بابەتی گەرم:

ماردین موحەممەدی

چۆن دەکرێ دەس لە نووسینی [خوێندنەوەیەکی "لاکانی"] هەڵگرین!

Thursday, April 14, 2016

سیمای باوی رۆشنبیر-ژورنالیست لە کوردوستاندا ئیتر لە سیمای فرۆشیارەکانی ئەو مۆڵانە ئەچێت کە دوای هەر هەورەتریشخەیەک وەک قارچک سەرهەڵدەدەن و بەردەوام لە زیادبووندان. ئێمە لەم مۆڵانەدا ڤێرژنی جەعڵکراوی هەموو کاڵایەکمان دەست ئەکەوێت. "نایک"، "پۆلۆ"، "ئادیداس" بەڵام هیچ پێوەندییەکی بە ڤێرژنە سەرەکییەکەوە نەماوە و لەباتی خۆیان، تەنیا ناوەکانیان هاتووە. رێفۆرمیست، سێکۆلار، ناسیۆنالیست، تێکنۆکرات، رۆشنبیری دینی و لیبرالی پاشگەزبوو، تەنانەت هۆگرەکانی پاشایەتی و سوسیالیستە دەروونشیکارەکان و مارکسیستە دەوڵەتخوازەکانیش لەم مۆڵەدا دووکانێکیان کردۆتەوە و بە بێ ئەوەی مۆڵەتی نوێنەرایەتی وەرگرن، لۆگۆی ئۆرجیناڵی هەرکام لەم مەنهەجە فیکریانەیان نەسب کردوە و لە بازاڕێکی هاوبەشدا سەرقاڵی کەسابەتێکی ئارام و بێ کێشەن. بازاڕی گەرمی کانفۆرمیستەکان کە ژورنالیسم و نووسین بەشێکە لە ستراتێژییە درێژخایەنەکەیان. لە یادمان نەچێت کە هیچ فرۆشیارێک لە چاوی ئابووری - سیاسییەوە سەیری مەنتقی بازار ناکات و تەنانەت دوای ماوەیەک بەردەوامبوون لە پیشەکەیدا، ئیتر ئامادەی ئەوەیە کە بایەخێکی مەعنەوی - ئابووی بە پیشەکەی ببەخشێ و تەنانەت لە سەردەمی خانەنشینیدا  بیر لە بە کرێدانی بکاتەوە. هەمان رەوتی هەمیشەیی چینی مامناوەند  کە بایەخەکانی چینی باڵادەست لە هەموو داڕشتەی ژیانی خۆیدا ئەبووژێنێتەوە، بێ ئەوەی تاکە یەک پرسیار دەربارەی رەگ و ریشەی ئەو بایەخانە لە خۆی بکات. بۆیەشە لە مۆڵەکاندا ئێمە هەمان مەنتقی باوی بازار لە ئاشکراترین سیما و لە دڕندەترین دۆخدا دەبینینەوە: "مۆد". هەمان بایەخی شاردراوەی هەر کاڵایەک کە کڕیارەکەی تووش شۆکێکی دەروونی دەکات و گیرفانەکانی خاڵی ئەکاتەوە. دەسەڵاتی نادیاری مۆد لەوەدایە کە پێش هەموو شتێک ورە و ئیعتماد بە نەفسی کڕیارەکەی تووشی قەیران دەکات و دواجار بەم سێحرە سەری پێ دائەنەوێنێت. بۆیە لە  بازاری رۆشنبیر – ژورنالیستەکانیشدا چەمکەکان هەرچی ئاڵۆزتر و ناوەکان هەرچی نائاشناتر و نوێتر بن، دەرفەتی فرۆشتنیان ئاسانترە. بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم پرسە، هێنانی نمونەیەک پێویستە.  زۆرکات لە ناو دەقێکی ئاساییدا کە هەوڵئەدات دیاردەیەکی لۆکاڵ بخوێنێتەوە ناوێکمان بەر گوێ دەکەوێت: "لاکان" (کە ئاماژەیە بە " ژاک لەکان" فەیلەسوف و دەروونشیکاری فەرەنسی). ئاشکرایە کە ئەم نووسراوە نایهەوێت نکووڵی لە گرینگیی گەڕانەوە بۆ ئەم ناوە کاریگەرانە بکات و تەنانەت پێداگریشە لە سەر زەروورەتی خوێندنەوە و بەکاربەستنی سوننەتە ئەندێشەییەکانی رۆژئاوا، چ وەک مێتۆد و چ وەک ناوەرۆک. بەڵام لە زۆربەی کاتەکاندا ئەم ناوانە ئێجگار بێهوودە و لە ڕادەبەر بێ پێوەندی دێتە ناو ئەم دەقانەوە و کەمترین بەرپرسایەتی و حەساسیەت دەربارەی بەکارهێنانی ئەو چەمکانە نابینین . تەنانەت ئەگەر ئەم یادداشتانە بۆ زمانی ئەو بیرمەندانە وەرگێڕین کە ناویان بە کارهێندراوە، جیا لە مەزهەلەیەک هیچ داهاتێکی دیکەمان نابێت. بۆ نمونە ناوی "لەکان" لە رێگەی دەقەکانی "سلاوی ژیژەک"ەوە هاتە ناو کایەی رۆشنبیری کوردەوە و ئەمەش لە کاتێکدایە کە بە ڕای پسپۆڕانی ئەم بوارە یەک لە قورسترین و دژوارترین فەیلەسوفەکانە. جیا لەمە "لەکان" نەک وەک کتێب بەڵکوو کۆی ئەندێشەکەی لە ژمارەیەکی زۆری سیمیناردا پێشکەش کردووە کە تا بە ئێستا تەنانەت  یەک ژمارەی ئەو سیمینارانە بە زمانی کوردی وەرنەگێڕدراوەتەوە و ئەو تارماییەی کە ئێمە بە ناوی"لاکان" دەیناسین، تەنیا ئیماژێکە لە میراتەکەی سلاوی ژیژەک. وێڕای ئەوەی کە بەشێکی زۆری توێژەرەکانی لەکان، لە ئەساسەوە خوێندنەوەکەی ژیژەک بە هەڵە دەزانن و مومارسەی هێگڵ و فرۆید و سۆسۆر و ئیشتراوس بە زەرورەتێکی جیدی دەزانن لە پێناو فەهمی چەمکە دژوارەکانی ئەم فەیلەسوفەدا. ئەمەش لە حاڵێکدایە کە جێگەی چۆڵی هەموو ئەم ناوانە و بەرهەمەکانیان لە کتێبخانەی کوردیدا ساڵەهایە هەستی پێدەکرێ و تەنانەت کتێبخانەی دراوسێکانیشمان هێندە چڕوپڕ نیە و زۆربەی نووسەرەکانی ئەم یادداشتانەش بە سەر زمانە رۆژئاواییەکاندا زاڵ نین. کەواتە ئەو "لاکان"ەی کە ئێمە دەیناسین کێیە؟ 


ئامانجی ئەم یادداشتە ڕووی لە ناساندنی لەکان نیە و نووسەری ئەم دێڕانەش توانایی ئەو ئەرکە قورسە لە خۆیدا نابینێ. جیا لە رەخنەی مێتۆدۆلۆژیستی ئەم دیاردە کە بە دڵنیاییەوە قووڵایی شکستەکەمان بۆ دەردەخات، سەرنجراکێشتر ئەوەیە کە: لەکان لە کوردوستان چیدەکات؟ یان بە زمانێکی دیکە دیاردەی بە قەرزوەرگرتنی ناوی زنجیرەیەک فەیلەسووف و بیرمەندی رۆژئاوایی لە بەکگراوندی کۆمەڵێک یادداشتی بێ پێوەندیدار بەو ناوانەوە،  سەرچاوەکەی لە چ بەستێن و بۆشاییەکی کۆمەڵایەتیدایە؟ 

ساڵەکانی پێش ڕووداوی یانزەی سێپتەمبەری 2003 شەپۆلێکی گەورەی ئەندێشە نیۆلیبرالیستییەکانی رۆژئاوا، گوتارە رۆشنبیرییەکانی کوردوستانی داگیر کرد. ئەگەرچی لەو سەردەمەدا هێشتا مۆڵەکان لە دایک نەببوون بەڵام سەردەمی بازاری رۆشنبیرە دەستفرۆشەکان بوو کە لەوپەڕی ناپسپۆڕی و بێ ئەمەگیدا، لە سەر وێرانەی شۆڕشە شکستهاتووەکان و ناوە وونبووەکان و رۆحە یاخییە کوژراوەکان، بازاڕێکی نوێیان کردەوە کە ناوەرۆکەکەی جیا لە دژایەتی راستەوخۆ لە گەڵ ئەندێشەی رەخنەیی، هیچ میراتێکی دیکەی بۆ نەوەی داهاتوو نەبوو. لێرە بەدواوە دووانەی رۆشنبیر – ژورنالیست سەریهەڵدا و کۆڕ و سیمینار و فستیڤاڵ و کۆنفرانس و موناقشەی رۆژنامەوانیشی بە شوێن خۆیدا هێنا. گەنجەکانی کوردوستانی رۆژهەڵات بە ناوی "فۆکۆیاما" و "لیۆتار" و "ئالتوسێر" و چەمکە فیکرییەکانی "گۆلۆبالازەیشن" و" پۆلی فۆنی" و "دیکانستراکشێن"، گاڵتەیان بە نەوەی نەزانی پێش خۆیان دەکرد و وەک جۆکەر سەمایان پێ دەکردن. لە باشوریش "ئێگزیستانسیالیزم" و "فرۆید " و"هانری کۆربەن"ی خۆماڵی کتێبیان دژی یەکتر دەنووسی و لە فیگەری رۆمانتیسیتە تەریکەکان و زانا  گۆشەنشینەکاندا باسی گێلیەتی و حەماقەتی ئەو کۆمەڵگایان ئەکرد کە هێشتا بە زامەکانی شەڕی براکوژی و ئەنفالەوە دەتلایەوە. هەموو ئامێرەکان ئامادە بوون بۆ پەروەردەکردنی نەوەیەکی قازانجخوازی بێ حەساسیەت و مامناوەند کە بە ورەیەکی بەرزەوە، واتە هاوشێوەی ورەی بەرزی شەومەنەکان( (Show Manچاوی بینەرە سەرسووڕماوەکانیان پر کرد لە سیمای خۆیان. ئەو بینەرانەی کە هاوکات بایەخی شاردراوەی ئەم ناوه غەربیانە چۆکی پێدادابوون و لە هەراسی دەرکەوتنی نەزانیەکانیدا ئەسیری ئەم ئاڵۆزییە ببوو. ئەو زانا ئاڵۆزەی کە وەک فێڵبازە ماهیرەکان لە بۆشایی کڵاوەکەی کۆترێکی سپی دەردێنێت، بەڵام نە بۆشاییەکە واقعییە و نە کۆترەکەش لەوێ بووە. ئێستا ئەگەر بە چاوێکی ووردبینانەی خەسارناسییەوە ئاوڕێک بدەینەوە لە گۆڤارەکان و رۆژنامەکان و نووسراوەکانی ئەو سەردەمە، تێدەگەین تا چ رادەیەک بەدحاڵی بوون دەربارەی حەقیقەتی ئەو چەمکانە لە ئارادا بووە و تا چ ڕادەیەک زنجیرەی ئەو ناوانەی کە بە کارهێندراون فێڵبازانە و ناشارەزایانە و بە بێ هەستی بەرپرسایەتی بووە. لێرەوە دیاردەیەکی قێزەون ئامادەی سەرهەڵدانە و "یەخە سپییەکان" مەیدانی ئەدەبیات و ئەندێشە قۆرخ دەکەن. زمانی نووسراوەکان ئاڵۆز و خۆنوێنە و پاڵەوانەکانی ئەم مەیدانەش وەک سەنتەری جیهان لە خۆیان دەڕوانن کە ئەمە تاکە نیشانەی وەفادارییانە بە رێبازکەیان. ئەوان هێمای سەرکەوتنی پۆست مۆدێرنیزمی خۆرهەڵاتین. چەن لاپەڕەیەک لە مارکس و چەن دێرێک لە نیچە و وتارێک لە فرۆید و چەن وەرگێرانی لە ڕادەبەدەر خراپی شێعرەکانی بودلێر و ئاماژەدان بە چەن فیلمی دەرەکی، ئەم فیگەرە پۆست مۆدێرنەمان بۆ تەواو دەکات کە لە هەر مەجالێکی فیکریدا و دەربارەی هەر دیاردەیەک، بڕگەبڕگەی ئەو زانستە ئاڵۆزە بفرۆشێت بەو کۆمەڵگەی کە سەرئەنجام سەلەفیەت و فاندامێنتالیسمی دینی هێزە گەنجەکانی دەگوێزێتەوە بۆ داوێنی خۆی. لەو کاتانەدا کە شاعیرە گەنجەکان وەک چەن منداڵی ساویلکە سەرقاڵی گەمەی زمان و درووستکردنی پازێل بوون لە شێعرەکانیاندا و شانۆکارەکان لە پێگەی پاستۆڕاڵی کۆمەڵگاکەیاندا باسی نیهیلیسم و بێهوودەیی ژیانیان دەکرد و سینەماکارەکان بە شوێن ئیفلیجەکان و مەنگۆلیەکاندا دەگەران کە سیمای کۆیلایەتی نەتەوەکەیان بە هەدیە بەرن بۆ رۆژئاوا و ئەنفال و هەڵەبجە  بکەن بە بەڵگەیەک لە  بەدبەختی و چەوسانەوەی خۆیان، هەر لەو کاتانەدا سەلەفیەت لە قەراخ شارەکاندا سەرقاڵی رێکخستنەکان و پەروەردەکردنی نەوەیەک بوو تا دیسان یەخە سپییەکان بگەڕێنێتەوە ناو تەریکی و گۆشەنشینی خۆیان و تەنانەت بێ ئەوەی هەست بە شکست بکەن، بە دەم خۆیانەوە بڵێن: ئیمە لە سەری ئەم کۆمەڵگە زیادەین! ئەمە لە حاڵێکدا ڕووئەدات کە لە ڕابردوویەکی نەک زۆر دووردا، رۆشنبیرە گەنجەکان گەورەترین هێزەکانی رێکخستنی کۆمەڵگە بوون و هەموو چینەکان متمانەیان پێ کردبوون و تەنانەت چارەنووسی خۆیان سپاردبوو بە ئەندێشەکانی ئەوان. هاوشێوەی هەمان مێژوو کە لە "کۆبانێ" دا چاوی جیهانی بەرەوخۆی ڕاکێشا. ئەگەرچی ناتوانین بەستێنی سیاسی و رۆحی ئەم دوو سەردەمە وەک یەک بناسین و بە چاوێک سەیریان کەین، بەڵام بە بەراوردی رۆڵی رۆشنبیرەکانی ئەم دوو بەرە، تێدەگەین کە مانای رۆشنبیر لە کوردوستاندا تووشی قەیران هاتووە و تەنانەت متمانەی چینەکانی کۆمەڵگەشی لەدەستداوە. ئیتر سیمای رۆشنبیر بیرهێنەرەوەی فیگەرێکی سەرلێشێواوە کە لە باخەکانی زانست و ئاگایی رۆژئاوادا پیاسە دەکا و هێندە ئاڵۆز و دژوازە کە تێیناگەین. ئیتر ئەم سیمایە لە گەڵ سیمای رۆشنبیرەکانی نیو سەدە پێشووتردا هیچ تەبایی و هاوسەنگییەکی تیا نییە.

بەڵام نیسبەتی ئێمەی رۆژهەڵاتی لە گەڵ ئەندێشەی رۆژئاوادا چیە؟ ئەمە بابەتێکی گرینگە کە  دراوسێکانمان وەک پرسێکی جیددی دەرگایان لێ کردۆتەوە و لانیکەم بۆ ئێرانییەکان مێژووی ئەم پرسە تەمەنێکی سەدساڵەی بڕیوە و وڵامی جۆراوجۆری دراوەتێ. دۆزینەوەی ئەم پێوەندییە یان بە مانایەکی دیکە ستاتیکایی کردنەوەی ئەم پێوەندییە دەتوانێ بەشێکی گەورەی ئەو وزانەی کە بێهوودە بە فیڕۆ دەچن، کۆکاتەوە و مانایەکی پێ ببەخشێت. واتە لەو دۆخە هیستریکە دەربازی بکات و پێوەندیداری بکات بە "ئەمری سیاسی"وە. تەنانەت مێژووی هاوچەرخ پێمان دەڵێ کە  جیددیترین هەڵوێستەکانیش لە رێگەی دۆزینەوەی ئەم نیسبەتەوە مانا و فۆرمی خۆیان پەیدا کردووە. هەوڵێکی لەم چەشنە ئاگادارمان ئەکاتەوە کە "لەکان" لە کام نوختەی مێژووی فەلسەفەی رۆژئاوادایە و ئێمەی رۆژهەڵاتی لە چ خانەیەکەوە دەتوانین پشتی پێ ببەستین. هۆشداریمان دەداتێ کە بە کاربەستنی چەمکە فەلسەفییەکان پێویستی بە حەساسیەتێکی هونەرمەندانەیە و ناتوانین ناوی "سیمپتۆم" لە سەر هەر دیاردەیەک دابنێین. ئەم سادەیی و ئاسانگرتنە خەسلەتێکی قێزەون و مامناوەندی و ژورنالیستییە کە سەرەتا لە لایەن خودی ئەندێشەوە سەرکووت ئەکرێت. هەروەها چەمکەکان پێویستیان بە مەکینەیەکی ئیستیدلالی هەیە و زیا لە سەدەیەکە سەردەمی پۆزۆڤیستەکانیش بەسەرچووە و ناتوانین هەموو دیاردەیەک بکەین بە دەمی ئەم مەکینەدا. 

ئەگەرچی میراتی ئەندێشەی رۆژئاوا میراتی هەموو مرۆڤە، بەڵام ناتوانین وەک دۆخێکی یەکسان و یەکدەست سەیری بکەین. ئەگەر ئەو سنوورە بەرزانە نەبینین کە نیچە لە هێگڵ جیا دەکاتەوە، توانای ئەوەشمان نابێت سنوورە نزمەکانی نێوان هێگڵ و مارکس ببینین یان "لاکان"ەکەی ژیژەک لە "لەکانی" واقعی جیا کەینەوە. بۆیەشە کاتێک تاو دەدەینە نووسینێکی ئەندێشەیی دەربارەی دیاردەیەکی لۆکاڵ، ئەگەر خاوەنی حەساسییەتێکی لەم چەشنە نەبین، سەرئەنجام نووسینێک بەرهەم دێت کە وەک نامەکەی "دۆن ژوان" دەتوانین پۆستی کەین بۆ هەموو ژنەکانی زەوین. یانی تەنانەت بۆ "بەڕووە کێوییەکان"یش خوێندنەوەیەکی لاکانی بنووسین. ئەمە ئەو رەفتارەیە کە بە زمانی مۆراڵ پەی دەڵێن: فێڵبازی.



پەیوەندی‌دار:

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە

راپۆرتەهەواڵ

analis picture

هەپەگە: تەقینەوەکەی جزیرە کاردانەوە بوو بەرامبەر بە بێئاگای لە ئۆجەلان


هەواڵ


دیمانە

Interview Picture

بیرۆکەى ریفراندۆمی ٢٥ى ئەیلوول، مشتومڕی زۆرى لەبارەى سەربەخۆیی، دەسەڵاتی نەتەوەیی و ناسیۆنالیزم هێناوەتە ئاراوە. کامەران

دووشەممە ۳رەزبەر۱۳۹۶/ ۰:۵