هەپەگە: تەقینەوەکەی جزیرە کاردانەوە بوو بەرامبەر بە بێئاگای لە ئۆجەلان

Friday, August 26, 2016



NNSROJ: بەهۆیی تەقینەوەی ئۆتۆمبیلێکی بۆمبڕێژکراو لەبەردەم بارەگای هێزە تایبەتەکانی پۆلیسی تورکیا لە شاری جزیرە دەیانکەس لە هێزەکانی پۆلیس کوژراون و برینداربوون.

دووانیوەڕۆی ڕۆژی ٢٦ی ئاگۆست ئۆتۆمبیلێکی بۆمبڕێکراو لەبەردەم بارەگای هێزە تایبەتەکانی پۆلیسی شاری جزیرە لە پارێزگای شێرنەخ تەقییەوە و لانیکەم ١١ کەس لە هێزەکانی پۆلیس کوژران و ٧٨ کەسیش برینداربوون کە برینی ژمارەیەکیان کارییە.

گەورەی تەقینەوەکە بەڕادەیەک بووە کە بینای هێزە تایبەتەکانی پۆلیس بە تەواوی کاولبووە.

هەپەگە باڵی چەکداری پاڕتی کرێکارانی کوردستان، لە بەیاننامەیەکدا بەرپرسیارەتی ئەو تەقینەوەیەی گرتووەتە ئەستۆ. هێزەکانی پاراستنی گەل لە بەیاننامەکەیدا ڕایگەیاندووە کە ئەو هێرشە کاردانەوەیەک بووە بەرامبەر بەزیاتر لەیەکساڵ بێئاگایی لە بارودۆخی عەبدوڵڵا ئوجەلان و ئەو گۆشەگیرییەی لەسەری هەیە.

سوپای تورکیا لەمانگی دێسامبەری ساڵی ڕابردوودی زاییندا، بەبیانووی بوونی ئەندامانی پاڕتی کرێکارانی کوردستان لەناو شاری جزیرەدا و هەڵکەندی خەندەق و دروستکردنی تاسە و سەنگەر لەلایەن گەنجانەوە، هەزاران هێزی تایبەتی ڕەوانەی ئەو شارەکرد. لەماوەی ئەم ئۆپەڕاسیۆنەی سوپای تورکیادا کە دوو مانگی خایاند، بەهۆی بۆردومانی ماڵ و مڵکی هاووڵاتیانەوە لەلایەن تانکەکانی سوپا لانیکەم ١٥٠ کەس لەدانیشتووانی سڤیلی جزیرە گیانیان لەدەستدا.

زیاتر لە ٨٠لەسەدی دانیشتووانی جزیرەی ١٢٠ هەزار کەسی بەهۆیی هێرشەکانی سوپای تورکیاوە ئاوارەبوون و ڕووبەرێکی زۆری شار بە تەواوی کاولکرا.

ئەم هێرشەی هێزەکانی پاراستنی گەل لەکاتێکدایە کە لەماوەی ڕابردوودا ژمارەی ئەو حاڵەتانەی کە گەریلاکانی پاڕتی کرێکارانی کوردستان بنکەکانی پۆلیسی تورکیا دەکەنە ئامانجی هێرشەکانیان زیادیکردووە.

حەوتووی ڕابردووش لە ئاکامی تەقینەوەی ئۆتۆمبیلێکی بۆمبڕێژکراودا لەبەردەم بنکەی پۆلیسی شاری ئەلعەزیز لانیکەم ٢١٧ کەس لە هێزەکانی پۆلیس کوژران و برینداربوون.

ڕۆژانی ٢١ و ٢٢ی ئاگۆستیش لە ئەنجامی دوو هێرشی جیادا لە شارەکانی ئامەد و خارپێت لانیکەم ٨ پۆلیسی تایبەتی تورکیا کوژران.

سوپای توکیا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کردووە کە لە ٢٥ی جولایەوە لانیکەم ٨٥ کەس لە هێزە سەربازی و ئەمنییەکانی تورکیا لە ئەنجامی تێکهەڵچوونەکان لەگەڵ پەکەکە کوژراون و ٦٠٠ کەسیش برینداربوونە. هەروەها لەو ماوەیەدا ١٩ هاووڵاتی مەدەنیش کوژراون.

هێزەکانی پاراستنی گەل هاوکات لە ڕاگەیەندراوێکدا بەرپرسیارەتی هێرشی سەربازی پارێزگای ئارتوین لە باکووری تورکیایان گرتووەتە ئەستۆ، بەڵام پێداگری کراوەکە ئامانجی لەو هێرشە ڕێبەری پاڕتی کۆماریخواز نەبووە.

لە بەیاننامەکەی هەپەگەدا هاتووە " ئاگاداری ئامادەبوونی ڕێبەری جەهەپە نەبووینە و قلیچدار ئۆغڵوو ئامانجی هێرشەکەمان نەبووە".

بەرپرسانی تورکیا ڕایانگەیاندووە کە لە ئاکامی ئەو هێرشەدا هێزێکی ئەمنی کوژراوە و کەسێکیش برینداربووە.


پەیوەندی‌دار:

هەڤپەیڤین لەگەڵ ئەرگین ئوێپەنگین سەبارەت بە بارودۆخی زمانناسیی کۆمەڵایەتیی زمانی کوردی لە تورکییە

" کۆمەڵگای فێدراڵی خۆسەر لە ئانارشیسمەوە بۆ رۆژئاوای کوردستان"

ڕۆژئاوا لەژێر هێرشی سوپای تورکیادا

هێرش بۆسەر بارەگای ئاکپاڕتی، ڕۆژێک دوای هێرشکردنەسەر شارەدارییەکانی هەدەپە

تورکییە چووەتە ناو گەمەیەکەوە کە دارێژەرەکەی ڕووسیایە

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە