاوڕێكانی باوكیان بوو كە شارەزایی تەواوی لە سەر ماشێنەكانی وەرزێری هەبوو. بەڵام ماوەیەكی درێژ بوو كە بە قسەی خۆی شۆفێری ماشینە بارهەڵگرەكانی دەكرد.
مەردان كردیە گاڵتە و گوتی: ”گەر ئەوندە شارەزایە لە بەرچی هاتووە بۆ ئێرە؟”
میران گوتی: ”كاكە مەردانم ڕاست دەكات گەر ئەوندە شارەزای لێرە چی دەكەی؟”
ڕەشید گوتی: ”چوونكا كاك قادر هاوڕیی نزیكی باوكمە، دوایەش ئەم ماوەیە كارم نییە لە بەر ئەوەیە.”
ڕەشید 30 ساڵی بوو بەڵام شێوەی ڕوخسار و هەیكەلی گەورەتر لەو شتەی بوو كە خۆی باسی لێ دەكرد. ژن و مناڵی بوو دەیگوت لە بەر كاك قادر نەبوایە هەرگیز نەدەهاتم كەواتە زوو فێر بن چوونكا بیری بنەماڵەكەم دەكەم.”
میران چاوێكی لە ڕەشید كرد و گوتی: ”كێشەم نییە كاك مەردان و دادە حەوام فێر بن ئەوە منیش فێر دەكەن، وانییە؟”
حەوا بزەیەكی كرد و گوتی: ”خەمت نەبێ كاكەی گیان، بەڵێنت دەدەمێ یەكەم كارم ئەوە بێ كە تۆ فێر كەم.”
ڕەشید ئاوڕێكی بۆ كاك قادر دایەوە و گوتی: ”مامە نەمدەزانی دەبێ ئەم خانمەش فێر كەم؟”
حەوا دووگمەی كراسە پیاوانەكەی داخست و لەبە قامیشەكەی لە سەر كرد و لە پێش هەموویانەوە لە كۆمپاینەكە سەركەوت و ڕاست لە پشت فەرمانەكە دانیشت و گوتی: ”خۆ نابێ لە تەراكتۆر ڕوومادی ئەستەم تر بێ وایە؟”
ڕەشید بە سەرسووڕمانەوە سەیرێكی حەوای كرد و گوتی: ”كەواتە لەگەڵ شۆفێریكی پایە یەكدا كەوتووم”
میران قاقا پێكەنی گوتی: ”تۆ هێشتا دادەمت نەدیوە كە چۆن تەراكتۆرەكە لە ملەكە دەهێنێتە خوارێ كاك مەردانم هەرگیز وەك ئەوی پێ ناكرێ، وانییە كاكە؟”
مەردان فیلتری جگەرەكەی خستە ژێر پێلاوەكانی و گوتی: ”دوایە باسی لێ دەكەین ئێستا بڕۆین بزانین كاك ڕەشید چی دەفرمێ.”
باوكیان بە دم ڕێككردنی پێچەكەی سەری سەیری حەوای كرد و گوتی: ”شێرە كچەكەی خۆمە لە هەردووكیان ئازاترە.”

***

ڕەشید لە پشت فەرمانەكە دانیشت. مناڵەكان بە سەرنجەوە سەیری دەست و لاقەكانی ڕەشیدیان دەكرد و گوێیان بۆ قسەكانی شل دەكرد كە چۆن كۆمپاینەكە هەڵدەكات و لێی دەخوڕێ. 

باڵندەكانی نێو گەنمەكان بە دەنگی كۆمپاینەكە لە شەقەی باڵیان دەدا و لە جێگای خۆیان هەڵدەفڕین. مناڵەكان بە تامەزرۆییەوە سەیری گەنمە دووراوەكانیان دەكرد و پەلەیان بوو كە زوو خۆیان لە پشت فەرمانەكە دابنیشن. ڕەشید بە دەنگی بەرزەوە دەدوا و شتە پێویستەكانی پێیان دەكوت. جار حەوا ترەیلی گەنمەكانی بەتاڵ دەكرد جاریش مەردان. بەڵام ئەو كاتانەی كە كۆمپاینەكە تووشی كێشە دەهات میران ڕووحی دەهاتە بەر لوتی و بە وەڕەزییەوە خۆی دەدا بە سەر كڵۆشەكان دا و دەیگوت: ”خۆتان دەزانن دەبێ چاكی كەنەوە من چیتر حەوسەلەی درۆنە كردنم نەماوە.”
ئەوندەی پێ نەچوو كە ئەمجار لە جێگاكەی ڕەشید حەوا دادەنیشت و كۆمپاینەكەی چەشنی با لە نێو كێڵگە گەنمەكاندا لێ دەخوڕی، بۆنی گەنمە تازە دووراوەكان ئاوێتەی كزە بایەكە دەبوو. لە خۆشی دا لە ژێر كڵاوە قامیشەكەی سەری چاوی لە مەردان دادەگرت و دەیگوڕاند: ”بۆنی دەبیسی؟”
مەردان بە بزەوە سەیرێكی ڕیزە دووراوەكەی دەكرد و دەیگوت: ”هیچمان نەهێشت”
ڕەشید جارو بارە بە پێوە دەوێستا و دەستی دەخستە سەر شانی حەوا و بە دەنگی بەرزەوە دەدوا و بە دستەكەی تری نێو كێڵگەكەی نیشان دەدا. بەڵام لەو فڕكە فڕكە و غارە غارەدا حەوا هەموو قسەكانی ندەبیست بەڵام بۆ ئەوەی شتێكی كوتبێ و گەمژە دەرنەكەوتبێ بە بزەوە دەیگوت: ”بەڵێ، بەڵێ وایە.”
وەرزێڕەكانی تەنیشتیان بە بینینی حەوا بە باوكیان دەكوت: ”زۆر باشە، زۆر باشە.”
باوكیان بە دەركەوتنی كۆمپاینەكە لە نێو كێڵگەگە دەستیانی بۆ هەڵدەهێنا و ماندوو نەبینییانی لێ دەكرد یان ئەو كاتانەی هەمووی ئەندامەكانی بنەماڵە لە سەر سفرەكە كۆدەبوونەوە بە دڵخۆشیەوە باسی حەوای بۆ ژنەكەی دەگێڕاوە دەیگوت: ”لە هەر دووكیان ئازاترە.”
ڕەشید بە قۆشمەییەوە چاوێكی لە حەوا دادەگرت و دەیگوت: ”حەوایە ئیتر."
حەوا بە بزەوە دستی لە ملی باوكی دەكرد و دەیگوت: ”من كچی باوكی خۆمم."
دایكی بە مۆنەوە لەم دیمەنانەی دەڕوانی و دەیگوت: ”تۆ بەم كارەت كچەكەت لە خۆی دوور كردووەتەوە .ئەو كچە لە جێی ئەوەی بە كارەكانی ماڵێ خریك بێ چەشنی كوڕەكان هەڵسووكەوت دەكات. بەڵام منیش مرۆڤم بە تەنیا هیچم بۆ جێ بە جی نابێ.”
باوكی بە بیستنی ئەم دەردە دڵە كۆنانە بە لایەنگری لە ئەو دەنگی هەڵدەبڕی: ”تۆ خەمی كاری ماڵێتە یان لەوە دەترسی بە قسەكانی بەر درگە نەگەی ؟”

حەوا دەپەڕیە نێو قسەكانیان و دەیگوت: ”باشە شەڕو كێشەی ناوێ خۆم قاپەكان دەشۆم.”دوایە دەیگوت: ”بەڵێنم بە كچەكانی هاوڕیم داوە فێری تەراكتۆر لێخوڕینیان كەم.”
ڕەشید چاوێكی لە مەردان دادەگرت و بە گاڵتەوە دەیگوت: '' حەتمەن دەبێ ناوی خۆشیان حەوا بنێن هەتا وەك تۆ بوێر بن و بتوانن فێر بن.”

هەموویان قاقا پێدەكەنین.

***

مەردان و میران لە دم درگەی كۆگاكە ڕادەوێستن و چاوەڕیی باوكیان دەكەن. باوكیان بە تفەنگە ڕاوەكەی لە پێش ڕەشیدەوە هەنگاو دەنێ. لە ڕووخسارە تاو سووتاوەكەی جگە لە قین و تووڕەیی هیچ بە دەرناكەوێ. مەردان و میران سەیری تفەنگەكەی دەستی دەكەن و دەزانن جگە لە زستانان یان كاتەكانی پێویست لە شوینەكەی خۆی دەری ناهێنێ. باوكیان ئەڵقەڕێزی درگەكە دەكاتەوە و ئەوانیش بە دوای دا دەچنە ژوورێ و درگەكە بە هێواشی دادەخەن. خرمە خرمی مشكەكان لە بنمیچەكەوە دەبیسرێ كە بە تاو خۆیان حەشار دەدەن.
ڕەشید بۆ ساتێ بە بینینی سەروگوێلاكە خوێناویەكەی حەوا لە سەر جێگای خۆی مەق دەمێنێ و بێ دەنگ سەیری دەكات. بەڵام دوایە بە خۆیدا دێتەوە و لێی دەچیتە پێشێ. پڕ بە كۆگاكە دەنگی هەڵدەبڕی، دەڵی: ”سپاس حەوا خانم بەڕاستی سپاس. ئەوە لە جێی دەست خۆشی بوو؟ 
ئاخر من چۆن دەتوانم كاری وا لە گەڵ ژن و مناڵەكەم دا كەم، ها ؟”
ڕەشید دڵی پڕ دەبێ لێوەكانی دەلەرزن و زۆر بە ڕاحەتی دەگری و دەڵێ: ”لە بەر باوكم نەبوایە هەرگیز بۆ ئەم كاول بووە نەدەهاتم هەمووی بە هۆی ئێوە بوو”.
قادری باوكی بێدەنگ و عەسەبی لە تەنیشتیەوە چۆك دادەخات.

***


دوای دوورینەوەی گەنمەكان و تەواو بوونی كاری كێڵگەكان مناڵەكان بڕیاریان دا كە خواردنەوە بكرن و پێكەوە خۆش بن. میران و ڕەشید چەشنی مناڵە هاروهاجەكان ڕۆیشتبوون لە باخەكەی پشتیانەوە پڕ نایلۆنێكی زل سێو و هەڵووژە و هەرمێی كاڵ تورش و تاڵیان دزی بوو كە خواردنیان ددانی ئاڵ دەكردەوە .
حەوا بە زەمبیلی ئەسرانەوە بۆلایان دەهات. بە پێچەوانەی ڕۆژانی پێشوو جل و بەرگە پیاوانەكەی دەرهێنابوو و بڵووزێكی دووگمە داری عەترەنگی و داوێنیكی كلۆشی گوڵداری پۆشابوو. پەتی كڵاو قامیشەكەی شل كردبوو و بە پەلە هەنگاوی دەنا. 
میران و ڕەشید لە ژێر سێبەری كۆمپاینەكە دانیشتبوون ونایلۆنی میوەكانیان لە بەر دمی خۆیان ئاواڵە كردبوو، بە قریشقە قەیشقەوە پێدەكەنین.
حەوا ماندوو زەمبیلی نان و چایەكەی دانا و گوتی: ”ئەمە چییە؟”
میران بە بزەوە سەیری كرد و گوتی: ”مەترسە كەس پێمانی نەزانی.”
ڕەشید دەستی بە نایلۆنەكەدا كرد و هەرمێیەكی دەرهێنا، بۆ دمی برد و بە چێژەوە دایكرۆشاند، گوتی: ”شتی دزی و قەدەغە بەتام تر لە شتەكانی ترە، ئەسڵەن شتێكی ترە تۆش گەر حەز دەكەی تاقی كەوە.”
میران قاقا پێكەنی و دوا بە دوای ئەو بەر بووە خواردن. ئەوندەی پێ نەچوو مەردانیش بە دوو نایلۆنی پڕەوە هات، خواردنەوە و مەزەی كریبوو، گوتی: ”جەژن بە سارد و سڕییەوە نابێ.”
حەوا بە بینینی شووشەكەی دەستی مەردان، گوتی: ”باوكم بزانێ توورە دەبێ.”
مەردان لە تەنیشت میران و ڕەشید دانیشت و بە دم كردنەوەی نایلۆنی مەزەكان، گوتی: ”هەركاتێ هات بۆ خۆمان وڵامی دەدەینەوە.”
میران چەشنی كەسیكی برسی پەڕییە سەر زەمبیلەكە و سێ ئیسكانی دەرهێنا، گوتی: ”دەی كاكە هەتا نەهاتووە با دەست پێ بكەین."
مەردان سەری شووشەكەی كردەوە و بە دم بزە كردنەوە پەیكەكانی تێكرد. كوڕەكان هەر سێكیان پێكەوە پیكەكانیان لە یەك دا و بەرزیان كردەوە. مەردان و ڕەشید پیكەكەیان بە تەكانێ خواردەوە. بەڵام میران بە پێچەوانەی جۆش و خرۆشەكەی سەرەتای بە دوو دڵیەوە سەیری ئیسكانەكەی خۆی كرد و ترسا.
ڕەشید سەیرێكی كرد و گوتی: ”پیاو ئەو پیاوەیە بێ دوودڵی بیخواتەوە.”
مەردان ئیسكانێكی تر بۆ خۆی تی كرد و گوتی: ”سەیری من كە ئاوا.”
میران كە لە گاڵتەكانی ئەو دووانە هەستی بە شەرمەزاری دەكرد چاوەكانی تووند قوچاند و هەتا دوا تنۆكی خواردەوە. تامی تاڵی مەشرووبەكە دڵی بە یەك دا هێنا و بەر بووە كۆخە كۆخ. بۆ ساتێ هەستی كرد هەناوی سووتا و دڵی كون كون بوو. ڕەشید خێرا تۆزێ لە مەزەكەی كرد بە دمی دا و گوتی: ”بیخۆوە حاڵت باش دەكات.”
مێران گوێڕایەڵانە بەربووە خوارن و حەزی نەدەكرد كەس بە دڵ بەیەكا هاتنەكەی بزانێ.
حەوا لە تەنیشتیان دانیشتبوو و سێوێ لە سێوە دزیوەكانی بە دەستەوە گرتبوو و جار و بارە بە ددانەكانی دایدەڕوشاند و چاوێكی لە برا بچووكەكەی دەكرد و دەیگوت: ”باشە ئێوە دەیخۆنەوە بیخۆن بەڵام تكایە بە میرانی مەدەن باوكم بزانێ شەڕتان لە گەڵ دەكات.”
میران كە بە خواردنی مەزەكان تۆزێ لە تاڵی سەر زاری نەمابوو چاوێكی لە مەردان دا گرت، گوتی: ”ئێستا باوكمان لە نێو گەنمەكانی كۆگاكە پاڵكەوتووە و بیر لە فرۆشتنەكەی دەكاتەوە."
مەردان دستی نایە سەر شانی ڕەشید و گوتی: ”كاك ڕەشید لە بیرت نەچی ئەمە بۆ باوكم بگێڕینەوە.”
ڕەشید ئاوڕێكی لە حەوا داوە و گوتی: ”چاو ڕەش لە بەر چی نایەیتە پێشێ؟”
حەوا سەیرێكیانی كرد و گوتی: ”خێراكەن ئێستا باوكم دێ.”
میران بە دم خواردنەوەی پیكێكی تر مەستانە دەنگی هەڵبری گوتی: ”با بێت”
مەردان پیك لە دوای پیك دەیخواردەوە و بۆ ئەوانیشی تێ دەكرد. ڕەشید بە خۆشی ئەوان دەیخواردەوە ئەوانیش بە خۆشی ئەو .
دەمەو ئێوارە بوو حەوا هەستا بڕوات، ڕەشید گوتی: ”ڕاوێستە منیش دێم.”
میران لە ناكاو بەر بووە ڕشانەوە ودەستی كردە گریان و لە جێگای خۆی درێژ بوو. حەوا بە تووڕە بوونەوە سەیری مەردانی كرد و گوتی: ”نەمكوت بەمی مەدە ئێستا بەم حاڵەوە چۆن بۆ ماڵێی دێنەوە ؟”
ڕەشید دەستی حەوای گرت و گوتی: ”كێشە نییە وردە وردە چاك دەبێتەوە كار لە پیاوان دەقەومێ.”
حەوا سەیرێكی ڕەشیدی كرد كە بە پێوە مەلەقی لێ دەدا و بە ئەستەم دەیتوانی بەر خۆی بگرێ بۆ ئەوەی لە نێو كلۆشەكاندا نەكەوێ دەستی گرت و گوتی: ”دەبێ پەلە كەین خەریكە درانگ دەبێ ماڵێ چاوەڕێمانن.”
شنە بایەكە لە ژێر كڵاوەكەیەوە یاری بە پرچی حەوا دەكرد و پەرێشانی دەكرد. كێڵگە نەدووراوەكان بە بایە فێنكەكە خشپە خشپ دەشنانەوە و كەشێكی تایبەتیان بە ئێوارەكە دەدا. ڕەشید بە ئەنقەست لەبە قامیشەكەی لە سەر حەوا كردەوە و فرێی دایە نێو گەنمەكان و مەستانە پێكەنی .
حەوا بە تووڕە بوونەوە دەستی ڕەشیدی بەر داو بە دوای كڵاوەكەی دا ڕۆیشتە نێو گەنمەكان و گوتی: ”مەگەر شێت بووی ؟”
ڕەشید بە لەتردانەوە كەوتە دوای حەوا و تووند باسكی گرت، گوتی: ”ئۆف لە تۆ حەوا ئۆڤ.”
هەناسە ئەلكۆلاویەكەی ڕەشید ئاوێتەی هەوا دەبوو و بەر ڕووخساری ئەو دەكەوت. حەوا هەستی بە شتیكی نامۆ و ترسێنەر لە چاوەكانی ڕەشیددا كرد خێرا كڵاوەكەی هەڵگرتەوە و گوتی: ”خەریكە درانگ دەبێ، دەی با بڕۆین.”
ڕەشید دەستی لە قەدی حەوا ئاڵاند و بە چرپەوە گوتی: ”پەلەی چیتە هەر دەڕۆینەوە ."
حەوا تەكانێكی لە خۆی دا و گوتی: ”تۆ مەستی قسە دەپەڕینی.”
ڕەشید قاقا پێكەنی و گوتی: ”ئەرێ مەستم ... مەس ... مەستی چاوە هەنگوینییەكانی تۆم حەوا!”
حەوا هەنگاوێ بۆ دواوە گەڕاوە، ویستی باسكی لە دەستی رەشید دەرباز كات بەڵام پای خزی و كەوت بە سەر گەنمە پەڕیوەكان دا. ڕەشیدیش چەشنی داریك بڕابێتەوە تڵپ بە سەری دا كەوت و وەك ڕاوچییەكی ماندوو و برسی دەستەكانی گرت و قاچەكانی لە نێوان قاچەاكانی ئەو نا .هەتا دەهات سیخە سیخی هەناسی ناڕێك و بەسام دەبوو. حەوا چەشنی ئەو باڵندە بە داو كەوتووانە كە لە گەڵ براكانی ڕاویان دەكرد بە داوەوە ببوو و جگە لە پەلەقژەی بێ ئاكام هیچی پێ نەدەكرا. خشپە خشپی با لە نێو گەنمەكان مێروولەی بە جەستە نیمچە ڕووتە ئارەقاویەكەی دەكرد. ڕووخساری ڕەشید ئارەقیان لێ دەتكا و بە لێوەكانی جار تووند لێوەكانی دەمژی یان قەپاڵی لە بنا ملی دەگرت. بە دەستەپان و پۆڕەكانی دووگمەكانی بلوزەكەی پچڕاند و سنگ و بەرۆكی بە دەرخست. ئاسمانەكەی ژوور سەریان بەرەو تاریكی دەچوو و كەس دیار نەبوو. حەوا ماندوو و بریندار لە هەیبەت ئازارەكانی جەستەی و هەناوی پەنجەی لە چڵی گەنمەكان گیر دەكرد و دەیقیژاند. بەڵام قیژەكەی بێ ئەوەی كەس بیبیسێ ئاوێتەی سیخە سیخی هەناسەی ڕاوچییەكەی كەوا خەریك بوو خۆی لە جەستەی ئەودا تێر دەكرد دەبوو و لە قووڵایی هەناوی دا قەتیس دەما.

***


حەوا گەنمەكانی نێو مشتی فڕێ دەداتە نێو كۆگاكە و بۆ چەندەمین جار بە دم گریان و ئازارەوە دەڵێ: ”من بێ تاوانم، من بێ تاوانم.”
باوكی بێ ئەوەی شتێك بڵێ هەروا سەیری دەكات و ڕوومەتی خۆی بە لوولەی تفەنگەكەوە دەنێ .
مەردان سەیری باوكی دەكات و دەڵێ: '' باوكە خەریك چی ؟”
میران سەیرێكی حەوا دەكات و دەڵێ: ”ناوی ئەو ناپیاوە بڵێ و هەموو شتێك تەوا كە.”
باوكیان پەنجەی لە سەر پلە پتكەی تفەنگەكەی دەنێ و لوولەی تفەنگەكە لە نێو چاوی حەوا دەگرێ، بەڵام بێ ئەوەی بی تەقێنێ دەیهێنێتە خوارێ. چیتر سۆز و مێهرەبانی جاران لە ڕووخساری باوكی دەرناكەوێ. ئاگر لە چاوەكانی دەبارێ و بە ئەستەم دەتوانێ بدوێ. دڵێ: ”لە بەر ئەو واژۆیەی نەخۆشخانەكە نەبوایە لە مێژ بوو كۆتایم بەم ئابڕووچوونە هێنابوو.”
ڕووی دمی دەكاتە مەردان و میران و ڕەشید، دەڵێ: ”لە بەر چاومی ون كەن”
حەوا بە دوای باوكی دا دەگری: ”باوكە تكایە.”
ڕەشید دەپەڕیتە سەری و بە لەچكەكەی ملی دمی دەبەستێ و دەڵێ: ”مامەی گیان خەمت نەبێ كوڕەكانیش لە گەڵ خۆم دەبەم هەتا دڵنیا بی.”
مەردان و میران حەوا هەڵدەگرن و بێ ئەوی دەنگی لیوەی بێ یا كەسێ ئاگای لێیان بێ لە كۆگاكە دەیهێنە دەرێ و چەشنی تەرمێ هەتا نێو نەیسان بارێ كە هی ڕەشید گیری ناكەن. 
ڕووخساری شكاوەكەی بە شنەی ئێوارە پایزەكە دەكولێتەوە و تەزوو بە جەستەی دا دێ. مەردان و میران لە دوای نەیسان بارەكە دەست و لاقی دەبەستن و درگەی نەیسانەكەی لە سەردادەخەن. ڕەشید لە پشت فەرمانەكە دادەنیشی و دەڵێ: ”دەبێ زووكەین”
كوڕەكان لە تەنیشت یەكەوە دادەنیشن و ڕەشید ماشێنەكە گاز دەدا و بە پەلە لێی دەخوڕێ.

***

ئازارەكەی هەناوی بە هەڵبەز دابەزی ماشێنەكە هەتا دێت زیاتر دەبێ. پەنجەی لە سكی گیر دەكات و بە بێزاریەوە بیر لە تووخمەكەی نێوی دەكاتەوە كە نەخوازراوانە خۆی پێوە گرێ داوە. نەیسانەكە لە ئیسفاڵتەكان و ڕێكا خواروخێچەكان و هەورازەكان سەردەكەوێ. دوای چەن كاتژمێرێ بە تەقەی كرانەوەی درگەی نەیسانەكە چاوەكانی دەكاتەوە. میران دەبینێ دێتە سەر و وەك ئەوەی لە گەڵ بارمتەیەك دا بدوێ و دەڵێ: ”دەی هەستە زووبە گەیشتین.”
ئەستێرەكان بە فراوانی ئاسمان دەچریوێن و بە ئەنقەست چاو دادەگرن. بایەكی سارد دێ. ڕەشید درگەی دوای نەیسانەكە دەگرێ، دەڵێ: ”دەی میران خێراكە ئێستا كاتی ساوە ساو نییە.”
میران باسكی دەگرێ و هەڵی دەستێنێتەوە و بۆ دەرێی دەبات. مەردان دێتە یارمەتیان و داوێنی كراسەكەی بۆ كۆ دەكاتەوە .
لاقەكانی حەوا بە هۆی عەدرە ئاسنە ساردەكەی نەیسانەكە سڕ بوون و بە ئەستەم دەتوانێ جەستەی بجولێنێ و بە پێوە ڕاوێستێ. بە گومانەوە سەیری شاخ و كێوە تاریكەكانی تەنیشتیان دەكات. 
ڕەشید لەچكەكە لە بەر دمی لادەبات و دەڵێ: ”لێرە بە دواوە سنوورە بۆ كوێ دەچی بچۆ"
میران سەیریكی حەوا دەكات و دەڵێ: ”تكایە بڕۆ !”
ڕەشید بۆ پشت فەرمانەكە دەگەڕێتەوە و دەڵێ: ”ئەمەش لەوە، وەرن با بڕۆین”
مەردان دەستی میران دەگرێ و دەڵێ: ”با بڕۆین”
حەوا دەگری، دەستەكانی لە بەر چاوەكانی دەنێ و بێ ئەوەی شتێك بڵێ لە بەر خۆیەوە هەنیسك دەدا
میران و مەردان بێ گوتنی هیچ وشەیەك سوار دەبن و درگەكە تەپ پێوە دەدەن. 

حەوا بە دەنگی نەیسانەكە سەری هەڵدەبڕی و هەڵدەستێ. چاوەكانی لە تیشكی گڵۆپەكانی دواوە تڕاویلكە دەكەن. نەیسانەكە لە ڕێگا پێچەڵاوپێچە تەختە بەردەكە دەگەڕێتەوە و دەڕوات .حەوا بە پێی پەتی و لەشە شكاوەكەیەوە لە ژێر تریفەی ساردی ئەستێرەكاندا بە دوایاندا ڕادەكات. هەر دەڕوا و دەكەوێ هەر ...

 

پەیوەندی‌دار:

هەشتی مارس، تفتیی خوێن و هاوارە پەنگخواردووەکان

بمسڕنەوە لەسەر لاپەڕەکانتان تکایە!

کوشتنی ژنان لەسەر هیچ و بۆ هیچ

بە ئیزنی ڕووناکیت دەدوێم

بۆچی من فێمێنیستم؟

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە

راپۆرتەهەواڵ

analis picture

هەپەگە: تەقینەوەکەی جزیرە کاردانەوە بوو بەرامبەر بە بێئاگای لە ئۆجەلان


هەواڵ


دیمانە

Interview Picture

مانناسیی کۆمەڵایەتی زاراوەیەکە بۆ باسکردن و شیکردنەوەی هەموو بوارەکانی پێوەندی نێوان زمان و کۆمەڵ ، جگە لەو بوارانەی

سێ‌شەممە ۲۹نەورۆز۱۳۹۶/ ۱۷:۱۱