بابەتی گەرم:

دەمیرتاش: عەقڵییەتی ئاکەپە ناتوانێ ئاشتی بەدیبێنێت

Wednesday, April 13, 2016



سازدانی: Deutsche Welle Türkçe
لە تورکییەوە: ئاوارە. و

DW: بەڕێز دەمیرتاش،  ئێوە سەرقاڵی دیدار و گفتوگۆی سیاسی لە گەڵ بەرپرسانی باڵای ئەڵمانیان. دەکرێ بڵێن چ چاوەڕوانییەکتان هەیە؟

س. دەمیرتاش: بۆ ئەوەی لە زاری بەرپرسانی هەرە لە پێشی پارتەکەمانەوە، سیاسەت، روانگە و پێشنیارەکانمان لەمەڕ کێشەکانی تورکیا و خۆرهەڵاتی نێوەڕاست و پەیوەندییەکانمان لە گەڵ یەکێتیی ئەورووپا بگەیەنین، لێرەین. لە راستیدا ئەو بەرپرسانەی ئەڵمانیا کە دیدار و گفتوگۆمان لە گەڵیان ئەنجامداوە، رێگەچارە و روانگەکانی ئێمەیان زۆر پێ باش و ماقووڵ بووە. قەیرانی پەنابەران، هۆکارە هەرە سەرەکییەکانی سەرهەڵدانی ئەم قەیرانە، شەڕی سووریا، شەڕ و پێکدادانەکانی نێوخۆی تورکیا و تەقینەوەکانی نێو شارەکان و چالاکییە تیرۆریستییەکان، ئەمانە هەموویان کۆمەڵێک راستین کە بەرەو هاوکاری و دۆزینەوەی چارەسەرێکی هاوبەش پەلکێشمان دەکەن. ئێمە پێمانوایە کە هەڵسوکەوتی حکوومەتی ئەڵمانیا لەم بابەتانەوە کەموکووڕی تێدایە. سیاسەتێک کە ئۆپۆزسیۆنی نێوخۆی تورکیا و پێشنیار و بۆچوونەکانیان نادیدە بگرێت، سەرکەوتوو نابێت. تەنها لە پێناو چارەسەری قەیرانی پەنابەران، چاونووقاندن لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە تورکیا و خۆدزینەوەی حکوومەتی ئەڵمانیا لەوەی رەخنە لە تورکیای بەرئەندامی یەکێتیی ئەورووپا بگرێت، هەڵەیە و بۆ قبوڵکردن نابێت. ئەمە لە داهاتوودا رێ لە پێش کێشەی زۆر گەورەتر دەکاتەوە. بە تایبەتیش ئەوەمان پێ راگەیاندن کە هەم لە سووریا و هەم بۆ بووژاندنەوە و جێبەجێکردنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، پێویستە ئەڵمانیا بە شێوەیەکی چالاکتر و کاریگەرتر بێتە ناو پرسەکەوە.

DW: توندوتیژییەکان، هێرشە تیرۆریستییەکان و کوژرانی خەڵکێکی زۆر... نیگەرانی لەوە هەیە کە لە ماوەی بەهاردا توندوتیژییەکان بۆ نێو شارە گەورەکانی تورکیا پەل باوێژن. تورکیا بەرەو کوێ دەچێت؟

س. دەمیرتاش: بەڵێ، ئێمەش نیگەرانییەکی وەهامان هەیە. حکوومەت هیچ هەنگاوێکی بۆ ئاشتی نەناوە و ئەمەش نیگەرانییەکانمان زیاتر دەکات. هیوادارین ئەو شتەی کە کۆمەڵگەی تورکیا لێی دەترسێ روونەدات و شەڕەکە پەرە نەستێنێت. بەڵام سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیر لەمەڕ ئاشتی هەڵوێستێکی نەگونجاویان هەیە و کەسانی ئاشتیخواز بە تاوانبار دەزانن. ئەو عەقڵییەتەش کە پێیوایە هەموو ئەوانەی دەڵێن؛ "با ئاشتی هەبێت و رۆڵەکانمان نەمرن" تیرۆریستن و یانیش دەڵێ؛ "ئۆپەراسیۆنی زیاتر ئەنجام دەدەین"، "یان سەر نەوی دەکەن یان سەرتان پان دەکەینەوە" و "شارەکان وێران دەکەین و خەڵکیش رادەگوێزین"، ناتوانێ ئاشتی بۆ تورکیا بێنێت. بۆیە دڵەڕاوکێ و نیگەرانییەکانمان زیاتر بوون. پێمان ناوەتە قۆناغێکەوە کە پێویستە ئاشتیخوازان دەنگیان بەرزتر بکەنەوە. نابێ ملکەچی ئەم سیاسەتە شەڕانگێزە بین.

DW: ئایا هەدەپە هیچ دەسپێشخەرییەکی روونی کردووە بۆ ئەوەی بەستێنی ئاشتی فەراهەم بکرێتەوە؟

س. دەمیرتاش: دەبێ سەرەتا چەکەکان بێدەنگ بکرێن بۆ ئەوەی بتوانین لە بەستێنێکی سیاسیدا قسە لە سەر چارەسەری بکەین. لە گەرمەی ئەم هەموو شەڕ و کوشتار و ئۆپەراسیۆنە سەربازی و تەقینەوانەی پەکەکەدا، ناکرێ لە بەستێنێکی سیاسیدا و لە سەر ئاشتی گفتوگۆ بکەین. دەبێ چەکەکان بێدەنگ بن، [لایەنەکان] بگەڕێنەوە سەر مێزی دانوستان و چارەسەری، لە گەڵ حکوومەتیش نا بەڵکوو لە گەڵ پەرلەمان بێت و  ئەو هەنگاوانەش کە بە ناوی چارەسەرییەوە دەنرێن، دەبێ روون و شەفاف بن. دەبێ بە کراوەیی گفتوگۆیان لەبارەوە بکرێت و وەک بەردەنگی پرسەکە، گفتوگۆ لە گەڵ ئیمراڵی و قەندیلیش بکرێت و قەناعەتیان پێ بهێنرێت و ئەو کات پرۆسەی چەکداماڵین دەست پێبکات و پرسی کوردیش پێ بنێتە پرۆسەی چارەسەریی سیاسییەوە. بە ئەنجامدانی ئەمانە تورکیا هیچ لە دەست نادات بەڵکوو قازانجێکی زۆریشی لێ دەبینێت. ئەمە بە قازانجی دیموکراسیی تورکیایە، لانیکەم رۆڵەکانمان و لاوەکانمان ناکوژرێن و داهاتوویەکی روونتر و باشتر بەدیدێنین. ئێمە وازمان لە مەیلی ئاشتیخوازانەی خۆمان نەهێناوە.

DW: بۆ ماوەیەکی زۆر لە ئەورووپا، سەرۆککۆمار ئەردۆغان وەک کەسێک کە پرسی کورد چارەسەر دەکات دەبینرا و لە لایەن خەڵکانێکی زۆرەوە پشتیوانی دەکرا. ئایا لەم قۆناغەی ئێستادا پێتانوایە هێشتا ئەردۆغان ناوێکی دیاریکەری پرۆسەکەیە؟

س. دەمیرتاش: هەڵبەت ئەردۆغان لە ناوچەکەدا سەرکردەیەکی بەهێزە. ئێستاش هەر وایە. بەڵام گرینگ ئەوەیە کە سەرکردەیەک هێزەکەی لە کوێ و لە پێناوی چیدا بەکاربێنێت. تا ئێستا ئەردۆغان بەو هێز و پشتیوانییە جەماوەرییەی کە هەیبوو، وادە و بەڵێنی دەدا کە [هێز و دەسەڵاتەکەی] لە پێناو ئاشتی و چارەسەریی پرسی کورددا بەکاربێنێت و ئەم پێگە بەهێزەشی لە نێو رای گشتیدا هیچ دڵگرانییەکی درووست نەدەکرد. بەڵام ئێستا ئەو هێزەی دەستەبەری کردووە،  لە جەماوەر زیاتر، هێزێکە لە رێی سەرکوتی ئۆپۆزسیۆن، دەستداگرتن بە سەر دەزگای داد و دامەزراوەکانی دەوڵەتدا، گوشار خستنە سەر پەلەمان و بە بارمتەگرتنی دیموکراسی بە دەست هاتووە و ئەم هێزە لە خزمەتی دیموکراسیدا نیە. بڕوا ناکەم ئەردۆغان بەم عەقڵییەت و ئاوەزەوە نەک پرسی کورد لە تورکیا، بەڵکوو کێشەیەکی کۆمەڵایەتیی بچووکیشی پێ چارەسەر بکرێت. پرسی کورد خاوەنی ئاکتۆر و لایەنی خۆیەتی. قەندیلیش و عەبدوڵلا ئۆجەلانیش لە ئاکتۆرەکانی ئەم پرسەن و سەداسەد دەبێ دانوستانیان لە گەڵ بکرێت، بەڵام بەستێن و شوێنی کۆتایی چارەسەری، پەرلەمانە. تا ئەو کاتەی لە نێو پەرلەماندا یاسا و دەستوور رێکنەخرێنەوە، کێشەکان چارەسەر نابن. یاسا و دەستوور لە قەندیل دەرناکرێن، بەڵکوو لە نێو پەرلەمان دەردەکرێن، ئەو دامەزراوەیەش کە پێویستە پێشەنگایەتیی ئەمە بکات، پەرلەمانی تورکیایە. 

DW: ئایا پێتوانیە چالاکییەکانی پەکەکە لە باشووری خۆرهەڵات، هەدەپەی خستۆتە دۆخێکی نالەبارەوە؟ ئایا پەکەکە، قەندیل ئێوەی خستۆتە تەنگانەوە؟

س. دەمیرتاش: چالاکییەکان گۆڕەپانی سیاسەت بەرتەسک دەکەنەوە. پێویستە ئەمە ببینین. بەڵام ئایا بەکارهێنانی زۆر و زەوەندی ئەڕتەش و پۆلیس لە لایەن حکوومەتەوە، رێ لە پێش سیاسەت دەکاتەوە کە چالاکییەکانی پەکەکە رێی لێ بگرێت؟ نەخێر. خودی شەڕەکە گۆڕەپانی سیاسی بەرتەسک دەکاتەوە. 

DW: ئێوە هێز و هێژمۆنیی هەدەپە لە هەرێمەکەدا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ بە بڕوای ئێوە لەو هەرێمەدا هێزی زاڵ کێیە؟

س. دەمیرتاش: ئێمە ئیدیعای ئەوەمان نیە کە بە سەر هیچ کەسێکدا و تەنانەت بە سەر گەلی کوردیشدا زاڵ بین. تەنها لە بەر ئەوەی خەڵک دەنگیان پێداوین، ئێمە فەرمانڕەوای ئەوان نین. بەڵام ئەگەر پێویست بکات لە سەر هاوسەنگیی هێز لە هەرێمەکەدا قسە بکەین، ئەگەر باسی ئۆتۆریتە بکەین، ئەوا لە نێوان پەکەکە و دەوڵەتدا هاوسەنگییەکی نیوە بە نیوەی هێز لە ئارادایە.

DW: رووداوەکانی سووریا، دەسکەوتەکانی پەیەدە، پرۆسەی پێکهاتنی ئیحتیمالیی دەوڵەتێکی کوردی لە سووریا لای ئێوە چی دەگەیەنن؟

س. دەمیرتاش: ئەگەر پرۆسەیەکی ئاشتی لە نێوان کورد و تورکیادا بێتە ئاراوە، کە پێویستە، ئاخۆ دەکرێ کوردەکانی سووریا و عێراق لەخۆنەگرێت؟ لە تورکیا ٢٠ ملیۆن کورد دەژین، ئەگەر تۆ لە تورکیاوە و بە چاوی دوژمن لە کوردی سووریا بڕوانی، چۆن دەتوانی لە گەڵ کوردی تورکیا بە ئاشتەوایی بگەیت؟ پێویستە تورکیا لە پەیەدە و کوردی سووریا نەترسێت. ئەوان ئێستا باس لە کێشانەوەی سنووری نوێ ناکەن، بەڵکوو لایەنگری پێکهاتنی سووریایەکی فیدراڵن. ئەوان دەڵێن؛ لە چوارچێوەی سووریایەکی یەکگرتوودا لایەنگری مۆدێلێکی فیدراڵین. ئەگەر ئەمە بژارەی خۆیانە و وایان پێ باشە، رێزیان لێ دەگرین. وەک هەدەپە ئەمە تەنها خۆشحاڵمان دەکات. لە راستیدا ئەمە وەک مەترسی و هەڕەشەیەک بۆ سەر تورکیا نابینین. بە پێچەوانەوە، دەکرێ لەوێ هەرێمێکی فیدراڵ دابمەزرێت کە پەیوەندییەکی دۆستانەی ئابووریی، کەلتووریی و کۆمەڵایەتیی بەهێزی لە گەڵ تورکیا هەبێت. رێک وەک ئەو پەیوەندییەی کە لە نێوان هەرێمی کوردستان لە باکووری عێراق و تورکیادا هەیە و پێویستیشە کە وا بێت.

DW: هەندێک چاودێر و شارەزای سیاسی دەڵێن؛ بە هۆی نیگەرانییەکانی تورکیا لەم دەسکەوتانەی کوردانی سووریا، پرۆسەکە هەڵپەسێردراوە. جگە لەمە لە سووریا ململانێی هێزە نێودەوڵەتییەکان هەیە، ئێوە داهاتوویەکی چۆن بۆ کوردانی ئەوێ پێشبینی دەکەن؟

س. دەمیرتاش: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، رووسیا و گەلێک هێزی تر لە سووریا، لە جۆرێک شەڕی جیهانیی سێیەم و پچڕاندنی بەشی خۆیاندان. نابێ ئەم هێزانە، ببنە توخمی سەرەکی و کاریگەری دیاریکردنی داهاتووی خەڵکی سووریا. دەبێ گەلان خۆیان چارەنووسیان دیاری بکەن. تورکیا دەبێ هاوکارییان بکات، دەبێ بۆ بەدیهاتنی ئاشتییەکی نێوخۆیی لە سووریادا، هاوکارییان بکەین. بەڵام حکوومەتی ئاکەپە لەم پێنج ساڵەی دواییدا بەردەوام لە هەوڵی شێواندنی زیاتری سووریادا بووە و رێی لە پێش خوێنڕشتنی زیاتر کردۆتەوە. رێی لە پێش ئاوارەبوونی خەڵکێکی زیاتر کردۆتەوە. ئایا ئەمڕۆ کاتێک چاو لە رابردووی ئەم چەند ساڵە دەکەنەوە، پەژیوانییان پێوە دەبینن؟ نەخێر. دەڵێی ئەوان باشترین و سەرکەوتووترین سیاسەتی دەرەوەی جیهانیان هەبووە و پەسنی خۆیان دەدەن. بەم هەموو ماڵوێرانییەوە پەسنی خۆیان دەدەن. یەکێک لە بەرپرسیارانی ئەم ماڵوێرانییەش، جمکەی ئەردۆ‌غان – داودئۆغڵوویە.

DW: کەسانێک لەو بڕوایەدان کە، لە ژێر تیشکی دەسکەوتەکانی پەیەدە لە سووریادا، کوردانی تورکیا چوارچێوەی پرۆسەی چارەسەرییان بە کەم زانیوە و لەم سۆنگەیەوە پرۆسەکە پەکیکەوتووە. ئایا ئەو ئامانجەی لە پێش پرۆسەی چارەسەری دانرابوو، بەس بوو؟ ئامانجی کۆتایی دانوستانەکان چی بوو؟

س. دەمیرتاش: دیارە زۆر بە وردی رووداوەکانی سووریا دەشۆپێنین. بەڵام لە رێککەوتننامەکەی دۆڵمە باخچەدا زۆر بە روونی چۆنێتیی بە ئەنجام گەیاندنی پرۆسەی چارەسەریی لە تورکیا بە رای گشتی راگەیەنرابوو. لەوێدا باس کرابوو کە سەرەنجامی پرۆسەکە بە کوێ دەگات. ئەگەر هێشتا حکوومەت خۆی بە پابەندی رێککەوتننامەکەی دۆڵمە باخچە بزانێت، ئێمە وەک هەدەپە ئامادەین بە تەواوی پشتیوانیی لێ بکەین. لەوێدا پارچەبوون و لەتبوونی تورکیا لە ئارادا نیە. باس لە مۆدێلێکی فیدراڵیش نەکراوە. بەڵام دیموکراسیی تێدایە و ئەمەش ئەو شتەیە کە ئاکەپە زەندەقی لێ چووە. وشەیەک کە کاتێک ئەردۆغان دەیبیستێت، چۆکی سست دەبێت. چونکە ئەو ئیتر جۆرێک لە دیکتاتۆڕی و ئۆتۆکراسی دەوێت. دەیەوێ بە عەقڵییەتێکی مەزهەبگەراوە تورکیا بەڕێوەببات. بۆ ئەو، دیموکراسی بیچمێکی گونجاو بۆ بەڕێوەبردنی وڵات نیە. ئەمە ئیتر بۆ هەموو کەس ئاشکرا بووە.


پەیوەندی‌دار:

" کۆمەڵگای فێدراڵی خۆسەر لە ئانارشیسمەوە بۆ رۆژئاوای کوردستان"

هێرش بۆسەر بارەگای ئاکپاڕتی، ڕۆژێک دوای هێرشکردنەسەر شارەدارییەکانی هەدەپە

تورکییە چووەتە ناو گەمەیەکەوە کە دارێژەرەکەی ڕووسیایە

هەپەگە: تەقینەوەکەی جزیرە کاردانەوە بوو بەرامبەر بە بێئاگای لە ئۆجەلان

پەنابەرانێک کە کوردن و رێگەوبان و زێرابی ژاپۆن چاکدەکەن

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە