بەدەپە خۆی بە براوەی سەرەکیی هەڵبژاردن دەزانێ

Monday, March 31, 2014


NNSROJ
: لەو هەڵبژاردنەدا هەم جوگرافیایی ژێرکۆنترۆڵی بەدەپە زیادی کرد، هەم هەژماری دەنگ و شارەوانییەکانی. 

ئەگەرچی تا ئێستا ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە لایەن کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی تورکیاوە رانەگەیاندراوە بەڵام بە گوێرەی نزیک لە سەدا ٩٩ی سندووقە بژێردراوەکان، پارتی ئاشتی و دێمۆکراسی[BDP] سەرۆکایەتیی شارەوانی لە ١٠٣ گەورەشار، شار و شارۆچکە بەدەست هێناوە.

بەدەپە لە هەڵبژاردنی ٣٠ مارسدا لە یازدە پارێزگای باکووری کوردستان، حیزبی یەکەمە و لە پێنج پارێزگای تر بە مەودایەکی کەم، پاش ئاکەپە لە ریزبەندی دووهەم دایە و جگە لەوە هەژماری دەنگەکانیشی لە بەروارد لەگەڵ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە ساڵی ٢٠٠٩دا زیادی کردووە.

ئەگەرچی لە تورکیا بە گشتی گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ لە ریزبەندی چوار پارتی سەرەکی ئەو وڵاتەدا نەهاتە گۆڕ بەڵام لە باکووری کوردستان کە وەک چەند هەڵبژاردنی پێشوو، مەیدانی ململانێی هەرە هەستیاری نیوان بەدەپە و ئاکەپە بوو، بەدەپە توانی جگە لە راگرتنی شارەکانی ئامەد، وان، دێرسیم، سێرت، باتمان، جۆڵەمێرگ، شڕناخ و ئیغدیر،

شارەکانی ئاگری، مێردین و بەدلیس لە دەستی ئاکەپە دەربێنێ.

لە مێردین، ئەحمەد تورکی پارلەمانتار، کە بەهۆی قەدەخەی سیاسیی ناتوانێ بە فەرمی تێکەڵ بە پارتی ئاشتی و دێمۆکراسی بێ، وەک بەربژێری سەربەخۆ لەم شارە خۆی پاڵاوت و لەگەڵ خاتوونێکی سوریانی، توانی زۆرینەی دەنگەکان بەدەست بهێنێ.

لە شاری روحاش ئەگەرچی هەژماری دەنگەکانی بەدەپە لە سەدا بیست زیادی کرد بەڵام عوسمان بایدەمیر، سەرۆکی پێشووی شارەوانیی گەورەشاری ئامەد نەیتوانی رکەبەرییەکە لە ئاکەپە بباتەوە.

لە دوو پارێزگای مووش و چەولیکیش، بەدەپە سەرۆکایەتیی شارەوانی نەبردەوە بەڵام مەودای لەگەڵ حیزبی براوە کەمتر لە ١٥ هەزار دەنگ بوو.

سەلاحەدین دەمیرتاش، هاسەرۆکی بەدەپە، ئەمڕۆ دووشەممە، لە یەکەم لێدوانی فەرمی خۆی سەبارەت بە ئاکامی هەڵبژاردنەکاندا وتی کە حیزبەکەی بە براوەی سەرەکی هەڵبژاردن دەزانێ و بە زۆربەی ئەو خاڵانەی کە وەک ئامانج دیاری کردبوون، گەیشتووە.

بەدەپە لە رۆژئاوای تورکیا لە ژێر ناوی پارتی دێمۆکراتیکی گەلان[HDP] بەشداری هەڵبژاردن بوو.

پارتی تازەدامەزراوی هەدەپە کە جگە لە دەنگی کوردانی نیشتەجێی گەورەشارەکانی رۆژئاوای تورکیا، بە مەبەستی راکێشانی سەرنجی دەنگی لایەنە چەپ و کورددۆستەکان، یەکەم جار بوو بەشداری هەڵبژاردنی دەکرد، توانی نزیک بە یەک میلیۆن دەنگ بەدەست بهێنێ.

بەو پێیە، کۆی دەنگەکانی پارتی ئاشتی و دێمۆکراسی، پارتی دێمۆکراتیکی گەلان و ئەحمەد تورک، خۆی لە نزیک سێ میلیۆن دەنگ داوە.

لەو هەڵبژاردنەدا رێژەی دەنگەکانی بەدەپە لە بەروارد لەگەڵ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە ساڵی ٢٠٠٩دا ٥.٢وە بۆ ٦.٤ بەرز بۆتەوە.

شایانی باسە کە ٢٢ بەبژێری براوەی هەڵبژاردنەکان ژنن و بەم شێوە، بەدەپە کۆمەڵێک ریژەی پێوانەیی وەک زۆرترین رێژەی شارەدارانی ژن، رێکۆردی زیاترین دەنگ بۆ شارەداری ژن، یەکەم شارەداری سوریانی، گەنجترین شارەداری تورکیا و هتد مسۆگەر کرد.

لە لایەکی تریشەوە، کۆمەڵێک ساختەکاریی لە بەدلیس و گوندەکانی ئاگری و روحا، لە لایەن چاودێرانیی کوردەوە بەڵگەمەند کران و راپۆرتی فەرمییان دەربارەی ئامادە و رادەستی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان کرا.

شایانی باسە کە لەو هەڵبژاردنەدا دوو حیزبی تر بە ناوەکانی پارتی ماف و ئازادییەکان[HUDA-PAR] و پارتی ئیسلامگەرای داوای ئازاد[HAK-PAR] لە باکووری کوردستان بەشدار بوون و رێژەی دەنگەکانیان پێکەوە نەگەیشتە لە سەدا نیوی کۆی دەنگدەرانی تورکیا.

دوا ئاکامی نافەرمی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە تورکیا بەم شێوەیە:
پارتی داد و گەشەپێدان[AKP] ٤٥.٤
پارتی کۆماری گەل[CHP] ٢٧.٨
پارتی بزاڤی نەتەوەپەرست[MHP]١٥.٢
پارتی ئاشتی و دێمۆکراسی[BDP] ٦.٤

راپۆرت و هەواڵی پێوەندیدار لەم لینکەدا بخوێنەوە
م.م.

لۆگۆی چوار پارتی سەرەکی تورکیا


پەیوەندی‌دار:

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە

راپۆرتەهەواڵ

analis picture

١٣ بابەت لە سەر ڕاپەڕینی وەرزێرانی موکریان و خەڵکی بۆکان لە سەردەمی موسەدیق (بابەتی حەوتەم)


هەواڵ


دیمانە

Interview Picture

گەلێک دەوڵەت ، ئەوانەی کە ئەندامی ناتۆن و لەگەڵ ترکەکان کار دەکەن و پێوەندییان لەگەڵ تورکیا هەیە دەیانەوێ نێوانی ڕۆژئاوا

پێنج‌شەمە ۱۲رەزبەر۱۳۹۷/ ۲۳:۳۳