بابەتی گەرم:

لە شەڕی ئازەربایجان و ئەرمەنستانەوە تا وازهێنانی وەزیرە تورکەکەی سوێد

Monday, April 18, 2016



ئامادەکردنی: ئاوارە وڵات

دوای مشتومڕێکی زۆر سەبارەت بە پەیوەندیی دۆستانەی وەزیری نیشتەجێبوونی سوێد لە گەڵ گرووپێکی توندڕەوی تورک، سەرۆکوەزیری ئەو وڵاتە رایگەیاند کە وەزیری ناوبراو دەستی لەکارکێشاوەتەوە.

بەپێی هەواڵێکی رادیۆ سوێد؛ نیوەڕۆی ئەمڕۆ، دووشەمە ١٨ی ئاپریلی ٢٠١٦، ستێفان لۆڤێن سەرۆکوەزیری سۆسیال دیموکراتی سوێد رایگەیاند؛ محەممەد کاپڵان وەزیری نیشتەجێبوونی کابینەی حکوومەتەکەی لە پارتی ژینگە، داوای دەستلەکارکێشانەوەی کردووە و ئەویش داواکارییەکەی پەسەند کردووە.

هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەی محەممەد کاپڵان دەگەڕێتەوە بۆ ورووژانی باسوخواسی پەیوەندیی دۆستانەی ناوبراو لە گەڵ گرووپێکی رادیکاڵی تورک بە ناوی گورگە بۆرەکان و بەشداریی کاپڵان لە ئێوارەخوانێکی ئەو گرووپەدا.

کاپڵان رایگەیاندووە؛ بەو دۆخەی کە هاتوەتە ئاراوە ناتوانێ وەک وەزیری نیشتەجێبوون ئەرکەکانی خۆی راپەڕێنێت و بۆیەش دەست لە کار دەکێشێتەوە.

لە چیەوە دەستی پێکرد؟

دوای هەڵگیرسانی شەڕ و پێکدادان لە نێوان وڵاتانی ئەرمەنستان و ئازەربایجاندا، چەند رێکخراوەیەکی مەدەنیی تورکەکان لە گۆڕەپانی "سێرگێلس تۆری"ی شاری ستۆکهۆڵم، کۆبوونەوەیەکی جەماوەرییان بۆ پشتیوانی لە ئازەربایجان رێکخست و لەمیانی کۆبوونەوەکەدا "باربارۆس لەیلانی" جێگری فیدراسیۆنی سەرتاسەریی تورکەکانی سوێد، بە زمانێکی زبر هەڕەشەی لە ئەرمەنییەکان کرد و دروشمی "مردن بۆ ئەرمەنییەکان"ی هەڵدا.

رۆژنامەوانێکی کورد بە ناوی "مەحموود نۆزهەتزادە" دوای هەڵگرتنەوەی دیمەنی کۆبوونەوە جەماوەرییەکە، دیمەنی قسەکانی "باربارۆس لەیلانی" لە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردەوە و لە ماوەیەکی کورتدا، ئەم هەواڵە کەوتە بەر سەرنجی میدیا و رای گشتیی سوێد.

بڵاوبوونەوەی قسەکانی جێگری کۆمەڵەیەکی مەدەنیی تورک دژی ئەرمەنییەکان - کە بودجەی کۆمەڵەکە لە لایەن حکوومەتی سوێدەوە دابین دەکرێت- مشتومڕێکی زۆری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و میدیای سوێدیدا بەدووی خۆیدا هێنا و پاش چەند رۆژ باربارۆس لەیلانی لە بەردەم کامێرای کەناڵی TV4ی سوێد، بە دەم گریانەوە داوای لێبوردنی کرد و دواتریش دەستی لە پۆستەکەی کێشایەوە. 

لەم کەین و بەینەدا چەند وێنەیەکی "محەممەد کاپڵان" وەزیری بە رەچەڵەک تورکی سوێد، لە ئێوارەخوانێکی گرووپێکی توندڕەوی تورکەکان ناسراو بە "گورگە بۆرەکان" و لە تەنیشت "باربارۆس لەیلانی" و "ئیلهان شەنتورک" سەرۆکی گرووپی "گورگە بۆرەکان" بڵاوبوەوە و بەمەش ئاراستەی باسەکە رووی لە حکوومەتی سوێد کرد.

محەممەد کاپڵان لە میوانییەکی گورگەبۆرەکاندا، سەرچاوە: Aftonbladet

کاردانەوەکان چۆن بوون؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی سوێددا باسوخواسێکی زۆر سەبارەت بە بەشداریی محەممەد کاپڵان لە میوانییەکی گورگە بۆرەکاندا و دۆستایەتیی وەزیری نیشتەجێبوونی ئەو وڵاتە لە گەڵ گرووپە توندڕەوەکانی تورک سەریهەڵدا و لە "تویتەر"یشدا هەزاران جریوە بە هاشتەگی کاپڵان(#kaplan) بڵاوکرانەوە.

جگە لەمەش بۆ ماوەی پتر لە یەک هەفتە ئەم بابەتە لە رۆژەڤی رۆژنامە بەناوبانگەکانی سوێد وەک؛ Expressen , Aftonbladet, Dagens Nyheter و کەناڵەکانی SVT و TV4 دا بوو و گرینگییەکی زۆریان بەم پرسە دا. 

مارگۆت ڤالێستروم وەزیری دەرەوەی سوێدیش لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی TT، بە توندی رەخنەی لە لێدوانێکی ساڵی ٢٠٠٩ی کاپلان گرت کە تێیدا هەڵسوکەوتی ئیسرائیل لە ئاست فەلەستینییەکانی بە رەفتاری ئەڵمانیای نازی لە گەڵ جوولەکەکان چواندبوو.

وەزیری دەرەوەی سوێد لێدوانەکەی محەممەد کاپلانی بە "ترسناک" لەقەڵەمدابوو، بەڵام سەبارەت بە پرسی لەسەرکارلادانی وەزیری نیشتەجێبوونی سوێد گوتبووی؛ ئەم بڕیارە پەیوەندی بە سەرۆکوەزیرەوە هەیە.

هاوکات "یۆناس خۆستێد" سەرۆکی پارتی چەپی سوێدیش بە رۆژنامەی ئێکسپرێسێنی گوتبوو: "ئەم بابەتە[پەیوەندیی دۆستانەی محەممەد کاپلان لە گەڵ گورگە بۆرەکان] زۆر جیددیە، چونکە رێکخراوەی گورگە بۆرەکان، رێکخراوەیەکی توندڕەوی فاشیستییە و دەستی لە کوشتنی ئەرمەنی، کورد و هێزە چەپەکان[ی تورکیا]دا هەبووە."

سەرچاوەکان:
 - http://www.aftonbladet.se/
-بەشی فارسیی رادیۆ سوێد
-جامعه مدنی سوئد و مسئله گرگ‌های خاکستری، سامان رسولپور، بی بی سی فارسی


پەیوەندی‌دار:

چەند بەلەمێک بە ٤٠٠ پەناخوازەوە نوقم بوون

سەرۆکی CHP: تورکیا بووە بە فێرگەی راهێنانی خۆکوژان

پەیەدە ئەمجارەش بۆ جڤینەکەی "ژنێڤ" بانگێشت نەکرا

دەکرێ لە منداڵدانی هەڵبژاردنی ئامریکاوە کۆرپەیەکی ئەتۆمیی بێتەدەر

SKY News: ناوی ٢٢ هەزار ئەندامی داعشمان کەوتوەتە دەست

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە

راپۆرتەهەواڵ

analis picture

هەپەگە: تەقینەوەکەی جزیرە کاردانەوە بوو بەرامبەر بە بێئاگای لە ئۆجەلان


هەواڵ


دیمانە

Interview Picture

مانناسیی کۆمەڵایەتی زاراوەیەکە بۆ باسکردن و شیکردنەوەی هەموو بوارەکانی پێوەندی نێوان زمان و کۆمەڵ ، جگە لەو بوارانەی

سێ‌شەممە ۲۹نەورۆز۱۳۹۶/ ۱۷:۱۱