بابەتی گەرم:

"دنیا کەمە و زەوی غوبار خوێنت فەرقە و خەڵتانی ژار"

Thursday, September 29, 2016



خوێندنەوەیەکی کۆمەڵە شێعری "کڕاکە" ڕەزا عەلی پوور 
نیو نیگایەک لە سەر تەرحەکەی باسم ڕەسام

نیروان ڕەزایی


..
تکایە، ئاغاکان، ئەم خەڵکە دابەزن
تکایە، خانمەکان، ئەم پەیڤە سوار مەبن
تکایە دێڕتان کۆن، هەناسە و مانگتان کۆن، تکایە
بێڵن با مردنتان تازە بێ!
..
۱) رۆلان بارت لە شوێنێکدا سەبارەت بە وێنەیەکی کرتێژ، فۆتۆگرافری فڕەنسی بە ناوی "تووتکە سەگ" دەربارەی نیگای منداڵی ناو وێنەکە ئەڵێ: "ئەو، چاو لە هیچ ناکات. ئەو، خۆی و عەشقەکەی و ترسەکەی لە ناخی دا پاراستووە: مانای نیگا، هەر ئەمەیە"
کاتێک ڕووبەرگی ئەم کتێبەم دیت ئەو وتەی بارتم هاتەوە یاد. بە پێویستم زانی پێش ئەوەی کە باس لە شیعرەکانی کتێبی کڕاکە بکەم چەن ڕستەیەک لە سەر ڕەسمی ڕووبەرگەکەی بووەستم. 

مرۆڤێک موعەلەق لە چەرخەیەکی بەرزەخی دا. مەسخێک ڕووی داوە؟ لە هەیئەتی مرۆڤ بۆ گیانلەبەرێکی دیکە یان بە پێچەوانە. مرۆڤێک کە ناوقەد بە خوارەوەی دووپشکە و ناوقەدی بە خەنجەرێک وەک دەستێک نیشان کراوە. ختووتێک نیودایەرە لە سەرەوە و لە ژێرەوە دەورەیان کردووە وەک چەرخەیەکی بێ بڕانەوە و بەردەوام کە بە توندی لە گەڕدایە. وەزعێکی بەرزەخی لە نێوان دوو بەشی ڕەش و سپی بەکگراندی رەسمەکەدا. 

ڕەنگەکان: سوور، زەرد، پرتەقاڵی، شین، ڕەش، سپی. خۆرێک نیودایەرە لە بەشی چەپی سەرەوەی ڕەسمەکەوە هاتووەتە نێو چەرخەی گەڕانەکە وەک ئەو حەڵقە پرتەقاڵیەی خوارەوە. تیشکە کاڵ و کرچ و ڕەنگ پەڕیوەکەی وەک ڕەنگی زەرد لە سەر لای چەپی ڕوخساری کاراکترەکە دیارە. ئەمە هیوای ڕەنگ پەڕیوە بە خۆر وەک نەمادی ژیان و بوون. ئەمە ڕەنگە ڕەنگی مردوو بێت کە نیشتووە لە ڕوخساری، نە تیشکی خۆر. شین، واقعە. واقعی بەرزەخی کە بەردەوام وەک مادە هۆشبەرێکی خڵەتێنەر، مرۆڤ لە نێوان دۆزەخ و بەهەشت دا ڕادەگرێ و سەرقاڵی ژیانی دەکا. 

ڕەسمەکەی باسم ڕەسام وەک جەنجاڵێکی سوررئال رەوایەتی برینێکە لە نێوان چەرخەیەکی ئاڵۆز لە ڕابردووەوە تاکوو داهاتوو. ئەو خوێنە و ئەو دەستە خەنجەراویە و ئەو دووپشکە خزێنەرە کە بوونەتە بەشێک لە لەش و ڕۆحی کاراکتر هەموو نوێنەری ڕابردوون. ئەمە خولیا و واقعی کاراکترە. کاراکترێکی ئاخناو لە برین و زام و خوێناو. سپی و سوورێک کە بە لێوی دا هاتووەتە خوارەوە. کاراکترێکی تیپیک کە ژنە. زولفی خوێناوی و لەشێکی ڕەشپۆش کە دووپشکێک کلکە ژاراویەکەی هەڵگەڕاندووەتەوە ڕەنگە بۆ خۆکوژیێکی باو. وەک نەریتێکی سرووشتی. دووپشکێکی مێژوویی خزێنەر و کوشندە تێکەڵ بە ڕۆح و جەستەی کاراکتر بووە. ئەمە چەرخەیەکی بەردەوامە. دووپشک لە ژێر زگی ژنەوە سەرهەڵئەدا و ئەزێ، بە ژارەوە گەورە دەبێ. تێکەڵ بە جەستەی دەبێ و ژار و سرووشتی دووپشکیانەی خۆی ئەسەپێنێ. کوشتن و خۆکوژی بەردەوام لە ژێر سێبەری تەهدید دا. مەسخێکی بێ بڕانەوە. خوێناوهەڵێنانەوەی بەردەوام. هێق کردنەوە.

"هێق بکەوە سەنەم
خۆرێکی نێر کە خزاوەتە ناو سکتەوە
ڕیزە نوقتەیەکی شلۆک کە ڕژاوەتە هەناوتەوە هێق بکەوە
پێوەندی درێژی جان و جانتا
پێوەندی خڕی سککە و ساک 
هێق
هێق بکەوە
ئاە سەنەم
خۆت و ئاو، خۆت و هەوا
دووجاری دی ئەم قاڵاوییە - تۆ بیت و خوا - هێق بکەوە"
..

بەڵام چاوەکان. لە خوێنەر داوا ئەکەم چەن چرکەیەک چاو لەو دوو چاوە ببڕێت... ئێستا بڵێ چیت دیوە؟ نیگای ئەو دوو چاوە بازە، ئەو دوو کەلێنە چیان پێ وتیت؟ 

دیسانەوە دێتەوە یادم: "ئەو، چاو له هیچ ناکات. ئەو خۆی و عەشقەکەی و ترسەکەی لە ناخی دا پاراستووە: مانای نیگا، هەر ئەمەیە" بارت
..

۲) "کڕاکە" کۆمەڵە شیعرێکی یاخیە. یاخی هەم لە فۆڕم و هەم لە ناوەڕۆک دا. فراوانی ئەزموونی زمانی و کایاکردن بە فۆڕم لە لایەکەوە و دنیایێک هێما و نیشانەی جۆراوجۆر کە کردنەوەی هەرکامیان دەروازەیەکە بۆ خوێندنەوەی لایەنێکی مانایی و تەئویلی دەقەکە. بێ گومان هەموو ئەمانە لە یەک دەق و نووسراوەدا ناگونجێ. لە بەر ئەمە تەنیا قەناعەت بە خوێندنەوەی چەن لایەن و شوێنەواری گشتی دەقە ئەکەم و باس و خوێندنەوەی وردتر و خاڵ بە خاڵی دائەنێم بۆ دەرفەتێکی دیکە ئەگەر دەست بدات لە سەری بنووسم.

۳) کڕاکە، دیالۆگێکی بەردەوامە لە نێوان شاعیر و (تۆ)یەک کە بەردەنگێکی نادیار و غایبە. ڕەنگە ئەم بەردەنگە خودی شاعیر بێت واتە مۆنۆلۆگێک کە بەردەوام لە مێشک و خەیاڵ و دەروونی شاعیردا دەنگ ئەداتەوە. لە ڕاستی دا کڕاکە، کۆمەڵە شیعرێکی دیالۆگ میحوەرە. لە کەمتر شوێنێک دا ئەبینرێت کە ئەم دیالۆگ و خەتابەیە بپچڕێت. 

هەروا کە وترا بەردەنگ، دووەم کەسی تاکە (دوم شخص مفرد) تۆ. ئەم تۆیە بەردەوام لە ئاڵوگۆڕدایە. کەسایەتی گەلێکی جۆراوجۆر لە درێژەی ڕەوایەتەکە دا دەبنە بەردەنگی شاعیر. جارێک ژنێکە بە ناوی سەنەم، جارێک شاعیرێکە، جارێکی دیکە عارفێکە، لە شوێنێکی دیکەدا کەسایەتیێکە بە ناوی حەسەن. لە زۆرینەی شوێنەکان دا بەردەنگ ونە. وەهمە. ماخولیای شاعیرە.

(تۆ چ غەمگینی وەک لە حەڵەب یارت هەبێ/ قاسیدێکی بە متمانەت لە قەندەهار- بەم کوێستانە لەعنەتیە- دەست نەکەوێ) ل۷
(بڕوانە/ بڕوانە چۆن کاشیەکانی میوانی  و لاسکە گەنمەکان ڕشاوە دەکەی) ل۹
( جەنابت کە تەمرینی بزە و ژێست و جەنابت دەکەی/ بێ زەحمەت تۆ/ نیمە زیدەین) ل۹ 
(تۆ بەرلەوەی ببی/ بوویت/ بە گۆچانەوە/ لە دایکت بوویت) ل ۱۴
(سەنەم! شتێکی وازانراو پێت دەڵێ/ ڕۆژانێک لێوت لێوتر بوو/ قسەکانت قسەتر بوون) ل ۱۸
(ئەی دز! رەفیقەکەت کەشفەکەی ڕادەنووسێ) ل۱۹
(ئەمما تۆ سەنەم تۆ/ تۆ فەیلەسووفی پێستی خۆت بە) ل۲۰
( هۆ جەناب وەرە/ وەرە هێقت بکەمەوە) ل۲۴
(خوانەخواستە، دەستەکانت هەمار نەکەی/ ئەگەر بڵێم من بۆ غەمگین/ ئاسمان/ باڵندەکانی پێ قورسە) ل ۲۵
(خانمەکە خولاسە/ تۆ کەوتووی/ تۆیان کەوتاند!) ل ۳۴
(تۆ ڕاست دەکەی/ عەینەن "ڕێ"ی دێڕێکم لاڕێی) ل۳۷
(من مردووشۆرخانەکان دەگەڕێم/ زامێک بۆ تۆ حەسەن) ل۴۱
(پاش تۆ ئێمە/ ئێمە پاش تۆ/ بووینە شاعیر) ل۴۲
(نەمزانی هەتاکەی/ ئەمما تۆ ڕۆژێک بووی بەفرانبار/ لە تەقویم قاوکرای، هەڵتەکای) ل۵۱

هەرکام لەم بەردەنگانە، گوتار و لەحن و فۆڕمی دیالۆگی تایبەت بە خۆیان هەیە. ڕەنگە ئەمە یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی ئەم دەقە بێت کە وەک فەزایەکی نوێ و جیاواز لە شیعری سەردەمی کوردی دا خۆی بسەلمێنێ.

۴) گەڕانەوە. لە کڕاکەدا شاعیر بەردەوام لە گەڕانەوەدایە. ڕەوایەتێکی شیعری کە پڕ لە ئیرجاعاتی زەمانی و مەکانی. گەڕانەوەیەکی بەردەوام بۆ نوستالوژیا تاڵ و شیرینەکان. کەسایەتیە دوور و ونەکان. کوژراوەکان و مردووەکان. شاعیر، خۆی قارەمانی ئەم ڕەوایەتە مێژووییەیە. ئەدوێت و ڕەوایەت دەکات. پێی لە سەر زەوی ئێستایە و بە چواردەورا مێژوو دەورە ئەکاتەوە و ڕووی لە ئایندەیە. پێی لە سەر زەوی ئێستایە بەڵام زەوی قەبرستانێک. قەبرستانێک پڕ لە دەنگ و ڕەنگ و جەنگ و برین و خوێن و دووکەڵ و شار و شەقام و ژن و سێکس و کوشتن. هەموو ئەمانە ئەگێڕێتەوە. تەنیا یەک کەس بە قەتعییەتەوە پێی لە سەر زەوی حاڵ و ئێستایە و ڕووی لە ئایندە، ئەویش خودی ڕاوی، قارەمانی ڕەوایەت یان شاعیرە. 

کڕاکە، ڕەوایەتی لەدەستدانە. ڕەوایەتێکی شیعری لە هەموو ئەو شتانە و ئەو کەسانە و ئەو شوێنانە و ئەو کاتانەی لە دەست چوون. کڕاکە، ڕەوایەتی حەسرەتە. بەتایبەت لە بەشی پێنجەم دا. 

(ئەو ڕۆژانەی لە مناڵیما/ وەریبوون/ سێو بوو/ ئەو کچەی بە پیاوەتیما/ هەناسە بوو/ هەراس و هاوسێ بوو) ل ۱۳
(لەق لەقێکی لامساوی/ ئەم پاییزە ئاسمانیە/ لە خاترەی خەت خەتیما/ کێ و کێ دەڵێن/ کۆلارەیەک/ بەجێماوە؟) ل۱۷
(هەمووشتێک/ نوختەی چی؟ لە خەتەوە دەستی پێکرد) ل ۳۲
(دونیا کۆنی کردی/ وەک کچ نا/ وەک کون و کونایی/ دادڕاوان/ بەچاوی زلەوە/ وەک درز و درزایی/ دەتبینن) ل۳۴
(مناڵیمان لە گەڕەکە پەرتەکانی شارا/ لە پەڕانتزە ئابووری و پرتووکاوەکانا/ ڕاونرابوو حەسەن/ داونرابوو حەسەن) ل۴۱
(ئێمە کاولتر لە سەگ و/ ئاوەدانتر لە زبڵدان/ عارەق و عارەقەمان کەشف دەکرد) ل۴۲
(ئیمانت هێنابوو بە مابەینی جیهان و خۆت/ بە مابەینی کارخانە و خوا/ ئیمانت هێنابوو بە مابەینی کرێ و کار/ وەک ماتۆڕەکەت غەمگین/ وەک جلەکانت ئیزافە/ وەک پێکەنینەکەت شیر) ل۴۸
(نەمزانی بەرەو کوێ ڕامردی/ نەخشەی سەفەر لە لاقەکانت/ کە ئەم دواییە شەل بوبوو/ خەتی چی؟ دەمار بوو) ل۵۱

۵) جگە لە هەموو ئەو دیالۆگانەی کە باس کرا، بە گشتی لەم دەفتەرەدا لەگەڵ گەورە دیالۆگێکیش دا (کلان دیالۆگ) بەرەوڕوو ئەبینەوە. وتووێژێک کە لە بەشی یەکەمی دەفتەرەکەوە دەست پێ دەکات (تۆ چ غەمگینی وەک لە حەڵەب یارت هەبێ/ قاسیدێکی بە متمانەت لە قەندەهار/ بەم کوێستانە لەعنەتیە/ دەست نەکەوێ ... هتد) ل۷

و لە بەشی چواردا وڵام ئەدرێتەوە (من قبووڵمە/ چ غەمگینم وەک لە حەڵەب یارم هەبێ/ لە سەمەرقەند کوژرابێتم/ من قبووڵمە/ دنیا کەمە و پێستت ئاوتر/ پرچت فۆڕمی قەسیدەیە و بۆ دیتنی چاوم چاوتر) ل۳۰ و درێژەی پێ دەدرێت. 
ئەمە لایەنێکی دیکە لە تازەگەری و فۆڕمێکی نوێیە کە لەم دەفتەرەدا داڕژاوە.

٦) شار بە گشتی یەکێک لە بەرجەستەترین و بەرچاوترین چەمکەکان لە ڕەوایەتی شیعری لەم دەفتەرەدایە. کڕاکە، کۆمەڵە شیعرێکی بە شیدەت شاریە. وەسفەکان، فەزا و میزانسنەکان، کەسایەتیەکان، لەحن و گوتارەکان لە جێگە بە جێگەی ئەم دەفتەرەدا بە چڕوپڕی هاوپێ لەگەڵ بارودۆخ و ئەتمۆسفێری کۆمەڵگای ئەمڕۆدایە (بە تایبەت کۆمەڵگای شاری کوردی). هێما و نیشانەگەلێکی فراوان وەک چیدمانێک لە فیتیشەکان، ئەخلاقە کۆمەڵایەتیەکان، تەکیەکەلامەکان، دیالۆگەکان، شوێن و ڕووداوەکان و زۆر شتی ورد و درشتی دیکە دەبنە بەرجەستەکەرەوەی ئەم فەزا شاریە. ئاپارتمان، تەخت و موبلی جڵف، هیستری، سانسۆڕ، موبایل، کردنەوەی زیپ، کلێنێکس، کارمەندی بیمە، مودیری ئیدارە، کەلسیۆم، مەنیەزیۆم، سێوی لەیبڵ، بەیانیان ئاناناس، بەدەرەک، بلیتی مێترۆ، حەبی LD، پتاسیۆم، دێپرێس، فوبیا، پارانۆید، کلاسی تۆ، ئۆتووبان، پاساژ، پێرفێکت، ئاماتۆر و هتد. 

یەکێک لە سەرەکی ترین عەناسوری ئەم ڕەوایەتە شاریە، سێکس و ژنە وەک کارکەردێکی بەکاڵابوون. سەنەم، نەماد و نوێنەری ژنانی کۆمەڵگایە. سەنەم مانای بوتیش دەدات. سەنەم وەک سیمای ژنانەی کۆمەڵگای پیاوسالار بەردەوام دەخرێتە ژێر نیگای بەکاڵابوونی سێکسی و دەشکێت. لەگەڵ ڕەوایەتی ئەم شکاندنەدا بەرەوڕووین. چ وەک ژنێکی عامی و چ وەک ڕۆشنبیر و شاعیرە. زەینیەتی زاڵی ژنانەی کۆمەڵگاش ئەم بەکاڵابوونەی وەک بایەخێک وەرگرتووە. پێست و نیگەرانی چرچ بوونی پێست نەمادێک لەو ڕووکەشە کاڵا سێکسیەیە. مۆز و ئاناناس و فەیلەسووفی پێست. ڤیتامینەکان و حەبەکان. هەموو فیتیش و ماتریاڵەکانی پاراستن و پەرەدان بەو جیهانە سێکسیەیە. ئاپارتمانەکان، تەخت و موبلە جڵفەکان، ماتیک و کرێم و کلێنێکسی بە دەمەوە و هتد، هەموو ئاماژەن بۆ ئەو فەزا و فیتیشە شاریانەی کە بۆ دەست بە دەست کردنی کاڵای سێکس لەو کۆمەڵگادا تەسویرسازی کراون. 

(بیر لە بیر لە ئاشنایی سڕینەوە ناکاتەوە/ بەینەکانی هاوڕێکەت/ دەکاتەوە/ گۆڵەشاعیر!) ل۲۰
(پێتوایە ساغیت و/ ئەوانە شیکن لێت/ کلاسی تۆ .../ پێتوایە خۆشێکیت دەروونی/ کۆمەڵگا، تاریخ و جوگرافیا/ تۆیان گا/ دەمت نا، پێشت نا، پاشت نا/ وەسەتی تۆ .../ هێق بکەوە سەنەم/ خۆرێکی نێر خزاوەتە سکتەوە) ل۲۲
(ڕۆژێک دابێ/ بانگ بکەی هۆ جەناب/ کە مەوازبی ماتیکەکان مەوازی بمژی/ کە نافامی لێوەکان کەباب نین/ کە لاپەراسووم دەلێسیتەوە لار/ بانگ بکەی!/ هۆ جەناب وەرە/ وەرە هێقت بکەمەوە!) ل۲۴

۷) لە بەشی سێ دا بە تەواوەتی فەزایەکی نوێ ڕوونەمایی ئەکرێت و تا  ڕادەیەک لە شار دوور ئەکەوێتەوە یان کەمڕەنگ ئەبێتەوە. لێرەدا لەحن و کەلام ئەگۆڕدرێت. بەردەنگ، جەماوەرن واتە سێهەم کەسی گشتی (سوم شخص جمع) و کەلامێک نێزیک لە ئایین و عیرفان. 

(ئەیا یا ئەهلی با/ ئەو هەوایەی لە سیەکانتانا هەمارە/ کە مارە و/ ئێسقانی مردووان/ یا ایهاالسەوداسەران/ تف کەنەوە تف/ تفەنگیش) ل۲۸
گەرچی ئەمەش بەشێک لەو دیالۆگ و مۆنۆلۆگە گشتیەی فەزای شێعری کڕاکەیە و دیسانەوە ئیرجاع و گەڕانەوەیە. ئاماژەیەک بە بەشە ئایینی و خەلسەئامێزەکانی کۆمەڵگا. بەڵام لێرەش دا شاعیر(گەرچی پێغەمبەرانە) دیسانەوە خەتابەی هەیە بۆ بەردەنگ و کۆمەڵگا: (ئەی خوێن کە گەرم و تاڵ/ ناوەڕاست/ ناوەستی/ فتامل/ فتامل) ل۲۷ وە ئاماژە بەو (بایەی کە دێت و عەینەکی و لەرزۆک و بە پەلە) ل۲۷ وە (وایەک دێت عەینەکی و پەککەوتە) ل۲۹

۸) دژوارترین و پیچیدەترین بەشی ئەم دەفتەرە بەشێکە بە ناوی "بێ خەیاڵ" لاپەڕە ۳٦. هەم لەفۆڕم و هەمیش لە پیچیدەگی مانا و هێما و نیشانەکاندا دژوارترین بەشە. لەحن دیسانەوە ئەگۆڕدرێت و بە شێوەی نەقڵی خەتابی ڕەوایەت ئەکرێت.

(پێمدەڵێ: خانمەکە/ ئەم مردنە لە ئێوارە بنێ/ «نام») ل ٣٦
(کەسێک ئەڵێ:/ جامانە چەنێ پێویستە/ ئەو کاتانەی/ نیشتمان کڵاوەکەی لار دائەنێ و!) ل۳٦

ئەم بەشە بە بڕوای من موئەخەرەیەکە لە سەر هەموو بەشەکانی پێشوو. مۆخەرەیەکی تراژیک. ئەوەی کە بووە بە خێرایی و ڕەنججێکەوە مروور ئەکرێتەوە. شاعیر لەم نوقتەیەدا واز لە هەموو دێنێت و وەک تاکێکی غەمگین و تەنیای جیهان شار بیر لە وشە ڕەهاکان ئەکاتەوە و وەک هەوایەکی خانەنشین پەنا بۆ وشەکان ئەبات. کۆمەڵگایەک ڕەها ئەکات کە جگە لە سرووشت و شاخ، هەرچی هەیە وشەیە و بەس. 

(دنیا کەمە و زەوی غوبار/ خوێنت فەرقە و خڵتانی ژار) ل۳۹
(دووکانی باڵندەفرۆشی لە کوێیە؟/ -چیتان هەیە؟/ خوێن و بەفر و ئەسپ و مەزرا/ -چیتان هەیە؟/ خەون و هەور و پەیڤ و ئیرا/ هەموو شتەکانیان بارکەن/ خوایە سپاس وشەکانمان بەختەوەرن) ل۴۰

۹) دوایین بەش واتە بەشی پێنجەم فەزایەکی جیاوازە لەگەڵ هەموو بەشەکانی دیکەی دەفتەری کڕاکە دا بە گشتی. بەشی پێنجەم، خۆی دەفتەرێکی جیاوازە. هەم لە باری فۆڕم و هەم لە باری ڕەوایەتەوە. زبان و فەزا و عەناسوری شیعری سەرڕاستترن. لە یەکەم ڕستەوە تا دواڕستە یەک کەسایەتی نەمادین بەرجەستەیە "حەسەن".

"حەسەن" نەماد و نمودی دونیا و نوستالوژیای بریندار و مەخدووش و لە دەست چووە. ڕەوایەتی ئەم بەشە ئاخناو لە ئیرجاعی مێژووییە. هەموو ناکامیەکان و شکان و پەژارە و ئاڵۆزیەکان مروور ئەکرێتەوە. بەردەنگ، کەسایەتیێکی نەمادینە بە ناوی حەسەن کە مردووە. مردنێکی نەمادین. حەسەن، نەمادی هەموو ئەو کەسانەن کە بە خەتتێکی زەق و پڕڕەنگ ، شوێنەواریان بە سەر بیرەوەری و نوستالوژیای کۆیی دا دەبینرێت. 

بەشی پێنجەم، مۆنۆلۆگێکە تراژیک. زامنامەیەکە بە سەر تەرمێکی ون. بە سەر جیهانێک درێژەدراو تا ناخی مێژووی منداڵیەکان و مێرمنداڵیەکان و لاویەکان کە لە مردووشۆرخانەکان و قەبرستانەکان و کەلەواکان دا شوێنەواری پەڕە کراویان ڕەنگە بدۆزینەوە. 

(من مردووشۆرخانەکان دەگەڕێم/ زامێک بۆ تۆ حەسەن/ بۆ زامێکی تۆ/ سەر سنگی کوژراوەکان/ مردووگۆڕخانەکان و/ فڕێدراوەکان/ دەپشکنم) ل۴۱

بەشی پێنجەم تراژێدی نامەیەکی تەنانەت حەماسیە بە فۆڕمێکی مۆدێڕن کە پاڵ بە مەنزوومەکەی "دەلالۆی" شێرکۆ بێ کەسەوە ئەدات وەک نموونەیەکی ئاوانگاردی تراژی حەماسی شیعری کوردی سەردەم.

(حەسەن کڵاوەکەی چەپە/ حەسەن ڕۆژەکەی چەپە/ حەسەن خوێنەکەی چەپە/ حەسەن زامدار نا، زامێکە) ل۴۹
(نەمزانی هەتا کەی/ ئەمما ڕۆژێک بووی بەفرانبار/ لە تەقویم قاوکرای، هەڵتەکای) ل ۵۱

شیعری حەسەن، ناسنامە و جەریانی پرێزێنتاڵی نەوەیەکە یاخی لە ئەختەبوون. تەرمی ون بووی حەسەن بەهانەیەکە بۆ مرووری مێژووی ئەختەگی و یاخی بوون لە ئەختەگی.

(بەڵێ جەناب/ فۆکلەکانی مناڵی هیچ/ کڕاکە سەریشمان خەتایە/ ئا جەناب/ چاک دەزانین چەندین جار ئیزافەین) ل۴٦
(گرفتی دەرەکی ئەوەیە شیعرێکی ناحاڵیم/ گیرۆدەی مەرزێکم بە زەویش پڕنابێ بەتاڵیم/ خۆم کوردی کاول و عەسەبی و کەنارم/ دووکەڵی هیستری و جێماوی قەتارم) ل ۴۷
(نەمانزانی/ نەتزانی بە هێڵەکان، وێڵێتیمان گەمارۆ دەدەن) ل۴۵

وە خۆڕەخنەگرانە لە کۆمەڵگا و ئەدیب و ئەندێشمەند ڕاس دەبێتەوە و پەنا بۆ خاڵە کوتراوەکانی سەر بازۆڵەی حەسەن و هەناسە گڕدارەکانی سینگی و قاقا و دەست و پێ ئاماتۆرەکانی دەبات و ژیان و ڕۆژ و خەونە چەپەکانی کە ئەڵێ تۆ خەڵکێک بووی و (ئێمە کاولتر لە سەگ و/ ئاوەدانتر لە زبڵدان/ عارەق و عارەقەمان کەشف دەکرد/ دڵخۆشتر لە دامەزرانی خۆشکە کارمەندەکەی تۆ و/ برا قاچاخچیەکەی من) ل۴۲ (پاش تۆ ئێمە/ ئێمە پاش تۆ/ بووینە شاعیر) ل۴۲

خۆڕەخنەگرانە لە هەموو ڕاس ئەبێتەوە:
(شاعیرانی سەدەی شیک و لیک و بنێشت/ مانگمان گا ئەوەندە لە شیعر دامانگرت ل۴۳/ زەویمان تەرتیب دڵ ئەوەندە ڕامانگرت تا سواربین، دابەزین) ل۴۸
بێڵن با مردنتان تازە بێ!
(تکایە، ئاغاکان، ئەم خەڵکە دابەزن
تکایە، خانمەکان ئەم پەیڤە سوار مەبن
تکایه دێڕتان کۆن، هەناسە و مانگتان کۆن، تکایە هیچ نەبێ زوو بمرن/ بێڵن با مردنتان تازە بێ) ل۴۸


پەیوەندی‌دار:

"سێلفی لە گەڵ مەک دۆناڵد"

زیزترین پیاسەی ئامێزی شار

شیعرێکی حافز مووسەوی

"mongrel"

کورتە چیرۆکی "کا نوقتە"

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە

راپۆرتەهەواڵ

analis picture

هەپەگە: تەقینەوەکەی جزیرە کاردانەوە بوو بەرامبەر بە بێئاگای لە ئۆجەلان


هەواڵ


دیمانە

Interview Picture

مانناسیی کۆمەڵایەتی زاراوەیەکە بۆ باسکردن و شیکردنەوەی هەموو بوارەکانی پێوەندی نێوان زمان و کۆمەڵ ، جگە لەو بوارانەی

سێ‌شەممە ۲۹نەورۆز۱۳۹۶/ ۱۷:۱۱