بابەتی گەرم:

هەندێک زانیاریی سەبارەت بە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە تورکیا

Sunday, March 30, 2014

NNSROJ
: ئەمڕۆ یەکشەممە، ٣٠ی مارسی ٢٠١٤، هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە تورکیا بەڕێوەدەچێ. ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ، هەندێک زانیاری، بەتایبەت سەبارەت بە پارتی ئاشتی و دێمۆکراسی، لەو هەڵبژاردنە دەخاتە روو.
  • هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە باکووری کوردستان و تورکیا دەستیپێکردووەو چاوەڕوان دەکرێ رێژەی دەنگەکانی پارتی ئاشتی و دێمۆکراسی[BDP] بەرز ببێتەوەبۆ بەدەپە رکەبەریی سەرەکی، پارتی دەسەڵاتدار واتە ئاکەپەیە و مێردین، ئوڕفا مەیدانی سەرەکی ئەو رکەبەرییەن.

  • زۆرێک لە شار و گەورەشارەکانی باکووری کوردستان وەک ئامەد، باتمان، سێرت، وان، جۆڵەمێرگ، شڕناخ، بە گشتی ٩٩ ناوەند، لە دەستی بەدەپە دان و ئەمجار بە گوتەی رێبەرانی ئەو حیزبە، ئەگەری زۆر هەیە کە مێردین، ئاگری، بەتلیس، دێرسیم و هەژمارێکی تر لە شارۆچکەکانی باکووری کوردستان بکەونە دەستی بەدەپە.

  • پارتی دێمۆکراتیکی گەلان[HDP]، دەستەخوشکی بەدەپە، لە رۆژئاوای تورکیا و بەتایبەت لە مێترۆپۆلەکان بەشداری هەڵبژاردنە و لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردندا نزیک بە ٣٠ جار هێرش کرایە سەر میتینگ، کاروانی لایەنگران و نووسینگەکانی. "هەدەپە"، لە ئیستانبووڵ، سڕڕی سوڕەیان ئۆندەر پنار ئایدینلاری کاندید کردووە. ئیستانبووڵ مەیدانی ململانێی نێوان ئاکەپە و جەهەپەیە بەڵام چاوەڕوان دەکرێ هەدەپەش رێژەیەکی بەرچاوی دەنگەکان بۆخۆی مسۆگەر بکات. شانی ئەوەی کە بەربژێرانی هەدەپە لە ئیستانبووڵ براوەی هەڵبژاردن بن "زۆر" کەمە.

  • شاری دێرسیم، یەکێک لە هەستیارترین شوێنەکانی هەڵبژاردن لە باکووری کوردستانە. سەرەڕای ئەوەی کە کۆمەڵکوژی دێرسیم لە نێوان ساڵانی ١٩٣٧ و ١٩٣٨ی زایینی لە سەردەمی دەسەڵاتداریی جەهەپەدا کراوە بەڵام دەنگدەری ئەو شارە وەک نەریتێک، زۆربەی کات دەنگ بە پارتی کۆماری گەل[جەهەپە] دەدەنساڵی ٢٠٠٩، دەتەپە، لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا لە سەدا ٣٠ی دەنگەکانی بەدەست هێنا بەڵام رێژەی دەنگەکانی بەدەپە کە پاش داخرانی دەتەپە دامەزرا لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١١ بۆ پارلەمانی تورکیا، بۆ سەدا ٢٣ دابەزی و جەهەپە ٥٦ لە سەدی دەنگەکانی بەدەست هێنادێرسیم یەکێک لە دەگمەن شارەکانی باکووری کوردستانە کە رکەبەریی لە نێوان سێ حیزب، واتە بەدەپە، ئاکەپە و جەهەپە هەیە.

  • سەرچاوەکانی هەواڵ لە باکووری کوردستان باس لەوە دەکەن کە لە چەند گوندی سێرت، ئامەد، روحا، ئەرزەرووم، بە تایبەت بەدلیس و تاتوان فێڵ کراوە، پسوولەی دەنگدانی مۆرکراو بە ناوی ئاکەپە خستراوەتە ناو سندووق، جەردەوام و پۆلیس ئاستەنگیان بۆ هەندێک لە دەنگدەران دروست کردووە. تا ئێستا لە باقی ناوچەکانی تری باکووری کوردستان، دەنگدان بێ کێشە بەردەوامە.

  • گەورەشاری روحا ئورفا، لەم هەڵبژاردانەدا بۆتە مەیدانی هەرە گرینگی رکەبەریی نێوان بەدەپە و ئاکەپە. ناوەندی ئەو شارە تاکوو ئێستا بەدەست بەدەپە نەبووە و زیاتر حیزبەکانی تری تورکیا و بەتایبەت ئیسلامییەکان کۆنترۆڵیان کردووەگەورەشاربوون، هاوسنووری لەگەڵ رۆژئاوای کوردستان، پێکەوەژیانی کورد، عەرەب، ئاسووری و سریانی، موسوڵمان و کریستیان و هتد، دۆخی ئەو شارەی هەستیارتر لە ئامەد و باقی شار و گەورەشارەکانی تری باکووری کوردستان کردووە. لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە ساڵی ٢٠٠٩دا دەتەپە نزیک بە لە سەدا یازدەی دەنگەکانی بەدەست هێنابوو و لە هەڵبژاردنی پارلەمانی ساڵی ٢٠١١دا سێ بەربژێری سەربەخۆی بەدەپە بە گشتی لە سەدا ٢٢.٥ی دەنگەکانیان مسۆگەر کردبوو.

  • عوسمان بایدەمیر، ئەمجار بەربژێریی سەرۆکایەتیی شارەوانیی روحا ئورفایە و بە گوێرەی دوا پێشبینییەکان، جیاوازیی دەنگەکانی بەدەپە و ئاکەپە زۆر کەمە و ئەگەری بردنەوەی بایدەمیر هەیە.

  • بەدەپە وەک تاکە حیزبی بەشدار لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا، سیستمی هاوسەرۆکی پێڕەو کردووە و کۆتای لە سەدا ٤٠ی بۆ بەشداری ژنان داناوە. بەو پێیە بۆ سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەر شار، ژنێک و پیاوێک کاندید کراون و سەدا ٤٠ی بەربژێرەکانیش ژنن.

  • گرینگی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لەوە دایە کە بە کۆنترۆڵی شۆڕای شار و سەرۆکایەتیی شارەوانی، بە گەیاندنی خزمەتی رۆژانە بە هاووڵاتییان، رێگە بۆ راکێشانی سەرنجی دەنگدەران بۆ هەڵبژاردنی پارلەمان خۆشتر دەبێ. جگە لە دەسەڵاتی سیاسی، شارەوانییەکانی لە سنووری جوگرافیایی هەر شار و شارۆچکەدا قسەی یەکەم دەکەن.

  • یەکێک لە مەرجەکانی تێکەڵبوونی تورکیا لە یەکێتیی ئەورووپادا واژۆکردنی بڕگەیەکە کە دەسەڵاتی شارەوانییەکان چەند قات دەکات. دەسەڵاتێک کە جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ ئۆتۆنۆمیی خۆجێی نییە بەڵام تورکیا ئەو بڕگەی ڤێتۆ کردووە و ئامادە نییە واژۆی بکات.

  • جگە لە بەدەپە، دوو حیزبی تری کوردستانی لە باکوور بەشداریان لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا کردووە. یەکێک لەو حیزبانە پارتی ماف و ئازادییەکان هاکپار ە کە سەرۆکەکەی "کەماڵ بوڕکای"ە و ئەوی تر پارتێکی ئیسلامی بەناوی "پارتی دۆزی ئازاد" یا "هوداپار" کە دەگوترێ درێژکراوەی حیزبوڵای تورکیایە. چاودێرانی سیاسیی پێیان وانییە کە هوداپار و هاکپار دەنگێکی ئەوتۆ بێننەوە. لەو مانگانەی دواییدا لایەنگرانی هوداپار چەند جار هێرشیان کردە سەر لایەنگرانی بەدەپە و بۆ وێنە لە شاری باتمان لە زستانی رابردوودا هاووڵاتییەکی سڤیلیان کوشت. ساڵی رابردووش بۆ ماوەی چەند هەفتە شەڕ و پێکدادان لە نێوان لایەنگرانی ئەو حیزبە و بەدەپە لە زانکۆی ئامەد لە ئارا دابوو.

    زانیاری زیاتر

پەیوەندی‌دار:

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە

راپۆرتەهەواڵ

analis picture

١٣ بابەت لە سەر ڕاپەڕینی وەرزێرانی موکریان و خەڵکی بۆکان لە سەردەمی موسەدیق (بابەتی حەوتەم)


هەواڵ


دیمانە

Interview Picture

گەلێک دەوڵەت ، ئەوانەی کە ئەندامی ناتۆن و لەگەڵ ترکەکان کار دەکەن و پێوەندییان لەگەڵ تورکیا هەیە دەیانەوێ نێوانی ڕۆژئاوا

پێنج‌شەمە ۱۲رەزبەر۱۳۹۷/ ۲۳:۳۳