بابەتی گەرم:

بمسڕنەوە لەسەر لاپەڕەکانتان تکایە!

Tuesday, March 8, 2016


فەوزیە سوڵتان‌بەیگی


بمسڕنەوە لەسەر لاپەڕەکانتان تکایە!
دەمێکە بێسەروشوێنم ئەمن
دەمێکە ناحەجمێ لە پێناسەمدا نیشتمانێک
ناشنێتەوە بە مێژوومدا بەیداخێک
ئەمە نە پیربوونی وەرزێک کە
پڕ بێت لە هەڵوەرینم
یان ئالزایمێری تەیرێکی تەریوە
لە فەرامۆشی بیابانێکدا
ئەمە سەرەتای حیکایەتی ڕەزێکە
لە هەڕەتی بێ نوێژیدا
نیکاحی خەڵوەتێکی بەدمەست کرا
حیکایتی شارێکە
مانتۆکان بە تیزاب دەستنوێژ دەگرن
بۆوەی پاک بنەوە
لەهەرچی کورتی وهەرچی ڕەنگ و هەرچی حەزی شاراوەی نیو گیرفانە
بمسڕوەوە لە لاپەڕەی زەینتدا تکایە
دەمیکە ناحەجمێ لە تینوێتیمدا
بەردبارانی کانییەک کە سڵاوی ئاوەدانیمە
تاراوگەی من ئایەتێکە لە سوڕەتی بڤە
دەشنێتەوە بەسەر دەرانەی هەموو بەیانییەکدا
بڤڢڤڤڤڤڤ.
"خواهرم حجاب تو عفاف تو"
هێێێی تۆ!
قژی خاو!
لە مەتەرێزی ڕووسەریتدا
کوڕانە بمپارێزە
لە هەوەسی نیگای بەرد و حەزی چەقۆ و
مەشخەڵانی ئاورەسوورە لە خۆم بەدوورە
کە خەڵوەتتان بەد مەستی دەکات
لەژێر تۆرمزی ئیوارەدا
سەرەنگرێ دەدات عفاف
چوارڕێکان وێران دەبن لە چراسوور و
ڕەش دادەگیرسێ جادەم
سپێدەش ڕەنگە لە تەمکینێکدا سەر هەڵدات
ڕووناکی نەبینێ بە خۆیەوە هەرگیز
بمسڕنەوە لەسەر لاپەڕەکانتان تکایە!
ئەم ژوورە دەمێکە بێدەنگە!
"مشترک مورد نظر" دەمێکە خامۆشە!


پەیوەندی‌دار:

هەشتی مارس، تفتیی خوێن و هاوارە پەنگخواردووەکان

کوشتنی ژنان لەسەر هیچ و بۆ هیچ

بە ئیزنی ڕووناکیت دەدوێم

"حەوا بە سنوورەكانەوە"

بۆچی من فێمێنیستم؟

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە