ئامینە کاکە باوە؛ لە پێشمەرگایەتییەوە بۆ پەرلەمانتاریی سوێد

Thursday, March 17, 2016


لەمەڕ وێنەکە: [ئامینە کاکە باوە ئەندامی پەرلەمانی سوێد(لای چەپ)، لە تەنیشت سێ ئەندامی دیکەی کۆمەڵە، لە کەمپێکی ئەو حیزبە لە شاخەکانی باشووری کوردستان، کۆتایی ساڵانی ١٩٨٠.(وێنەکە لە ئامینە کاکە باوە وەرگیراوە)]

مەحموود بۆزئەرسڵان / ئەلمۆنیتۆر
وەرگێڕانی: NNSROJ

ئامەد، تورکیا – لە شەوێکی ئەنگوستەچاوی ساڵی ١٩٩١، نزیکەی پەنجا کەس بە پێیان ناوچەیەکی ژێڕ دەسەڵاتی کوردەکان لە باکووری عێراقیان بەرەو سنووری تورکیا دەبڕی. ئەوان بێ چەک بوون و جلوبەرگی خۆماڵیی[کوردی]یان لەبەردابوو. کاتێک گەیشتنە سەر سنوور، هەلیکۆپتەرێکی گەشتیی تورکیا بە سەر ئەو مەڵبەندەدا هەڵفڕی و ئەمەش نەخشەی ئەوان بۆ پەڕینەوەی نهێنی لە سنووری ئەستەمتر کرد. تەنها یەک ژن لە گەڵ ئەو گرووپە پەنجا کەسییە بوو. ژنێکی نۆزدە ساڵە بە ناوی ئامینە کاکە باوە. تەمایەر بوون بە شەو و دوور لە چاوی هەلیکۆپتەر و زێرەڤانەکانی سەر سنوور، خۆیان بگەیەننە شاری سلۆپیی تورکیا[باکووری کوردستان. و] لەودیوی سنوور. کاکە باوەی لاو، هەرگیز مەزەندەی نەدەکرد ئەو رێگایەی پێی تێ ناوە، سەرەنجام لە ئەورووپا بە پیشەیەکی سیاسی بگەیەنێت.

ئامینە کاکە باوە کوردێکی خەڵکی ئێرانە و سەردەمێک ئەندامی سازمانی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، کە زۆرتر بە کۆمەڵە ناسراوە، بوو و لە تافی لاوێتی/مێرمنداڵیی خۆیەوە چووبووە ناو ریزەکانی پێشمەرگەی کۆمەڵەوە.

ئەو کە ئێستا پەرلەمانتاری سوێدە، بەم دواییە سەردانی شاری ئامەدی کردبوو بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ئاگاداری دوایین گۆڕانکارییانی ئەوێ و ئەو سەرکوتکارییانەی تورکیا بێت کە لە سۆنگەی میلیتانە کوردەکانی نێو شارەکانەوە ئەنجامی دەدات.

ئەو لە گفتوگۆیەکدا لە گەڵ ئەلمۆنیتۆر، هەندێک بەشی سەرنجڕاکێش لە ژیانی خۆی بۆ باس کردین. ئەو ٤٤ ساڵ لەمەوبەر لە بنەماڵەیەکی هەژاری کورددا لەدایکبووە.

کاکە باوە لە شاری سەقزی خۆرئاوای ئێران[رۆژهەڵاتی کوردستان. و] لە بنەماڵەیەکدا لەدایکبوو کە هەشت منداڵیان هەبوو. هەر لە تەمەنی منداڵییەوە بۆ ئەوەی یارمەتییەک بە بژیوی بنەماڵەکەی بدات، لە رێی دەستگێڕییەوە دەستی بە کار کرد و جاروبارەش وەک کرێکار لە مەزرای بنەماڵە دەوڵەمەندەکاندا کاری دەکرد. پەیوەست بوونی ژمارەیەکی زۆر لە کەسانی دەوروبەری بە ریزەکانی کۆمەڵەوە، بووە هۆی هەڵخڕاندنی مەیلی سیاسیی لە ناخیدا.

ئەو دەڵێ: "بۆ یەکەم جار لە ئێراندا، کۆمەڵە؛ ژنانی بەشداری ریزەکانی هێزی پێشمەرگە کرد. ئەمە بۆ من وەک یۆتۆپیایەک بوو. خەباتی ژنان لە پێناوی ئازادی و لە شوێنێکی وەک ناوچەی ئێمەدا کە ژنان بە ئاسانی بە مێرد دەدرێن و منداڵیان دەبێت، زۆرتر لە خەون دەچوو. ئەم بابەتە منی بەرەو کۆمەڵە راکێشا".

ئامینە کاکە باوە سەرەڕای دژایەتیی بنەماڵەکەی، لە تەمەنی ١٣ ساڵیدا چووە نێو ریزەکانی کۆمەڵە و بوو بە پێشمەرگە. ئەو ئێرانی بەجێهێشت و رووی کردە کەمپەکانی کۆمەڵە لە کوێستانەکانی سەر سنووری عێراق[باشووری کوردستان. و].

تا ئەو کاتە هەرگیز نەچووبوە خوێندنگە، هەر لەوێش فێری خوێندنەوە و نووسین بە زمانی کوردی و فارسی بوو. وێڕای تەشەنابوونەوەی جەنگی نێوان ئێران و عێراق، ئەویش لە خولەکانی مەشق و راهێنانی چەکداریدا بەشداریی کرد. مانگی مارسی ١٩٨٨ و لە ئاخر و ئۆخری جەنگەکەدا، رژێمی سەددام حسێن، شاری کوردیی هەڵەبجەی لە نزیک سنووری ئێران کیمیاباران کرد. پاش ماوەیەکی کورت، کەمپێکی کۆمەڵە لە نزیک شاری رانیە[مقەڕی کۆمەڵە لە دۆڵی بۆتێ. و] کەوتە بەر هێرشی کیمیایی و لە ئاکامدا ٣٧ ئەندامی ئەو رێکخراوەیە گیانیان لەدەستدا. کاکە باوە کە هەنگینێ لە ناوچەیەکی نزیکی ئەو شوێنە بووە، خێرا بە هانای هاوڕێکانییەوە دەچێت، بەڵام خۆیشی بەر گازە ژەهراوییەکان دەکەوێت و بریندار دەبێت. لە جەنگەی دووهەمین هێرشی کیمیایی لە نزیک رووباری سیروان، ئەو ٧٢ هاوڕێی دیکەشی لەدەستدا. 

لە ماوەی ئەو شەش ساڵەدا کە لە نێو ریزەکانی کۆمەڵەدا بوو، گەلێک جاران مەرگی بە چاوی خۆی بینی؛ چ ئەو کاتانەی دەکەوتە چەمبەری هێرشە ئاسمانی و زەمینییەکان و چ ئەو کاتانەش کە لە گەڵ لایەنە کوردییەکانی رکەبەریان تێکهەڵدەچوون.

دوای ئەوەی هەرێمی باکووری عێراق[هەرێمی باشووری کوردستان] کەوتە ژێر رکێفی هێزە کوردییەکان، دەستێوەردانی ئێران لەو هەرێمەدا دەستیان پێکرد و کاکە باوە و هاوڕێکانی چیتر لەوێ جێیان نەدەبوەوە. ئێستا ئیتر مەنزڵیان تورکیا بوو.

ئەو ئاماژە بە دەرچوونی خۆی لە عێراق دەکات و دەڵێ: "دوای پاشەکشەی هێزەکانی سەددام لە هەرێمی کوردستان، دەستێوەردانە زۆرەکانی ئیران دەستیان پێکرد. ئەوان بەکرێگیراوانی خۆیان دەنارد بۆ ئەوەی هاوڕێکانمان تیرۆر یاخود ژارخوارد بکەن. ئەوان رۆژان، گەلێک لە هاوڕێیانمان لەدەستدان. لە لایەکی تر، لە نێو خودی کۆمەڵەشدا کێشەگەلێک سەریان هەڵدابوو. من یەکێک لەو ٥٠٠ کەسە بووم کە بڕیارمان دابوو، سازمانەکە جێبێڵین و بەرەو تورکیا بڕۆین".

کاکە باوە و هاوڕێکانی، دوای بڕینی رێگایەکی پڕ مەترسی، لە سنوور دەپەڕنەوە و دەگەنە شاری سلۆپی. لەوێش بە سواری پاس دەچنە ئەنقەرە. لەو رێگایەدا بە چاوی خۆی ئەو زوڵم و ستەمە دەبینێت کە لەوان رۆژاندا لە حاند کوردەکانی تورکیا ئەنجام دەدرا.

"ئێمە نە پاسپۆرتمان هەبوو و نە کارتی شناسایی. لە رێگەدا پۆلیس ئێمەی وەستاند. من پیم گوتن؛ بە رەچەڵەک ئازەریم. لە بەر ئەوەی گوتبووم؛ بنەماڵەکەم لە کوردستان دەژین، زۆر تووڕە ببوون. تا ئەو کات نەمدەزانی کە بەرپرسانی تورکیا تا ئەم رادەیە بە بیستنی وشەی کورد پەست دەبن. رژێمی سەددام و ئێران هەر دووکیان حکوومەتگەلێکی دیکتاتۆڕ بوون، بەڵام تەنانەت ئەوانیش لە ئاست وشەی کورد حەساسیەتیان نەبوو. ئەمە بۆ من شتێکی تازە بوو".

ئەوان لە ئەنقەرە خۆیان بە نووسینگەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ناساند و داوای مافی پەنابەرییان کرد. "ئێمە بە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانمان گوت کە پێشمەرگە بووین و بۆمان باس کردن کە ئێران و سەددام چ بەڵایەکیان بە سەر هێناوین. سێ مانگ دواتر داواکاریی ئێمە بۆ پەنابەری پەسەند کرا، پێناسەیان پێداین و بژیوانەیەکیشیان بۆ بڕینەوە".

کاکە باوە دەڵێ؛ ئەوان خانوویەکیان بەکرێ گرت: "کاتیک تورکەکان زانیان ئێمە پەنابەرین، زۆریان هاوکاری کردین..."

هەموو ٥٠ کەسەکە پێکەوە لە خانوویەکدا دەژیان. ماوەیەک لە ئەنقەرە، ماوەیەکیش لە قەیسەری و قڕشەهیر مانەوە و وەک خۆی دەڵێ: "چووباینە هەر شوێنێک، زۆر بە باشی هەڵسوکەوتیان لە گەڵ دەکردین".

سەرەنجام دوای یازدە مانگ مانەوە لە تورکیا، دەرووی ژیانێکی نوێ بە رووی کاکە باوەدا دەکرێتەوە. رێک ئەو کاتەی کە شاندێکی سوێدی هات و پێنسەد کەیسی پەنابەریی پەژراند.


کاکە باوە کە ئەو کات خوێندەوارییەکی ئەوتۆی نەبوو، لە سوێد بەشی فەلسەفە و زانستە کۆمەڵایەتییەکانی خوێند و تا پلەی ماستەری باڵا رۆیشت. ئیتر "کۆمەڵە" بەشێک بوو لە رابردووی. بەڵام سەرەڕای ئەمەش، چالاکییە سیاسییەکانی کاکە باوە درێژەیان هەبوو. ئەو چووە نێو حیزبی چەپگەرای سۆسیالیست و فیمینیست و هاوکات لە شارەوانیی ستۆکهۆڵم و هەروەها رادیۆ "دەنگی ژنان"دا دەستی بە کار کرد. ئەو بە تایبەت لە سەر پرسی مافەکانی ژنان کاری دەکرد.

ساڵی ٢٠٠٨ بۆ یەکەمجار و دوای جێگۆڕکێی لە گەڵ یەکێک لە هاوکارانی – کە بە هۆی کێشەی تەندرووستییەوە وازی هێنابوو – لە سەر کورسیی پەرلەمان دانیشت. لە خولەکانی دواتری هەڵبژاردنەکانی ساڵانی ٢٠١٠ و ٢٠١٤یشدا توانی کورسییە پەرلەمانییەکەی خۆی بپارێزێت.

کاکە باوە هەرگیز نەگەڕاوەتەوە ئێران و تەنها جارێک لە کوردستانی عێراق لە گەڵ بنەماڵەکەی دیداری ئەنجام داوە. ئەو دەڵێ: "بنەماڵەکەم ئێستایش لە ئێران دژین. ئێمە بە تەلەفۆن لە گەڵ یەکتر قسە دەکەین. من جارێکی تر هەرگیز نەگەڕامەوە بۆ ئێران".

هەروەها دەڵێ؛ کاتیک ١٣ ساڵی تەمەن بووە "ئێران دەیویست بمکوژێ. کەوایە چما بگەڕێمەوە؟ من وەک چالاکێکی مافی مرۆڤ، ئێستایش رەخنە لە رژیمی ئێران دەگرم. ئەگەر بگەڕایەمەوە لەوانەبوو دەسبەسەرم بکەن."

ئەم رۆژانە شەڕ و پێکدادانێکی خوێناوی لە ناوچە کوردییەکانی تورکیا لە باشووری خۆرهەڵاتی ئەو وڵاتە هەیە و ئەمەش لە چاوی ئامینە کاکە باوە شاراوە نیە. بە گوتەی ئەو، بەم دواییە دوو جار لەمەڕ ئەم بابەتە، پرسیاری لە حکوومەتی سوێد کردووە. جارێک لە حکومەتی سوێدی پرسیوە کە بۆ گوشارخستنە سەر ئەنقەرە و پارتی کرێکارانی کوردستان و گەڕانەوەیان بۆ سەر مێزی دیالۆگ، چی لە دەست دێت؟ جارێکی تریش وێڕای بیرخستنەوەی ئەوەی کە مۆرکی تیرۆریست بوونی پەکەکە، بوەتە کۆسپێک لە سەر رێی دانوستانەکان، پرسیاری کردووە؛ سوێد بۆ دەرخستنی پەکەکە لە لیستی رێکخراوە تیرۆریستییەکانی یەکێتیی ئەورووپا، چی کردووە؟

کاکە باوە بەنیازە دوای گەڕانەوەی بۆ سوێد، لە گەڵ کۆمیسیۆنی کاروباری یەکێتیی ئەورووپا لە پەرلەمانی ئەو وڵاتەدا دیدار ئەنجام بدات و پێیان بڵێ؛ وڵاتانی ئەورووپا بەر لەوەی کە بە پێدانی هاریکاریی دارایی بە تورکیا بۆ رێگرتن لە شەپۆلی هاتنی پەناخوازان بەرەو ئەورووپا رەزامەندی دەرببڕن، پێویستە پرسی کوردیان بەبیربهێننەوە.

 

پەیوەندی‌دار:

وازهێنانی عەزیزی، دەرفەتێک بۆ حدک

کاتی فرۆشتنی حدکا و حدک هاتوە؟

عیرفان رەهنموون: لە پێوەندی لەگەڵ "ڕاسان" تا ئێستا یەک ڕەخنەی زانستییم نەدیتووە

کوژران و برینداربوونی سێ کۆڵبەر لە ورمێ

حافز نازری: هونەرمەندان بێ پشتیوان و تەنیان

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە

راپۆرتەهەواڵ

analis picture

هەپەگە: تەقینەوەکەی جزیرە کاردانەوە بوو بەرامبەر بە بێئاگای لە ئۆجەلان


هەواڵ


دیمانە

Interview Picture

عیرفان ڕەهنەمون ساڵی 1973ی زایینی لەشاری مەریوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایک بووە. فەڵسەفەی ڕۆژئاوای لە زانکۆی شاری ئەسفە