بابەتی گەرم:

هەڵمیزنە ناو سندووقەکانی دەنگدانەوە

Wednesday, May 4, 2016

ئەرسەلان چەڵەبی

ئەو بابەتە پێشکەش بە "ئاکۆ عەبباسی"

رووداوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان لە ناو بەستێنی کۆمەڵگاکانی جیهان هەموو کات کاریگەری راستەوخۆی بووە لە سەر هونەر و ئەدەبیات. ئەو مژارە لە پاش شەڕی جیهانییەوە پێی ناوەتە ناو قۆناغێکی ترەوە و بۆتە هەوێنی پێکهاتنی دەیان رێباز و جووڵانەوەی ئەدەبی لە ئاستی جیهانیدا. هونەرمەندان هەموو کات لە ناوەڕاستی ئەو رووداوانە بوونیان بووە و بە جۆرێک و هەر کامەی لە ڕوانگەی خۆیەوە وەکوو ئەرکێکی ئینسانی رووداوەکانی گێڕاوەتەوە، جا چ لە ڕێگەی سینەما بێ، یان نیگارکێشی و ئەدبیات و هتد، کە زەمان دەڕوا و بە جۆرێک تۆزی فەرامۆشی لە سەر ئەو چەشنە رووداوانە دەنیشێ، بەردەوام ئەو دەقانە ماونەتەوە و جار نا جارێ تەزوویەک بە دەماری فەرامۆشی دادێنێ و بە خویندنەوەیان جارێکی تر ئاوڕ لە ڕابردوو دەدەینەوە و مێشکمان لیپاولیپی هەموو ئەو رووداوە کۆن و مێژووییانە دەبێتەوە.

۲.
یەک لەو رووداوە مێژووییانەی کە کاریگەرییەکی بەرچاوی لە سەر بەستێنی جووڵانەوەی سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی جیهان بووە خۆپیشاندانەکانی ناڕەزایی مانگی مەی ۶۸ی فەڕانسە بوو. کاتی خۆی کۆمەڵێک شیعر لە ناو کتێبێکدا بە ناوی "شیعرە شۆڕشگێڕییەکانی مەی ۶۸" چاپ و بڵاو بۆتەوە. کۆمەڵێک کەس پێیان وایە شیعرەکانی ئەو کتێبە رەنگە بایەخی ئەدەبییان نەبێ، بەڵام بایەخ و گرینگی ئەو شیعرانە بە نەناسراوبوونی شاعیران و هەورەها بوونی شاعیران لە شەقامەکانی پاریس دایە. "بروونوو دوورووشە" لە پێشەکی ئەو کتێبە دا نووسیویەتی: شیعرەکان هاوکات بووە لە گەڵ رووداوە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکان و زمان حاڵی هەر کۆمەڵگایەکن. ئەو لەو باوەڕە دایە کە بڵاوکردنەوەی وەها کۆشێعرێک جگە لە بەڵگەیی بوونی مێژوویی، بیرەوەری ئەزموونی گەنجانی ئەو سەردەمەیە، چۆن ئەو گەنجانە جگە لەوەی کە لە دەقەکانییان ئاماژە بە رووداوەکان دەکەن، بە شێوەیەکی راستەوخۆش لە ناو جەرگەی کۆمەڵگا دا چالاک بوون. ناوبراو لە درێژە دا دەنووسێ دەوڵەتەکان بە بیانووی ئیدارەی کۆمەڵگای مرۆیی بەر بە بیرکردنەوە دەگرن و خولیا و ئاواتەکان بنبڕ دەکەن. ناوبراو بەو جۆرە دڵی بە راپەڕین خۆش کردووە کە بتوانێ ئیدۆئۆلۆژی و روانگە کۆمەڵایەتییەکان بگۆڕێ و هەر بەو زینییەتەوە دەنووسێ:

"ئەگەر شاعیرێک لەگەڵمان بی
موعجیزەیەک روو دەدا
ئەگەر سەد شاعیر لەگڵمان بێ
جیهان دەگۆڕدرێ."

نیکۆل گدالیا، یار و هاوڕێی برونوو دوورووشە لە ساڵەکانی ۱۹۶۰ی زایینی، لە کۆتایی کتێبەکەدا دەڵێ کە لە پاش سی ساڵان، نە تەنیا هیچ ئاڵ و گۆڕێک لە ناو کۆمەڵگا مرۆییەکان رووی نەداوە بەڵکوو دۆخەکە خراپتر و خراپتر بووە، بە بڕوای ئەو لە پاش تێپەڕ بوونی ئەو هەمووە ساڵە، تەنیا چەک و تەقەمەنییەکان دەگۆڕدرێن و هێزە سیاسی و ئایینییەکان گەیشتوونە ئاستێک کە دەستدریژی بە ماف، نامووس و کلتووری خەڵک دەکەن، نیکۆڵ هیوادارە کە دەتوانین مرۆڤی ئیدەئال لە ناو ئەو کۆمەڵگایە ببیندرێتەوە و لای وایە کە شاعیران ئەو مرۆڤە پێشڕەوانەن کە نووسراوەکانییان رووی لە دڵە زیندووەکانە.

۳.
راپەڕینی چینی کرێکاری فەڕانسە لە ناکاو جیهانی سەرمایەداری لەرزاند. ئەو راپەڕینە پانتایی کۆمەڵایەتی و سیاسی گۆڕی، چەخماخەی ئەو راپەڕینە خوێندکارە شۆڕشگێرەکان(تڕۆتێسکیستەکان، مائۆییستەکان و ئاناڕشیستەکان) لێیاندا و بە هێرشی بێ‌بەزەییانەی پۆلیس بڵێسەی ئەو راپەڕینە گەیشتە چینی کرێکار و بەو جۆرە هەموو چینی چەوساوەی ئەو وڵاتەی گرتە خۆ. شەپۆلی مەزنی چینی کرێکاری ناڕازی وڵاتی گرتە خۆ و ئامێرە پیشەییەکانی لە چنگی چینی سەرمایەدار دەرێناو و بەیداخی سوسیالیزم لە هەموو شوێنێک دەشەکاوە. دەوڵەت و دەسەڵاتی سیاسی بە جۆرێک نوقستان ببوو.



هەموو چین و توێژێکی کۆمەڵگا بە دژی دەسەڵات و سەرمایەداری راببوو و هەموویان شوێنی پیشە و کاری خۆیان داگیر کردبوو، ئەو ناڕەزایەتییانە هاوڕێ و هاوتەریبی شۆڕشێکی کلتووری راستەقینە بوو، ناوەندی ئەو راپەڕینە لە سەر شانی خوێندکارەکانی زانستگەی سۆربۆن بوو و بەو جۆرە لق و پۆی بۆ هەموو کون و کەلێنێکی وڵات هاویشت و زەفەری بردە هەموو ناوەندە فەرمی و نافەرمییەکانی فەڕانسە. 

لەو سەر و بەندە دا هەزاران کاریگەر سەردانی زانستگەی سۆڕبۆنیان دەکرد، هێزە شۆڕشگێرەکان خولیا و ئاواتی ئەوانیان بە دەست هێنابوو، لەو پەیوەندییە دا کرێکارێکی گەڕاوەی کۆمپانیای ڕێنۆ دەیکوت:

"لە رۆژەکانی سەرەتای مانگی مەی هەموو ئێوارەیەک پێنج یان شەش کرێکار کە زۆربەیان ئەندامی حیزبی کۆمۆنیست بوون، بە ماشێنەکەم دەمبردنە سۆڕبۆن، کاتیک رۆژی دواتر دەگەڕانەوە سەر کار بە تەواوی گۆڕدرابوون، جیاواز ببوون، خوێندکارەکان فێری روانینی سیاسییان کردبوون کە حیزب ئەو شتانەیان فێر نەدەکردن. زانستگە بە تەواوی ئازاد و سەربەخۆ بوو، لە گەڵ جەوی توتالیتە و دیکتاتۆری کارخانەکان جیاواز بوو، لە زانستگەکان خەڵک ئازاد بوون کە دروشمەکانی تایبەتی خۆیان بڵێنەوە، بەڵام لە خۆپیشاندانە فەرمییەکانی رێکخراوە سینفییەکان تەنیا دەبوو دروشمی چێ‌کراوی ئەوان بڵێنەوە.

بە داخەوە چینی کرێکار لە هەنگاوی یەکەمدا نەیتوانی لە ژێر قورسایی باری رابردووی، واتە رێکخراوە رێفۆڕمیستە سوننەتییەکان و لە سەرووی هەموان حیزبی کۆمۆنیستی فەڕانسە رزگاری بێ، بە هۆی ئەو شکستەش چینی کرێکار تاوانێکی قورس و گرانی دا. خوێندنەوەی رووداوەکانی ئەو سەردەمە لە مێژوو پێویستییەکی حاشا هەڵنەگرە، هەرچەند ئەو مژارە بۆ من شتێکی تری تیایە ئەویش خوێندنەوە و وردبوونەوە لە سەر ئەو دەقانەیە کە لەو سەر و بەندە دا نووسران و بە داخەوەش زۆرینەی خاوەن دەقەکانی نەناسراون.

۴.
ئەو شیعرانە خوێندکارەکان و کرێکارەکان نووسیویانە کە لە درێژەی خۆپیشاندانە ناڕەزاییەکانی مانگی مەی ۶۸ی فەڕانسە لە سەر شەقامەکان و شۆستەکان بوونیان بووە و دەوری سەرەکیان گێڕاوە. بە پێی پێویست و بە ناچاری گوڵبژێرێک لەو شیعرانەم لە زمانی فارسییەوە کردووە بە وکوردی.

۱.
پۆلیسی پاریس خوێندکارەکەی کوشتووە
پۆلیسی پاریس پیاوەکەی کوشتووە
لە کۆتایی کۆڵان باتووم کەوتووە
دەنگی بێدەنگی لە شەقامەکان تێپەڕ دەبێ
ئەوە تۆی پاریس؟
شاری هێمنی من، ئەوە تۆی؟
تۆمان لە بەر مێژوو و خەڵکەکەت خۆش دەویست
لە بەر باخەکان، ماڵەکان، شەقامەکان
تۆمان لە بەر ئازایەتیت خۆش دەویست
پاریس!
هەر کاتێ لە هەر شوێنێکی زەوی زوڵم لە کەسێک دەچوو
هەر کاتێک کە شوێنێ بە سەر کۆنجێکی زاڵمی زەوی سەردەکەوت
خەڵک پەنایان دێنایە پاریس
چۆن تۆ چاوگەی هیوا بووی
پاڵپشت و پەنا بووی،
پاریس!
شاری بە شکۆی من، دوورگەی رووناکی
خەڵکەکەت باستیلی داگیر کردووە
داپۆشراوی لە سەنگەر
پەرێشان و بێ‌ئۆقرە
پاریس!
عاشقان بە تەنیشت رووباری سێنەوە لە ئەوین دەدوێن
رووبار بە ئارامی لە ژێر پردەکانەوە دەخوشێ
کە دەگاتە ئەو شارە
ئاو لە برینێک لە قووڵایی ئەوینمان سوور دەبێ
پۆلیس پاریسی ئاواتەکانمانی وەبەر شەق دەدا
دەیانهەوێ پاریس لە دڵمان دا بسڕنەوە
دەیانهەوێ خولیاکانمان بکووژن.
هۆ خەڵکی کۆڵان، خەڵکی شەقام، خەڵکی شار
بەم رابردووەوە
تاقەتی مەرگی پاریس،تان هەیە؟
۲.
رۆژێک دەگات
کە لە شار بگەڕێی و نەیبینییەوە
لە گوند بگەڕێی و نەیبینییەوە
جەنگەڵ نەبینییەوە، رووبار نەبینییەوە
ئامێزی ژنەکەت نەبینییەوە
تەنانەت لە خۆت بگەڕێی و نەیبینییەوە
هەردوک گوێت نەبینییەوە
چاوەکانت نەبینییەوە.
بەرەو هیچ شوێنێ نەڕۆی، چۆن هەموو رێگاکان بەرەو مەرگ کۆتایی دێت
یەکسەر نەمێنی، چۆن مەرگ ئامادەیە.
باشتر وایە لە جێیەک خۆبشاریەوە
شوێنێ کە سەربازەکانی لێ‌نەبێ
خەڵکی لێ‌نەبێ
تاقیگەکانی لێ نەبێ
کارخانەکانی لێ‌نەبێ
شوێنێ کە هیچ کەس پەلەی نەبێ
لێپرسینەوەکان ئەستەم نەبن
گرێبەستەکانی شەڕی لێ‌نەبێ
بەڵێنامەکانی ئاشتی لێ‌نەبێ
باشتر وایە بڕۆیە شوێنێ کە مناڵەکان لە سەر زەوی هەڵدێن و گەمە دەکەن
شوێنێ لە سەر زەوییەک
کە لە نێوان ئاپۆڕەی هەورە مەترسیدارەکان سەرگەردان نەبێ.
۳.
"شانۆنامە لە پێنج پەردەدا"
(۱)
خوشکت لە کوییە؟
_ لە لای سندووقی دەنگدانە.
(۲)
پیاوێک دەنگەکەی دەخاتە سندووقی دەنگدانەوە.
سندووق پڕە.
(۳)
شارل دوو گول لە ناو قەبرەوە
ئاگای لە سندووقەکانی دەنگدانە.
(۴)
هەڵمیزنە ناو 
سندووقەکانی دەنگدانەوە
(۵)
سندووقی دەنگدان چییە؟
گۆڕێک یان زبڵدانێکی بچووک بۆ خولیاکانی ئێمە.
۴.
دەمهەوێ شیعرێک بنووسم
دەمهەوێ دوو شیعر بنووسم
دەمهەوێ دە، سەد، هەزار شیعر بنووسم....
بەڵام دەچم شۆڕش دەکەم
۵.
چ بکەین
چۆن بژین
بە بی ژن
بە بێ بەرگی جەریمە
بە بێ ماڵیات؟
سەرچاوەکان:
۱.شعرهای می ۶۸، بورنو دوروشە، ت: نفیسە نەواب پور، سایت "خانە شاعران جهان"
۲.فرانسە _ مبارزە ادامە دارد، تونی کلیف و یان بیرشال، ت: امین قضایی و بیتا صمیمی‌راد، سایت مایند موتور


پەیوەندی‌دار:

"که‌مینه‌گه‌ری ئه‌ده‌ب له‌ ده‌لاقه‌ی جیهانه‌ لێک هه‌ڵوه‌شاوه‌کان"

"بە بیانووی چاپی کتێبی "دستور زبان باران"

۱۰ چوارینە لە "ئارەش ئەفزەلی" هەرسین

لایەلایەی سەر بێشکە

بازاڕ

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە