عیرفان رەهنموون: لە پێوەندی لەگەڵ "ڕاسان" تا ئێستا یەک ڕەخنەی زانستییم نەدیتووە

Friday, September 23, 2016



عیرفان ڕەهنەمون ساڵی 1973ی زایینی لەشاری مەریوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایک بووە. فەڵسەفەی ڕۆژئاوای لە زانکۆی شاری ئەسفەهان تەواو کردووە. لە کۆنگرەی سێزدەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێراندا(حدکا)، بووەتە راوێژکاری کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی ماڵپەڕی " کوردستان میدیا ". دوواتر بووەتە نوێنەری ئەو حیزبە لە شاری سلێمانی. لە کۆنگرەی چواردەی حدکادا وەک ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردراوە و بەرپرسیارێتیی "کۆمیسیۆنی چاپەمەنی"ی حیزبەی پێدراوە. ئێستاش لە وڵاتی نەرویژ ئاکنجییە.

NNSROJ: بەپێی چ پێوەرێک دەبێ ڕەخنە لە حیزب یا ڕەوتێکی سیاسی بگیرێت؟

عیرفان ڕەهنموون:
بەڕای من یەکێک لە پێوەرە سەرەکییەکانی هەر ڕەخنەیەک، پێکهێنانی ئەتمۆسفێرێکی ئەوتۆیە کە بتوانێت گفتوگۆیەکی دیالکتیکی ئاڤا بکات و نزیکمان بکاتەوە لە حەقیقەت. بۆیە دەڵێم "نزیکمان بکاتەوە" چونکە گەیشتن بە "حەقیقەت" مەحاڵە، بەڵام نزیکبوونەوە لە حەقیقەت بە پێی زانستی لۆژیک "مومکین"ە. کەواتە، رەخنە دەبێ "نزیکبوونەوە لە حەقیقەت" بکاتە ئامانج و لە شێوازی "مۆنۆلۆگ" بچێتە دەر و تایبەتمەندیی "دیالۆگ" بەخۆیەوە بگرێت. تەنیا لە گفتوگۆیەکی دیالیکتیکیدا، کە لەسەر بنەمای "زانستی لۆژیک" بێت، دەتوانین باس لە "ڕەخنە" و "ڕەخنەگرتن" بکەین .

ئەوەی ئێستا لە پانتایی نووسینی کوردیدا دەیبینین، "مۆنۆلۆگێکی نا لۆژیکی"یە. چونکە نەتەنیا نزیکمان ناکاتەوە لە "حەقیقەت"، بەڵکوو "بەرپاکردنی تەپوتۆزێکە"، کە خۆڵ بەسەر "حەقیقەت"دا، دەبارێنێت.

NNSROJ: لەپانتای سیاسەتدا و لەڕۆژهەڵاتی کوردستان حەقیقەت چۆن پێناسە دەکەیت؟  پێتوایە لای کێیە؟ 

عیرفان ڕەهنەمون: خودی "حەقیقەت" ناتوانێت موڵکی کەسێک یان گرووپێکی تایبەت بێت، بە" ئەندازەی چاوەکان و جۆری بینین" حەقیقەتی جیاواز هەن. بەڵام گەیشتن بە حەقیقەتێک کە لە "نەست"ەوە سەرچاوە بگرێت، حەقیقەت نییە، بەڵکوو "وەهمی حەقیقەتە". نزیکبوونەوە لە حەقیقەت پێویستی بە دیالۆگێکی دیالکتیکی لەسەر بنەمای زانستی لۆژیک هەیە. لە نێو ئێمەی کورددا "هەست و نەست" تێکەڵ کراوە و دەتوانم بڵێم زۆرجار پێچەوانە بەکاردەبردرێن.

سیاسەتیش دەکرێت بە دوو بەشەوە، سیاسەتی ڕۆژ و سیاسەت وەک فەلسەفەیەک بۆ گەیاندنی مرۆڤ بە "بەختیاری". سیاسەتی ڕۆژ، هیچ نیسبەتێکی لەگەڵ "حەقیقەتی دیالکتیکی"دا نییە. چونکە لەسەر بنەمای هەڵچوون و داچوونە و لە گۆڕانکاریی بەردەوامدایە. بەڵام سیاسەت بە مانای فەلسەفەی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە بەئامانجی "گەیشتن بە بەختیاری"، بابەتێکی فەلسەفی و دیالکتیکییە کە ئەم بەشە لە سیاسەت بەگشتی لە نێو ئێمەی کورددا ونە. ئەوەی کە هەیە سیاسەتی ڕۆژە، کە وەک نرخی "دراو" لە هڵکشان و داکشاندایە و بایەخێکی فەلسەفیی نییە و هیچ پەیوەندییەکیشی بەسەر "حەقیقەت"ەوە نییە. وەک هایدگر دەڵێت "ڕۆژنامەکان بە مردوویی لەدایک دەبن، بەڵام وتەکانی ئەفلاتوون، هێشتا زیندوون ".

ئەگەر بێینە سەر باسی سیاسەت لە کوردستان، دەتوانم ئەوە بڵێم سیاسەتێک کە د.قاسملوو دایڕشتبوو و لەسەری دەڕۆیشت، سیاسەتێکی دیالکتیکی و بەرز بوو، چونکە ئامانجی "قاسملوو" لە سیاسەت، گەیاندنی کورد بە "بەختیاری"بوو.

پێموایە د.قاسملوو تەنیا رێبەرێکی کوردیشە کە "مرۆڤ و پێشمەرگە و کۆمەڵگە" بۆ ئەو "ئامراز" نەبوون، بەڵکوو خودی مرۆڤ لای ئەو ئامانج بوو.  هەوڵی قاسملووش گەیاندنی کورد بوو بە بەختیاری. کارتێکەری و شوێنەواری سیاسەتەکانی قاسملوو، ئێستاش بەسەر بزاڤی کورد لە رۆژهەڵاتدا دەبینرێت و بەشێک لە "ئایدیا"کانی د. قاسملوو، بۆتە پڕەنسیپ لە سیاسەتی رۆژهەڵاتی کوردستاندا.

NNSROJ: بە کورتی؛ کەواتە دکتور قاسملوو بەرەو حەقیقەت ڕۆیشتووە؟

عیرفان ڕەهنەمون: پێموایە د. قاسملوو، یەکێک لەو دەگمەن رێبەرانەی کوردە کە تەنیا بیری لە "ڕزگاری" نەکردۆتەوە، بەڵکوو ئەوەی کە بەلای ئەوەوە گرنگیییەکی زێدەتری هەبووە "ئازادی" بووە . لە ئازادیدایە کە دۆخی لەبار بۆ دیالۆگ و نزیکبوونەوە لە حەقیقەت دەڕەخسێت و کۆمەڵگە بەرەو بەختیاری هەنگاو دەنێت.

ئازادیش تەنیا لە سیستەمێکی دیموکراتیکی سۆسیالیستیدا، دەتوانێت بیچم بگرێت. چونکە ئازادی، بریتییە لە "ئازادی لە چوارچێوەی یاسادا" و ئازادیی ڕەها بوونی نییە. بۆیە دەتوانم ئەوە بێژم کە ئامانجی دوکتور قاسملوو لە سیاسەتدا، گەیشتن بوو بە ئازادی لە چوارچێوەی سیستەمێکی دیموکراتیک و دادپەروەرانەدا و ئەو ئامانجە، هەم لە "تیۆری" و هەم لە پڕاکتیکی ئەودا  ڕەنگی دابۆوە و "سیاسەتی کردەکی"ی ئەو تەبا بوو لەگەڵ سیاسەتی دیالکتیکی و تێئۆریی ئەودا و "مرۆڤ-پێشمەرگە-کۆمەڵگە" بۆ ئەو، ئامانج بوون نەک ئامراز.

NNSROJ: دکتور قاسملوو لەڕوانگەی تۆوە ڕێبواری حەقیقەتە، بەڵام لەلایەن ڕکابەرەکانییەوە تۆمەتبارە بە هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ (لەگەڵ کۆمەڵە) ، سازشکاری و موزاکرە لەگەڵ سیستەمێک کە بەگوتەی خۆی نکۆڵی لەبوونی مەسەلەی کورد دەکات. ئەمە چۆن شرۆڤە دەکەیت؟

عیرفان ڕەهنموون: دوکتور قاسملوو، لەگەڵ ئەوەدا کە رێبواری "حەقیقەت"بووە، لە هەمانکاتدا، ڕێبەرێکی پراگماتیست و وردبینیش بوو. پێموایە ئەو تۆمەتانە، بە دوکتور قاسملووەوە نالکێن.

پێموایە هیچ ڕێبەرێکی کورد بە قەد قاسملوو لایەنگری ئاشتی و تەبایی کۆمەڵایەتی نەبووە. لە پێوەندی لەگەڵ شەڕی کۆمەڵە و حیزبی دیموکراتدا ، پێم باش نییە برینەکان بکولێنینەوە. تەنیا ئەوە دەڵێم، با بڕۆین نووسینەکانی دوکتور قاسملوو و هەندێ لە رێبەرانی کۆمەڵە چاو لێبکەین. بزانین "کام لا بوو شەڕی کوردکوژیی تیۆریزە کرد؟". هەر کەسێک یەک لاپەڕە لە نووسین و یەک خولەک لە پەیڤی قاسملوو بخاتە ڕوو کە تێیدا و لەلایەن ئەوەوە، ئەو شەڕە ناڕەوایە تیۆریزە کرابێت ئەوە من لە ئیدیعاکانی خۆم پاشگەز دەبمەوە. ناڵێم حیزبی دیموکرات فریشتە بووە و هیچ ڕۆڵێکی لەو خوێنڕشتنەدا نەبووە. بەڵکوو دەڵێم حیزبی دیموکڕات و دوکتور قاسملوو، ئەو شەڕەیان تیۆریزە نەکردووە. بەڵام هەندێک لە رێبەرانی کۆمەڵە لە ئۆرگانە فەرمییەکانی ئەو کاتدا، بەئاشکرا دەڵێن کە "حیزبی دیموکرات نوێنەری بۆرژوای کوردە و بۆ گەیشتن بە سوسیالیزم، دەبێ حیزبی دیموکرات لە نێو ببرێت". بۆیە ئەگەر حیزبی دیموکرات لە تاکتیکدا، هەڵە یان زیادەرۆیی کردبێت ئەوە پرسێکی دیکەیە، بەڵام هەرگیز کۆمەڵەی وەک دوژمن چاو لێنەکردووە و شەڕی کورد کوژیی، تیۆریزە نەکردووە، هەرچەند لەو سەردەمەدا کەس لەڕووی تیۆرییەوە شانی لە شانی دوکتور قاسملوو نەداوە.

لە پێوەندی لەمەڕ گفتگۆکردن لەگەڵ ڕژێمی ناوەندیی تاران لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێراندا، سیاسەتی دوکتور قاسملوو "سازشکارانە" نەبوو. بەڵکوو، وردبینانە و لەسەر بنەمای "هاوسەنگیی هێز" بوو. ئەو پێیوابوو دواکەوتنی شەڕ لەگەڵ رژیمی خومەینیدا لە بەرژەوەندیی کورددایە و لەو دەرفەتەدا، کورد دەتوانێت خۆی رێک بخات و لایەنە لاوازەکانی چارەسەر بکات. هێشتا خومەینی لە "نوفل لۆشاتۆ" بوو، دوکتور قاسملوو رایگەیاند "فاشیزمی مەزهەبی بەڕێوەیە". "سازشکاری"، واتە مامەڵە لەسەر پرنسیپەکان. پێموانییە لەرێبەرانی هاوچەرخی کورددا، ڕێبەرێک هەبێت بە ئەندازەی دوکتور قاسملوو بە پرنسیپ بووبێت. بە کورتی دەتوانم بڵێم قاسملوو "رێبەرێکی شۆڕشگێر، بەپرنسیپ و پراگماتیست بوو کە زیاتر لەهەموو کەس ئاشنای سیاسەت و هاوسەنگیی هێز و شەپۆلە فیکری و ئایدۆلۆژییەکانی سەردەم بوو".

NNSROJ: لەسەرەتادا گوتت کە حەقیقەت بە ئەندازەی چاوەکان هەیە، بەڵام بۆ لە گۆڕەپانی سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، حەقیقەت قەتیس کردەوە بە دکتۆر قاسملو و حیزبی دیموکڕات، واتە ڕەوتە سیاسی و فکرییەکانی دیکە بەتاڵن لە حەقیقەت؟

عیرفان ڕەهنموون: گوتم کە "بە ئەندازەی چاوەکان، باوەڕ بە حەقیەت هەیە" و لە درێژەشدا گوتم کە ئەوە حەقیقەت نییە، بەڵکوو "وەهمی حەقیقەتە". نزیکبوونەوە لە حەقیقەت، پرۆسەیەکی دیالکتیکییە کە لە میانەی دیالۆگێکی لۆژیکیانەوە دێتە بەرهەم، کە لایەنگەلی بەشدار لەو پرۆسە دیالکتیکییەدا، پێویستە "عەوداڵی دۆزینەوە و نزیکبوونەوە لە حەقیقەت بن".

نەمگوتووە کە ڕەوتەکانی دیکە بەتاڵن لە حەقیقەت، بەڵام ئامادە نەبوون بچنە نێو پرۆسەیەکی ئازادانەی سیاسی و دیموکراتیک و دوور لە هەڵچوون و ملشکاندن و سیاسەتی پاشەقول گرتنەوە. پێویستە ئەوەش بڵێم کە "کاک فوادی مستەفا سوڵتانی"یش، شۆڕشگێرێکی چاوکراوە و قووڵ و خوێندەوار بوو کە بەداخەوە، ماوەیەکی کورت پاش شۆڕشی گەلانی ئێران لەلایەن ڕژێمی فاشیستیی خومەینییەوە شەهید کرا. پێموایە ئەگەر کاک فواد بەو زوویییە، گیانی بەخت نەکردایە، ڕووداوەکانی کوردستان بە ئاقارێکی دیکەدا دەڕۆیشتن.

NNSROJ: کاتێک خومەینی لە نوفل لۆشاتۆ بوو، دوکتۆر قاسملوو دەڵێت فاشیزمی مەزهەبی بەڕێوەیە، بەڵام کاتێ خومەینی دێتەوە تاران لەببەیکی پێدەڵێت. پێتوانییە سیاسەتڤانی پڕاگماتیست خاڵی کە هەڵەنییە؟

عیرفان ڕەهنەمون: زۆر کەس وشەی "لەببەیک"یان کردووە بە "وشەیەکی ناحەز و سەیر و سەمەرە". ئەو وشەیە مانایەکی زۆر سادە و ساکاری هەیە؛ واتە "بەڵێ - ئێمەش ئامادەین". واتە ئامادەین کە بەدەنگ بانگەوازەکەتەوە بێین. ئەو وشە عەرەبییە و لە زمانی عەرەبیدا، تەنیا ئەو مانایە دەدات و هەڵگری هیچ مانایەکی نەشیاو نییە. کاتێک باس لە بابەتێک دەکەین، پێویستە بگەڕێینەوە بۆ ئەو دۆخەی کە ئەو قسەیەی تێدا کراوە.

پاش شکستی ڕژێم لە شەڕی سێ مانگەدا، خومەینی پەیامی ئاشتیی بۆ کورد نارد و لە وەڵامدا، دوکتور قاسملوو "وەڵامی ئەرێنیی دایەوە بە پەیامەکەی". وشەی "لببەیک" تەنیا یەک مانای لە زمانی عەرەبیدا هەیە کە بریتییە لە "وەڵامی ئەرێنی بە بانگەوازی کەسێک".

پێشتر باسم کرد کە دوکتور قاسملوو سیاسەتمەدارێکی پڕاگماتیست بوو و بەپێی "هاوسەنگیی هێز" سیاسەتی دەکرد و لەو دۆخەدا پێی وا بوو کە ئەگەر بۆ ماوەیەکی کورتیش بێت، باشترە کورد خۆی لە شەڕ بپارێزێت تا بتوانێت بە رێکخستنی خۆی، هاوسەنگیی هێز بگۆڕێت.

دوکتور قاسملوو دەڵێت "کاتێک، وەختی وتووێژ بوو هەندێ لە هێزەکان داوای شەڕیان دەکرد، بەڵام کاتێ، وەختی شەڕهات، مەیدانی شەڕیان چۆڵ کرد". بۆیە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ دۆخی سەرەتای شۆڕش و پرسی "هاوسەنگیی هێز"، بۆمان دەردەکەوێت کە پڕاکتیکی ئەو بەجێ  و ڕوانینی، فرە رەهەند و ورد و لەبەرژەوەندیی بزاڤی کورددا بووە.

NNSROJ: لەڕوانگەی تۆوە ڕەخنە دەبێ گفتوگۆی دیالێکتیکی لێبکەوێتەوە، هەبوونە کەسانێک کە بەشێوەیەکی زانستی ڕەخنەیان لە پاڕتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لەناویاندا حدکا گرتووە. بۆ نموونە  د. عەباس وەلی. ڕەخنەکانیان بەهەند وەرنەگیراوە و هەشبووە تۆمەتی تەوەهومی بوونیان خراوەتە پاڵ. ئایا حدکا چاوگەی حەقیقەتە و ڕەخنە ناکرێت؟ 

عیرفان ڕەهنموون: لە پێوەندی لەگەڵ ڕەخنەکانی دوکتور عەباس وەلیدا، ڕاستییەکەی ئەوەیە بۆ زۆرکەس لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دیموکرات، جێگەی سەرنج بوون و بەو هۆیەوە کە ڕەخنەکانی زانستی و دوور لەدەمارگرژی بوون، گرنگییان پێدراوە و خوێندراونەتەوە و تا ئێستاش کەسم نەدیتووە کە ناڕەزایی لەسەر ڕەخنەکانی ناوبراو نیشان بدات و بەگشتی لە نێو توێژی خوێندەواری کورددا، ڕەخنەکانیان هەمیشە بە هەند وەرگیراوە و خوێندراوەتەوە و هەڵسەنگێندراوە.

من هیچکات نەمگوتووە نە لێرە و نە لە جێگەی دیکەدا، کە حیزبی دیموکڕات چاوگەی حەقیقەتە و لە بنەمادا، حەقیقەت، چاوگەی نیە. هەروەک باسم کرد، نزیکبوونەوە لە حەقیقەت، پڕۆسەیەکی دیالکتیکیی هزرییە و لە دیالۆگدا، بەرجەستە دەبێتەوە .

NNSROJ: ئەوانەی ڕەخنە لە حیزبی دیموکرات دەگرن زۆرجار دەکەونە بەر شاڵاوی بوغزی پێشمەرگە، ئەندام و لایەنگرانی حدکا، ناو و ناتۆرەیان بۆ دەدۆزنەوە. بەو ڕوانگەوە چاویان لێدەکرێت کە تەنیا دەیانهەوێت دژایەتیی حدکا بکەن و قسەکانیان لە بەرژەوەندی دوژمندایە، ئەمڕۆژانە پێیان دەگوترێت دژە ڕاسان، کەسی واش هەبووە پێی گوتراوە جاش، نموونەی لەم شێوەیەش یەکجار زۆرە. ئەمە چۆن شرۆڤە دەکەی؟

عیرفان ڕەهنەمون: لە پێوەندی لەگەڵ "ڕاسان"دا، من بەگشتی تا ئێستا تەنانەت یەک ڕەخنەی زانستییم نەدیتووە. ئەوەی کە لەم چەند مانگەدا و لە پێوەندی لەگەڵ "ڕاسانی رۆژهەلات"دا دیتراوە، تەنیا قسەی سووک و سوکایەتی بە بەها و نرخەکانی حیزبی دیموکرات و بزاڤی کورد لە رۆژهەڵات بووە و زۆربەی زۆریشی لەلایەن کوردانی رۆژهەڵاتیی سەر بە پەکەکەوە بووە و وادیارە بەشێوەیەکی ڕێکخراویش بەڕێوە دەچێت. پەرچەکرداری بزاڤی "ئاپۆچی" بەرامبەر بە "ڕاسانی رۆژهەڵات" سروشتی نییە و ئەگەر چاوێک بە پەیج و نووسراوی پەکەکەییە رۆژهەڵاتیەکاندا بخشێنین، سەرسام دەبین بە ڕادەی هەستیاریی و تووڕەیی و پانیکی ئەو بەڕێزانە سەبارەت بەم ڕاسانە نوێیە. هەر ئەو هەراسانییەشە کە پێماندەڵێت "ڕاسان"، بزاڤێکی هەژێنەرە و هەموو لایەک بە جیدیان وەرگرتوە و لە ٢٠ ساڵی ڕابردوودا، هیچ ڕووداوێک لە ڕۆژهەلاتی کوردستان دا، وەک ئەم ڕاسانە، پەرچەکردار و هەڵوێستی ئەرێنی و نەرێنیی بە دوای خۆیدا نەهێناوە و ئەمەش نیشان دەدات، کە "راسان"، چەخماخەی ئاڵوگۆڕی نوێیە لە رۆژهەلاتی کوردستاندا.

بەڵام بەهەموو ئەوانەشەوە، نکۆلی لەوە ناکرێت کە هەلوێستی بڕێک لە ئەندامانی حیزبی دیموکرات لە بەرامبەر، سوکایەتییەکانی بزاڤی "ئاپۆچی" لەڕۆژهەڵاتدا، جێگەی ڕەخنەیە و پێویستە ئەو بەڕێزانە بزانن کە "دیموکرات بوون" ئاسان نییە و پێویستە هەست بە قورساییەکەی بکەن.

بە دڵنیاییەوە دەتوانم بڵێم کە هەمیشە پەکەکەییە ڕۆژهەڵاتییەکان دەستپێشخەری ئەو شەپۆلە سووکایەتیانە بووگن و لایەنگرانی  "ڕاسان و دیموکرات"، تەنیا بەرگرییان کردووە. بەڵام هەندێ جار، بەرگرییەکە شیاو نەبووە و جێگەی ڕەخنەیە. پرسیاری من لە پەکەکەییە رۆژهەلاتییەکان ئەوەیە، بۆ ئێوە ئەوەندە هەراسانن بەم ڕاسانە نوێێە؟

NNSROJ: خۆت چۆن بیر دەکەیەوە ؟ بۆچی هەراسانن ؟ 

عیرفان ڕەهنەمون: پێم وایه پەکەکە بەباشی ئاگاداری پێگەی حیزبی دیموکراتە لە نێو جەماوەری ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا و ئەم "ڕاسانە نوێیە" ڕێگری لە پەکەکە دەکات کە کەڵکی ئامرازی لە خەڵکی ڕۆژهەلات وەرگرێت. ئیستا کە "ڕاسان " لەسەرەتای خۆیدایە، دەخوازێت بە تۆمەتبارکردنی بە بەستراوەبوون بەهێزی دەرەکی، لەپێش چاوی جەماوەری کوردستانی بخات و کارێک بکات کە لاوانی کوردستان، تێکەڵ بەم "ڕاسانە نوێیە" نەبن تا ڕۆژهەڵاتی کوردستان ببێتە پاشکۆ و پەکەکەش کەڵکی خۆی لەو پاشکۆیەتییە وەربگرێت.

NNSROJ: هەموو کۆمەڵگە توانای ئەوەی نییە ڕەخنەی زانستی بگرێت. ئەو بەشە لە کۆمەڵگە دەبێ بەرامبەر بە ڕووداوەکان بیدەنگی هەڵبژێرن؟ 

عیرفان ڕەهنەمون: ڕاستە کە تەنیا کەمینەیەک لە کوردستان توانای ڕەخنەی زانستی و هەڵسەنگاندن و شرۆڤەی بابەتەکانی هەیە. سرووشتیە کە مافی هەر مرۆڤێکە کە بۆچوونی خۆی لەسەر رووداوەکان دەرببڕێت و هەر بیر و باوەڕێکی سیاسی کە بەلایەوە پەسەندە هەڵبژێرێت. ماکیاڤیلی دەڵێت "دەنگی خەڵک دەنگی خودایە" ، مەبەستی ئەو لە دەنگی خودا ، ئەوەیە کە تەنیا " دەنگی جەماوەرە " کە یەکلاییکەرەوەیە و وتەکەی ماکیاڤیلی، ئاماژەیە بە سەردەمی مۆدێڕن کە " دەسەڵات رەوایی خۆی لە خەڵکەوە وەردەگرێت".

NNSROJ: هەر وەکوو خۆشت ئاماژەت پێکردووە بەشێک لەو کەسانەی ڕەخنە لە حدکا دەگرن وەکوو پەکەکەیی سەیر دەکرێن. باوای دابنێین ئەوان پەکەکەیین. ئەوان بۆیان نییە ڕەخنە لە حدکا بگرن ؟

عیرفان ڕەهنەمون: کێشە ڕەخنە نییە، کێشە وەڕێخستنی شەپۆلی سووکایەتی بە نرخ و بەهاکانی ڕۆژهەڵاتە . بۆیان هەبووە کە سووکایەتییان کردوە و کەسیش رێگری لێنەکردوون و لە دونیای ئەمڕۆدا کەس مۆڵەت لەکەس ناخوازێت بۆ دەربڕینی بۆچوون و لە سەردەمی تەقینەوەوی زانیاریدا ئێمە لەگەڵ دیاردەی "سوسیالیزمی زانیاری" بەرەوڕووین. بەو مانایە کە لەم جیهانەدا، بە ملیۆنان کەس، کێشەی شوێنی نیشتەجێبوون و کاریان هەیە، بەڵام زۆرینە دەستی بە ئامرازێک ڕادەگات کە بۆچوونەکانی خۆی تێدا دەرببڕیت. ئەم دیاردەیە نوێیە، و ئیدی مۆنۆپۆلکردنی " ئامرازی راگەیاندن " لەلایەن دەوڵەت و سەرمایەدارەکانەوە کۆتایی پێ هاتووە. ئێستا تەنانەت وڵاتە پێشکەوتووەکانیش، کێشەیان سەبارەت بە چۆنیەتیی کەڵکوەرگرتن لە ئامرازەکانی پێوەندیی گشتی و بەتایبەت تۆڕە کۆمەلایەتییەکان هەیە و تا ئێستاش، چوارچێوەیەکی یاسایی-حقووقی بۆ پارێزگاریکردن لە پێشێلکرانی مافی تاک و گرووپەکان دانەڕێژراوە.

لە پێوەندیی لە گەڵ "ئاپۆچی"یەکاندا ، وەک پێشتر باسم کرد، پەرچەکردارەکانیان سروشتی نییە و هۆکارەکەیشم لە پرسیاری پێشوودا، لە ڕوانگەی خۆمەوە، باس کرد و ئیدی شتێکی زێدەتر نابینم کە بە قسەکانم زیادی بکەم.

NNSROJ: کاتێک ڕەخنەیەک دەگیرێت، هەندێک کەس پەنادەبەن بۆ پاساو هێنانەوە. بۆ نمونە ئەم دوواییانە گرتە ڤیدیۆیەکی پێشمەرگەکانی حدکا بڵاو بۆتەوە کە ناڕەزایەتیی خەڵکێکی لێ کەوتۆتەوە. بە دوور لە نێورەرۆکی گرتەکە، هەندێک کەس هاتوون بەڵگەی ئەوە بڵاو دەکەنەوە کە بۆ نمونە ئۆجالان ڕوانگەی دژە ژنی هەبووە. چ پەیوەندییەک لەنێوان ئەم دووانەدا هەیە ؟

عیرفان ڕەهنەمون: ئەو وشانەی کە لەو گرتە ڤیدیۆییەدا بەکار هاتوون "نەشیاون" و "شیاوی ڕەخنە لێگرتنن" و دوورن لە بەها و نرخەکانی دیموکرات. یەک دیموکراتم نەدیتووە کە بڵێت کارێکی شیاو بووە. نارەزایەتییەکانیش دوو دەستە بوون. دەستەیەک نارەزایەتیان دەربڕی بە بێ "کۆنە قین - وەک کورد دەڵێت شەڕ بەکۆنە قین دەکرێت".  ڕەخنەی دەستەی یەکەم جێگەی ڕێزە و لە جێی خۆیدایە و ئەرێنیە.

بەڵام دەستەی دووەم کە پێکهاتبوون لە ئاپۆچییەکان و هتد.."، شینەکەیان بۆ ئیمام حوسێن نەبوو، بەڵکوو بۆ هەریسەکە بوو، واتا بە دەمامکی داکۆکیی لە مافەکانی ژنان، هەڵەی "تاک"یان کرد بە هەڵەی رێکخراو و بەوەشەوە نەوەستان، هێرشیان کردە سەر "بزاڤی نیشتیمانی کورد" و بە دواکەوتوو و دژە ژن لەقەڵەمیان دا. ئەوە لە کاتێکدایە کە ڕەوا نییە هەڵەی "تاک" بگشتێندرێت و حیزبی دیموکرات بدرێتە بەر پلار، حیزبێک کە "پێشەوا"کەی یەکەم ڕێکخراوی بۆ داکۆکی لە مافەکانی ژنان لە مێژووی کوردستاندا دامەزراندووە. لەپێوەندی لەگەڵ ئەو گرتە ڤیدیۆیەدا (کە ڕوونیش نییە ساختە نەبێت یان لانیکەم چەند وشەیەکی لێ زیاد و کەم نەکرابێت)، هەڵوێستی "ئاپۆچییەکان"، جووت ستاندارد بوو و دەچووە خانەی "دووروویی سیاسییەوە"، چونکە ئەوان هەموو بەها و نرخەکانی بزاڤی کورد بە بەڕێز "ئۆجالان"وە دەبەستنەوە و بەوەشەوە نەوەستاون، تەنانەت ژیانیش بەندە بە سەرۆکەکەیانەوە و هەزار جار دووپاتیان کردۆتەوە "بێ سەرۆک، ژیان نابێ" کە ئەوە تاک پەرەستییە و رێبەری پەکەکەش، مرۆڤێکە وەک هەموو مرۆڤەکانی دیکە و "بەبێ هەر تاکێک ژیان دەمەشێ".

ئاپۆچییەکان پێیان وایە، بەڕێز ئۆجالان "فیمینیزمی کوردیی داڕشتووە" کە وانییە و بۆچوونەکانی ئەو  لەسەر ژن، شیاو نییە. ئەوان کە داکۆکی لە ژن دەکەن، پێویستە هەڵوێستە لەسەر ئەم ڕەستەیەی ئۆجالانیش بکەن کە سووکایەتی بە ژن و مافەکانی دەکات.

"ژیانی محەممەد لە ڕوانگە و هێڵیە فیكرییەكانی ئێستا جیایە، لە شەریعەتدا باس لە چوار ژن دەكرێت، ئەمە لە كاتێكدایە كە محەممەد سێزدە ژنی مارە كردووە. بەڵام ئەوەی كە دیارە بە خواست و ئازادیی خۆیان ئەو ژیانە هاوبەشەیان لەگەڵی پێكهێناوە، نەک بە زۆر و زەخت خستنە سەریان. من مارە كردنی ئەم ڕادە ژنە بە كارێكی بەجێ و گرینگ هەڵدەسەنگێنم. كەسانێك هەن كە دەڵێن: بۆچی محەممەد ئەو هەموو ژنەی مارە كردووە؟ من دەڵێم كارێكی باشی كردووە. تەنانەت ئەگەر چەندین ژنی دیكەی لە خۆی مارە كردبایە، كارێكی هەڵە نەبوو. چوونكە دەتوانی ناوی ئەو وەك گەورەترین عاشق بێنی! لەگەڵ ژنان وەک منداڵان دۆست و هاوڕێ بووە، كەسایەتییەكی دێموكرات بووە، من ئەمانەم قبووڵە".[سەرچاوه: عبدواللە اوجالان- رهبریت و خلق - لاپەڕە کانی ١٤٤ و ١٤٧].

کەواتە ڕەخنە لە "ئاپۆچییەکان" ڕەخنە لە جووت ستانداردیی ئەوانە و پەکەکە لە درێژەی خەباتەکەیدا، زیاتر لە هەموو پارتەکانی کوردستان، مافەکانی ژنانی لە نێو رێکخراوەکەی خۆیدا پێشێل کردووە و بە دەیان گەریلا لەبەر پێوەندیی خۆشەویستی سزای گولەبارانیان بەسەردا سەپاوە. بەڕێز عوسمان ئۆجالان، برای سەرۆکی پەکەکە، لە چەندین هەڤپەیڤیندا، باسی لەوە کردووە کە بە تاوانی خۆشەویستی سزای لەسێدارەدانی بەسەردا بڕاوە و دواتر دایانشکاندووە بۆ سێ ساڵ زیندان. ناوبراو یەکێ لە هۆکارەکانی دەستلەکارکێشانەوەی لە پەکەکە بۆ پێشێلکرانی ڕوون و توندوتیژی مافی ژنان دەگەرینێتەوە.

NNSROJ: پێتوانییە کە وڵامدانەوە، بەرگری و پاساوهێنانەوەی نەشیاوی ئەندامانی حدکا دۆخەکە بەرەو ئاقارێکی ئاڵۆز دەبات؟

عیرفان ڕەهنموون: هیچ ئەندامێکی حدکا نەیگوتووە کە سووکایەتی بە ژن و مافەکانی شیاوە و هەروەک باسم کرد داکۆکی لە مافەکانی ژنان لە مێژووی کوردستاندا، بۆ یەکەمجار شانازییەکەی بە حیزبی دیموکرات دەبڕێت و هەر ئەندامێکی دیموکرات دژی مافەکانی ژنان بێت، بەپێی پڕۆگرامی حیزب، ناتوانێت ئەندامی حیزب بێت. ئەم دۆخەی کە هەیە لایەنگرانی رۆژهەڵاتیی پەکەکە دەستپێشخەری پێکهاتنی بوون و هۆکارەکەشی، ڕاسانی نوێیە و پەکەکەی تووشی پانیکێکی ناسرووشتی و سەرسووڕهێنەر کردووە. بەڵام نکۆڵی لێ ناکەم کە هەڵوێستی بڕێک لە ئەندامانی حیزبی دیموکراتیش شیاو نییە و دەبێ ڕەخنەی لێبگیردرێت. بەگشتیش نەتەوەی کورد بەهۆی ژێردەستە بوونیەوە، نەتەوەیەکی "هەستەکی-احساساتی" ییە و زوو هەڵدەچێت و گڕدەگرێت، سروشتییە کە لەهەڵچووندا، هزر پاشەکشە دەکات و لۆژیک نامێنێت.

NNSROJ: زۆر سوپاس بۆ ئەنجامدانی ئەم دیمانەیە لەگەڵ ناوەندی نوچە و شرۆڤەی ڕۆژ.

عیرفان ڕەهنموون: منیش سوپاسی ئێوە دەکەم بۆ ئەم هەڤپەیڤینە و هیوادارم خوێندەوارانی کورد لە پێوەندی لەگەڵ بزاڤی کوردستاندا، کەشێک لە دیالۆگ و ڕەخنەی زانستی بێننە ئاراوە کە یارمەتیدەری گەشەی سیاسی و فیکریی کۆمەڵگە بێت.

ئامادە کردن: ئ.ب


پەیوەندی‌دار:

پرسی "هەڵبژاردن" لە رۆژهەڵاتی کوردستان (بەشی یەکەم)

درێژەی گرژییەکان لە شەنگال؛ کوژران و برینداربوونی ١٦ هاووڵاتی ئیزدی

" کۆمەڵگای فێدراڵی خۆسەر لە ئانارشیسمەوە بۆ رۆژئاوای کوردستان"

وازهێنانی عەزیزی، دەرفەتێک بۆ حدک

کاتی فرۆشتنی حدکا و حدک هاتوە؟

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە

راپۆرتەهەواڵ

analis picture

هەپەگە: تەقینەوەکەی جزیرە کاردانەوە بوو بەرامبەر بە بێئاگای لە ئۆجەلان


هەواڵ


دیمانە

Interview Picture

مانناسیی کۆمەڵایەتی زاراوەیەکە بۆ باسکردن و شیکردنەوەی هەموو بوارەکانی پێوەندی نێوان زمان و کۆمەڵ ، جگە لەو بوارانەی

سێ‌شەممە ۲۹نەورۆز۱۳۹۶/ ۱۷:۱۱