بابەتی گەرم:

بە ئیزنی ڕووناکیت دەدوێم

Monday, March 7, 2016


لەیلا ساڵحی


پاییز گه‌یشتۆته‌ وشه ‌و
ده‌ست‌نووسه‌کان؛ ده‌سته‌خوشکی خه‌زه‌ڵوه‌رن
منیش گوێم داوه‌ته‌ باخ و بۆ تۆ ده‌دوێم.
نایگێڕمه‌وه‌ ئه‌و باڵنده‌ی
که‌ له‌منه‌وه‌ ده‌خایه‌نێ عه‌شق تا تۆ
به‌یان ناکه‌م ئه‌و دره‌خته‌ ناواده‌یه‌ی
هه‌موو سبه‌ینێی گرتووه‌
ته‌نیا گوێم داوه‌ته‌ باخ و
تۆش…
ئه‌ی سپێده‌ی سترانه‌کان
که‌ سه‌رده‌می کانیله‌ی و
سوارۆی جه‌نگاوه‌ری به‌یان
سه‌رده‌مم به‌
با رۆژه‌کانم ته‌ریبی چاوانت بێ
ناوت دێنم له‌و کاته‌دا
که‌ دره‌ختێک ده‌ست پێده‌کا
یان ئه‌و ده‌مه‌ی په‌نجه‌ره‌کان پڕن له‌ مانگ
له‌گه‌ڵ سه‌حه‌ر ناوت دێنم.
که‌ ده‌تهێنمه‌وه‌ بیر رووبار
له‌ ده‌نگت دا سه‌فه‌ر ده‌که‌ن ده‌ریاکانم
که‌ ده‌تهێنمه‌وه‌ بیر ئاسمان
دوو مانگی مه‌ستن چاوی تۆ
منیش به‌ ئیزنی رووناکیت
رۆشن ده‌بم
لێم گه‌ڕێ با چاوه‌کانت ئاکامی ئێواره‌ی من بێ
سه‌رداری چاوه‌ سارده‌کان
ده‌گه‌ڕێ بۆ کچه‌کانی ئاره‌زووی زه‌رد
من گوێم داوه‌ته‌ وه‌نه‌وشه‌
باسی شاره‌که‌ی تۆ ناکه‌م که‌ هاوکاته‌ له‌گه‌ڵ به‌یان
باست ناکه‌م ئه‌ی ئه‌وه‌ی وا
که‌ رۆژهه‌ڵاتت پۆشیوه‌ و
رۆیشتوویه‌ مێژووی چرۆ
ئه‌ستێره‌کان بانگم ده‌که‌ن
ده‌نگیان سنووروانی باخه‌ و
جگه‌ له‌ تۆ
هیچ سروودێکم پێ نییه‌ بۆ کۆماری گه‌لاوێژیان
من گوێم داوه‌ته‌ وه‌نه‌وشه‌ و
سه‌رده‌مم به‌
له‌ ده‌نگته‌وه‌ شارێک چێ ده‌که‌م له‌ شێعر
بیناکانی وه‌ک دڵی تۆ
تاراوگه‌ی کاج بن و کۆتر
له‌ ده‌ستته‌وه‌ دارێک ده‌که‌م له‌ مانگه‌ شه‌و
ریشه‌کانی وه‌ک ئه‌نگوستت
ئاهه‌نگی به‌یان بژه‌نن
به‌ڵام جه‌سته‌ت…
ئه‌و جه‌سته‌یه‌‌ت ره‌زی کێیه‌ ئه‌ی سپێده‌م
ئه‌و جه‌سته‌ وا ساڵی ئه‌ستێره‌ی لێ دیاره‌
دوا رۆژی کام ئاسمانه‌
ئامێزیشت گه‌ڵاڵه‌ی سه‌حه‌ر و یه‌سنا
مه‌به‌ستی من له‌ ئامێزت زێدی دووری باڵنده‌یه‌
سپێدارێک نێردراوی په‌رسته‌گه‌ی زه‌رد بانگم ده‌کا
بۆ تۆ ده‌دوێم
وه‌ک ئه‌و قوتابخانه‌ ده‌چی که‌ ده‌رسی باڵنده‌ ده‌دا
قوتابیانی ئه‌وه‌ڵی خۆر
چاوی منن و
قوتابیانی ئه‌وه‌ڵی دار
ده‌سته‌کانم
خانه‌ به‌ خانه‌ی روخسارت ئه‌لف و بێمن
ئه‌لف و بێیه‌کی وه‌ک چرا
ده‌تنووسمه‌وه‌
ده‌تنووسمه‌وه‌ با ئه‌و شیعره‌ چراخان بێ
وه‌کوو چه‌مێک سنه‌وبه‌ری له‌ هه‌رێمی ئاسمان دا
ئاڵایه‌کی پڕ په‌پووله‌یه‌ ته‌ماشات
به‌رامه‌ی ئاو.
وته‌کانت رسته‌ به‌ رسته‌ی گوڵاڵه‌ن
که‌ تۆ ده‌دوێی من ده‌بمه‌ هێڵێک شلێره‌
به‌ قه‌راغ ئاسۆکانه‌وه‌
بۆ تۆ ده‌دوێم
شه‌وێک من تۆم دایه‌ پێنووس
ئه‌و تۆیه‌ی وا کازیوه‌ بۆ منی هێنا
تۆ سه‌ردێڕی سپێده‌ بووی
نووسرایه‌وه‌ له‌ باکووری شێعری من دا
تا سه‌د به‌هار پاشه‌کشه‌م کرده‌ شێعره‌وه‌
په‌نجه‌ره‌کان مانگیان ده‌کوت
ببوونه‌ ئاره‌زوو ده‌ستم
خۆرێک بووه‌ وڵاتی تۆ و
کرامه‌وه‌‌ له‌ زامێک دا
زامێکی وا
به‌رین‌تر له‌ ده‌سته‌ڵاتی په‌رستگه‌ی زه‌رد
وێڕای باران
روانیمه‌ رێژنه‌ی بزه‌ت من
وێڕای شه‌ڕاب
من گوێم دایه‌ وه‌رزی چاوت
سه‌رده‌مم به‌
نانووسمه‌وه‌ ئه‌وانه‌ی وا ئاوا ده‌بن
تۆ ده‌نووسم که‌ ئه‌رخه‌وان ده‌تناسن و
باسکه‌کانت دوو فوڕاتی رۆژهه‌ڵاتین
ناگێڕمه‌وه‌ ئه‌وانه‌ی وا هه‌ور و هێرۆیان له‌ یاد کرد
یادت ده‌که‌م که‌ وه‌ک هێرۆ
پێنا‌سه‌ی به‌هاره‌کانی
وه‌کوو هه‌وریش
ده‌ریا راده‌برێ له‌ جه‌سته‌ت
وا تێپه‌ڕی خه‌زه‌ڵوه‌ر به‌ ده‌ستنووسم دا
وه‌بیرم بێنه‌وه‌ یه‌که‌م هه‌تاو
وه‌بیر وه‌نه‌وشه‌م بێنه‌وه‌ یان دارستان
من ده‌مهه‌وێ دره‌ختت بم
ئه‌و دره‌خته‌ی ده‌ست پێده‌کا له‌ چاوته‌وه‌ هه‌تا چرا
وه‌بیر تریفه‌م بێنه‌وه‌ یان دارستان
من ده‌مهه‌وێ دره‌ختت بم
ئه‌و دره‌خته‌ی
شکۆفه‌کان ده‌ئاژوێ تا رۆژهه‌ڵات و
ده‌گاته‌ تۆ
سه‌رده‌مم به‌ ئه‌ی سپێده‌م
وه‌بیر به‌هارم بێنه‌وه‌ یان دارستان
لێم گه‌ڕێ با دره‌ختت بم
ئه‌و دره‌خته‌ی
وا ئاماژه‌ی دارستانه‌ به‌ره‌و سه‌حه‌ر
ته‌واو ده‌بێ له‌ دوو چرای سپێده‌دا و
چاره‌نووسی ده‌بێته‌ خۆر
سه‌رده‌مم به‌
با رۆژه‌کانم ته‌ریبی چاوانت بن.


پەیوەندی‌دار:

هەشتی مارس، تفتیی خوێن و هاوارە پەنگخواردووەکان

بمسڕنەوە لەسەر لاپەڕەکانتان تکایە!

کوشتنی ژنان لەسەر هیچ و بۆ هیچ

"حەوا بە سنوورەكانەوە"

بۆچی من فێمێنیستم؟

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە