سازان کۆتایی سیاسەتە

Friday, July 1, 2016


Philosophie Magazin
لە ئاڵمانیەوە: عامر گوڵی

شانتال مۆف بیریاری سیاسیی سەردەمە. تیۆرییەکەی لە ژێر ناوی "دیموکراسیی رادیکاڵ" کە دەیان ساڵە تێکۆشەرە چەپەکانی خستووەتە ژێر کاریگەریی خۆی، لەم نێوانەدا مۆدێلێکە بۆ حیزبە ئۆپۆزیسیۆنەکان؛ وەک پۆدمووس یان سیرێزا. ئەو لە کتێبەکانیدا لە تێکهەڵچوونی دیمووکراسیانە لاینگیری دەکات و پیشانمان دەدات کە چۆناوچۆن دووژمن دەبێت بە رکابەر.

پەڵە هەورە بارانییەکان، کرۆتزبێرگیان لە ژێر چادرێکی خۆڵەمێشیدا شاردووەتەوە. لەبەر ئەوەش قاتە تەک و سوورەکەی شانتال مۆف روونتر دەدرەوشێتەوە. وەکوو نیشانەیەکی هوشیارکەرەوە، وەک دانپێدانانێک. ئەم توێژەرە بەلجیکیە یەکێک لە کاریگەرترین رخنەگرانی سیاسەتی کاپیتالیستیە، کە لەم رۆژە هاوینییەدا بەبۆنەی پرۆگرامێک لەژێر ناوی "حەوتووی داهاتوو" کە یەکێک لە حیزبە چەپەکان ئۆرگانیزەی کردووە لە بەرلین نیشتەجێیە. بەو کتێبانەی نووسیویەتی، وەکوو "هەژموون و دیمووکراسیی رادیکاڵ"، بەشێوەیەکی گشتگیر لە سەرتاسەری جیهاندا ئەکادیمیسیەن و چالاکانی خستووەتە ژێر کاریگەری خۆیەوە. بنیاتنەرانی حیزبی پودمووس، کەوا شانتال مۆف بە شەخسە چەند کەسیان دەناسیت، لە پراتیکدا کەڵک لە نووسراوەکانی وەردەگرن. و هاوکات لە ستراتیژی حیزبی یونانیی سیریزا تیۆری و تێفکرینەکانی شانتال مۆف بە روونی دیارە. لەم چەند مانگە قەیراناوییەی سالی ٢٠١٥ دا کە ئەورووپا نائومێدانە وەدووی سازانێکی قورس و قاییم دا دەگەڕێت، شانتال مۆف وەکوو تێوریسیەنی کیشمەکێشە پێویستەکان و تەنانەت وەکوو فیلسووفی سەردەم دەردەکەوێت. لەبەر ئەوەش دەکرێت شانتال مۆف، کە ئیستا لە زانکۆی وێست مینیستیردا وانە دەڵێتەوە، وەک رادیکاڵێکی رێال وەسف بکەین. رادیکاڵە لەبەر ئەوەی کە ئەو لە کتێبەکانیدا لەلایەکەوە پشتیوانی لە چەپە بەهێز و کێشمەکێشخوازەکان دەکات، لەولاشەوە ئاشکرا دوورەپەرێزە لە تێفکرینی کۆمەڵایەتیی هابرماسی. رێالیشە لەبەر ئەوەی کە ئەو بەرانبەر بەو گرووپە ئارمانگەرایانەی دەوەستێتەوە کە داوای وەرگەڕانی یەکجاریی سیستەمن، وەکوو ئەو شتەی کە ئانتۆنیۆ نێگری یانیش ئالێن بادیۆ تا ئەندازەیەک بڕوایان پێیە. شانتال مۆف بڕوای بە چەپێکە کە لەگەڵ رۆحی سەردەمی نیولیبراڵدا تێکەڵ نەبێت و هاوکات واقیعی سیاسیی پێی قبووڵ بێت. کەواتە نووسراوەکانی نەک شوێنکەوتووی شۆڕش، بەڵکوو شوێنکەوتووی هەژموونن: تێکۆشانی بەردەوام بۆ پێکانی ئامانجێکی رزگاریخوازانە.


نوسراوەکانی ئێوە لە ژێر کاریگەریی دووالیسمێکی تایبەتدایە، کە ئەستەمە تێکەڵاوی تیورییە سیاسیەکان ببێت. لەلایەک رەنگدانەوەیەکی تەواو فەلسەیی هەیە، لەلایەکی ترەوە بەشێوەیەکی بەرچاو دێتە ناو ستراتیژییە سیاسییەکانەوە.

ئەوەی من دەیکەم لە تیور و عەمەڵدا هاوتەریبە. سەرچاوە و بزوێنەری تێفکرینە تیوریکەکانی من بابەتە عەمەڵی و سیاسییەکانن. هیچکات لەبەر تیوری نیە کە خۆم بە تیورییەوە تێوەدەگلێنم. لە کتێبی " هەژموون و دیمووکراسیی رادیکاڵ"یش، کە لە ساڵی ١٩٥٨ لەگەڵ ئێڕنێست لاکلائۆ نووسیمان، هەر وا بووە. مەشخەڵەی فیکریی ئێمە ئەم پرسیارە بوو کە چۆناوچۆن چەپەکان لەگەڵ دیاردەیەک وەکوو فێمێنیسم، جووڵانەوەی ژینگە و یانیش لێزبییەن و گەیەکان پێکەوە دەگونجێن. لەبەر ئەوەی کە نەدەکرا ئەم جووڵانەوە نوێیانە لە چینی سونەتیی جووڵانەوەی کرێکاریدا جێبکرێنەوە، لە روانگەی چەپەکان دا نوقسانێک هەبوو، ئەویش ئەوە بوو کە چۆناوچۆن دەبێ لەم پەیوەندییەدا رەفتار بکەن.

لە ژێرنووسی کتێبەکەدا هاتووە کە: "بەمەبەستی بنەماشکێنیی مارکسیسم". "مارکسیسم بۆ بنەماشکێنی" چ واتایەکی هەیە؟

ئێمە دژ بە مارکسیسم بەڵگەمان نەهێناوەتەوە، ئێمە تەنها لەو باوەڕەدا بوویین کە لە کارەکانی مارکسدا بۆ هەموو شتێک وڵامێک بوونی نییە. ئایدیاکە ئەمە بوو کە پڕۆژەی سوسیالیسم دەبێ لە توانی دا بیت کە هەموو ئەم جووڵانەوە نوێیانە لە خۆ بگرێت. ئێمە لەخۆمان دەپرسی کە چ شتێک دەبیتە کۆسپ و تەگەرە بۆ ئەوەی چەپەکان نەتوانن لەگەڵ ئەم جووڵانەوانەدا پەیوەندی ساز بکەن؟ ئەمە ناکارامەیی چەپەکان بوو لەوەی کە نەیاندەتوانی دەرک بە شێوەیەکی ئانتاگۆنیسمی کۆمەڵایەتی بکەن و لە کۆبەندی چەمکەکانیاندا بوونی نەبوو. ئێمە لەسەر زاتباوەڕیی چینایەتی قسەمان دەکرد و مەبەستمان ئەو گریمانەیە بوو کە وشیاریی سیاسی دەبێ هەمیشە دەوری خۆی لە پرۆسەی بەرهەمهێنان دا بەجێ بێنێت. واتا هوشیاری وەک شتێکی زاتباوەڕانە دەردەکەوت، کە بە دڵنیاییەوە دەبوو وەکوو شێوەیەک لە سووژایەتی سەداسەد ئاشکرا ببێت. ئێمە ئەم زاتباوەڕییەمان دەخستە ژێر پرسیارەوە. بۆ ئەم مەبەستەش تیۆریی پاشساختارگەرایی لامان شتێکی باش بوو. لەگەڵ کارەکانی لاکان، فۆکۆ و کەسانی دی کارەکانی دریداش بۆمان گرینگ بوون، بەڵام زیاتر لە هەرشتێک بیرۆکەکانی هێنڕی ستاس لەژێر ناوی "دەرەوەی بەرهەمێنەر (konstitutives Außen)" لامان گرینگ بوون.

ئەمە بە چ واتایەک دێت؟

هەموو شۆناسێک دەرهاویشتەی جیاوازییە. بۆ ئەوەی شۆناسێکت هەبێت دەبێ ئەو شۆناسە لەگەڵ ئەو شتەی لەدەرەوەیە لێک جیا کەیتەوە. و دەرەوەش پەراوێز نیە، بەڵکوو شتێکی بنیاتی و بنەڕەتییە. ئەمە بەو واتایە دێت کە هیچ شۆناسێک بەتەواوی لەخۆیەوە سەرچاوە ناگرێت. هەر شێوەیەک لە شۆناس بەناچار توخمێکی نەرێکاری تێدایە. وەها ئەمرێکی نێگاتیڤی رادیکاڵ بە شیوەی ‌هێگێلی یان مارکسی چارەسەر نابێت و بۆ وەسفی ئەم تێڕوانینە ئێمە چەمکی ئانتاگۆنیسممان ناساند.

لەپەنای ئانتاگۆنیسم دوو چەمکی سەرکیی تر لە کارەکانی ئێوەدا هەیە. نامسۆگەری- ئەو چەمکەی کە لە فەلسەفەی کلاسیک دا رووداوەکان شی دەکاتەوە، کە لەرووی مەنتیقەوە نە پێویستە و نە مەحاڵ.

لەبەر ئەوەی ئانتاگۆنیسم بەتەواوی لەناو نابردرێت، روونە کە ناتوانێت کۆڵەکەیەکی قورس و قایم بێت بۆ تێز و تێفکرینەکان. هاوکات ناتوانێت یاسامەندییەکی مێژوویشی هەبێت، وەکوو ئەو شتەی لە تیۆریی مارکس دا هەیە یان وەکوو ئەو شتەی کە پاش بەربڵاوبوونەوەی رۆحی جیهان پاش هێگل دەیبینین. لەبەر ئەمەش نامسۆگەری بۆ ئێمە بووەتە چەمکێکی ناوەنیدی و سەرەکە.

چەمکی دووەم هەژموونە.

هەموو نەزمێک پێکهاتەیەکی پێویست و ناجێگیری هاوسەنگیی هێزە. هاوکات ئێمە پێویستمان بەوەیە کە لە ناو نەزمێک دا بژین، و ئەمەش هەمیشە پەیوەندی هەیە بەو هەوڵە هەژموونیکانەوە بۆ داڕشتنی فۆرمێکی نامسۆگەر لە نەزم.

کاتێک ئێوە لەبارەی ستراتیژی نارەزایەتی سیاسی دەنووسن، پێش هەر شتێک کەڵک لە چەمکی زنجیرەی هاونرخی وەردەگرن، مەبەستتان لەوە چییە؟

پێشنیاری ئێمە لە کتێبی "هەژموون و دیمووکراسیی رادیکاڵ"دا ئەوەیە کە، پڕۆژەی سۆسیالیستی دەبێ سەر لەنوێ وەک رادیکاڵیزه کردنی دیمووکراسی فورمووڵە بکرێتەوە. ئێمە پێمان وایە کە پڕۆژەی سۆسیالیستی تەنها بۆ پێکانی ئارەزوو و ئامانجەکانی چینی کرێکار نییە، بەڵکوو پێمان وایە ئەمە زنجیرەیەکی هاونرخە لە نێوان جووڵانەوە جیاوازەکاندا. بۆ ئەم مەبەستە تێکۆشانی چینی کرێکار گرینگە، بەڵام بەهەمان قەبارە تێکۆشانی فێمێنیستەکان و جووڵانەوەی ژینگەش گرینگن. لەبەر ئەوەیە کە پڕۆژەی سۆسیالیستی رێگایەک دەبێ بۆ یەکگرتنی هەموو ئەو خواست و ئامانجانە. بۆ پێکهێنانی ئاوەها زنجیرەیەکی هاونرخ دەبێ شۆناسە سیاسییەکان بگۆڕدرێن. لەبەر ئەوەی کە ئەم زنجیرەیە بەرەیەکی سادەی هەمەرەنگ نییە، کەواتە فۆرمێک لە یەکگرتنی چینایەتیش نیە. بۆ پشتیوانی لە سیاسەتێکی رزگاریدەر دەبێ ئیرادەیەکی جەمعی پێک بێت، کە جووڵانەوە جیاوازەکان خۆیان لێی ببیننەوە و لە ژێر ئەو چەترەدا خۆیان فرمووڵە بکەن. هەڵبەت وەک بنەڕەتی شۆناسی سووژەی سیاسی دەبێ هەموو هاونرخ بن، بەواتایەکی تر هەموو بە یەک قەبارە بایخیان هەبێت.

ئایا ئەم پرۆسەیە بۆ پێکهێنانی سووژایەتیی سیاسی ئامانجێکی دیاریکراوی هەیە؟

ئێمە سوورین لەسەر ئەوەی کە ئەم پرۆسە خاڵی کۆتایی نییە. شتێک بەناوی گەییشتنی یەکجاری بە شۆناسی سیاسی هیچکات بوونی نییە. دیمووکاراسیی رادیکاڵ دۆخ نییە، ئێمە لە هیچ شوێنێک مۆدێلێک پێک ناهێنین بۆ ئەوەی کە بڵێین ئێمە فۆرمێکی نوێی دیمووکراسیمان هەیە. لەبەر ئەمەیە کە بەڕای من فرمووڵی دیمووکراسیی دریدا (a venir)  زۆر باشە. ئەو ناڵێت کە ئێستا ئێمە گەیشتووین بە دیمووکراسی. ئانتاگۆنیسم هیچکات لە کۆمەڵگادا لەناو ناچێت و بابەتێکی هەبوونناسانە یان ئۆنتۆلۆژیکە. هەموو فۆرمێک لە سووژایەتی توخمێکی نەرێکاری تێدایە. کێشەی مارکسیسم ئەوەیە کە سەرەڕای ئەوەی کە تێدەگات کە ئانتاگۆنیسم چییە بەڵام وەکوو خەباتێکی چینایەتی لێی تێ دەگات و بۆ خۆی دۆخێک رێک دەخات کە لەو دۆخەدا دەکرێت ئانتاگۆنیسم کۆتایی پێبێت.

بەڵام رخنەی ئێوە لە مارکسیسم وا ناکات کە ئێوە هەست بکەن کە بازار ئازادی لیبراڵیستی شتێکی باشە، بۆ؟

پاش ئەوەی کە ئێمە کتێبی" هەژموون و دیمووکراسیی رادیکاڵ"مان نووسییەوە، من لە خۆمم دەپرسی کە چۆناوچۆن دەبێ دامودەزگا دیمووکراتیکەکان درووست بکرێن بۆ ئەوەی بتوانین دیمووکراسی رادیکاڵ بکەینەوە. بۆ ئەم مەبەستە من مۆدێلە باوەکانی دیموکراسییم لە تیورییە سیاسیەکاندا و لە زانستە سیاسییەکاندا هەڵسەنگاند و گەییشتم بەم دەرئەنجامە: لە زانستە سیاسییەکاندا مۆدێلی دیمووکراسیی جەمعی دەستی باڵای هەیە و لە تیورییە سیاسییەکانیشدا دیمووکراسیی شوورایی. لێەرەدا بوو کە من رخنەم لە لیبێرالێزم هەبوو. لەڕاستیدا لە لیبێراڵیسم دا تیورییەکی راستەقینەی سیاسیمان بەرچاو ناکەوێت. ئەو کاتە هموومان لەسەر ئەو رایە بوویین کە مارکسیسم تیورییەکی سیاسیی ماقوول پیشنیار ناکات. بەڵام لیبراڵیسمیش بەهەمان شێوە بەدەگمەن تیورییەکی سیاسی پێشنیار بکات. لیبراڵیسم چارەسەر نییە بۆ ئەو بابەتانەی مارکسیسم باسی لێوە کردن.

لەو رخنانەی لە لیبێراڵیسم دەیگرن دەگەن بە فیلسووفێکی  راستخوازی وەک کارل شمیتی. کام لایەن لە تیورییەکەی شمیت بۆ ئێوە گرینگە؟

بەباوەڕی شمیت، ئەستەمە لیبراڵیسم لە سیاسەت تێبگات. کاتێک کە لیبراڵەکان هەوڵ دەدەن لە سەر سیاسەت بدوێن، ئەوان لە چەمکە ئابووری و تەنانەت ئەخلاقیەکانیش کەڵک وەردەگرن. کارل شمیت ئەمەی لە دەیەی ٢٠ دا وتووە، بەڵام لە هەشتاکانیش هەر بەم شێوەیە بوو. مودێلی دیموکراسیی جەمعی هەوڵێکە بۆ دەرک کردنی دیمووکراسی لە قاڵبی چەمکە ئابوورییەکاندا. تەنانەت سەردێری کتێبێک لە ئانتۆنی داونس "تیورییەکی ئابووری دەربارەی دیمووکراسی"یە؛ ئەو لە گرینگترین داکۆکیکەرانی ئەم رەهەندەیە. داونس لە سیاسەتدا بە کردەوە تەنها ئەو کەسانەی لەبەر چاو دەگرت کە دەیانویست سوودی خۆیان لەبەرێکەوە زیادتر بکەن. لەم بارەیەوە دەکرێت لەزمانی هابرماسەوە ئەمە بڵێین: ئەمە دەرکێکی تەواو ئامرازگەرانەیە لە دیمووکراسی.

و مۆدێلی دیمووکراسیی شوورایی چۆن؟

لەبارەی مۆدێلی شوورایی من لەو بڕوایەدام کە لە سیاسەتی دیمووکراتیک دا باسەکە تەنیا لە پترکردنی سوود تاک زیاترە. بەڵام کێشەی هەر دوو مۆدێلەکە لەوە دایە کە ئانتاگۆنیسم وەکوو شتێک کە ناکرێت تێک بچێت سەیر ناکرێت. هەردووکیان لەو گریمانەیەدان کە سازانێکی گشتگیر مەیسەرە؛ یەکێکیان بە روانگەیەکی ئامرازگەرایانە و ئەوی تریان بە مەنتقی شوورا. کۆڵەکەی هەردوو مۆدێلەکە تاکگەراییە. بەلام لە سیاسەتدا ئێمە هەمیشە لەگەڵ شۆناسە جمعییەکاندا رووبەڕوو دەبین. لیبێراڵیسم چەندە دان بە جەوهەری هەژموونیکی هەر شێوەیەک لە نەزمی کۆمەڵگادا دەنێت هەر ئەوەندەش ئەم بابەتەی پێ قبووڵە. ئەم دوو مۆدێلە نە ئانتاگۆنیسم و نەش هەژموونیان پێ دەرک ناکرێت.

ئێوە دەڵێن هەر دوو مۆدێلەکە هاندەرە(Leidenschaft) سیاسییەکان لە خۆ ناگرن. بۆچێ ئەم بابەتە گرنگە؟

من لە وشەی هاندەر کەڵک وەردەگرم چونکە دەمەوێت لەو رێگەوە جۆرێکی تایبەت لە هەست وەسف بکەم. لە سیاسەتدا لە هەستگەلێکی باو کەڵک وەردەگریردرێت، تەنانەت بۆ رێکخستنی شۆناسە جەمعییەکان زۆر یەکلاکەرەوەن. بەڵام هیچکام لەم دوو مۆدێلە ئەمە ناخەنە بەر چاو. بەواتایەکی وردتر ئەوان لە هەوڵدان کە هەست لە سیاسەت ببڕن، چونکە لای ئەوان ئەمە هەڕەشەیە لە سەر دیمووکراسی، کەواتە دەبێ لە چوارچێوەیەکی شەخسیدا بمێنێتەوە. لەم رووەوە شۆناسە سیاسییەکان هەمیشە شوورایین و ئەبێت ئاگامان لەوە بێت کە لە سیاسەتدا بێ ئەوەی دڵنیا بین لەوەی کە "ئەوان" کێن ناکرێت"ئێمە" درووست بکرێت. "ئێمە"ی بێ "ئەوان" بوونی نییە. ئەمە لە کارەکانی شمیت و بە تایبەت لە مۆدێلی دۆست-دوژمن-پەیوەندیی ئەودا بەرچاوە.

رخنەگران دەڵێن کە شمیت لەژێر ناوی"مافناسیی رایشی سێیەم" تیورییەکی فاشیستیی خستووەتە روو. ئێوە چۆناوچۆن ئەمە هەڵدەسەنگێنن؟

شمیت بۆ من بەواتای رووبەڕووبوونەوەیەکی سەختە. ئەگەر بەتاک لەگەڵ گریمانەکانیدا هاوڕا بم، بەڵام لەگەڵ خاڵی کۆتاییاندا هاوڕا نیم. شمیت بانگەشەی ئەوە دەکات کە، لەبەر ئەوەی کە ناکرێت دیوە ئانتاگۆنیستییەکان وەکوو بەشێکی رەوای پەیوەندیی سیاسی قبووڵ بکەین کەواتا دیمووکراسیی پلۆراڵ وەکوو فۆرمی حکوومەت لەجێی خۆیدا نییە. ئەو دەڵێت کە ئەم فۆرمە هەمیشە دەبێتە هۆکاری شەڕی ناوخۆ. سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە هابرماس لەم بابەتە لەگەڵ شمیتدا هاوڕایە. هابرماس دەبێ پاش ئەم وتەیە نکۆڵیی لە ئانتاگۆنیسم کردبێت: "ئەوەی کە ئانتاگۆنیسمی قبووڵ بێت ناتوانێت لەخەیاڵی دیمووکراسییەکی پلۆرال دا بێت". شمیتیش ئەمەی وتووە. کەواتە شمیت حاشای لە ئەگەری دیمووکراسیی پلۆراڵ و هابرماس لە ئانتاگۆنیسم کردووە.

 ئەمە بەو مانایە دێت کە ئێوە لەوبڕوایەدان لە دەکرێت پێشفەرزەکانی شمیت لەبەرچاو بگیرێت و هاوکات لە دیمووکراسیی پلۆرالیش داکۆکی بکرێت؟

بەڵێ وایە، چونکە ئامانجی من رەتکردنەوەی دیمووکراسیی لیبراڵ نەبوو، بەڵکوو شێوەی فۆرمووڵە کردنە سیاسییەکەیەتی. بە بڕوای شمیت ئانتاگۆنیسم جیاوازیی نێوان دۆست و دوژمنە. ئەو دەگاتە ئەو قەناعەتەی کە ئانتاگۆنیسم لە سیاسەتدا تەنها لە فۆرمی دۆست و دوژمندا دیتە روو. کەواتا دوژمن تەنها بۆ لەناوبردن دەبێت. لە بارودۆخی تێکهەڵچووندا، کەشێکی هاوبەشی هێمایین بوونی نییە. ئانتاگۆنیسم تەنها ئەم فۆرمە لە خۆ دەگرێت و لە کردوەشدا ناکرێت لە رەوتی پەیوەندیی دیمووکراتیکدا رەوایی پێ ببەخشرێت. منیش کێشەم لەگەڵ ئەوەدا هەیە کە بکرێت ئانتاگۆنیسم بە فۆرمێکی دی دەرکەوێت. من ناوی ئەم فۆرمەی ترم ناوەتە ئاگۆنیسم. کاتێک لە تێکهەڵچونێکدا هیچ نێوەندگیرێکی لۆژیکی مەیسەر نییە، و ئانتاگۆنیسم لەئارادایە، ئاگۆنیسم بەو واتایە دێت کە لایەنەکان نە وەک دوژمنێک سەیر بکرێن کە دەبێ بسڕدرینەوە، بەڵکوو دەبێ وەک رکابەر سەیر بکرێن. بەم شێوەیە رکابەر دوژمنێکی رەوایە: دوژمنێک کە ئێوە دان بەوەدا دەنێن کە ئەویش مافیەتی کە بەرگری لە بیروباوەڕی خۆی بکات. بەم شێوەیە کێشمەکێشەکان بە شێوەیەکی دیموکراتیک دەڕۆنە پێش.

ئەم مۆدێلە ئاگۆنیستییەی دیمووکراسی لە کوێی کردەوەی سیاسیدا دەردەکەوێت؟ بۆ نمونە ئانگێلا مێرکێل لەبەر ئەوەی کە هیچ ئەلترناتیڤێک بوونی نییە رەوایی بە سیاسەتی خۆی دەدا؟

بۆ سیاسەتێکی ئاگۆنیستی پێویستمان بە تێکهەڵچوونێکی واقیعیانەی نیوان ئەڵترناتیڤەکانە. بەشێوەیەکی سونەتی ئەم تێکهەلچوونە بە تێکهەڵچوونی نیوان راست و چەپ دژی یەکتر وەسف کراوە. بەڵام ئێستا ئێمە لە سەردەمی پۆستسیاسیدا دەژین. ئەمە ئاکامی سیاسەتی" رێگای سێهەم"ە کە سەرەتا تۆنی بلێر لە ئینگلتەرا، پاشان شرۆدێر لە ئەڵمانیە و دواییش زاپاترۆ لە ئسپانیا نوێنەرایەتییان دەکرد. حیزبە سوسیال دیمووکراتەکان لەگەڵ ئەم بابەتە کە بۆ جیهانیبوونەوەی نیولیبراڵانە هیچ ئەڵترناتیڤێک نییە را هاتوون. هەموو ئەو شتەی ئەوان پێشنیازی دەکەن هەمان جیهانیبوونەوەی نیولیبراڵانەیە، بەڵام تا رادەیەک مرۆڤانەتر؛ هەندێک عەداڵەتی دابەشکارانە، بەڵام هیچ مۆدێلێکی ئەڵترناتیڤ لە ساحەدا نییە. ئەمە هەمان هۆکارە کە بۆچی ئەمرۆکە هیچ باسێکی ئاگۆنیستی بوونی نییە و بۆچی مۆدێلی دیمووکراسیی هاوچەرخ لە قەراندایە. لەبەر ئەوەی کە ئایدیۆلۆژیای " رێگای سێهەم"یش پۆپۆلیسمی راستگەرای هاوچەرخی پێ قبووڵە.

چۆن بەم قەناعەتە گەیشتن ؟

ئەو شتەی پێش دە ساڵ منی هاندا کتێبی " لەبارەی ئەمری سیاسی" بنووسم، سەرکەوتنی یۆرگ هایدەر و حیزبەکەی (پارتی ئازادیی نەمسا)  بوو. من دەمەویست بزانم هۆکارەکانی ئەم سەرکەوتنە چین. و گەییشتم بەو قەناعەتەی کە "بەشداریی کۆمەڵایەتی" ، بەرەیەکی گەورە و گاریگەریی بەردەوامی نەبوونی ئەڵترناتیڤ لە نەمسا، زۆر هاوکاری راستەکان بوو. ئەو کاتەی راستەکان و چەپە میانەکان لە بنەڕەتدادا یەک سیاسەتیان هەیە، خەڵک حەزیان لە سیاسەت نامێنێ و لە هەڵبژاتنیش دوورەپەرێز دەبن. پاشان شۆناسە هاوبەشەکان ئیتر خۆیان لە فۆرمێکی سیاسیدا نابیننەوە. بابەتی هایدەر ئاشکرایە. کەسانێک بوون هەستایان دەکرد کە لە سیستەمی سیاسی خراونەتە پەراوێزەوە. لەم کاتەدا بوو کە هایدەر پێڕاگەشت و وتی: لێرەدا ئێوە ئەڵترناتیڤێکت نوێتان هەیە، من بژاردەیەکی تر دەبەخشم بە هاوڵاتیان. لەم کاتەدا بوو کە بە تەقلید لەم مۆدێلەوە، لە تەواوی ئەورووپادا حیزبە راستگەرا و پۆپۆلیستەکان رێکخران.

کەوایە بانگهێشتی ئێوە بۆ سیاسەتی رادیکاڵ لەبەر ئەوەیە. بەڵام مەبەستتان چییە؟ شۆڕش؟

سیاسەتی رادیکاڵ و شۆڕش لای من وەکوو یەک نین، چونکە روانگەی ئێستای دیمووکراسیی رادیکاڵ خستنە ژێر پرسیاری تێڕوانینی یاکووبی، مارکسیستی و یان لێنینیستییە- لانیکەم لەو کۆمەڵگەیانەدا کە ئێستا دامودەزگای دیمووکراتیکیان هەیە. من ناڵێم ئیتر پێویستمان بە شۆڕش نییە. لەو کۆمەڵگەیانەی کە بناخەیەکی دیمووکراتیکیان نییە، دەکرێت کە رووخانی دامودەزگا حکومییەکان لەڕێی شۆڕشەوە شتێکی زەروور بێت. سیاسەتی رادیکاڵ لە هەوڵی ئەوەدایە کە پەیوەندییەکانی دەسەڵات بگۆڕێت. لەو شوێنانەی دامودەزگای دیمووکراتیک بوونیان هەیە دەبێ پڕۆژەی رزگاریدەر وەکوو رخنەی هەمیشەیی سەیر بکرێت. دەبێ ئەم دامودەزگایانە رادیکاڵ بکرێن و فۆرمی نوێی پەیوەندیەکانی دەسەڵات و شۆناسی سیاسی درووست بکرێن.

ئایا ئێوە ئێستا لە شوێنێک شێوەیەک لەو پرۆژە رزگاریدەرانە دەبینن؟

تا ساڵی ٢٠١١ ناڕەزایەتی دژی سازانی میانە زیاتر لە لایەن حیزبە راستە پۆپۆلیستەکانەوە بووه. بەڵام لەگەڵ هاتنە ناو کایەی بزووتنەوەگەلێک وەکوو ئێکۆپی لە ئەمریکا و ئیندیگنادۆس لە ئسپانیا بەرخوەدان لە رێرەوێکی پێشکەوتووەوە دەستی پێ کردوە. سەداسەد ئەمە لای من ئەرێنییە. بەڵام ئەو شتەی منی لەم جووڵانەوانە دڵگران کردووە ئەوەیە کە نایانەویت حیزبی سیاسی قبووڵ بکەن. گەلێک بزووتنەوەمان بینی کە تەنیا لەبەر ئەوەی نەیانتوانی خۆیان لە فۆرمە سونەتییەکانی سیاسەتدا فۆرمووڵە بکەن شکستیان هێنا. زۆر گرنگە پەیوەندییەک لە نێوان هەڵسووکەوتی ستوونی و ئاسۆیی، واتا هاوکارییەک لەنێوان حیزب و جووڵانەوە کۆمەڵایەتییەکان دا، پێک بهێنریت.

لەم پەیوەندییەدا مەبەستتان حیزبی ئسپانیایی پودمووسە؟

پودموس نموونەیەکی باشە بۆ ئەم پەیوەندییە. ئەم حیزبە لەلایەن سێ پرۆفیسۆری زانستەسیاسییەکان دامەزراوە(ژووان کارلۆس، پابلۆ ئیگلسیاس، فنیگۆ ئرژۆن) کە پێشتر هاوکارییان لەگەڵ ئیندیگنادۆسدا هەبووە، بەڵام لەگەڵ شێوەزاری ئەم بزووتنەوەیە کە تەنها لە دەرەوەی پەرلەمانە هاوڕا نەبون. ئەو کاتەی کە حیزبی راسگتەرا و موحافیزەکاری خەڵک، سەرەڕای بوونی بزووتنەوەی ئیندیگنادۆس هاتنە مەیدانەوە، ئەوان بڕیاریان دا کە دەبێ کارێک بکەن. وەها بوو کە لە ژانوییەی ٢٠١٤ دا پودمووسیان دامەزراند و لەیەکەم هەنگاودا پێنج کورسی پەرلەمانی ئەورووپایان بەدەست هێنا. لەو کاتەوە تا ئێستا پێگەیان لەناو خەڵکدا روو لە هەڵکشانە و لە هەڵبژارتنی پاییزی ئەمساڵی ئسپانیاشدا شانسی بەدەست هێنانی دەسکەوتێکی سەرنجڕاکیشیان هەیە. بەبڕوای من سیاسەتی رادیکاڵ دەبێ ئاوەها دەرکی پێبکرێت: وەکوو پەیوەندییەک لە نیوان بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە لایەکەوە و فۆرمێکی ئۆرگانیزەکراوی حزبێک لەلایەکی ترەوە.

ئەی حیزبی سیرێزاتان پێ چۆنە؟

سیریزاش حیزب-بزووتنەوەیە. ئەم حیزبە پڕۆژەیەکی هەژموونیکی دیاریکراوی هەیە؛ گۆڕانێکی راستەقینە لە سیستەمدا. کاتێک تێدەفکرم کە سیاسەتی رادیکاڵ دەبی چۆناچۆن بێت، سیرێزا و پودمووس وەکو دوو نموونە دێنە بەرچاوم؛ هاوکارییەکی نێوان بزووتنەوەیەکی رادیکال و حیزب. ئەمە لای من چەپی پۆپۆلیستییە.

ئێوە "پۆپۆلیسم"ێکی نوێتان دەوی؟

سیاسەت هەمیشە بە مانای دانانی سنوورە. کەواتا هەر سازانێکی میانەڕەوانە کۆتایی سیاسەتە. ئێستا ئێمە پێویستمان بە شێوەیەکی دیکە لە سنووردانانە، سنووردانانێک کە خۆی لەسەر "خەڵک" (die Menschen) سانتراڵیزە دەکات. دوو هۆکار هەیە بۆ ئەمە: هۆکاری یەکەم ئەوەیە کە جیاوازیی نێوان چەپ و راست زۆر کاڵ بووەتەوە، چونکە حیزبە چەپەکانی پێشۆ زیاتر خۆیان بەلای راستدا شۆڕ کردووەتەوە. هۆکاری دووەمیش ئەو گۆڕانەیە کە فۆرمی نوێی بازاڕی سەرمایە لەگەڵ خۆی هێناویە. لە رابردوودا کاپیتالیسم تەنها رووی لە دنیای کار بوو، بەڵام ئەمڕۆکە هەموو کون و درزێکی ژیانیش گرتووەتەوە. کەواتا پڕۆژەی رزگاریدەر نابێت تەنها خۆی لەسەر چینی کرێکار ورد بکاتەوە، بەپێچەوانەوە، بەم کارەش دەتوانن خەڵکانی زیاتر لەدەوری خۆیان کۆبکەنەوە. ئەمە رای منە، کاتێک باس لەسەر سنووردانانێکی پۆپۆلیستی لەنێوان خەڵک و دامودەزگای ئیداریە. مەبەستی من لە پۆپۆلیسم ئەو شتەیە کە ئێڕنێست لاکلائۆ باوەڕی پێیە. ئەو لە کتێبەکەیدا بەناوی" لەبارەی مەنتقی پۆپۆلیستییەوە" دژی بڵاوکردنەوەی ئەم باوەڕەیە کە پێی وایە پۆپۆلیسم و ستراتێژییە درۆزنانە و خەڵکفریودەرانەکان وەکوو یەک وان. پۆپۆلیسم شێوەزارێکە بۆ رێکخستن و دانانی سنوورێک – بەڵام نە لە لەڕێی چینێکی تایبەتەوە، بەڵکوو بەکەڵکوەرگرتن لە بابەتێکی خەڵکپەسەند.

کەواتا پڕۆژەی نوێی چەپ کۆکردنەوەی خەڵکە لە چوارچیوەگەلێکی تەواو جیاوازدا؟

لە ئێستادا دەبێ سنوورەکانی خەڵک بە شێوەیەکی هاوبەش دابنرێن، سنوورگەلێک کە لە ژێر کونتڕۆڵ و دەسەڵاتی جیهانیبوونەوەی نیولیبراڵانەدا نەبێت. لەهەر کوێ کە چەپ لەم بابەتە تێنەگات، هەڕەشەی سەرکەوتنی پۆپۆلیسمی راستگەرا هەیە، چونکە ئەوان سنوورەکانی خۆیان دیاری کردووە. نابێت ئێمە گۆڕەپانەکە بۆ پۆپۆلیسمی راستگەرا جی بهێڵین، بەڵوو دەبێ ئێمە خەڵک بە جۆرێک جیا لەوەی کە پۆپۆلیسمی راست دەیەوێت بەرهەم بێنین. لەبەر ئەوەی کە "خەڵک" نەک بابەتێکی زاتباوەڕانە، بەڵکوو پێکهاتەیەکی سیاسییە. گەورەترین رووبەڕووبوونەوەی هەنووکە دۆزینەوەی پێکهاتەیەکی سیاسیی چەپە، بۆ "خەڵک".


پەیوەندی‌دار:

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە