رێکخراوی هەواڵنێرانی بێ سنوور تیرۆری کاوە گەرمیانی مەحکووم کرد

Friday, December 6, 2013


NNSROJ
: رێکخراوی هەواڵنێرانی بێ سنوور، ئەمڕۆ هەینی[٦ی دێسامبر]، بەیاننامەیەکی نووسراوی سەبارەت بە تیرۆری کاوە گەرمیانی، رۆژنامەنووسی کورد بڵاوکردەوە و وێڕای مەحکوومکردنی تیرۆری ناوبراو، داوای لە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان کرد بکوژانی کاوە بدۆزنەوە.


کاوە گەرمیانی، رۆژنامەنووس، سەرنووسەری گۆڤاری "رایەڵ" و هەواڵنێری رۆژنامەی ئاوێنە لە گەرمیان، دەورووبەری کاتژمێر ٢١ی شەوی رابردوو[٥ی دێسامبر]، لە بەر دەرگای ماڵەکەی خۆی لە شارۆچکەی کەلاری سەر بە سلێمانی، درایە بەر دەستڕێژی گوللە و گیانی لێ ئەستێندرا.

رێکخراوی هەواڵنێرانی بێ سنوور[RSF] وێڕای سەرەخۆشی لە بنەماڵەی کاوە گەرمیانی، ئاماژەی بە هەوڵەکانی ئەو رۆژنامەنووسە کوردە بۆ تیشک خستنە سەر پرسی گەندەڵی و بەرتیل وەرگرتن لە هەرێمی کوردستان کردووە.

بە گوێرەی RSF، کاوە گەرمیانی بەهۆی پیشە و چالاکییەکانی لەم بوارەدا، زۆر جار هەڕەشەی لێکراوە و سەرەڕای ئەوەی کە بەرپرسان ئاگاداری ئەو هەڕەشانە بوونە، ئەرکی خۆیان بەجێ نەگەیاندووە بۆیە کە کوژرانی کاوە، نیشاندەری ئەو راستییەیە.

رێکخراوی هەواڵنێرانی بێ سنوور، نیگەرانی خۆی لە هەمبەر نەبوونی ئاسایش لە هەرێمی کوردستان و لە عێراق بەگشتی و هەروەها سزانەدرانی بکوژان و هێرشبەرانی سەر رۆژنامەنووسان دەربڕیوە و داوای لە بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردووە تا هەوڵ بدەن کەش و هەوایەک بخوڵقێنن تا رۆژنامەنووسان، ئەرکی زانیاری بەخشینیان بە کۆمەڵگا، بێ ترس و دڵەڕاوکێ بەجێ بگەیەنن.

RSF
بەرپرسیارێتی لێکۆڵینەوە سەبارەت بە تیرۆری ئەو رۆژنامەنووسەی خستۆتە سەر ئەستۆی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و عێراق و هاوکات بەداخبوونی خۆی لەمەش نیشان داوە کە تەنیا ٤٨ کاتژمێر بەر لە کوژرانی، کاوە گەرمیانی لە شاری سلێمانی بەشداری لە کۆبوونەوەیەک کردووە کە تێیدا رۆژنامەنووسان و چالاکانی مەدەنی، داوای پەسەندکرانی یاسایەکیان کردبوو تا مافی ئازادی و ئاسایشی راگەیاندنەکان گەرەنتی بکرێ.

سۆران مامەحەمە، سەردەشت عوسمان، دوو رۆژنامەنووسی تری کوردن کە ساڵەکانی ٢٠٠٨ و ٢٠١٠ی زایینی لە لایەن کەسانی نەناسراوەوە تیرۆر کرابوون.

هاوکات زیاتر لە ساڵێکیشە کە "مەولوود ئافەند"، رۆژنامەنووسی رۆژهەڵاتی لە هەرێمی کوردستان شوێن بزر کراوە و تا ئێستا زانیارییەک سەبارەت بە چارەنووسی بڵاونەکراوەتەوە. 


پەیوەندی‌دار:

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە

راپۆرتەهەواڵ

analis picture

١٣ بابەت لە سەر ڕاپەڕینی وەرزێرانی موکریان و خەڵکی بۆکان لە سەردەمی موسەدیق (بابەتی حەوتەم)


هەواڵ


دیمانە

Interview Picture

گەلێک دەوڵەت ، ئەوانەی کە ئەندامی ناتۆن و لەگەڵ ترکەکان کار دەکەن و پێوەندییان لەگەڵ تورکیا هەیە دەیانەوێ نێوانی ڕۆژئاوا

پێنج‌شەمە ۱۲رەزبەر۱۳۹۷/ ۲۳:۳۳