شاهۆ حوسێنی

پلۆرالیزمی رەهەندەکانی خەبات لە رۆژهەڵات

Saturday, May 21, 2016


خوێندنەوەیەک بۆ  لێدوانییه‌کی بەرێز خالید عەزیزی، سکرتێری حیزبی دیموکراتی کورستان


سەرەتا: گومان لەوەدا نییه‌ کە خەباتی هاوچەرخی سیاسی، شوناس‌خوازنە و ماف‌خوازنەی کورد لە رۆژهەڵات کارتێکردنی بەرەی چەپی بەسەرەوە دیارە؛ هەرله دەسپێکی خەبات بە حیزبایەتییه‌وە بگرە، هەتا خەباتی چەکداری و زۆر تایبەت مەدنیتری روانگەیی. یەک لەو روانگانەی کە لە ژێر کارتێکردنی بیری چەپی لێنینیستی لەنییه‌و خابەتی کورددا بەرچاو دەکەوێ، باوەرمەندی بە خەباتی حیزبێکی شورشگێری پێک‌هاتوو لە شۆرشگێران و کانالیزەکردنی هێز و وزەی کۆمەڵگا بۆ ناو کاناڵی حیزبی و تاک نوێنەر و تەک مێتۆد فەرز کردنی خەبات بوو. دیارە ئەمەش بە هۆی دووجەمسەری بوونی سیاسەت لە ئاستی جیهانی‌دا، چ لە ئاستی پێوەندێکانی نییه‌ونەتەوەیی و چ لە ئاستی نییه‌وخۆیی‌دا کاری کردبووە ناو خەباتی بەشی هەر زۆری کۆمەڵگاکان. یەک لەوان خەباتی کورد لە رۆژهەڵات و حیزبی دێمۆکرات، هەڵبەت کە ئامانجی ئەم دێرانە رەخنە و شرۆڤەی ئەو رەوتە نییه‌ ، بەڵام ئەوەی مەبەستی ئەو دیرانەیە، دەرکەوتنی جار بە جاری هێندێ دیاردە و نیشانەی پۆزێتیوە کە ئاماژە بەوە دەکات لەوە دەچێ رەهەند و رەوتێک لە ئارادبێ کە بە تەمایە ئەو رەوتە مێژوییە بگۆرێ و رەوتێکی ئەزموون کراو و بە رۆژ لە جیاتی دابنییه‌، "ئێمە لەو باوەڕەداین باشترین رێگای فشار بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئەوەیە لە جیاتی فەڕزەن دەیان و سەدان و هەزاران پێشمەرگە، بە میلیۆنان خەڵک لە نێخۆی وڵات، لە ئوستانەکانی کوردستانی ئێران لە بوارەکانی جۆراوجۆردا، بە شێوەی مەدەنی و قانوونی بێنە گۆڕی، کوردایەتیی خۆیان بکەن، حکومەتی تاران بە چالش بکێشن". ئەوە ئەو نیشانە و ئاماژە گرینگەیە کە بەرێزعەزیزی لە دوایین لێدوانی‌دا بۆ رووداو خستوویەتییه‌ روو، بۆ نووسەری ئەو دێرانە ئەوەی گرینگە شرۆڤەی سەرچاوەی نەزەری و هزری ئەو بۆچوونە و دەرئەنجامەکانی گشتی ئەو هزرە لە زۆربەی وڵاتانی خاوەن پێشینەی دیکتاتۆرییه‌.

مێتۆدەکانی خەبات بۆ پێکهێنانی ئاڵوگۆڕ


چاوخشاندنییه‌کی ورد بەسەر هزر و تێئۆرییه‌کانی سیاسی و ئەو ئاڵوگۆریانەی کە لەو کۆمەڵگایانەدا ساز بوون، دەریدەخات کە ساز بوونی ئاڵوگۆری لە کۆمەڵگا نادێموکراتیکەکان لە سەدەی رابردووەوه‌ هەتا ئەمرۆ، لە سێ شێوەی گشتی کەڵکیان وەرگرتووە: یەکەم شێوە و مێتۆدی شۆرشگێرانە و دووهەم مێتۆدی رێفۆرمیستانە. 

مێتۆدی شۆرشگێرانە بە سێ شێوە کەڵکی لێ ‌وەرگیراوە، یەکەم بە شێوەی شۆرشی جەماوەری و رێکخستنی پۆپۆلیستی، دووهەم بە کەڵکوەرگرتن لە حیزبێک یان بەرەیەکی سیاسی چەکدار کە ئەو رەوتە لە جیهانی پاش هاتنە ئارای یەکێتی سۆڤییەت و بە ئایدۆلۆژی کردنی ئەندێشەی مارکسیستی پەرەی ستاند، سێهەم بە کەڵک وەرگرتن لە خەباتی چەکداری و شۆرشی جەماوەری.

مێتۆدی رێفۆرمخوازنە: باوەرمەندانی بەو مێتۆدە، لەسەر ئەو باوەرەن کە بۆ سەرکەوتنی رەوتی دێموکراتیزاسیون لەناو کۆمەڵگا دیکتاتۆرەکان و گەیشتن بە مافەکانی مرۆیی و ئێتنیکی، ئەو مێتۆدە گونجاوترین و خاوەنی زۆرترین دەسکەوت و کەمترین تێچوویە، ئەوان لەسەر ئەو باوەرەن کە بۆ سەرکەوتنی رەوتی دێموکراتیزاسیون پیویستە کە ئۆرگانەکانی کۆمەڵگای مەدەنی بەهێز بکرێن و پەرەیان پێ بدرێ، ئینجا لە رەوتێکی ئارام و هەنگاو بە هەنگاو ئاڵوگۆری بەسەر سیستمی سیاسی و پیکهاتەی دەسەڵات‌دا بێنن.

مێتۆدی تێکەڵاو: بەڵام مێتۆدێکی کە بەرای من بەرێزعەزیزی لەو لێدوانەدا خەریکی راڤەکردن و باس کردنییه‌تی لەراستی‌دا هەم لەخۆ گری مێتۆدی رێفۆرمیستانەیە (بێگومان سەرچاوەی نەزەری و ئەندێشەیی ئەو مێتۆدە دەگەرێتەوە بۆ نووسراوەکانی هانتینگتۆن و جین ‌شارپ) و هەم شۆرشگێرانە.

ئەو مێتۆدە چەند رەوت لە خۆ دەگرێ

رەوتی یەکەم: لادان لەو فۆرم و رەوتەیە کە لەژێر هزر و بیری چەپ‌دا لەناو حیزبی دیموکراتی کوردستان‌دا لەئارادابوە، ئەویش تاک فۆرم و حیزب تەوەرە فەرز کردنی خەبات بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانە، بەم لێدوانە بەرێز عەزیزی کۆمەڵگا بە گشتی و کۆمەڵگای مەدەنی دێنێه‌تەوە نێو کایەی سیاسی و حەول دەدا بە کەڵک وەرگرتنی هاوزەمان لە وشەی مەدەنی و قانونی کەش‌و هەوای زەینی برەخسێنی بۆ سرینەوەی هەر جۆرە ئاوەڵناو و ئەنگێکی نەشیاو لە چالاکی مەدەنی و ئەو چالاکانەی که لە چوارچێوەی یاسای بنەرەتی کۆماری ئیسلامی خەریکی چالاکین، بە ئاگادار بوون لەوە کە کۆماری ئیسلامی خۆی باوەری بەیاسای خۆی نییه‌ و زۆر جار خۆی یاسای خۆی ناپارێزێ.

رەوتی دووهەم: ئەگەر بزاڤی کوردی لە ژێر کارتێکردنی بەرەی چەپ، حیزب دەکاتە پێشەنگ و کۆمەڵگا دەبێتە پاشەنگ، بەڵام لەو لێدوانەی بەرێز عەزیزی را دەردەکەوێ کە ئەوە کۆمەڵگایە دەبێتەوە پێشەنگ و ئەرک و پێگەی کۆمەڵگا لە خەبات‌دا بە کۆمەڵگا دەبەخشرێتەوە. ئەوەش حەولێکە بۆ ئەکتیو کردن و چالاک کردنی زیاتری کۆمەڵگا بۆ وەیکە ئیتر کۆمەڵگا و خەباتی مافخوازانەی کورد وەک دوانەی دژ بەیەک سەیر نەکرێت و کۆمەڵگا بە گشتی و بە عام ببنە بەرپرسی چارەنووسی خەباتی خۆیان. رەوتێک کە لە کۆمەڵگا دیموکراتیکان و هەموو ئەو کۆمەڵگایانەی رەوتی دیمۆکراتیزاسیونیان سەرکەوتوانە بریوە، بنەما و ئەساس بووە.

رەوتی سیهەم: بە هێنانە گورێی خەباتی مەدەنی و قانونی لە تەنیشت خەباتی چەکداری لە راستیدا بەرێز عەزیزی دوو مێتۆدی شورشگێرانە و رێفۆرمخوازانە لێک گرێ دەداتەوە. مێتۆدێک کە لە باکوور پەیرەو دەکرێ.

رەوتی چوارم: بە راکێشانی مێتۆدی مەدەنی بۆ ناو بازنەی خەباتی سیاسی، لە راستیدا بەرێز عەزیزی ئیبتکاری لێک‌دابراندنی ناو ماڵ و چالاکانی کورد لە کۆماری ئیسلامی دەستێنییه‌تەوە، بە جۆرێ ئەگەر پێشتر لە عەقڵییەت و ئەندێشە حیزبی کوردی‌دا تەنیا مێتۆدی شۆرشگێرانەی چەکداری، شێوەی مەشروع و درووستی خەبات بوو و بەم هۆیەوە بەشێکی زۆر لە چالاکانی کە باوەرمەند بە خەباتی چەکداری نەبوون لە دەرەوەی جەغزی خەباتی مافخوازانە راگیرا بوون و زۆر جاریش ناو و ئاوڵناویان دەخرایە پاڵ، ئەمجارە هەموو چالاکان و خەمخۆرانی چارنووسی کورد خۆیان لە بازنەی بزاڤ و شۆرشی کوردی‌دا دەبیننەوە و ئیتر نابنە کەرەسەی تەبلیغاتی کۆماری ئیسلامی. ئەزموونێکی کە لە باکوور توانیویه‌تی وڵامی باش وەربگرێتەوە ئەگەر چی دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی باکور و رۆژهەڵات لە زۆر بوارانەوە جیاوازن، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییه‌ کە ناکرێ ئەو مێتۆدە بە تایبەتمەندیی سیاسی و کۆمەڵایەتی رۆژهەڵات دابرێژرێتەوە.

ئاکام: بێگومان لە ماوەی رابردوودا بەرێز عەزیزی لێدوانی زۆری داوه‌ کە خوێندنەوە و روانگەی زۆر جار دژ بەیەک  هێناوەتەوە ئاراوە، ئەوەی لەو دێرانەدا باسیان لێوەکرا تەنیا شرۆڤەی نەزەری و دەرکەوتەی دوارۆژی ئەو بیرۆکەیەیە کە بەرێز عەزیزی خستوویەتییه‌ روو وە ئەوەش بەو مانایە نییه‌ کە ئیتر بە لێدوان ئاڵوگۆری بەسەر شێوازی خەباتی کورد لە رۆژهەڵات دادێ. بەڵکە لە غیابی گوتارێکی فرە رەهەندی بەربڵاو کە کۆمەڵگا بتوانێت‌ خوی تێدا پێناسە بکات و پلاتفۆرمێکی گشتگیر بۆ ئاشتەوایی نیێوان ئۆپۆزیسیونی لێک‌دابراو، ئاسۆی هەرجۆرە ئاڵوگۆرێکی بەرۆژ و پۆزێتیڤ ناروونە، بەڵام ئەوەمان نابێ لەبیر بچێ کە ئەو جورە لێدوانانە بەو جۆرە پێکهاتە هزریانە، دەتوانێ کەش و هەوای زەینی برەخسێنێت‌ بۆ ئاڵوگۆری.

 

پەیوەندی‌دار:

پرسی "هەڵبژاردن" لە رۆژهەڵاتی کوردستان (بەشی یەکەم)

وازهێنانی عەزیزی، دەرفەتێک بۆ حدک

کاتی فرۆشتنی حدکا و حدک هاتوە؟

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە

راپۆرتەهەواڵ

analis picture

هەپەگە: تەقینەوەکەی جزیرە کاردانەوە بوو بەرامبەر بە بێئاگای لە ئۆجەلان


هەواڵ


دیمانە

Interview Picture

مانناسیی کۆمەڵایەتی زاراوەیەکە بۆ باسکردن و شیکردنەوەی هەموو بوارەکانی پێوەندی نێوان زمان و کۆمەڵ ، جگە لەو بوارانەی

سێ‌شەممە ۲۹نەورۆز۱۳۹۶/ ۱۷:۱۱