بابەتی گەرم:

پەنابەرانێک کە کوردن و رێگەوبان و زێرابی ژاپۆن چاکدەکەن

Thursday, August 18, 2016



سەرچاوە: Reuters
وەرگێڕان لە ئینگلیزییەوە: NNSROJ

سەرەرای پێداگری بەرپرسانی ژاپۆن بۆ گەڕانەوەیان، پەنابەرانی کورد بێ ئیجازە لە پڕۆژە حکومییەکاندا کار دەکەن. ئەوەش بووەتە هۆکاری ئەوەی حکومەتی ژاپۆن بەمەبەستی بچوکردنەوەی بازاڕی کاری ڕەش، سەرقاڵی دانانی یاسای چەتوون و توند بێ سەبارەت بە پرسی پەنابەران.

وەرابی، ژاپۆن - "مەزڵوم بالی بەی" سەرقاڵی کاری قیرکردنی رێگەوبان، هەڵکەندنی زێراب و ڕاکێشانی ئاووانە(بۆڕی)، هەموو لەبەر ئەوەی حکومەتی ژاپۆن ئەوی ناوێت.

بالی بەی پەناخوازێکی کوردی موسوڵمانی ٢٤ ساڵەیە، هەشت ساڵ لەوەپێش لەکاتێکدا کە هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی تورکیا دووای ئەشکەنجەی باوکی بنەماڵەیەکەیان خستە ژێر گوشار و بەدواداچوون، پەنای بۆ ژاپۆن هێنا و لەوکاتەوە تا ئێستا بەپێی حوکمی ئیدارەی پەنابەران لە ئازادی کاتی دایە؛ داواکاری پەناخوازییەکەی وڵام نەدراوەتەوە و هەر ئێستا ئەگەری ئەوەی هەیە بێن و بیگرن.

بەڵام ئەم کۆسپانە نەبووەتە رێگر لەبەردەم بالی بەی بۆ کارکردن لە پڕۆژە حکومییەکاندا، کە پێویستی بە هێزی شان و ملی کەسی وەکوو ئەو هەیە، هەرچەندە بارودۆخێکی ناگونجاویشی هەبێت.

بالی بەی دەڵێت" ژاپۆن دەڵێ ئێوە نابێ کار بکەن. بەڵام هەموو کەس دەزانێ ئەگەر پەنابەرەکان نەبن ئەم وڵاتە بەرەورووی کێشە دەبێتەوە ... . پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بە کۆتایی ناگەن، چوون ئەو وڵاتە بەڕادەی پێویست کرێکار تێدانییە و گەنجانی ژاپۆنی توانای ئەنجامدانی ئەمجۆرە کارانەیان نییە، حکومەت باشتر لە هەموو کەس ئەوە دەزانێت".

دوو برای بالی بەییش بێ هەبوونی ئیجازە لە پڕۆژە حکومەییەکاندا وەکوو قیرکردنی رێگەوبان و هەڵکەندی زێراب لە دەوروپشتی شاری تۆکییۆ خەریکی کارکردنن. هەروەها ڕۆیتێرز زیاتر لە سی پەناخوازی کوردی دوواندووە کە ئازادی کاتیان هەیە و بەشێوەیەکی نایاسایی لە پرۆژەگەلی تێکدان و ڕوخاندندا ئیش بۆ کەرتی تایبەت دەکەن.



دڕدوونگی زۆری ژاپۆن بۆ کەڵک وەرگرتن لەهێزی کاری پەناخوازان، دابەزینی ژمارەی دانیشتووانی ئەو وڵاتە و لەهەمووی خراپتر کەمبوونی هێزی کار لە دوو دەیەی ڕابردوودا، خواستی فرە بۆ پاراستنی یەکپارچەیی کەلتووریی و هەروەها بێ مەیلی سیاسییەکان بۆ کەمکردنەوەی ئاستەنگەکان لەبەردەم پرسی وەرگرتنی پەنابەران لەلایەک و بەرزبوونەوەی ژمارەی خانەنشین بووەکان و تەمەنی هێزی کاری ئەو وڵاتە لەلایەکی دیکە، بووەتە هۆکاری ئافراندنی کێشەگەلێک لەم وڵاتەدا.

شینزۆ ئابێ، سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن لە مانگی سپتامبەری ڕابردوودا بە پەیامنێری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی گوتبوو کە ژاپۆن بۆ چارەسەری کێشەی ژمارەی دانیشتووان،بەر لە پێداچوونەوە بە پرسی ڕاکێشانی هێزی کاری بیانی، پێداچوونەوە بەچۆنیایەتی لەکارگرتنی هێزی کاری ژنان و بەرزکردنەوەی تەمەنی خانەنشینبووندا دەکات.

ماساهیکۆ شیبایاما، یاسادانەر و ڕاوێژکاری باڵای "ئابە" بە ڕۆیتێرزی گوت:" لە ژاپۆن بەرامبەر بە وشەی پەناخواز هەستیاری هەیە". ناوبراو لە درێژەدا دەڵێت" خەڵک نیگەرانیان سەبارەت بە ئەمنییەتی گشتی هەیە و نیگەرانن کە پەنابەرانی بیانی هەلی کار لە خەڵکی ژاپۆن قۆڕغکەن".

تێکەڵبوونی هاوکاتی یاسا توندەکانی پەنابەری و بەرتەسکردنەوەی بازاڕی کاری ڕەش لە کەرتی بیناسازی و خزمەتگوزاریدا، کە بالی بەی و براکانی کاری تێدادەکەن، وایکردووە کە کەرتی بەرهەمهێنان بە تەواوی پێویستییەکی روولەزیادبوونی بە هێزی کاری بیانی هەبێت.

ساڵی رابردوو ڕۆیتێرز ڕاپۆڕتێکی ئامادەکرد کە تەیدا دەردەکەوت چۆن بازاڕی بەرهەمهێنەرانی ئۆتۆمبیلی "سوباڕۆ" بەکەڵکوەرگرتن لە کرێکارانی ئەرزان بایی ئاسیا و ئافڕیقا کە خوازیاری وەرگرتنی مافی پەنابەرییەتی لە ژاپۆنن، گەشەی کردووە.



بەڕێوەبەرانی تیجاری ژاپۆن خوازیاری پێداچوونەوەی حکومەت بەسەر سیاسەتەکانی وەرگرتنی پەنابەرن. لە ٢٥٩ کۆمپانیای مەزنی ژاپۆنی کە لە ڕاپرسی مانگی ئۆکتۆبری ڕۆیتێرزدا بەشداریان کردبوو، ٧٦ لەسەدیان گوتبوویان کە پاڵپشتی لەکرانەوەی دەرگای وڵاتەکەیان دەکەن بەڕووی کرێکارانی بیانیدا.

بەهۆیی یارییەکانی ئولەمپیکی ٢٠٢٠ی تۆکییۆ داخوازی بۆ هێزی کار بەرزبووەتەوە. هیتۆ شی ئیتۆ بەڕێوەبەری کۆمپانیای کاجیما، کە دووهەمین کۆمپانیای فرۆشتنی کەرەستەی بیناسازییە لە ژاپۆندا دەڵێت:" هەر بەو هۆکارە ئەو کەرتە "لەڕادەبەدەر" پێویستی بەهێزی کاری بیانی هەیە".

بالی بەی بەشێکە لە کۆمەڵگەی ١٢٠٠ کەسی ئەو کوردانەی کە لە وەرابی و کاواگوچی دەژین. ناوچەیەک تێکەڵ بە ژیانی ماندووکەری کرێکاری لە پەراوێزی باکووری شاری تۆکییۆ، شەقامەکانی پڕن لە شیشی ئاسن و ئەندامانی گروپە خەلافکارەکان؛ جێگەیەک کە بەهۆی زۆربوونی ژمارەی پەناخوازانی کورد بە "ئۆرابیستان" ناسراوە. ناوچەیەک کە دانیشتووانەکانی نیوە یاسایین و سەرەرای هەوڵدانێکی زۆر ئیدارەی کاروباری پەنابەرانی ژاپۆن تەنیا ٢٧ کەسیانی وەکوو پەنابەر قبوڵکردووە.

لەمانگی دێسامبرەوە ژاپۆن سێزدە هەزار و هەشتسەد و یەک داواکاری پەنابەری وەرگرتووە و سەرەرای ئەوەیکە ئەو ژمارەیە بە بەراوردی ستانداردەکانی وڵاتانی ئەوروپایی کە تا مانگی ئاوریل زیاتر لە یەک ملیۆن داواکاری پەنابەرییان پێگەیشتووە زۆر کەمە و سەرباری ئەوەی ژمارەی پەناخوازان لە وڵاتانی پڕقەیرانی وەکوو سوریا و ئێریترە یەکجار کەمە، ئەو ژمارەیە بۆ وڵاتێکی دژە پەنابەری وەکوو ژاپۆن ژمارەیەکی پێوانەیی هەژمار دەکرێت.

بەپێی دووایین زانیارییەکان تا کۆتایی ساڵی ٢٠١٥، چووار هەزار و حەوسەد و یەک پەناخواز لە ژاپۆندا ئازادی کاتیان هەیە و لەو ژمارەیە ٤٠٠ کەسیان لەو کوردانەن کە لە ناوچەی وەرابی دەژین.

میتسۆ هیدێ ئیواکی وەزیری دادی ژاپۆن حەوتووی ڕابردوو لەکابینەی حکومەت کشاوە. ناوبراو ئامادەنەبوو وڵامی پرسیارەکانی ڕۆیتێرزی سەبارەت بە ئەو پەناخوازانەی کە مۆڵەتی ئازادی کاتیان هەیە و لە پڕۆژە حکومییەکاندا سەرقاڵی کارکردنن، بداتەوە.
نائواکی توریسۆ بەرپرسێکی وەزارەتی دادە کە بەرپرسییارەتی چاودێری بەسەر مۆڵەتی کاری کەسانی بیانی لەئەستۆیە، ئەو بە هەواڵدەریی ڕۆیتێرزی گوت" بێ لەبەر چاوگرتنی ئەوەی ئەو پڕۆژانە گشتین یا نا، کارکردنی کەسانێک کە مۆڵەتی ئازادی کاتیان هەیە لەو پڕۆژانەدا خراپ و نایاساییە و رێگری لێدەکەین".



زۆربەی کوردەکان سەرقاڵی ئەنجامدانی ئیشی کاتی و بێ گرێبەستن، موچەکەیان ڕۆژانە دەدرێت و بەردەوام مەترسی ئەوان لەسەرە کارەکەیان لەکیسبدەن. ئەوان بیمەی دەرمانیی نیشتیمانیان نییە و لە ئەگەری نەخۆش بوونی خۆیان یا ئەندامانی بنەماڵەکەیان دوو بژاردەی بەژانیان لەبەردەستە، یا دەبێ تێچوویی پزیشکی نەخۆشییەکەیان بدەن یا چاوپۆشی بکەن لەدرێژەدانی پڕۆسەی دەرمان.

بالی بەی کاسپکاری سەرەکی بنەماڵەیەکی گەورەیە، دایک، دو برا، خۆشک و مێردی خوشکەکەی و منداڵی کوڕی خوشکەکەی، ئەو مانگانە بڕی ٢٥٠٠ دۆڵار داهاتییەتی بەڵام ئەو پارەیە تێری تێچووە قورسەکەی ژیانی وان ناکات.

قەرزی تێچووی پزیشکیان نزیکەی چەند هەزار دۆڵارە. ساڵی رابردوو دێنیز برا حەوت ساڵانەکەی بالی بەی، بەهۆی نەخۆشی سیللەوە رێی کەوتە نەخۆشخانەو و تێچووی چارەسەری پزیشکییەکەی ٥٥٠٠ دۆڵار بوو.

بالی بەی بۆ یەکەمجار لە تەمەنی مێرمنداڵیدا پێمەڕەی گرتووەتە دەستی، لە پڕۆژەیەکی بیناسازیدا. دەڵێت:" حەزم دەکرد بڕۆمە قوتابخانە، بەڵام ئێمە پارەمان نەبوو". زۆر بە ڕەوانی ژاپۆنی قسەدەکات. " ئەمن لەسەر قوڵکەکان ڕادەوەستام و چاوم لەو منداڵانە دەکرد کە دەچنە قوتابخانە. پێموایە ئەگەر منیش پوڵم هەبا خۆشحاڵ دەبووم و چێژم دەبینی".

بەگوتەی ئەو هۆکاری ئەوەی بنەماڵەکەی تورکیایان بەجێهێشتووە گیرانی باوکی بە تاوانی هاوکاری پاڕتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و ڕاگواستنی پارەی ئەو پاڕتە بۆ ژاپۆن بووە.(تورکیا، یەکێتی ئەوروپا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا پەکەکە بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دادەنێن).

بەدواداچوونی بەڵگەنامەکانی دادگا لەلایەن ڕۆیتێرزەوە نیشانی دەدات کە مستەفا بالی بەی و پێنج کوردی دیکە کە هاوکات لەگەڵ وی دەستگیر کراون، لە ساڵی ٢٠٠٠ دا لەلایەن دادگاوە دۆسیەکەیان بەستراوە.



"کاتێک من حەوت ساڵان بووم ئەوان باوکمیان لە پێش چاوی خۆم ئەشکەنجەکرد". مەزڵوم ئەو قسەیەی مانگی ماڕسی ڕابردوو لەبەردەم دادوەری ئیدارەی کاروباری پەنابەراندا کردووە. بەپێی دەقی چاوپێکەوتنەکە، ئەو گوتوویەتی" من تا ئێستاش خەونی ئەو گرتانە دەبینم".

لە ئاکامدا تەجرەبەی ئەو ڕووداوانە بنەماڵەی ئەوی ناچار بە بەجێهێشتنی تورکیا و پەنابردن بۆ ژاپۆن کرد. چەند ساڵ دووایی باوک و دایکی بالی بەی و پێنج خوشک و براکەی تورکیایان بەجێهێشت.

ساڵی ٢٠٠٨ ڕەوانناسێکی ژاپۆنی بە مستەفا باڵی بەی دەڵێت کە بەهۆی ئەشکەنجە و ئەو ڕووداوانەی بەسەری هاتووە تووشی کێشەی دەرونی و دڵەڕاوکە بووە. بۆچوونی ئەم دکتۆرە دەچێتە سەر دۆسیەی پەنابەری مستەفا. ئەو بۆ چەند ساڵ دەوای دژی خەمۆکی، هێدی کەرەوە و ژانبڕی بەکاردەهێنا.

ساڵی ڕابردوو بارودۆخی دەرونی مستەفا بەهۆی دەستپێکردنەوەی شەڕ لەنێوان هێزە ئەمنییەکانی تورکیا و پەکەکە لە باشووری رۆژهەڵاتی تورکیا خراپتر بوو. ڕۆژی ٢٧ی دێسامبر مستەفا دەچێتە باخچەیەکی نزیکی ماڵی خۆیان، پەتێک لەملی گرێدەدات و خۆی لەدارێک هەڵداوەسێت.

بالی بەی دەڵێت:" ماوەیەکی زۆر بوو نەخۆش بوو، بەڵام لەناکاو خراپتربوو".

ئەو لەدرێژەدا بە دەنگێکی هێدی دەڵێت" ئەمن لەسەر ئیشی خۆم بووم کە پەیوەندیان پێوەگرتم؛ پێیانگوتم کە پیاوێک دیتویەتەوە".

وەزارەتی ناوخۆ و ژاندارمەری تورکیا وڵامی هیچ یەک لە پرسیارەکانی ڕۆیتێرز سەبارەت بە دۆسیەی بالی بەی نادەنەوە.

داواکاریی وەرگرتنی مافی پەنابەرییەتی تەواوی ئەندامانی بنەمالە ڕەدکراوەتەوە و کاتی خۆیان تەنیا بە ژانەسەرە یەک لە دووای یەکەکانی حوکمی گەڕانەوە و دەستبەسەرکردن تێدەپەڕێنن. بالی بەی چووارجار داواکاریی وەرگرتنی مافی پەنابەرییەتی پێشکەشکردووە، کە یەکێک لەوان مانگی ئاگۆستی ساڵی ڕابردوو بووە. بەپێی یاساکانی ژاپۆن، پەناخوازەکان تا ئەو کاتەی وڵامی داواکارییەکەیان وەرنەگرتووەتەوە و دۆسیەکەیان لەگەڕدایە مافی ئەوەیان نییە خاکی ئەو وڵاتە بەجێبهێڵن.



چالاکانی بوواری مافی پەنابەران دەڵێن، ژاپۆن هیچکات مافی پەنابەرییەتی نەبەخشیوەتە هیچ کوردێکی تورکیا. بەرپرسانی حکومی ژاپۆنیش دەڵێن ساڵی ٢٠٠٨ سێ هەزار و ٤٦٣ کەس بە ناسنامەی تورکیاوە داوای وەرگرتنی مافی پەنابەرێتیان لەو وڵاتە کردووە کە ئەو مافە نەدراوەتە هیچکامێکیان.

سەرەرای نەبوونی مۆڵەتی یاسایی کار، بالی بەی لەگەڵ دوو برا و ئامۆزایەکی لە چەند ساڵی ڕابردوودا لەو پڕۆژانەدا کاریان کردووە کە بودجەکەیان لەڕێگای باجی خەڵکەوە دابین دەبێت. بالی بەی بەخێرای بەسەر وێنەکانی نێو مۆبایلەکەیدا تێدەپەڕێت و لەسەر وێنەیەک کە تایبەتە بە پڕۆژەیەکی رێگەوبان لە وەرابی ڕادەوەستێت و نیشانی ئێمەی دەدات، پڕۆژەکە ساڵی رابردوو بە ئەنجام گەیشتووە و بالی کاری تێداکردووە.

گفتوگۆ لەگەڵ بنەماڵەی بالی بەی و پێداچوونەوە بە شریتی وتووێژەکە بۆی دەرخستین کە ئەوان کاری ڕێگەوبان، زێراب و تێکدان و ڕووخاندنی بینا کەونەکان بۆ کۆمپانیایەک ئەنجامدەدەن کە گرێبەستی لەگەڵ حکومەتە ناوچەییەکانی کاواگوچی و سایتاما هەیە. بالی بەیییەکان خوازیاری ئەوەبوون کە ناوی کۆمپانیاکان بە پارێزاوی بمێنێتەوە.

زیاتری کوردەکانی وەرابی لە گوندەکانی دەوروبەری شاری دیلۆک(غازی ئانتەب)ەوە هاتوون، دیلۆک شارێکی پیشەیی کە باشووری تورکیایە. ئەوان لە سەرەتاکانی ساڵی ١٩٩٠ بۆڕاکردن لەدەستی نەداری و هەژاری و شەڕی نێوان حکومەتی تورکیا و پەکەکە بە ڤیزای توریستی هاتنە ژاپۆن.

ڕێک وەکوو بالی بەی کە وشەی "کوردستان"ی لەسەر دەستی ڕاستی کوتاوە، زۆربەی کوردەکان هەستێکی زۆریان بەرامبەر بە نیشتیمانی خۆیان هەیە، هەموو ساڵێک لە مانگی ماڕسدا کۆمەڵگەی کوردان بەمەبەستی بەڕێوەبردنی جەژنی نەورۆز واتە سەری ساڵی تازەی کوردان، لەژێر دار گێلاسەکانی پاڕکی کاواگوچی لەدەوری یەکدی کۆدەبنەوە.

سەرەرای ئەوەی ئەوان لە شوێنی ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان حکومەتی تورکیا و چەکدارانی کورد دورن، بەڵام ساڵی رابردوو دووای شکانی ئاگربەستێک کە دوو ساڵ و نیوی خایاندبوو، بۆ نیشاندانی هەستی ناخۆشی خۆیان رژانە سەر شەقامەکان. 

ساڵی ڕابردوو بەمەبەستی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیادا، دەستەیەک لە کورد و تورکە پەنابەرەکان لەبەردەم باڵوێزخانەی تورکیا سڕەیان گرتبوو، لەنێوانیاندا شەڕ روودەدات، بالی بەی و دوو برای بەو هۆیەوە بریندار دەبن. لەو تێکهەڵچوونەدا کەپۆ و پەراسۆیەکی دەشکێت، بە گوتەی خۆی ٢٠٠٠ دۆلار بە خشتەی قەرزە پزیشکییەکانی زیادبوو.

لەوڵامی ئەو پرسیارەدا کە پەنابەران لەکاتی ئازادی کاتیدا، بێ هەبوونی مۆڵەتی یاسای کار، تێچووی خواردن و نیشتەجێبوون، چۆن دەبێ بژیوی ژیانی خۆیان دابین بکەن؟ حکومەتی ژاپۆن دەڵێت کە دۆستان، خزمان و ڕێکخراوە ناحکومییەکان دەبێ یارمەتیان بدەن. بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە کە پەناخوازان دەبێ خۆیان، ئاگایان لەخۆیان بێت، هەر بەو هۆکارەیە کە کەسانی وەکوو بالی بەی سەرەرای هەبوونی مەترسی زیندانیکران خوازیاری کارکردنن.

بەپێچەوانەی زۆربەی بەرپرسانی ژاپۆنی، "نۆبۆ ئوبی نۆکی" شارەداری کاواگوچی حەزی لەوە نییە وەکوو پۆلیسێک دەرکەوێت. " من بەنیاز نیمە کە بەو خەڵکە بڵێم کە ئێوە ناتوانن کار بکەن. هەموو کەسێک بۆ بەڕێوەبردنی ژیانی پێویستی بەکارە و بنەماڵەکانیشیان پێویستیان بە پاڵپشتی هەیە".

کەسانێک کە ئازادی کاتیان هەیە لەڕووی یاساییەوە ناتوانن ماڵ بەکرێ بگرن، هەژماری بانکی بکەنەوە یا تەنانەت ژمارە مۆبایلێکیان هەبێت. ئەوان بەناچار لە ناو و زانیاری تایبەتیی خزم و دۆستانیان کە مافی پەنابەرێتیان وەرگرتووە کەڵک وەردەگرن.

هەروەها ئەوان بۆ چوونەدەر لەو شارەی کە لێی نیشتەجێن، پێویستیان بە مۆڵەتی فەرمی بەرپرسانی حکومەت هەیە. کاربەدەستانی ژاپۆن دووای هاتنی بوومەلەرزە و بەرزە شەپۆلی ماڵوێرانکەری باکووری ڕۆژئاوا، لە ڕێکەوتی ١١ی ماڕسی ساڵی ٢٠١١، لەو کاتەدا کە پێویستیان بە یارمەتی کوردەکان هەبوو، مۆڵەتنامەی فەرمی چوونەدەریان پێدان. گروپێک لە پیاوانی کورد، کە تەنانەت ژمارەیەکیان ئازادی کاتییان هەبوو ئامادەیی خۆیان نیشاندا کە بەشێوەیەکی خۆبەخشانە بۆ یارمەتیدانی لێقەوماوان بچنە شوێنی رووداوەکان، ئەنجومەنی کاروباری پەنابەران مۆڵەتی پێدان.

خۆبەخشە کوردەکان بەهۆیی ئەزمونێکی زۆری کە لە کەرتی بیناسازی و تێکداندا بەدەستیان هێنابوو، بەڕێوەبەرایەتی ناوچەی "ریکوزنتاکاتا ئیواتە"یان گرتە ئەستۆ، کە یەکێک بوو لە هەرە ناوچە زیان پێگەیشتووەکان. ئەو گوندە لە کەنارەی زەریا هەڵکەوتبوو، بەرزە شەپۆلێکی ١٥ متری ١٧٠٠ کەسی کوشتبوو و هەزاران ماڵ و بینای لەجێ هەڵکەندبوو و قوتی دابوون.

بەگوتەی ئەنجومەنی پەنابەران کە ئەرکی وەرگرتنی داواکاری و ڕێکخستنی کاروباری سەفەری خۆبەخشەکانیلە ئەستۆبوو ، خۆبەخشەکان لە خێوەتدا نیشتەجێ کرابوون، ئەوان پاککردنەوەی شەقامەکان، مەزرای برینج و ماڵە وێرانەکانیان لە ئەستۆبوو.

" ئەمن بۆ بەدەستهێنانی هیچ شتێک نەچووبوومە ناوچە زیان پێگەیشتووەکان" ئەوە قسەیەکی مەحمود کولکە، پەنابەرێکی کوردە و ئازادی کاتی هەیە، ئەو دەڵێت:" من تەنیا بۆ خەڵکی ریکوزنتاکاتا تاسەباربووم و دەمزانی کە ئیدارەی کاروباری پەنابەران، مافی پەنابەرێتیم پێنادات".



ئاکینۆبۆ کینۆ شیتا بەڕێوەبەری کۆمپانیای نێودەوڵەتی ڕاوێژکاریی بیناکردنی تۆکیۆ دەڵێت:" هەزاران کورد لە پڕۆژەکانی تێکدان و ڕوخاندندا کە تایبەتن بە کۆمپانیای ئێمە کاردەکەن، زۆربەیان ئیجازەی دووبارەکردنەوەی مۆڵەتی کاریان دووای شەش مانگ هەیە. بەڵام سەبارەت بەقسەی ئەو چەند کرێکارەی کە ئازادی کاتیان هەبوو ، کینۆ شیتا دەڵێت کە کاریان پێدەدەم، بێ هیچ بەزەیی و مێهرەبانییەکیش، چوونکە ئەوان بۆ زیندوو مانەوە پێویستیان بەکار کردن هەیە.

ئەگەر ئەو کرێکارانەی بە شێوەیەکی نایاسایی لە پڕۆژە بیناسازییەکانی کینۆ شیتادا کاردەکەن ئاشکرابن، ئەوە سزای ٣٠٠٠٠ هەزار دۆڵاڕی و لانیزۆر سێ ساڵ زیندان چاوەڕێی دەکات. حکومەتی ژاپۆن ڕایگەیاندووە هیچ بەڵگەیەکی لەدژی ئەو بەڵێندەرانەی کار لەبەر دەست نییە کە لە هیزی کاری بیانی کەڵک وەردەگرن.

ڕاکێشانی کڕیکارانی ژاپۆنی بۆکارکردن لە پڕۆژە بیناسازییەکاندا زۆر دڵساردکەرە. وەزارەتی ناوخۆی ژاپۆن لەگەڵ کۆمپانیاکانی بیناسازی، ماڵپەڕێکی تایبەتیان بەئامانجی رازیکردنی گەنجانی ژاپۆنی بۆ کارکردن لەو پیشەیەدا وەڕێخستووە. ئەو ماڵپەڕە کۆمەڵێک لە گەنجانی ژاپۆنی نیشان دەدات کە کڵاوی دڵنیاییان لەسەرە و بزەیان لەسەر لێوە، نوسراوەیەکیشی لەژێرەوە هەیە بەو نێوەرۆکەوە " ئەو ژنانەی کە لە کەرتی بیناسازیدا کار دەکەن، یەکجار کەشخەن".

بەرپرسانی وەزارەتی ناوخۆی ژاپۆن ئەوەیان قبوڵکردووە کە بەشێوەی پێویست هەوڵیان نەداوە تا ئەو پیشەیە ڕاکێشەر نیشانبدەن. شینزۆ ئابێ لەمانگی مەیدا بۆ بەهێزکردنی ڕەوتی بەرزبوونەوەی ئاستی ئابووری، داوای لە پاڕتی لیبڕاڵ دیموکرات کرد، کە لە ماڵپەڕی خۆیدا سیستمێک بۆ ڕاکێشانی کرێکارانی بیانی بۆ کەرتی کشتوکاڵی و پەرەستاری بکاتەوە، بەڵام ئەو پاڕتە سرنجێکی ئەوتۆی بەوە نەدا و پێشنیازەکە هەر لەڕۆژانی یەکەمیدا بەخاکسپێردرا.

تۆریسۆ وەزیری دادی ژاپۆن دەڵێت:" هیچ پلانێک بۆ گۆڕینی سیستمی ئازادی کاتی نییە"، ئەو لەدرێژەدا دەڵێت:" ئەو خەڵکەی کە ئازادی کاتیان هەیە ناتوانن ڕای ئێمە بگۆڕن، لەکوێوە هاتوون هەر دەبێ بۆ ئەوێ بگەڕێنەوە".

نزیک بە یەک دەیەیە، بالی بەی هاتووەتە ژاپۆن، بەڵام هیوایەکی ئەوتۆی نییە کە داواکاری وەرگرتنی مافی پەنابەرێتییەکەی قبول بکرێت. دووای ١٠ کاتژمێر کارکردن لە پڕۆژە بیناسازییەکاندا، ئەو لە جیهانی خۆی ڕادەکات و شەوەکانی بە سەیرکردنی ئەو ڤیدیۆیانەی سەر یوتیوب تێدەپەڕێنێت کە گەنجانی کوردی هاوتەمەنی خۆی لەکاتی شەڕکردن لەگەڵ داعش لە سوریادا نیشاندەدات.

ئەو دەڵێت:" ناتوانم بیر لە داهاتوو بکەمەوە".



پەیوەندی‌دار:

هەڤپەیڤین لەگەڵ ئەرگین ئوێپەنگین سەبارەت بە بارودۆخی زمانناسیی کۆمەڵایەتیی زمانی کوردی لە تورکییە

" کۆمەڵگای فێدراڵی خۆسەر لە ئانارشیسمەوە بۆ رۆژئاوای کوردستان"

هێرش بۆسەر بارەگای ئاکپاڕتی، ڕۆژێک دوای هێرشکردنەسەر شارەدارییەکانی هەدەپە

تورکییە چووەتە ناو گەمەیەکەوە کە دارێژەرەکەی ڕووسیایە

لێبوردنی نێودەڵەتی: ئەمنییەتی شاهیدانی دۆسیەی وەدات حوسێن گەرەنتی بکرێت

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە

راپۆرتەهەواڵ

analis picture

هەپەگە: تەقینەوەکەی جزیرە کاردانەوە بوو بەرامبەر بە بێئاگای لە ئۆجەلان


هەواڵ


دیمانە

Interview Picture

مانناسیی کۆمەڵایەتی زاراوەیەکە بۆ باسکردن و شیکردنەوەی هەموو بوارەکانی پێوەندی نێوان زمان و کۆمەڵ ، جگە لەو بوارانەی

سێ‌شەممە ۲۹نەورۆز۱۳۹۶/ ۱۷:۱۱