لە دووەم ڕۆژی نەورۆز چووار کۆڵبەر گیانیان لەدەستدا

Thursday, March 23, 2017



NNSROJ: بەپێی ڕاپۆڕتی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ڕۆژی ٢ی خاکەلێوە (٢٢ی مارس)بەهۆیی ڕنووی بەفرەوە لە ناوچەی "قوتور"ی شاری خۆی لە باکووری پارێزگای ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چووار کۆڵبەر گیانیان لەدەستدا.

تەرمی ئەم کۆڵبەرانه لە ئەنجامی هەوڵی دانیشتووانی ناوچەکە و هێزەکانی فریاکەوتن دۆزراونەتەوە و لەژێر بەفردا هێنراونەتە دەرێ. هەروەها لەم ڕووداوەدا کۆڵبەرێک برینداربووە کە گوازراوەتەوە بۆ ناوەندە تەندروستییەکان.

ئاژانسی هەواڵدەریی ئامەدنیوز ناوی قوربانیانی ئەم ڕووداوەی بەمشێوەیە ڕاگەیاندووە " بێهروز عیسازادە، قوتەبەدین ئەحمەدی، حەسەن سەعیدی و مستەفا حافز".

بەپێی ئاماری ناوەندەکانی مافی مرۆڤ لە ساڵی ١٣٩٥وە تا ئێستا لانیکەم ٧٠ کۆڵبەر بەهۆیی ڕنووی بەفر، تەقەی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئێران، تەقینەوەی مین و بەربوونەوە و ... گیانیان لەدەستداوە.

سەرەتای مانگی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردووش چووار کۆڵبەر لە ناوچە شاخاوییەکانی شاری سەردەشتی پارێزگای ورمێ، کەوتنە ژێر ڕنووی بەفرەوە و گیانیان لەدەستدا.

دووابەدووای ئەم ڕووداوە ٣٠٠ کەس لە چالاکانی بوواری ڕاگەیاندن، سیاسی و کۆمەڵایەتی بە نوسینی نامەیەک بۆ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران داوایان کردبوو کە سرنجێکی تایبەتی بدرێتە ئەم چینە کەم داهات و هەژارە و "حیسابی کارتێلە ئابوورییەکان و لایەنگرانی پشتی پەردەی دیاردەی شومی قاچاق" لەگەڵ کۆڵبەران و کاسبکارانی سەر سنوور جیا بکرێتەوە.


پەیوەندی‌دار:

کوژران و برینداربوونی سێ کۆڵبەر لە ورمێ

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە