مەنسوور تەیفووری

باکوور: گۆڕین لە کوێوە دێت؟

Saturday, November 5, 2016





مەنسوور تەیفووری

  بە پێی تەمسیڵیک کە گێرشۆم شۆلێم جارێک بۆ بنیامینی گێڕاوەتەوە، بۆ ئەوەی مەلوکووت و هەرێمی ئاشتی دابەزێتە سەر زەوی پێویست بەوە ناکات هەموو شتێک ژیرەوژوو بکرێت، بەڵکوو بۆ گۆڕینی گشت شتێک، تەکاندان و گۆڕینی شوێنی یەک شت، ئەویش کەمێک و ئەوەندەی نەختێک، پێویستە و ئەو کاتەیە کە پێوەندیی شتەکانی دیکەش دەگۆڕێت. تەمسیلەکە وەها دەڵێت: "رەبەنێک، کابالیستێکی راستەقینە، رۆژێکیان گوتی: بۆ دامەزرادنی دەسەڵاتی ئاشتی، هیچ پێویست بەوە نییە هەموو شتێک بڕووخێت و دنیایەکی بە تەواوی نوێ بهێنرێتە دی؛ هەر ئەوەندە بەسە نەختێک شوێنی ئەم پیاڵە، ئەم بنچکە یان ئەو بەردە بگۆڕێت و هەر ئەمە بۆ هەموو شتەکانی دیکەش بکەیت. بەڵام زانینی بڕی ئەم نەخت ە شوێنگۆڕکێ و کردنی هێند زەحمەتە کە، ئەوەندەی پێوەندیی بە ئەم دنیاوە هەیە، مرۆڤ پێیان ناکرێت، لەبەر ئەمەشە کە هاتنی مەسیحا هێند پێویستە". جیا لەم نوسخەی شۆلێم، بنیامینیش خۆی ئەم بەرسەهاتەی جارێکی دیکە نووسیوەتەوە کە " حاسیدییەکان چیرۆکێک لەسەر دنیای داهاتوو دەگێڕنەوە و دەڵێن : لەو دنیا هەموو شتێک رێک وەک ئێرە و وەک ئێستە دەبێ، بە کەمێک دەستکارییەوە". 

   بۆ ئەوان مەسیحا پێویستە چونکوو تەنیا ئەوە دەتوانێت بزانێت چ شتێک و چەندە دەبێ تەکان بدرێت بۆ ئەوەی هەموو شتێک بگۆڕێت. بەڵام سیاسەتی بندەستان بێبەریی نییە لەم چەشنە چرکە مەسیحاییانە، ئەو چرکانەی ئەگەری رزگاریی روون و بۆ ساتێک خۆی دەردخات و بە رێکەوت لە خاڵی بچووک و لەو شوێنەوە کە چاوەڕێی ناکرێت سەرەتاتکێ دەکات. سیاسەتی ئەم چرکە و ئەم شوێنگۆڕکێ بچووکانە، بە پێچەوانەی سیاسەتێکی دیکەیە کە شێوەکەی لەو تەمسیلەدا ژێراوژووکردنی هەموو شتێکە، ئەم سیاسەتە لە ئێستەدا ناوێکی هەیە: سیاسەتی دەوڵەتی، سیاسەتێک هەموو شتێکی بە هێزەوە بەستراوە و بەرێکەوت تەنیا دەوڵەتانن کە دەتوانن وەها گۆڕانێکی گەورە و بنچینەیی درووست بکەن، واتە تەنیا ئەوانن کە ئەوەندەیان چەک بەدەستەوەیە و هێندەیان سەرباز و بەکرێگیراو هەیە کە بتوانن لایەکی دنیا بڕووخێنن یان جەماوەرێکی زۆر بکوژن، تەنیا ئەوانن کە دەتوانن کە دوای شەڕێکی سەروماڵیی خاوەنی کورسیەکان بگۆڕن و لە جێگەی سەدام و شا و ئاتا تورک کۆمەڵێک دەموچاوی تر دابنێن، ئەم گۆڕانە بنچینەیی و سەروماڵییانە تەنیا بە ئەوان دەکرێت کە باجەکەشی هەر بندەستان دەیدەن. کە واتە ئاساییە بە دوای تەمسیلەکەدا بڵێین ئەم گۆڕانە مادام هێزێکی گەورەی پێویستە پێوەندیی بە بندەستانەوە نییە و ئەگەریش روو بدات ناتوانێت هەرێمی ئاشتی و مەلکووت بۆ بندەستان بە دیاریی بێنێت، بێجگە لەوەی دەموچاوی لێڤیاتان بگۆڕێت، ئەو لێڤیاتانەی کە ئەزموونی هەنووکە نیشانمان دەدات کەی پێویست بێت بێ هیچ شەرمێک دەگۆڕێت بۆ زۆری رووت، بۆ پۆلیس.

  خاڵی بەرامبەری ئەم سیاسەتەی کە وەک وتمان بە زۆرەوە پەیوەستە، سیاسەتێکە لە تەمسیلەکەدا بە دەستکارییەکی کەمی شتێک ناوبراوە، بەڵام ئێمە نازانین کوێیە. ئەم سیاسەتە بەرێکەوت نەخشەی نییە، کارناس و شارەزایان و ئەندازیارانی شەڕ و تاقیگەی ستراتێژی و تینک-تانکەکانی لە پشتەوە نییە، ناتوانێت هەموو شتێکی خۆی بە بەرنامە بکات، سیاسەتێکە هی شتە بچووکەکان، سیاسەتێکە نە توانای ژێراوژووکردنی دنیای هەیە و نە بە نیازی ئەوەیە، کەچی هەر بە هۆی ئەمەوە کە لەشکر و تانکی نییە و ناخرێتە نێو پرۆگرام و تانک-تینک و لابراتوارەکانەوە، پێوەندیی بە ئەو شتەوە هەیە کە لانیکەم لە کاتی ئەرەستوەوە یەکێکە لە پێناسەکان بۆ جەوهەری ئینسان، واتە توانست. ئەم سیاسەتەی بندەستان، تەنیا جۆرێکی هێزەکی هەیە و تەنیا دەتوانێت شتی بچووک بگۆڕێت، بەڵام ئەو شتە بچووکانەی کە بە گۆڕینی خۆیان بنچینەی مۆدێلی یەکەم لەق دەکەن و کەچی ئەمانە مترسیدارتریشن. ئەگەر قایل ببین بەوەی کە مۆدێلێکی کۆنی شەڕ هەبووە کە شەڕی ئیرادەی دوو دەوڵەت بووە، ئێستە سیاسەت تەنیا لە شێوەی شەڕی دەوڵەت و نادەوڵەت یان بێزۆرەکاندا خۆی دەردەخات، واتە بەریەککەوتنە هی دوو مۆدێلی سیاسەت و بیرکردنەوەیە لە سیاسەت، سیاسەتێک هی زۆردارانە و سیاسەتێک کە پێوەندیی خۆی بە زۆرەوە پچراندووە.

  بەریەککەوتنی هەنووکەیی ئەم دوو سیاسەتە بەردەوام دەبینین، لە لایەک دەوڵەت و سنوور و یاساکانی هێشتا " ناموس"ی سیاسەتن و تەنانەت هێزێکی وەک داعشیش تەنیا دەتوانێت وەک دەوڵەت هەبێت و دەولەتداریی بووە بە باشترین رێگە بۆ پاساوی چەوساندنەوە، چونکوو لێدان لێی دەبێتە لێدان لە نامووسی سیاسەتی نێودەوڵەتیی؛ لە لایەک دەوڵەتان و شەڕی ئەوان هەیە پێکەوە کە بە دەگمەن پیوەندیی بە خەڵکانی نێو چوارچێوەیانەوە هەیە؛ لە لایەکی دیکە بەریەککەوتنی هاوکاتی دەوڵەتان لەگەڵ نادەوڵەتانی هەناوی خۆیان، لەگەڵ ئەو هێزەی کە ناتوانن پێش بینیی رەفتاری بکەن، ئەو توانستەی کە کۆنترۆل ناکرێت.

  ئەزموونی هەنووکەیی تا ئێستە -لانیکەم لەم ناوچەدا کە کوردی تیا دەژی- شایەتێکە لەسەر بەریەککەوتنی ئەم دوو فۆرمە، دەوڵەتان شەڕ دەکەن و تەنیا خەڵکانی تێدا دەکوژرێن. دەمێکەیە سەردەمی ئەوە بەسەرچووە کە جەنگ گۆڕانکاریی یان بەهای نوێ بەرهەم بهێنێت، لە هیچ یەک لەم جەنگی دەوڵەتانەدا شەڕێک نییە لەسەر حەقیقەت و بەهایەک، تەنانەت خودی هەرێم و خاکیش کێشەی یەکەم نین، جگە ئەوەی دەوڵەت بتوانێت بمێنیتەوە، بە هەر بەها و نرخێک کە بووە.

  لە نەریتی بندەستاندا گەڕانێکی هەمیشەیی هەیە بۆ ئەم شوێنگۆڕکێ بچووکە، شوێنگۆڕکێیەک کە لە باتیی "زۆر" ئیدەی پێویستە. نموونەیەکی هەنووکەیی ئەم بەریەککەوتنە نموونەی باکووری کوردستانە و تێپەڕاندنە لە فۆرمی حیزبی داخراو و پێشڕەەوە بۆ بزووتنەوەی کۆمەڵایەتیی گشتگیر. لە نموونەی باکووردا و دوایین نموونەی گیرانی پەرلەمانتارانی پارتی دیمۆکراتیکی گەلاندا، دەستبردن بۆ چەند شتی بچووک دەبینین کە زیاتر لە لەشکری هەر دەوڵەتێک بۆ دەوڵەت/ پۆلیس مەترسیدار دیارن. لەوێ دادگا لە کار کەوتووە و ئەو فۆرمەی بڕیارە کار بکات و خەڵک رووی تێبکەن دادگا و بنکەکانی پۆلیس نین، بەڵکوو ئەنجوومەن و شوورای بچووکی گەڕەک و شارەکانن. لەوێ کەس بیر لە جێگەی ئەردۆغان ناکاتەوە، چونکوو کەس بە نیازی دامەزراندنی ئیمپراتۆریا نییە، واتە داواکە بۆ چوونە جێگەی ئەو نییە، بەڵکوو هەوڵەکە بۆ داهێنانی سیاسەتێکە کە دەتوانێت بێ‌دەوڵەت و بێ ئەوەی دەستکاریی دەوڵەتیش بکا کار بکات، سیاسەتێک کە بۆ ئەوەی کارا ببێت پێویستی بە پۆلیس و دەوڵەت نییە، لێرەوەیە کیشەی ئەردۆگان دەست پێدەکات، چونکوو دەوڵەت دەتوانێت لە دڵی خۆیدا لەگەڵ هێزی وەک خۆی بسازێت و هەڵبکات، بەڵام بەرگەی نا-دەوڵەت ناگرێت.

  لە نموونەی دە. هە. پە.دا دەبینین ئەم پارتە شتێکی سەیری ناوێت، جگە ئەوەی بە بی پۆلیس و دەوڵەت خۆی بەڕێوەببات، ئەمە بە مانای درووستکردنی دەوڵەتۆکەیەکیش نییە لە دڵی دەولەتدا، بەڵکوو بە مانای لە کارخستنی دەوڵەتە و رووتکردنەوەیەتی لە هەموو ئەو بەرگە ئایدۆلۆژیکانەی دەتوانێت خۆی پێ ماکیاژ و ئارایش بکات. لەم نموونەدا سیاسەت لە خاک و خوێن و رەگەز و زۆریش جیا دەبێتەوە و ئەوەی هاندەریەتی ئیدەی سیاسەتە نەک بەسترانەوە بە خاک یان خوێن و زمان و ئایینەوە. دەزانین ئەو توخمانەی کە بنچینەی دەوڵەتی کەمالی و ئۆردۆغانی پێکدێنن لەم توخمانە قەرز کراون و پرۆژەی کەمالیسم بەرهەمهێنانی جۆرێک مرۆڤە: پیاوی تورکی نیشتمانپەرست، کە لای ئۆردۆغان سیفەتی سوننەیشی پێ زیاد دەبێت. بەڵام لە کوێ ئەم ماشینی بەرهەمهێنانەی مرۆڤ تووشی کێشە ببێت پۆلیس فریای دەکەوێت و رێگەی بۆ دەکاتەوە، ماشینێک کە بەرژەوەندیی ئابووریی چینێکی زۆرینە و زاڵی لایەنگرانی ئا.کە.پە و بۆررژوازیی نوێی ئیخوانی دابین دەکات. لە باکوور ماشینەکە دەوەستێ و فەزایەکی نادەوڵەتی دەکرێتەوە، فەزایەک کە تێیدا تانکەکان وەک رێگەخۆشکەری دەوڵەت دێن و دواتر بازرگانانی دیندار بە کۆنترای بن دەستیانەوە. هەر ئەمەشە فەزا مەترسیدارەکە و لێرەدایە  کە دەوڵەت کارەکە دەسپێرێت بە پۆلیس و چەقۆکێش و داربەدەستەکانی ئاک پارتی، ئەم فەزا دەوڵەت هاندەدات ببێت بەوەی بە راستی هەیە، واتە پۆلیس. دژی ئەم فەزا دەوڵەت دەتوانێت لەگەڵ هەر دەوڵەتێک بسازێت، تەنانەت دەوڵەتی ئیسلامی یان هەمان داعش.

  پەرلەمەنتارانی هە.دە.پە. نەرۆییشتن و لە ماڵ مانەوە و بە ئاگادارییەوە دەچنە زیندان، ئەمەش خۆی بەشێکە لە نەریتێکی سیاسیی کە لە زیندانی دیاربەکرەوە دەستی پێکردووە و ئەمان درێژەی دەدەن، بەڵام جگە ئەمە- کە تەنیا زانیارییەکی مێژوویی رووتە- خاڵێکی بنچینەیی دیکە لە باکوور دەبینین، ئەویش کردنی سیاسەتە بە کایەیەکی فرەفۆرم و دەرهێنانیەتی لە تاک فۆرمی. واتە ئەو تێکەڵەیەی لە خەباتی مەدەنی و چەکداریی و خۆپیشاندان کە لە باکوور پێڕەو دەکرێت، تەنیا شتی تازەی ئەم نێوە نییە، بەڵکوو تازەتر لە ئەوەش دەسکارییەکی بنچینەیی ماناکانی پەرلەمانتاریسمە. 

  دیارە بەشێک لە گوتاری چەپ هەیە کە سانا و لە رستەی گشتیدا دەتوانێت بڵێت" هەلبژاردن داوێکە گەوجەکان تێی دەکەون" و داوش بکات ئەم رستە لە هەموو جێگەیەک کار بکات و وەک پەندێکی ئایینی پێرەو بکرێت، بەڵام ئەگەر ئەم گوتارە درێژە بدەین دەکرێ بگەین بە ئەمەی کە بڵێین دەمیرتاش و ئەندامانی پارتی دیمۆکراتیکی گەلان و شارەدارەکان لە گوڵتان کوشناکەوە تاکوو ئەوانی دیکە، خەتای خۆیان بووە و هەر سەرەتاوە نەدەبوا بەشداریی هیچ هەڵبژاردنێک بکەن و یان بچنە هیچ پەرلەمانێک، چونکوو عاقیبەتەکەی هەر پێشتر لە ئایەتەکاندا نووسراوە.

  بەڵام ئەم نموونە دەریدەخات ئەوەیە کە سیاسەت یەک فۆرمی هەمیشەیی نییە. پەرلەمانتاران دەمێننەوە و دەچنە زیندان، لە پڕ و بە رێکەوت ناگیرێن، بەڵکوو بە ئیدەوە و وەک هەڵبژرادنێکی سیاسی ئەمە دەکەن. ئەمە جیاوازە لەو نەریتەی هەڵدێت یان لە پڕ دەگیرێت. وەکی تر، ئەم نموونەی ئەمان دەریشیدەخات کە لە سیاسەتدا ئیدەکان گرنگترن لە کەرەستەکان و چوونە پەرلەمان مانای کورتکردنەوەی سیاسەت نیە بۆ پەرلەمان بەڵکوو تێیدا ئیدەکە درێژەدانی سیاسەتە لە فۆرمی جیاواز و بە کەرەستەی جیاواز، واتە پەرلەمان خوی نابێتە مەبەست، بەڵکوو ئەگەریش وەک گاڵتەیەک خرابێتە بەردەست، ئەوا ئەمان گاڵتەکە بە جددی وەردەگرن بۆ ئەوەی ناوەرۆکەکەی دەربکەوێت و ئیتر نەتوانێت وەک پەچەیەکی دەوڵەت کار بکات، ئەمە داماڵینی دەوڵەتە لەو ئەو پەچەیەش.

لەوێ، لە باکوور، شتێکی گەورە نەگۆڕاوە، هیچ ژێرەوژوور نەکراوە، بندەستان لەشکر و فرۆکەیان نەهێناوە، هێزی گەورە و زۆریان نییە، بەڵام دەستیان بۆ شتێک بردووە کە خۆی جێگە مەترسیدارەکەیە، پرسیار لەوەی بە راست دەوڵەت بەو جۆرەی هەیە پێویستە؟ ئەمەیە ئەو پرسیارەی لە " نامووس"ی یاساکانی هەنووکەی سیاسەت دەپرسێتەوە.


پەیوەندی‌دار:

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە

راپۆرتەهەواڵ

analis picture

هەپەگە: تەقینەوەکەی جزیرە کاردانەوە بوو بەرامبەر بە بێئاگای لە ئۆجەلان


هەواڵ


دیمانە

Interview Picture

مانناسیی کۆمەڵایەتی زاراوەیەکە بۆ باسکردن و شیکردنەوەی هەموو بوارەکانی پێوەندی نێوان زمان و کۆمەڵ ، جگە لەو بوارانەی

سێ‌شەممە ۲۹نەورۆز۱۳۹۶/ ۱۷:۱۱