بابەتی گەرم:

ئێمه‌ ره‌نگی سپی مان به‌ تۆه‌ ناسی

Thursday, May 26, 2016


فۆتۆ: ئەڤین شەریفی- ئۆمید کەریمی

سەرکێو مسگەری

کۆمەڵێک فیلم ھەن کە ئێوە تووشی گریان ئەکەن، بەشێکی تریان لەوانەیە بتانهێننە سەما و پێکەنین، کۆمەڵێکی دیکەش ھەن کە دوای بینینیان ھەست بە گۆرانێک لە هەناوتاندا دەکەن.
"داردن ئارنۆفێسکی"

ئەگەر بەم ڕستەوە دەست پێبکەم کە بەشێکی کەم لە رووناکبیران و ھونەرمەندان ھەن کە زۆر بە وردی مێژووی نەتەوەکەیان و دەروونیاتی مرۆڤەکانی کۆمەڵگاکەیان ئەناسن و تیایدا شارەزان، هه‌ڵه‌م نه‌کردوه‌. ئەم دەستە دەگمەنە جیاواز لەوەی دەنگێکن بۆ رەنگدانەوەی واقیعی کۆمەڵگاکەیان ھەوڵیش ئەدەن بە شێوەیه‌کی رەخنەگرانە ئاستی ھۆشیاری و زانستی و کۆمەڵایەتی ببنە سەرەوە و روانگەیه‌کی نوێ بە کۆلتووری ئەو کۆمەڵگا زیاد کەن.

ئەم دەستەگەلە لەھەمان کاتدا کە ره‌خنە دەگرن بەو ئەندازەیەش چ لە بەرھەمەکانیاندا چ لە رەفتاری شەخسیاندا تێدەکۆشن روناکییه‌ک بخه‌نە بەر داھاتووی کۆمەلگاکەیان، تەنانەت پێشنیار و پەیامێکی روون و ئاشکرایان پێیە.

ئاوڕێک لە بەرھەمه‌کانی کاک تەھا کریمی فیلمساز بدەینەوە، ئەوەمان بۆ روون دەبێتەوە کە کۆمەلێک له‌ به‌رهه‌مه‌کانی فیلم بە دوای فیلم و بە فۆڕمی تایبەت بە خۆی، ھەوڵ ئەدات کە رەنج و خۆشەویستی و شۆناسی کۆمەلگاکەی بە بینەر بناسێنێت و نیشانیان بدات. بێگۆمان فیلم و ھەڵوێست و روانگەی کاک تەھا ئەو ده‌رفه‌ته‌مان پێ ئەدات که‌ بیناسین و بڕیار بده‌ین بۆ ئه‌وه‌ی کە لە ناو ئه‌و دەستە هونه‌رمه‌ند و روناکبیرە ده‌گمەنانه‌دا پێناسەی بکەین کە دڵسوز و خەمخۆرن، ھاوکات تیدەکۆشن بۆچاکسازی و بردنە سەرەوەی لایەنی فیکری و کلتووریی کۆمەڵگا و مرۆڤایەتی.

جیاواز لە توانا و بێگەردی و سەبووری، ئەخلاقی مرۆڤانە و ھەوڵدانی بەردەوامی بۆ گەێشتن بە خۆلیا و ئاواتەکانی، سێ قۆناغ لە کەسایەتی و روانگە و جیھانبینی تەھا کەریمی، کاریگەر بوون لە بەرھەم‌ھێنانی فیلمەکانی. لە درێژه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌دا ھاوکات خوێندنه‌وه‌یه‌ک بۆ ژیان و بەرھەمەکانی کاک تەھا دەکەمەم، ئەو سێ قۆناغەش پێناسە دەکەم. لەم سێ قۆناغه‌دا شوێن (مکان) وەک جۆگرافیا و شوێنی ژیان و کات (زمان) وەک ئەو کاتانەی کە تیایدا ژیاوە کاریگەری راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی لەسەر فیلمەکانی کاک تەھا و روانگەکەی داناوە.

*قۆناغی یەکەم( لەشەستەکانی ھەتاوییەوە دەست پێدەکات تا کۆتای ساڵێ 1375 ھەتاوی):
 
ئەم قۆناغە لە مێرمنداڵی کاک تەھاوە دەست پێدەکات و تا دەرچوونی لە زانکۆی رەشت و بەجێھێشتنی شاری بانە به‌رده‌وامی ھەیە.

ئەم قۆناغە بەشێکی زۆری لە رووی کاته‌وە، ھاوکات دەبێت لەگەل شەڕی نێوان ئێران و عێراق، شەڕی ناوخۆی کوردستانی ئێران، کۆمەڵکوژی ئەنفال لە کوردستانی باشوور، کیمیابارانی ھەڵەبجە، شه‌ڕی کەنداو و ھەروەھا شه‌ڕی براکووژی کوردستانی باشوور و کۆڕەو ئاوارە بوونیان بۆ کوردستانی رۆژهەڵات. 
لە روویی شوێنه‌وه‌ (مکان) بە ھۆی نیشتەجێبوونی بنه‌ماڵەی کاک تەھا لە ناوچه‌یه‌کی سنووری و نزیک مەرز لە شارۆچکەی بۆیەن و شاری بانە وا لە کاک تەھا دەکات کە لە نزیکەوە درک بە مانا و مەفھوومی شه‌ڕ و قەیرانەکانی دوای شه‌ڕ بکات. ئەم قۆناغە دەبێتە ھەوێن و ناوەرۆکی زۆربه‌ی فیلمەکانی تەھای کەریمی.



تایبەتمەندییه‌کانی ئەم قۆناغە:

- فێری خوێندن و نووسین بە زمانی دایکی و ئاشنا بوون بە ئەدەبیات و شیعری کوردی
-پەیوەندی کردن بە ئەنجومەنی ئەدەبی شاری بانە و دەستپێکردن بە نووسینی چیرۆکی کوردی
-ئاشنابوون لەگەڵ کەسایەتی کاک عەتا نەھایی و چه‌ندین که‌سایه‌تی دیکه‌، بڵاوبوونەوەی چیرۆکی "سەمای فریشتەی ڕاستی" لە گۆڤاری سروە
- دەرک کردن و ناسینی مێژوو و رەنج و قەیرانی نەتەوەی کورد
- ژیان لە گۆند و پەیوەندی دەرونی لەگەل سروشت و جوانییه‌کانی سروشت وخۆشەویستی بۆ نیشتمان
- خوێندن بۆ زانکۆ و دەرچوونی لە بەشی نەشتەرگەریی زانکۆی پزیشکی گیلان

*قۆناغی دووھەم ( لە 1376ھەتاوی تا کۆتای سالی 1383):

ئەم قۆناغە لە خوێندکار بوونی لە زانکۆی ڕەشتەوە دەست پێدەکات و تا تەواو بوونی لە زانکۆی هونه‌ر (به‌شی سینەما) لە شاری تاران به‌رده‌وامی ھەیە. (بە گشتی دوور کەوتنەوە لە بۆیەن و شاری بانە)

لە رووی کاته‌وە ئەم قۆناغە ھاوکات دەبیت لەگەل بێدەنگ بوونی شه‌ڕ لە ناوچەکەدا و ئارامییه‌ک و کرانەوی لایه‌نی کۆمەڵایه‌تی و فەرھەنگی ناو زانکۆکان، ھاتنی ریفۆرمخوازه‌کان و شڵەژانی ھەلومەرجی سیاسی ئێران و پەرەسەندی گۆڤار و رۆژنامە و چاپەمه‌نی کوردی، بەشداری کردن و سەرکەوتنی سینەمای ئیران لە فێستیواڵە جیھانیەکاندا و دروست بوونی شەپۆلێکی فیلمسازی لە ناوه‌وه‌ی کوردستانی ئێراندا. دەستپێکی شۆڕشی دیجیتاڵی لە دنیادا.

لە رووی شوێنه‌وه‌ بەھۆی دوو جار وەرگیرانی لە زانکۆکانی رەشت و تاران ھەروەھا ته‌واوکردنی سەربازی لە شاری کرماشان دەرفەتی ژیانی لە شاری گەورە بۆ ئەرەخسێت و سه‌رده‌می خوێندکاری هه‌لی گەڕان به‌ ناو چەندین شار و شارۆچکەی ناو ئێرانی بۆ دروست دەکات.



تایبەتمەندییه‌کانی قۆناغی دووھەم:

-تەواوکردنی تێکنیسیەنی نەشتەرگەری لە زانکۆی پزشکی شاری رەشت
-بەھۆی خوێندکار بوونی لە شاری رەشت، ده‌رفه‌تی بینینی فیلمی سینەمایی لە ھۆڵی سینەمادا بۆ ده‌ڕه‌خسێت، ئاشنا بوونی سەرەتایی لەگەڵ فیلم و سینەمادا
-چوون بۆ سەربازی و ھاوکات بەشداری کردن لە خۆلێکی راھێنانی یەک ساڵەی فیلمسازی لە ناوەندی سینەمای گەنجانی شاری کرماشان
-نووسینی دوو سیناریو بە ناوەکانی "گەلاوێژ" و "دوبارە ھەر سبەینێ" و بەرھەمھێنانی کۆرتە فیلمی "من و تۆ"
-ماوەیه‌ک کارکردن لە نەخۆشخانەی شاری بانە
-دەرچوون و تەواوکردنی بەشی سینەمای زانکۆی ھۆنەری تاران( سینەما تئاتر) و ئاشنا بوون لەگەل سینەمادا بەشێوەیێکی ئاکادیمی و جیدی
-دەستپێکی فیلمسازی وبەرھەمھێنانی چوار کۆرتە فیلم بە ناوەکانی "وه‌ڵاتی گۆڵە بەرۆژەکان"، "سەمای مروارییەکان"، "سنووری ژین"، "زریان" ، دروست کردنی دۆکیۆمێنتی"کارنامەی دیکتاتۆر"، بەشداری کردن لە چەندین فێستیوالی ناوخۆی ئێران و وەرگرتنی چه‌ندین خەڵات
-ناسینی کۆمەلێک خوێندکاری سینەما و دۆستایەتی و درووست کردنی گروپێکی بچووک بۆ راوێژو و یارمەتیدان بە یەکتر. وینەگری کۆرتەفیلمی "مرۆڤەکان دوورن" لە دەر‌ھێنانی ئەشکان ئە‌حمەدی، لێکۆڵینەوە و نووسینی سیناریۆی فیلمی"لەداوێنی سوورکێودا" لە دەرھێنانی محەمەدرەزا وەتەندوست.
-ئاشنا بوون و شارەزا بوونی بە سینەماو ئەدەبیاتی ئیران و جیھان

کاریگەری وەرگرتن لە فیلمسازانی وەک یاسوجیرۆ ئۆزۆ، ساتیا جێت رای و نێوڕیاڵیسم ئیتاڵیا بەتایبه‌ت ویکتۆریۆ دسیکا

-ناسینی نەتەوەکانی دیکەی ئێران و دەرک بە کۆمەڵگای گەورەتر و فرە کڵتووری و فرە ئایینی ئێرانی



*قۆناغی سێھەم (لە 1384 ھەتاویەوە تا دوا ساتەکانی ژیانی):

ئەم قۆناغە لە تەواو بوونی زانکۆی سیینەماوە دەست پێدەکات (بەرھەمھێنانی فیلمی کوێستانی سپی) تا دوا ساتەکانی ژیانی کاک تەھا کەریمی ئیدامەی ھەیە.

لەم قۆناغه‌دا یه‌کێک‌ له‌ که‌سه‌ خۆشه‌ویسته‌کانی (ده‌زگیرانه‌که‌ی) له‌ ده‌ست ده‌دات و ئه‌وه‌ش کاریگه‌ری زۆر ده‌کاته‌ سه‌ر ره‌وتی ژیانی و دوای چه‌ند ساڵ به‌هێز و تواناوه‌ ده‌ست پێده‌کاته‌وه‌.

لەم بەشەی ژیانیدا  باشترین فیلمەکانی تەھا کەریمی بەرھەم دێت و فیلم دوای فیلم لەگەڵ روانگەو دۆنیای تەھا کەریمیەوە ئاشنا دەبین.

ئەگەر باس لە سەر شوێن و كات له‌ ئەم قۆناغەدا بکەین بێگومان ناتوانین باس لە له‌ناوچوونی گەورەترین دیکتاتوری سەردەم سەدام حسین و حزبی بەعس نەکەین. ئەم گۆڕانکاریە گەورە بۆ جارێکیکە ئاوری شه‌ڕ لە ناوچەکەدا ھەڵئەگیرسێنێت. بۆ ماوەیکی زۆر ناوی کورد وکوردستان ده‌بێته‌ رۆژەڤ و میدیا جیھانیەکان باسی ده‌که‌ن، ئه‌مه‌ وا لە کوردی باشوور دەکات کە بچێتە ناو قۆناغێکی سەقامگیرەوە. ئەم گۆڕانە کاریگەری دڵخۆشکەر لە سەر تەھا کەریمی دادەنێت و دەرفەتێک دروست ئەبێت کە لە نزیکەوە بتوانێت له‌گه‌ڵ کەیسی کۆمەڵکۆژی ئەنفال و هەڵەبجە ئاشنا ببێت و لە سەر حزبی بەعس لێکۆڵینەوە بکات، و بتوانێت فیلمەکانی بەرھەم بھێنێت، لە نزیکەوە بەشداری بکات لە چەندین فێستیوالی نێونەتەوەیی و سەفەر بکات بۆ وەڵاتانی دیکه‌.

لە ھەمان کاتدا و لەم قۆناغدا ‌هێدی هێدی  فیلمی کوردی بیچم دەگرێت و بەرھەم دێت و بەشداری لە فێستیواڵە جیھانیەکان دەکات، و لەلایه‌ن خەڵکی کوردستانه‌وە ئەناسرێت و ڕێزی لێ ئەگیرێت. ئه‌مه‌ش دەستپێکی شەپۆلی بەرھەمھێنانی فیلمی کوردیه‌ لە بەشە جیا جیاکانی کوردستاندا بە تایبەت لە باشووری کوردستان.

لە رووی شوێنەوە بێ گۆمان ئەم قۆناغە گرنگی تایبەت بەخۆی ھەیە، کە دوای بەرھەم‌ھێنانی فیلمی کوێستانی سپی و سەقامگیر بوونی کوردستانی باشوور، دەرفەتێکی نوێ بۆ کاک تەھا دروست بێبێت. تا لە ماوەی ئەو چەند ساڵ ژیانەیدا لە نزیکەوە بتوانێ بە ناو گۆند و شار و شارۆچکەی باشووری کوردستاندا بگەڕێت و مەجالی ڵێکۆڵینەوەی توێژینەوەی مەیدانی سەبارەت بە کۆمەڵکۆژی ئەنفال و ناسینی ‌حزبی بەعس پەیدا بکات و بتوانێ لە گەڵ شایه‌ته زیندوه‌کان و ئەوانەی لە زیندانەکانی رژیمی بەعسدا بوون دیدار بکات و لەگەڵ شارەزایانی ئەم بابه‌ته ئاشنا ببێت.

لە ھەمان کاتدا ژیان لە باشوور ده‌رفه‌تی خوێندنەوەی کۆمەڵێک کتێبی باش، دەستپێڕاگەیشتن بە چه‌ندین ئه‌رشیف و بەڵگەنامە لەسەر کۆمەڵکوژی رژیمی بەعس، دیدار و ناسینی چەندین کەسایەتی ناسراوی شێعر و ئەدەبیات، رۆشنبیر و رۆژنامەنوس و کەسایەتی سیاسی ، ده‌ڕه‌خسێنێت. ئه‌مه‌ وا لە کاک تەھا دەکات کە ئاوڕێکی جیدی لە سینەمای دۆکیۆمێنت و بەڵگەنامه‌یی بداته‌وە و بتوانێت چەندین فیلمی بەڵگه‌نامەیی سەرکەوتوو بەرھەم بھێنێت.

گرینگی ئه‌م قۆناغه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ ده‌رفه‌تی سەفەرکردن و دیتنی چەندین وڵات و ئاشنا بوون لە گەڵ فیلم و فیلمسازانی وڵاتانی دیکە بۆ هونه‌رمه‌ند ده‌ڕه‌خسێت. ئەم سەفەرانه‌ دوو دەسکەوتی بەرچاوی دەبیت بۆ روانگەی کاک تەھا یەکەمیان ناسینی کۆمەڵێک فەرھەنگ و کلتووری جیاواز، دووھەمیان ھەست بە نائاشنابوون و ئاگادارنه‌بوونی ئەو وەڵاتانە سەبارەت بە کۆمەڵکۆژی کوردانی باشوور.

تایبەتمەندیەکانی ئەم قۆناغە:

-بەرھەمھێنانی فیلمی "کوێستانی سپی" ، بەشداری کردن لە هه‌ژده‌ فێستیواڵ و وەرگرتنی خەڵاتی باشترین فیلم لە فێستیواڵی کۆرتە فیلمی تاران ، ھەوڵێر و چه‌ند خه‌ڵاتی دیکه‌ش

فیلمی کوێستانی سپی شوێنپێی تەھا کەریمی وەک فیلمسازێکی خاوەن فۆرم و ستایڵی تایبەت بە خۆی (جوانناسی) سەقامگیر ئەکات و ناسراو دەبێت.

-دامەزراندنی ناوەندی نمایشی فیلم "سینەما تیک" لە شاری سلیمانی، ئارشیو کردنی کۆمەڵێک فیلمی باشی مێژووی سینەما، لە ھەمان کاتدا نووسین و وەرگێران و ڵێکدانەوە لەسەر سینەماو چاپ و بڵاوکردنەوەی لە رۆژنامەی کوردستانی نوێ دا.
-دەستپێکردن به‌ بەرھەمھێنانی چه‌ندین فیڵمی دۆکیۆمێنت (قۆناغی یەکەم دۆکیۆمێنته‌کانی)، فیلمە دۆکیۆمێنته‌کانی:  "دەشتەکانی کوردستانی باشوور" ، "نەوت شێرپەنجەی شارەکەم" ، "کاکە برا" ، "‌‌حێزبی کەران" ، "سێبەری تەقینەوە" ، "مین بەرھەمی زەویه‌کانمان"
-نووسینی سناریۆ، بەرھەمھێنانی فیلمی درێژی سینەمای " کوێستانی قەندیل" ، بەشداری کردن لە چەندین فێستیوال لە گەل ئەم فیلمەدا 
فێستیواڵەکانی ئۆرینسی ئێسپانیا ، گوا و چاوی سێھەمی ھێندووستان، دۆبەی ئەمارات، ئامەد و ئیستانبۆڵی تۆرکیا
-بەشداری لە چەند فێستیوال و بە ئەندام بوونی لە لێژنەی دادوەری. فێستیوالی فیلمی ژیار لە شاری سنە، فێستیواڵی فیلمی سلێمانی
-دەست پێ کردنەوە و بەرھەم ‌ھێنانی قۆناغی دووھەمی فیلمە دێکۆمنتەکانی: فیڵمەکانی "نان و نەوت" ، "من بە کڕێگیراوێکی سپیم" ، ھەزارو یەک سێو" ، باخەوانی نێرگسەجاڕ" ، "دەستنووسەکانمان"
-بەشداری کردن و سەفەر کردن بۆ چه‌ندین فێستیواڵ و بردنەوەی چەند خەڵاتی نوێ

بەشداری لە فێستیوالەکانی گۆڵف لە ئیمارات، ئیدفا لە ھۆلەند، سینەما حەقیقەت لە تاران، فیلمی کوردی لەندەن ،پوسان لە کۆریای باشوور، ریتۆردام لە ھۆلەند، ئاسیا پاسێفیک لە ئۆسترالیا وە چەندین فێستیوالی دیکە

بردنەوەی خەڵاتی باشترین فیلمی دێکۆمێنت بۆ فیلمی" من بەكڕێ گیراوی سپیم" لە فێستیوالی سینەما حەقیقەتی تاران، گۆڵفی ئیمارات، بردنەوەی خەڵاتی باشترین فیلم دیکۆمێنت بۆ فیلمی "ھەزارویەک سێو" لە فێستیواڵی فیلمی ئاسیا پاسێفیک ئۆسترالیا، ڕۆما له‌ ئیتالیا، دەھۆک لە کوردستان باشوور، خه‌ڵاتی دادوه‌رانی فێستیوالی سینەما حەقیقەتی تاران.

-بە بۆنەی بەشداری کردن لە چەندین فێستیواڵ لە قۆناغی سێھەم دا ده‌رفه‌تی سەفەر بۆچەندین وەڵاتی بۆ درۆست دەبێت بۆ نموونە: قەتەر، ئیمارات، ھیندووستان، تورکیا، ئیسپانیا ، ھۆلەند...
-نووسینی سێناریوی زێرینگەری بەغداد
-دیدار و چاو پێکەوتن و ناسینی کەسایەتیە ئەدەبی و ھۆنەری و سینەمایی، شاعیر و رۆژنامەنووس و سیاسی، یەكێک لە تایبه‌تمەندیەکانی ئەم به‌شه‌ لە ژیانی کاک تەھایە.
-ھەوڵ دان بۆ بە سیستم کردنی سینەمای کوردی زیاتر پێناسەکردنی لەناو چاوپێکەوتن و نووسراوەکانیدا

بێگۆمان کاک تەھا بەو روانگە و تێبینیە ھاوچەرخە ئەگات کە باوری وایە کە ئەگەر لەم سەردەمەدا بتەوێت لە ناو مێژوی جیھان دا دیارو لە بەرچاودا بیت پێویستیت بە وێنەیەکە لە کۆمەڵگا و نەتەوەکەت و سینەما باشترین ئامرازە بۆ پێداگری وھەست بە بوون لە کۆمەڵگای جیھانیدا.

کۆبەندی ئەم پێناسە و سێ قۆناغی ژیان و چالاکی فیلمسازی کاک تەھا کەریمی ئەبێتە رەوتێک کە فیلم بە دوای فیلمدا درێژه‌ی پێئەدات و پێداگری لەسەر ئەکات. چ لە فیلمە درامه‌کانیدا و چ لە فیلمە بەڵگەنامەییەکانی، جەنگ و کارەساته‌کانی دوای شه‌ڕ دەبیتە بابەتی سەرەکی ناو فیلمەکانی. بێگۆمان بە بینینی کۆی بەرھەمەکانی بە تایبەتمەندی ئەندێشە و جیھانبینی کاک تەھا چ لە باری فۆڕم و شێوەی دەرھ‌‌ێنان و چ ناوەرۆک و چیرۆکەکانی ئاشنا دەبین. لە درێژه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌دا ھەوڵ ئەدەم کە نیشانی بده‌م ئەم تایبه‌تمەندی و جیاوازیە فۆڕمیە چۆن لە ناو ساختار و شیوەی دەرھێنانی به‌رهه‌مه‌کانی خۆی نێشان ئەدا و چۆن ئەتوانین وەک فیلمسازێکی مۆئەلف و خاوه‌ن فۆڕم و تایبەتمەندی شەخسی پێناسەی بکەین.



*ئه‌ندێشه‌ و جوانیناسی سینەمای تەھا کەریمی

سەرەتای فیلمسازی کاک تەھا ھاوکاتە لەگەڵ شەپۆلی فیلمسازی لە ئیران و کوردستان و شۆڕشی دیجیتاڵی لە دونیادا و باوبوونی تێزی فیلمسازی ئاسان و کەمخەرج(بە تێچووی کەمەوە)، بەڵام ئەم فەوزایە وا لە کاک تەھا ناکات کە خۆی تووشی ئه‌زموون وخەتا و ئه‌زموونگه‌ری و فیلم دروست کردنی بێ ئامانج بکات، بەڵکۆ بە کەڵکوەرگەرتن لە زانستی ئاکادێمی لە بواری سینەمادا  و ئەو سێ قۆناغەی کە ژیانی تێدا کردوە دەست دەکات بە هه‌ڵبژاردنی ئاگاھانەو ھەلسووکەوتی بنەمایی کاری فیلمسازی، هه‌روه‌ها بەڕێکوپێکی و حەساسیەتی تایبەت بە خۆی دەست ئەکات بە کاری فیلمسازی.

ئیمە وەک بینەر ئەگەر لە یەکەم کۆرتە فیلمیەوە تا دواھەمین فیلمی بە دوای یەکدا بیبینین لە کۆی گشتی کارەکانی دەرک بەوە ئەکەین کە کاک تەھا ئاگاھانە بابه‌ت و دەستەگەلێک چیرۆک و پرسیار بە گێرانەوی تایبەت بە خۆی لە کارەکانیدا ئەوروژینێت و بە بینەری نیشان دەدات کە تاڕاده‌یه‌ک نزیک بەیەکن. ئەم دووباره‌ بوونه‌وه‌ و پێداگریه‌ لە فۆرمی ده‌رهێنان و وینەگرتنی کارەکانیشیدا لە بەرچاو و بەردەوامە. تەنانەت لە فیلمە دۆکیۆمێنته‌‌کانیشیدا میزانسن و چیدەمانی(کۆمپۆزسیۆن) تێدایە و رێگه‌ بە کامێرا و شێوەی مۆنتاژ نایەت کە سەرکەشانە و دیار خۆیان نیشان بەن، و خۆی دوور دەگرێت لە دۆکیۆمێنتی مەحز و بێداھە. زۆربه‌ی بەرھەمەکانی کاک تەھا لە رووی ئەژمارەوە  فیلمی دێکۆمێنت و به‌ڵگه‌نامه‌یین، بەڵام کەس کاک تەھا ته‌نیا وه‌ک دۆکیۆمێنت ساز ناناسێت، بەڵکوو وەک فیلمسازێکی مۆئەلف(داهێنه‌ر) دیاری ئەکرێت.

تایبه‌تمەندیەکانی دونیای فیلمسازی کاک تەھا کەریمی:

-ئاگاھانە هه‌ڵبژاردنی بیرۆکەی فیلمەکانی
-ڵێکۆلێنەوە و توێژینه‌وه‌ لە سەر بابه‌تی سناریۆکانی و نووسینی له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ (تەنانەت بۆ فیلمە دۆکیۆمێنتەکانیشی)
-ده‌ستنیشان کردن و ھەڵبژاردنی ستافی فیلمەکانی ( ئه‌کته‌ر، وێنەگر، مۆنتاژ،مۆسیقا...)
-روانگه‌ی دژ بە شه‌ڕ و باوەڕ بوونی به‌ ئاشتی و پێکەوە ژیانی هه‌موو نه‌ته‌وه‌کانی ناوچەکه‌.
-نیگای رخنەگرانە و پرسیارکەر بۆ بەشێک لە مێژووی کوردستان
-ھەوڵدان بۆ ناسینی کۆمەڵکۆژی ئەنفال و تاوانه‌کانی حزبی بەعس و کارەساتەکانی شه‌ڕ لە ناو فیلمەکانیدا
-کەڵکوەرگرتن لە زمانی نیشانەو ھێماکان لە زۆربه‌ی کارەکانیدا و ھەست کردن بە جوانیناسی  ریالیسمی شاعیرانە له‌ که‌شی گشتی فیلمەکانیدا

(مووروی زەرد لە فیلمی زریان، جامانەی رەنگاوڕه‌نگه‌کان و بەردە سپیەکان و قاوغه‌ گوله‌ (پوکە) به‌تاڵه‌کان لە فیملی کوێستانی سپی، چوارچێوەی وێنه‌کان و مۆری ئەنفال و خەتی ته‌یاره‌کان لە ئاسماندا لە من بەکڕێگیراوی سپیم، قەبرەکان وگۆڵدانەکان و ناسنامه‌کان لە کوێستانی قەندیل، سێوی میخەکڕێژ و جلوبه‌رگه‌ مۆرکراوەکان و شوشەی وینه‌کان لە ھه‌زارو یەک سێو ...)

-گێڕانه‌وه‌ی مۆدێرن و خۆ دوورگرتن لە بڕیاردانی یەک لایه‌نە.
- بەردەوام بوونی لە سەر بابه‌تی كۆردستان و کاره‌ساتە مێژووییەکان، بەتایبه‌ت کوردستانی باشوور(ناوه‌رۆک) و پێداگری لەسەر شێوەی ده‌رهێنان و میزانسن وێنەگرتنی تایبه‌ت کە لە گشت کارەکانیدا خۆی نیشان دەدا (فۆرم). ئەم شێوەیە لە فیلمی کۆێستانی سپی بە جوانی دەردەکەوێت تا ھەزارو یەک سێو به‌رده‌وامه‌ و دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌. دووباره‌بوونه‌وه‌ و بەردەوامبوونی ئەم فۆرم و ناوه‌رۆکه‌ دەبێتە تایبه‌تمەندیێه‌کی باش لە گشت فیلمەکانیدا.

-شێوەی ده‌رهێنانی تایبه‌ت بە خۆی: وەفادار بوون بە سناریو و کەمترین گۆڕانکاری لە کاتی وینەگرتن، ئامادە کردنی دێکۆپاژ پێش وێنەگرتن، کۆنترۆل کردنی ئەکتەر و رێنوینی کردنی، گرنگ بوونی قاپ و وێنەی فیلمەکانی، هه‌ستیار بوون لە سەر دانه‌دانه‌ی پلانەکانی(گرتەکانی) بۆ دانانی کەرەستەی ناو سەحنە(کۆمپۆزسیۆن) و شوینی ئەکتەر، گرینگی دان بە ورده‌کاری چ لە سناریودا چ لە کاتی وێنەگرتنی فیلمەکانیدا، درووست کردنی مووسیقی ئۆرجینال بۆ فیلمەکانی، گرنگیدان به‌ بەشەکانی کەی فیلم وەک دەنگ و مۆنتاژ...

- گرنگیدان بەشێوەی وێنه‌گرتن : لە کارنامەی فیلمسازی کاک تەھا وێنه‌گرتن جێگای بەرچاو وگرینگی خۆی ھەیە و لە جوان ناسی کارەکانیدا لە بەر چاو ئەگیردریت. بێگۆمان بەھۆی ئه‌وی زۆربه‌ی  چیرۆک و گێرانه‌وه‌کان لە ناو سروشتدا رووده‌ده‌ن یا لۆکێشینی زۆربه‌ی فیلمەکان لە دلی سروشتدایە، واتا سیکانسی ده‌ره‌وه‌ن و بە گشتی روناکی سروشتی به‌کارهاتووه‌، ئه‌وه‌ش بە مانای ریالیست بوونه‌ که‌ ھەوڵ نادریت له‌ رێگه‌ی روناکییه‌وه‌ پێناسه‌یه‌کی دیاریکراو و جیاواز به‌ شته‌کان بدرێت. تەنانەت لە سکانسەکانی ناوه‌وه‌دا ھەمان به‌کارهێنانی ھەیه‌، بۆ نموونە کاتێک شەمالی دۆعا (فیلمی کوێستانی قه‌ندیل) له‌ ناو ماڵەکەیا و لە بەرده‌م کتێبخانەکایا باس لە دو قۆناغ لە ژیانی خۆی دەکات ئێمە بەس روناکیه‌کی بابه‌تی‌مان ھەیە و کاک تەھا دێت ئەم دوو قۆناغه‌ جیاوازە بە رەنگی کتێبەکان نیشان ئەدات.

 به‌کارهێنانی دروست لە ریم لایت و روناکی ئاڵتونی بەری بەیانیان و لای ئیواران بە تایبه‌ت لە دوو فیلمی کوێستانی سپی و کوێستانی قەندیل یارمه‌تی دیمه‌ن و قۆلای گرته‌کان ( چشم ئەندازوو ئۆمقی مەیدان-بەرژەوەندیو قوولای گرتە) و جوانی سرووشت و ئەو شوێنە بەو جۆرەی کە فەقێ برایم لە کوێستانی سپیدا ده‌یگێریته‌وه،‌ دەدات. یان بۆ ئەوەی لە گەل فەقێ برایم ھاودەردی بکەین و گوێ لە ئاواتەکانی بگرین لە نووری ئیوارەیا (ئاڵتونی) ئەیبینین کە حۆزنێک و گەرمایه‌ک بە رۆخساری ئەبەخشێ. لە فیلمی کوێستانی قەندیلدا بەتایبه‌ت سکانسەکانی قەبرەستان و دانانی گوڵدانەکان و گریانی ژنەکان لە سەر گۆڕەکان ئه‌م ڕوناکییه‌ هه‌یه‌. ھەروەھا به‌کارهێنانی داچوونی خۆر و نیشاندانی گرتەی دژ بە خۆر یان سیلۆئێت کە لە دوو فیلمی کویستانی سپی و من بەکڕێگیراوی سپیمدا ئەیبینین جۆرێک لە نێشاندانی باری دەروونی و وەزعی ناڕوونی که‌سایه‌تیه‌کانی ئەو دوو فیلمە نیشان ئەدات. کاتێک عەینەدین دەف و شەمالی دۆعا دوای رفاندنی ژنی سەرھەنگ لە بەر دەم ئەشکەوتێکا وێستاون تا نامەیەک بنووسین بە شیوەی سیلۆئێت ئەیبینین. بە گشتی فەزایێکی ریالیستی بە شێوەی رەنگ و روناکی کارەکانی کاک تەھاوە دیارە.

یەكێکی کە لە گرینگیەکانی شیوازی فیلمبەرداری چنین و رێکخستنه‌ واتا جیاکردنەوەی بە ھارمونی و بە سه‌رنجی کەرەسە(کۆمپۆزسیۆن)، نیشانەکان و ئەکتەره‌کان، و خۆی به‌ دوور ئه‌گرێت لە ھەر شتێکی زیاده‌ و بێ په‌یوه‌ندی بە بابه‌ت و سناریووە . ئەم قاپ بەندیە ئەبیتە یەکێک لە تایبه‌تمەندیە فۆڕمیەکان له‌ ناو فیلمەکانیا. بۆ نموونە کاتێک کە سەعید جاف لە فیلمی بە من کرێگیراوی سپیم داریک ئەھێنت بۆ دارتاشێک، کامێرا لە ناو دارتاشییه‌کەیە تیغێک یان مشاری بەرقێک له‌ بەردەم کامێراکەدا (فۆرگرانتە) لە قووڵایدا سێبەری دارێک لە سەر دیوارێکە، و لە گۆشەێەکی قاپەکە سەعید جاف بە دارێکی وشک کە لە سەر شانیەتی روو بە کامێرا دێت. یان کاتێک کەسایەتیەکانی فیلمی ھەزارویەک سێو لە سەر چەمەکە ئەوێستن و داوا لە خه‌ڵکانێک کە لەوبەر چەمەکەوە وێستاون ئەکەن کە سێوەکانیان بەرەو بەغداد بەڕێکەن لەم قاپەیدا ئەو قاپ بەندیە ئەبینین.

ئەندازەی هاوێنه‌(لنز) بە پێی بارودۆخ و مەنتقی سناریو و سکانسی فیلمەکان ده‌گۆڕێت، بەڵام لە فیلمە دیکۆمانتەکانی بە ھۆی دۆکیۆمێنت بوونیان به‌کارهێنانی زیاتر لە هاوێنه‌(لنز)ی  نۆرمال و واید ئەبینین بێگۆمان به‌کارهێنانی ئه‌م دوو هاوێنه‌ زیاتر ژیانی واقعی و بارودۆخه‌کان نیشان دەیات و ئاماده‌ بوونی کامێرا وەک واستەیەک له‌بەینی بابه‌ت و بینەر کەمتر ئەکەنەوە،  بۆ نموونە لە فیلمی نان نەوت و من بەکرێگیراوی سپیم، ھەزار ویەک سێو ئه‌وه‌ ده‌بینین. لە فیلمی کوێستانی سپی زۆرتر به‌کارهێنانی لنزی تلە ئەبینین، بێ گۆمان ئەم هه‌ڵبژاردنانه‌ش ئاگاھانه‌ بووە و لە گەڵ بەرێوبەری وێنەگری (کەیوان یوسفی) باسی لێکراوە، بە ھۆی تایبه‌تمەندی چیرۆکی ئەم فیلمە کە باس لە گێرانەوەی مێژووی کوێستانێک ئەکات کە لە زمانی کەسێکی تەنیا بە ناوی فەقێ برایم، نیشاندانی ئەم بارودۆخ و تەنیاییە لە زۆربه‌یی گرتەکانی ئەم فیلمدا کامێرا لە بابه‌تەکە دوور ئه‌که‌وێته‌وه‌، بەڵام لەبەر دەم لنزدا (فۆرگرانت) بە شێوه‌ی لێلی(فلو) بەردەوام کەژ و گیا و درەخت ئەبینین و لە قوڵایی وێنه‌دا فه‌قێ برایم ئەبینین کە لە جووڵە دایە (فووکوس). ئەم شیوەیە دوو گرینگی بە باری مانایی فیلمەکە دەیات، یەکەمیان کاریک ئەکات کە بینەر زیاتر کەسایەتی فه‌قێ برایم بێبینێت و ھەروەھا تەنیایی بارودۆخی ژیانی ئەو کاراکتره‌ نیشان بدات دووھەمیان باری ده‌روونی فیلمەکه‌ نیشان دەدات و تەعلیقێک ھاوکات لە گەڵ مۆنتاژ درووست ئەکات.

تەنھا فیلمێکدا کە جووڵەی کامێرا لە میزانس و دەر‌‌ھێنان بۆی دابین کراوە فیلمی کوێستانی سپیە لەم فیلمەدا بە بەکارھێنانی تراک (تراولینگ و کرین) لە نۆقتەیەکەوە بۆ سەر بابه‌ته‌که‌ یان بە پێچەوانە نیگای کۆ بۆ تاک ھەیە یان تاک بۆ کۆل(جز به‌ کل)، بە کەڵک وەرگرتن لەم ته‌کنیکە ھەوڵ ئەدرێت کە بینەر لە دوو بارودۆخی جیاوازدا بەشداری بکات و باری زەمانی سناریۆکه‌ بەردەوامی پێبدات و لە باری ده‌روونیه‌وه‌ ئارامییه‌ک بدات به‌ بینه‌ر و ده‌رفه‌تی بێت بۆ بیرکردنەوە، بۆ نموونە کاتێک کە شەمالی دۆعا لە مالی سەرھەنگ دانیشتوە سه‌ره‌تای ئەو سکانسە لە وێنه‌ی و سکانسی ناو توالێتی به‌ندیخانه‌وه‌ دەست پێدەکات به‌ندیه‌کە خەریکە بەرامبەر بە کامێرا لەگەل دایکی قسه‌ دەکات کە ھێواش ھێواش کامێرا دێتە دواوە ئەبینین لە ناو مالی سەرھەنگین و شەمالی دۆعاش بەرامبەری دانیشتووە. بۆ نموونە کاتێک کە رەسوڵی فرمێسک نامەو شتومه‌که‌کان بۆ پێشمەرگەکان دە‌ھێنێت بۆ شاخ و ناو ئەشکەوتەکە. لە سکانسی دۆزینەوەی نەسرین کاتی مەلە کردنی بۆ ئەوەی ھەست و ئێحساسی دەروونی رەسوڵی فرمێسک و شەماڵی دۆعا و عەینەدینی دەف نێشان بدات، کامێرا لە فوول شاتی دانه‌ دانه‌ی ئه‌و که‌سایه‌تیانه‌ نیشان بدات ھیواش ئەچێتە پێشەوە تا ئەگات بە کلۆزئاپی روخساریان.

ئەندازەی بەرزی و نزمی کامێرا (لێوێل) بە گشتی لە کۆی فیلمەکانی کاک تەھا بەتایبه‌ت فیلمە دێکۆمێنتەکانی لە بەرچاوایە و کامێرا لە شوێنی رووبەروو بە بابه‌ت و کەسایەتی ناو فیلمەکاندایە (ئای لێول)، بە دانانی کامێرا بەرامبەر بە کەسایەتیه‌کان بارودۆخێکی دۆستانه‌ و بێ واستە دروست ئەکات و هه‌وڵ نادات بە کامێرا بڕیارێک بخاتە سەر لایه‌نی مانایی گێڕانه‌وه‌که‌. ھەرچەند گرنگیه‌کی تایبه‌ت بە گرته‌ی ھای شات (لە سه‌رەوە بۆ خوارەوه‌ روو بە سووژە) لە گشت فیلمەکانیدا دەیات و بەردەوام لە تەک تەکی فیلمەکانیدا ئەبیندرێت، تەنانەت فیلمی ھەزاروو یەک سێو بە ھای شاتەوە دەست پێ ئەکات. کاک تەھا بە نیشاندانی ھای شات قه‌ت هه‌وڵ نادات مه‌به‌سته‌ کلاسیکه‌کەی (ھای.ئەنگڵ) بەیان بکات، واتا ئەوەی کەسانه‌ لاواز و بێدەسەڵاتن بە (ھای.ئەنگڵ) ئه‌بێتە پەنجە مۆری خۆی و حوزوری دەرھێنەر و پەیوەندی خۆی وەکوو دانای کل بۆ  بەرھەمەکەی پێناسە ئەکات. بۆ نموونە کاتێک لە کوێستانی سپی دارمەیتەکە لە ئەسپەکە ئەکەوێتە خواروو ئاو ئەیبات، یا کاتێک سەعید جاف لە فیلمی بەکرێگیراوی سپی لە ژورەکە دانیشتوەو کۆمەلێک وێنه‌ی بە دەوری خۆیەوە داناوە و لە تەلەفیزیۆنەکه‌وه‌ باسی سەدام حوسه‌ین ئەکرێت، یا گەڕانی رەسولی فرمێسک لە کوێستانی قەندیل کاتێک لە ناو درەختەکاندا بە شوێن ناسنامه‌کاندا ئەگەرێت، یا کاتێک کە فەقێ برایم تەرمی شەھیدێک وەر ئەگڕیت و باسی ئەوە ئەکات کە لە فەرھادی کۆری ئەچیت، یا کاتی مەلە کردنی نەسرین ئەزیز لە سکانسی کانییەکه‌ و رۆشتنی لە کانییەکە.



سینەمای دژ بە جەنگ و ئاشتی خواز: 

بێگۆمان لەم لێکۆلینەوەدا ناتوانین ئەوە پشتگوێ بخەین کە بابه‌تی سه‌ره‌کی و ناوەرۆکی زۆربه‌یی فیلمەکانی کاک تەھا جەنگە و ئاسەواری شه‌ڕ و کۆمەڵکوژیە. ئەو ھەمیشە ھەوڵ ئەدات شه‌ڕ و گرژی بە جۆرێک بێ ئاکام و دوور لە مرۆڤایەتی بناسێنت، لە ھەمانکاتدا خۆی لەگەل ڵێقەوماوان و زەرەرمەندانی کۆمەلکۆژی و جەنگ ھاودەنگ ده‌کات و ئاگاھانە دژ بەو روانینە شه‌ڕخوازانە ئەوێستێت و به‌ زمانە سه‌مبولیکه‌‌کەی ھەوڵ ئەدات بینەری خۆی ھان بدات کە تەنیا رێگای ئارامی، ئاشتی و پێکەوەژیانە و لەیەک تێگەیشتنی گەلانی ناوچەکه‌ و خەڵکانی ناو خۆی کوردستانە. ئەو ھاوکات کە زمانە سه‌مبولیکه‌‌کەی داوای ئاشتی و خۆشەویستی ئەکات هه‌وڵ ئه‌دات رخنەگر بێت و پرسیاری دژ بە شه‌ڕ لە کۆمەڵگاکەی بکات. ئەم نیگاو تێڕوانینە لەیەکەم کۆرتە فیلمەکانیه‌وه‌ دەست پێدەکات تا ھەزار و یەک سێو سناریوی زێرینگەری بەغداد به‌رده‌وامه‌. ھەر بەو روانگه‌و ئەندێشەوە ئەتوانین کاک تەھا لە ئاستی سینەماکاران و فیلمسازانی دژ بە جەنگ دانێن. 


پەیوەندی‌دار:

"سێلفی لە گەڵ مەک دۆناڵد"

"دنیا کەمە و زەوی غوبار خوێنت فەرقە و خەڵتانی ژار"

زیزترین پیاسەی ئامێزی شار

شیعرێکی حافز مووسەوی

"mongrel"

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە

راپۆرتەهەواڵ

analis picture

هەپەگە: تەقینەوەکەی جزیرە کاردانەوە بوو بەرامبەر بە بێئاگای لە ئۆجەلان


هەواڵ


دیمانە

Interview Picture

مانناسیی کۆمەڵایەتی زاراوەیەکە بۆ باسکردن و شیکردنەوەی هەموو بوارەکانی پێوەندی نێوان زمان و کۆمەڵ ، جگە لەو بوارانەی

سێ‌شەممە ۲۹نەورۆز۱۳۹۶/ ۱۷:۱۱