بابەتی گەرم:

کاردۆ خۆسرەوی

پرسی "هەڵبژاردن" لە رۆژهەڵاتی کوردستان (بەشی یەکەم)

Saturday, May 6, 2017



پرسی هەڵبژاردن لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا پرسێکە کە نووخبەی سیاسی کورد ساڵانێکە لەسەری دەدوێن و تا ئێستاش لەسەری نەگەیشوونە کۆدەنگییەکی رێژەیی، تا ئەو کاتەش کە کۆدەنگییەکی رێژەیی (لانی کەم لە سەتا ٧٠ی دەنگەکان) درووست نەبێت، وێناچی هیچ لایەنێک بتوانێت کاریگەرییەکی ئەرێنی ئەوتۆی هەبێت. لەو یادداشتە دا باس لە هەندێک خاڵی گرینگ دەکەین و لە دوای لێکدانەوەیەک لایانگری لەوە دەکەین کە بۆچی کوردەکان نابێ لە هەڵبژاردن دا دەنگ بدەن و لە کۆتاییش دا چەند پرسیارێک ئاراستەی لایانگرانی دەنگدان و لایانگرانی دەنگنەدان دەکەین. نووسەر ئیدعای ئەوەی نییە کە هەموو لایەنەکانی ئەو پرسە ئاڵۆزەی باس کردبێت، یان بە شێوەیەکی زانستییانە لەسەرى دوابێت، بەڵکوو ئەوە تەنیا یادداشتێکە کە هەوڵ دەدات بە زمانێکی ساکار و نموونەهێنانەوە داکۆکی لە روانگەیەکی تایبەت بکات. بە تایبەت کۆمەڵێک پرسیار ئاراستەی ئەو لایەنە دەکەین کە پێیمان وایە دەبێ کوردەکان لانی کەم لە هەڵبژاردنی شۆڕاکان دا دەنگ بدەن. لای نووسەری ئەو دێڕانە وا نییە کە تەنیا بۆچوونی لایەنێک راست بێت، بەڵکوو دەکرێ هەر دوو لایەن هەڵە و راستی تایبەت بە خۆیان هەبێت، بەڵام ئەوەی کە گرینگە ئەوەیە کە لە پانتایی گشتی کۆمەڵگای کوردیدا نووخبە سیاسییەکانی کورد لەسەر پرسە گرینگەکان گفتوگۆی عەقڵانی بکەن و بە هەڵسەنگاندنی پرسەکان و دۆخی کۆمەڵگاکەیان بتوانن رۆژبەرۆژ زیاتر رێگاچارەی کاراتر و نوێتر بدۆزنەوە و ببنە بەشێک لە چارەسەر لە هەمبەر ئەو هەموو کێشە و گرفتانەی کۆمەڵگای کوردی.
 دەتوانین لە بەرامبەر پرسی "هەڵبژاردن" دا خەڵکی ئاسایی و خوێندکار و نووخبەی کورد و حیزبە سیاسییەکانی دەرەوەدا بە سەر ٣ رەوت دا پۆلێنبەندی بکەن:

 ١- خەڵکانێکی ئاسایی کە گرینگییەکی ئەوتۆ نەک تەنیا بە هەڵبژاردن بەڵکوو بە پرسەکانی کۆمەڵگاکەیان نادەن و لەو رادەیە لە هۆشیاریدا نین کە توانایی شیکاری و لێکدانەوەی پرسەکانیان هەبێت، ئەوانە لە ژێر کاریگەری دەسەڵات و هێز دان (هێز بە واتا گشتییەکەی؛ دەکرێ ئەو هێزە سیاسی، ئابوری یان کۆمەڵایەتی بێت). ئەوانە بەشی زۆرتری کۆمەڵگای کوردستان پێک دەهێنن. هەر لەناو ئەو خەڵکە ئاساییەدا نووخبەیەکی ناسیاسی هەیە وەکوو: بەشێک لە خوێندەوارەکان، پزیشکەکان، ئەندازیارەکان، مامۆستایان و سەرمایەداران و هتد کە وێڕای ئەوەی کە کاریگەرییان لەسەر کۆمەڵگا هەیە بەڵام لەبەر ئەوەی لە ئاستێکی نزم لە هۆشیاری سیاسی دان وەکوو خەڵکی ئاسایی دێنە ئەژمار ئەگەرچی لەوانەیە کاریگەری ئەەرێنی یان نەرێنیان لە زۆر رووەوە لەسەر کۆمەڵگا هەبێت. هەروەها ئەوانە زۆربەیان تەنیا بە شوێن بەرژەوندی کاتی خۆیاندان و لە هەر کوێ سوودێکی ماددی زیاتر ببینن روو لەوێ دەکەن.

 ٢-کەسانێک کە نووخبەی سیاسی دێنە ئەژمار و لێکدانەوەی سیاسی پرسەکان دەکەن؛ ئەوان بە لێکدانەوەی گشت لایەنەکانی ئەو کۆمەڵگایە گەیشتوونە ئەو قەناعەتە کە کوردەکان باشتر وایە كە دەنگ بدەن. لە ناو ئەوانەش دا دوو رەوت هەیە، رەوتێک پێێ وایە کە دەنگدان لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ئێران دا لەبەر ئەوەی کە کوردەکان (لە ئاستی عەمەلی دا) و سووننەکان (لە رووی یاسییەوە) ناتوانن ببنە سەرۆک کۆمار کە وایە نابێ دەنگ بدەن بەڵام بۆ هەڵبژاردنەکانی نوێنەرایەتی پەرلەمان و شۆڕاکانی شار لەبەر ئەوەی کە خەڵکی خۆجێیی دەبێتە شۆڕا باشتر وایە کە لێێ بێخەم نەبن و وەک ئامراز و ئیمکانێک کەڵکی لێوەرگرن بۆ ئەوەی کە کێشەکانی کۆمەڵگاکەیان لە خوارەوە بۆ سەرەوە چاک بکەن و ورده وردە کۆمەڵگا بەرەوە پێشەوەی بەرن.  لایەنکیش پێی وایە کە چۆن بە بێ گۆڕانکاری لە ئێراندا گۆڕانکاری لە کوردستانیش درووست نابێ نەک تەنیا لە هەڵبژاردنی شۆڕاکان دا بەڵکوو بۆ سەرۆک کۆماری ئێرانیش باشتر وایە خەڵک لە نێوان "خراپ و خراپتر" دا سەرۆک کۆمارێک هەڵبژێرن. (ئیسلاحتەڵەبەکانی کورد لەو بەشەدا پۆلێنبەندی دەکرێن). هەندێک حیزبی سیاسی دەرەوەش جارووبارە لەو بۆچوونە نزیک بوونەوە. (بۆ نموونە؛ حدک لە هەڵبژاردنەکانی ٨٨دا کە لایانگری لە کەڕووبی کرد)

٣-کۆمەڵێکی دیکە لە نووخبە سیاسییەکان کە پێیان وایە کوردەکان بە هیچ شێوەیەک نابێ خۆیان لە پرسی هەڵبژاردن بدەن، چۆن کۆی گشتی هەڵبژاردن گەمەیەکی نادێمۆکڕاتیکە و لە لایەن دەسەڵاتەوە کۆنتڕۆڵ کراوە و دەوڵەت وەک ئامرازێک لە هەڵبژاردن کەڵک وەردەگرێت کە رەوایەتی (مشروعیت) بە بوونی خۆی بدات. لە روانگەی ئەوانەوە باسکردن لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری بێواتایە و جێگای قسەلەسەرکردن نییە بە هۆی ئەوەی کە کوردەکان ناتوانن ببنە سەرۆک کۆمار. (وەک پێشتر ئاماژەی پێکرا) و ئەو کەسانەش کە کاندیدای سەرۆک کۆمارین بە نیسبەت پرسی کوردەوە کۆدەنگن و جیاوزییەکی ئەوتۆ لە نێوانيادا نییە. بە بۆچوونی من ئەو ئیستدلالە بەهێزە و ئەو باسە هەر لێرە بە جێ دێڵم و پێم وایە کە کوردەکان نابێ باس لە دەنگدەان بۆ سەرۆک کۆماری ئێران بکەن تا ئەو رۆژەی کە ئیمکانی یاسایی و عەمەلی بۆ کوردەکان نەگوونجێ کە ئەوانیش ببنە سەرۆک کۆمار. حیزبەکانی دەرەوە زۆربەیان لەو بەشەدا پۆلێنبەندی دەکرێن و ئەوساڵ شەش لەو حیزبانە بە کۆدەنگییەوە دەنگدانیان بایکۆت کردووە. لە سۆنگەی ئەو لایەنەوە ئەو بەشانەی کوردستانیش کە لەگەڵ تورکەکان دا هاوبەشە وەک ئورمێ و نەغەدە و شوێنەکانی تر، هەر هەمان بۆچوون راستە و کوردەکان دەبێ بە دەنگنەدان سیستەمی هەڵاواردنی دووقات لەو شوێنانە رەتبکەنەوە و ستڕاتیژی دیکە رەچاو بکەن. تا ئەوڕۆش کوردەکان بە دەنگدان لەو شوێنانە نەیانتوانیوە بەرپەرچی ئەو سیستەمە هەڵاواردنە دووقاتە بدەنەوە.

لەبەر ئەوەی کە کۆمەڵگا لە ژێر کاریگەری نووخبە سیاسییەکانی دایە، چە ئەوانەی لە ناو دەوڵەت دا بن، چ بەشێک بن لە کۆمەڵگای مەدەنی (بە ئەوانەشەوە کە لە دەرەوەی کوردستان و ئێران دا دەژین)، لێرەدا باس لەو دوو روانگەیەی نووخبە سیاسییەکان دەکەین. سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی نوێنەرایەتی پەرلەمان و شۆڕاکان دیبەتێک لە نێوان ئەو دوو لایەنەی ژمارە ٢ و ٣ دا هەیە کە هەر کامیان ئیستدلالی تایبەت بە خۆیان هەیە و جێگای ئەوەیە کە گرینگی بە ئیستدلالەکانی هەردووک لایەن بدرێت. لایەنێک کە باوەڕی بە دەنگدان هەیە پێی وایە کە ئەگەر ئێمەی کورد خۆمان بەشداری سیاسی نەکەین و لە فکری خۆماندا نەبین کەس بە دادمان ناگات و مەیدانی کایەکە بە دەستی خۆمان چۆڵ دەکەین و لەهەر حاڵەت دا دەوڵەت کەسانی نزیک لەخۆی دادەنێت و ئێمە لەو بەینەدا هیچمان پێ نابڕێت و لە کایەی سیاسی و بەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵگاکەمان دا دوور دەخرێنەوە. لەسەر ئەو بنەمایە ئەوان ئەگەرچی وەک لایەنی بەرامبەریان لەو باوەڕە دان کە هەڵبژاردنەکان ئازاد و دێمۆکڕاتیک نین بەڵام بەوحاڵەشەوە دەست لەسەر دەست دانان هیچ مەسەلەیەک چارەسەر ناکات و ئێمە نابێ خۆمان لە بەشداری سیاسی بدزینەوە بەڵکوو دەبێ لە هەموو کەلێنێک و ئیمکانێک هەرچەندەش کەم و بچووک بێت بۆ دزەکردن لە ناو دەسەڵات و بەدەستەوەگرتنی بەڕێوەبەریێتی کۆمەڵگا هەوڵ بدەین. ئەو لایەنە دەڵێ کۆمەڵگا زۆر جار هەڵبژاردنی بایکۆت کردووە و دەستەکەوتیشمان نەبووە، رووی ئەوانە لەو ئیدعایە دا زۆرتر لە حیزبەکانی دەرەوە و چالاکانی سیاسی و مەدەنی ناوخۆیە کە بە بەردەوامی دژ بە دەنگدان بوون. ئەوانە وا نییە کە هەموویان وەک یەک سەبارەت بە سیاسەت و دەوڵەت بیر بکەنەوە، ئێرانچی بەڵام گشتیان لەسەر ئەوە هاوڕان کە دەبێ دەنگ بدرێت بۆ ئەوەی گۆرانکاری درووست بکرێت.(لە ناو ئەمانەدا، کەسانی هەلپەرەستی بێ بنەما، ئیسلامی، لیبڕاڵ، سۆسیالیست و کۆمۆنیست، ناسیۆنالیستی ئێرانی و "ناسیۆنالیشتی کوردیش" دەتوانین بدۆزینەوە). 

لایەنی بەرامبەر پێی وایە کە چۆن هەڵبژاردنەکان ئازاد و دێمۆکڕاتیک نیین و تەواو داخراوە، ئازادی بیروڕا بوونی نییە، لە ئاستی نێوخۆیى و جیهانیدا چاەوەدێری هەڵبژاردن ناکرێت.  کاندیداکان دەبێ لە فیلتەری دەوڵەت تێپەڕ ببن و هەر بەو هۆیەشەوە دەوڵەت تەنیا دەخوازێ کەسانێک لە هێڵەک و فیلەری خۆی تێپەڕ بکات کە سەر بە خۆی بن، لەسەرووى هەموو ئەوانەشەوە لەبەرئەوەی کە حیزبی سیاسی ئامرازی سیاسەتکردن لە دنیای مۆدێڕن دایە کە لە ئێران ئەو مافەمان نییە کە وابوو ئێمە نابێ دەنگ بدەین. لە روانگەی ئەوانەوە دەنگدان رەوایەتی بەو سیستەمە سیاسییە دەدات. ئەوانە رەوایەتیدان بەو سیستەمە سیاسییە وەک خەسارێکی هەرە گەورە دەبینین کە بەشێکی زۆری لە رێگەی دەنگدانەوەیە. جگە لەوەش ئەو لایەنە پێی وایە کە ئەگەر خەڵک دەنگ نەدات ئەوە دەوڵەت باشتر بە هانای دەنگ و خواست و وسیستەکانی خەڵکەوە دێت، ئیستدلالەکەشیان ئەوەیە کە هەر دەوڵەتێک هەرچەندەش ستەمکار بێت پێویستی بە ئاستێک لە رەوایەتی هەیە کە دەبێ لە خەڵکەوە وەریبگرێت ئەگینا ناتوانێ سەقامگیر ببێت و بمێنێتەوە. ئەوانە لە بەرامبەری رەخنەی لایەنی بەرامبەر دا کە دەگوترێ بۆچی بایکۆت دەستکەوتی عەمەلی نەبووە دەڵێن هیچ کات بایکۆتکردنی هەڵبژاردن لە ئاستی پێویست دا نەبووە و بە پێی ئەوەی کە چەندە بایکۆت سەرکەوتوو بووە دەوڵەت خوێندنەوەی بۆ ئەو بایکۆتە کردووە و هەوڵی داوە زیاتر ئیمتیاز بدات بە خەڵک کە رازیان رابگرێت، لەوبارەوە موناقشەی زۆر هەیە كە پێویستە ئاماری باوەڕپێکراومان لەبەر دەستدا هەبێت تا روونی بکەینەوە کام لایەن ئسیتلالەکەیان بەهێزترە.

ئەگەر لێکدانەوەیەک بۆ ئیستلالەکانی ئەو دوو لایەنە بکەین، هەندێک گریمانە دەتوانین بدۆزینەوە، لایانگرانی دەنگدان هەست بە قورسایی دەوڵەت دەکەن و لەو قەناعەتە دان کە ئەو دەوڵەتە بەو زووانە ناڕووخێت و هیچ پێویستیشی بە دەنگی خەڵک نییە بەڵکوو بۆخۆی لەهەر حاڵەتدا کاری خۆی دەباتە پێشێ، کە وابوو کۆمەڵگا توانایی ئەوەی نییە کە رەوایەتی بەو سیستەمە بدات یان لێێ بستێنێتەوە.

لەبەرامبەردا، لایانگرانی دەنگنەدان دەڵێن کە ئەو سیستەمە وەک خۆی وێنا دەکات ئەوەندە بەهێز نییە، ئەگەری ئەوە هەیە کە بەر تێکهەڵچوونێکی نێوخۆیی (یان تەنانەت نێونەتەوەیی) دۆخەکە بشێوێ و دەوڵەت تووشی قەیرانی جیددی ببێت و لە حاڵەتێکی وەها دا ئێمە دەبێ بەشێک بین لە بکەران و خووڵقێنەرانی ئەو قەیرانە. ئەو روانگەیە بە تایبەت لە نێوان حیزبە سیاسییەکانی دەرەوەدا بەهێزە.

لە کۆتاییدا من چەند پرسیارێک ئاراستەی هەردوو لایەن دەکەم و پێم وایە کە هیچ کام لەو لایەنانە ئەگەر وەڵامێکی شیاو بۆ ئەو پرسیارانە نەدۆزنەوە ناتوانن سەرکەوتنێکی بەرچاو وەدەست بهێنن:

بۆ لایەنی دژ بە دەنگدان:

- ئایا ئێوە پێتان وا نییە کە ئەندامانی هەر کۆمەڵگایەک دەبێ لە سیاسەتدا بەشداری بکەن و لە بڕیاردان لەسەر چارەنووسی کۆمەڵگا و نەتەوەکەیاندا بەشدار بن؟ ئەگەر بەشدارى له دەنگدان بایکۆت دەکەن ئاڵتێڕناتیڤتان بۆ خەڵک چییە و چ جۆرە بەشدارییەکی سیاسی دیکە بۆ خەڵک بەگونجاو دەزانن؟

- ئایا ئەگەر درووستکردنی حیزبی سیاسی لە ناوخۆ رێگەپێدراو نییە، ئیمکانێک بۆ درووستکردنی رەوت و جەریانی سیاسی-کۆمەڵایەتی نایاسایی وەک ئەمری واقیع بوونی هەیە؟

- پڕۆژەتان بۆ داهاتووی کۆمەڵگا و نەتەوەی کورد لە رۆژهەڵاتدا چییە، ئەگەری ئەوە هەیە ئەو دەوڵەتە بەردەوام بێت و نەرووخێت، لە وەها حاڵەتێکدا ئێوە چۆن کار بۆ ئامانجەکانتان دەکەن، مەترسی ئەوە نییە کە لایانگرانی حکومەت هەروا دەسەڵات زیاتر لەدەست بگرن و ئێوە بکەونە قەراغەوە؟

- لەناو دەوڵەتێک دا کە ئابورییەکەی ئابوری دەوڵەتییەوە و ئابوری بەستراوەتەوە بە سیاسەتەوە چۆن قەناعەت بە خەڵک دەهێنن کە خۆیان لە دەنگدان و چوونە ناو کایەی سیاست دە بپارێزن لە کاتێک دا بەشێکی خەڵک لەو رێگەیەوە پارە پەیدا دەکەن و سیاسەتکردن رێگایەکە بۆ کاسبیکردن؟ (تەنانەت کاسبکار و سەرمایەدارەکانیش بۆ پاراستنی سەرمایەکەیان دەبێ دەستیان لەگەڵ دەوڵەتدا تێکەڵ بکەن ئەگینا ئەمنیەتی سەرمایە و کاریان نامێنی)

- دەستکەوتەکانی بایکۆت تا ئەمڕۆ چی بوون؟

بۆ لایەنی داکۆکیار لە دەنگدان:

- لە چ حاڵەتێک دا دەبێ دەنگدان بایکۆت بکرێت؟ لانی کەمی مەرجەکانی ئێوە، هێڵي سوورەکانتان چین لە ببنە هۆی ئەوەی کە رۆژێک ئێوەش دەنگ نەدەن؟ (ئەگەر ئەو هێڵانە دیاری نەکرێن بە هەموو شتێک رازی دەبین و بەرەوە کۆیلايەتی خوازراو دەچین)

- ئێوە بەشێکن لە رەوایەتیدان بەو سیستەمە کە خۆتان پێتان وایە خەریکی ستەمکارییە، پاساوتان بۆ ئەو کارە چییە؟

- تا ئەوڕۆ دەسکەوتەکانی دەنگدەان چی بوون؟

- ئەگەر دەنگتاندا بە کەسێک و ئەو کەسە لە بەرژەوەندی خەڵکدا کاری نەکرد (کە زۆربەى کات هەر وایە) بە چ مێکانیزمێک دەتوانن لەسەر کار لایدەن؟

- چەندە زانیاریتان لەسەر یاسای بنەڕەتی ئێران هەیە، ئایا بە پێێ ئەو یاسایە ئەرکەکانی نوێنەرەکان و شۆڕاکان و سنووری دەسەڵاتیان دیاری کراوە؟ 

- ئایا نوێنەرێک یان شوورایەک هرچەندەش باش و دڵسۆز بێت یاسا رێگەی ئەوەی پێ دەدات لە بەرژەوەندی خەڵکدا کار بکات؟ 

- ئایا گۆڕنکاری بە تاکەکەسەکان درووست دەبێت؟ سیستەم سیاسی ئەوەندە بەهێز نییە کە تاکەکان لەناو خۆیدا وەتوێنێ، برسیيان بکات و بیانکڕێ و بیانتۆقێنێ و لە کۆتاییشدا لە بەرژەوەندی خۆیدا بەکاریان بهێنێ؟

-ئێوە کە دەڵێن: "ئێمە مەجبوورین لەناو خراپ و خراپتردا یەکێک هەڵبژێرین" کاتێک خراپەکە هەڵدەبژێرن چۆن کۆنتڕۆڵی خراپەکارییەکانی دەکەن، ئایا کاتێک کارە خراپەکانی ئەو کەسانە راستەوخۆ ئێوەش بگرێتەوە دیسانەکەش باوەڕتان بەو درووشمە هەیە؟ مەبەست ئەوەیە کە ئەو درووشمە لە ژێر کاریگەری بەرژەوەندیەکانتان دا نییە؟ و نابەرپرسانە نییە بەرامبەر بە هەموو ئەوانەی کە ئەو کەسە خراپانە راستەوخۆ ستەمیان لێ دەکەن؟

- بۆچی دەوڵەت هەڵبژاردنی شۆڕاکانی لە دوای قەیرانی سیاسی ٨٨ دوو ساڵ راگرت و لەگەڵ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری دا تێکەڵی کردەوە و ئێستا لە یەک کاتدا بەرێوەیان دەبات؟ ئایا دەوڵەت خەریک نییە هەست و سۆزی ناوچەیی ئێوە وەک ئامرازیک بۆ مەبەستێکی گشتیتر کە رەوایەتیدانە بە خۆی بەکار دەهێنێت؟ 

- ئایا ئەو شێوە لە هەڵبژاردنەوە کە هەموومان ئاگادارین چۆنە، خەڵکانێک بە مینی بوس لە گووندەکانەوە دەهێنن بۆ شار بۆ دەنگدان، کەسانێک بە پارە دەنگ دەدەن، کەسانێک  بە دەنگی هێزە نیزامییەکانی ناو پادگانەکانی شار دەنگ دەهێنن. کەسانێک بە سیخۆڕی رکابەرەکانیان لادەدەن (لە حآڵێک دا لەوانەیە دەوڵەتیش کێشەی لەگەڵ ئەو کەسانەدا نەبێت)، کەسانێک لە لایەن دەوڵەت و ناوەندە ئەمنیەکانەوە بانگهێشت دەکرێن و پێشنیاریان پێ دەکرێت کە خۆیان کاندیدا بکەن، پێتان وا نییە کۆی ئەو کایە کۆمەڵگا بەرەو دواوە دەبات و بە گشتی کەلتوورێکی سیاسی جێدەکەوێت کە خەڵک بە دەیان ساڵ ناتوانێت ببێتەوە خەڵکێک کە هیوای ئەوەمان پێ بێت کە بەشدارییەکی سیاسی تەندرووست بکات لە پێناو گۆرانکاری ئەرێنی دا؟

نووسەر خۆی بە شێوەی شەخسی لەگەڵ زۆر لە شۆڕاکان و نوێنەرەکانی پەرلەماندا دانیشتووە، لە ناو شۆڕاکان و کاندیداکانی شۆڕا دا هەروەها بەشێکی کاندیداکانی پەرلەماندا بە ئاشکرا باس لەوە دەکەن کە بەشێک لە ئامانجی سەرەکییان بەرژەوەندی ئابووریە، بەشێکی زۆری کاندیداکانی شۆڕاکان بە زمانی خۆیان دەڵێن کە لەبەر بێکاری خۆیان کاندید کردووە و هیچ زانیارییەکیان لەسەر پرس و کێشەکانی کۆمەڵگا و دەوڵەت و ئەرکەکانیان نییە. یەکێک لە نوێنەرە ناسراوەکانی کوردەکان لە پەرلەمان بە نووسەری ئەو دێڕانەی گووت کە ئێمە کارێک کە لە یاسادا باسی کراوە ناکەین و زۆر کەم پێش دێت کاری نوێنەرایەتی بکەین بەڵکوو بە کاری دیکەوە سەرقاڵین. ئەو دەیگووت ئێمە خۆشمان تەنانەت سەر لە ماددە و تەبسەرەکانی یاسا دەرناکەین و نازانین ئەرکەکانمان چین و بشزانین لەبەر کاری دیکە، بۆمان ناکرێ کاری نوینەرایەتی بکەین. گەرەکمانە بڵێین کە کۆی باسی هەڵبژاردن بۆ باسگەلێ ئابوری و کاسبیکردن دابەزێندراوە بەڵام لە فۆرمی ئیستدلالی ئەوانە لە هەڵبژاردندا بۆ خەڵک باسی دیمۆکڕاسی و مافەکانی کەمینەکان و مافەکانی ژنان و عەدالەتی کۆمەڵایەتی و گەشەپێدانی ئابوری دەکەن.

روانگەیەکی ناسیۆنالیستی:

کوردستان وڵاتێکی داگیرکراوە، نەک بەو مانایەی کە دەوڵەتێکی مۆدێڕنی سەربەخۆی هەبووبێ و وڵاتێکی دەرەکی داگیری کردبێ بەڵکوو بەو مانایەی کە لەوەتەی کوردەکان ویستوویانە لەسەر چارەنووسی خۆیان بڕیاڕ بدەن ریگەیان پێ نەدراوە و بزاڤە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی کورد بەردەوام لە لایەن دەوڵەتەکانەوە سەرکووت کراوە. هیچ کاتێک ئەو پرسیارە لە کوردەکان نەکراوە کە ئایا دەیانهەوێت لە کوردستانێکی سەربەخۆ دا بژین یەن لەگەڵ نەتەوەکانی تر لەو دەوڵەتانەی کە ئێستا تیایدا دەژین؟ هەروەها کوردەکان بە هۆی ئەوە کە کەمینەن هیچ کات ناتوانن لەسەر جۆری سیستەمی ئەو دەوڵەتانە کاریگەییەکی ئەوتۆیان هەبێت و هەرجۆرە  سیستمەێکی سیاسی لەسەر کار بێت دەنگی ئەوان لەبەر ئەوەی دەنگی کەمایەتییەکە ناتوانن لەو رێگەیەشەو کاریگەرییان لەسەر چارەنووسی خۆیان هەبێت. نەتەوەی باڵادەست لە رووی سیاسی و ئابووری و کەلتوورییەوە هەوڵی هەڵاواردنی داوە، لەبەر ئەوە کوردستان لە ئاستی نێوخۆیی ئەو دەوڵەتانەدا کۆمەڵگا و وڵاتێکی داگیرکراوە و "کۆلۆنییەکی نێوخۆیی" لەو دەوڵەتانەدا دێتە ئەژمار. هیچ نەتەوەیەک لە مێژوو دا نییە کە ژێردەتسی نەتەوەیەکی تر بووبێت و گەشەی کردبێت، تەنانەت هیچ مرۆڤێک لە بندەستی دا گەشەی نەکردووە. سەرەتای هەر جۆرە پێشکەوتن و گەشەکردنێک هوبوونی ئازادی و رزگاربوونە لە بندەستی. ئەوە هۆکارێکی زۆر گرینگە کە کوردەکان دەبێ رەوایەتی بە سیستەمی نەتەوەی باڵادەست نەدەن، و هەر جۆرە دەنگدانێک هاودەستییە لەگەڵ ئەواندا و هۆکارێکە بۆ درێژەدان بە بندەستی کورد. ئەو روانگەیە، روانگەیەکی ناسیۆنالیستییەوە کە بە هیچ شێوەیەک سەروەری نەتەوەیەکی دیکە بەسەر نەتەوەی کورددا قەبووڵ ناکات.  (دیارە ئەوە بو واتایە نییە کە نووسەر پێی وابێ هاتنەدەر لە بندەستی کارێکی ئاسانە بەڵکوو باسی وەرگرتنەوەی رەوایەتی لە داگیرکەرە وەک هەنگاوی یەکەم، لە بەشی دووهەمی ئەو یادداشتەدا باس لە ئاڵتێڕناتیڤێک دەکەین).

روانگەکانی تر:

بۆ ئەوانەی کە هۆگرییان بە ئایدۆلۆژیا مۆدێڕنەکانی ترەوە هەیە و بە جۆرێکی تا رادەیەک جیاوازتر لە ناسیۆنالیستەکان چاو لە باسی  رەوایەتی سیاسی (مشروعیت سیاسی) دەکەن و لایانگری سۆسیال دیمۆکڕاسی یان دێمۆکڕاسی لیبڕاڵین و پێیان وایە دەبێ بە شوێن درووستکردنی سیستەمێکی دێمۆکڕاتیانە لە ئێراندا بین: سیستەمی سیاسی لە ئێراندا لە بنەڕەتدا باوەڕی بە دێمۆکڕاسی نییە، بەو هۆکارە لایانگرانی ئەو باوەڕە هیچ رێگایەکیان بۆ گۆڕانکاری لە رێگەی دەنگدانەوە نییە و دەوڵەت وردە وردە هەموویانی لاداوە و بە هەموو بارێکدا سەرکووتی کردوون و هێزێکی وەهایان لە ناو دەوڵەت دا نییە کە هیوای گۆڕانکارییان پێ بدات. ئیسلاحتەڵەبەکان ماهییەتیان روون نییە کۆمەڵێکن کە هەموو لایەنێکیان تێدایە، دەوڵەتیش لەمە باش ئاگادارە و هەوڵ دەدات تەنیا ئەوانەی لە ناو ئیسلاحتەڵەبەکاندا زۆرترین نزیکییان لە بوونیادگەراکان هەیە رێگە بدات بێنە سەر کار، کەواتە ئیسلاحتەڵيبەکان لە ناوی دێمۆکڕاسی، مافەکانی مرۆڤ، لیبرالیزم، سۆسیالیزم و دیکەی قوتابخانە و ئەرزشەکانی مۆدێڕن بۆ راگرتنی دەسەڵاتی سیاسی کەڵک وەردەگرن. لەبەر ئەوە ئیسلاحتەڵەبی لە ئێراندا ناتوانێ هەڵگری دێمۆکڕاسیخوازی بێت و تەنیا وەک فۆرم کەڵکی لێ وەردەگرێت و ناوەرۆکی ئیسلاحتەڵەبی هەمان بوونیادگەراییە.

بەڵام لەوانەیە ئەو دوو بۆچوونە زۆر کەس رازی نەکات، بۆ ئەو کەسانەی کە نووخبەی سیاسین و بە جۆری دیکە چاو لە پرسی هەڵبژاردن دەکەن، جا بە هەر جۆرێک چاو لە خۆیان و مرۆڤ و کۆمەڵگا و ناسنامەی خۆیان بکەن، بەڵام لەو باوەڕەدا بن کە ئەگەرچی ئەو سیستەمە دیمۆکڕاتیک نییە بەڵام دەبێ دەنگ بدەن چۆن دەکرێ بە لانی کەمەوە لەو سیستەمەشدا گۆڕانکاری لە پێناو چاکسازیدا درووست بکرێت، ئێمە لێرەدا چەند ئیستدلالێک دەخەینە روو کە بۆچی ئەوان نابێ دەنگ بدەن:

یەکێک لە هەر سەرچاوە گرینگەکانی مرۆڤ بۆ زانین، ئەزموونە. ئەزموونی نزیک بە چوار دەیەی رابڕدوو لە ئێراندا پێمان دەڵێ کە هەڵبژاردن نەیتوانییەوە خەڵک رازی بکات و هیوای ئەوەیان پێ بدات کە لە رێگەی هەڵبژاردنەوە بتوانن گۆڕانگارییەک بهێننە دی کە جێگای دڵخۆشی بێت، بەردەوام لە دوای هەڵبژاردنەکان خەڵک خۆیان بە دۆڕاوی کایەکە زانیوە. ئەو دۆخە دەبێ بمانخاتە بیرەوە کە بۆچی وایە؟ یەکێک لە وەڵامە هەرە گرینگەکان دەگەرێتەوە سەر دژییەک و سەقەتی یاسا. کێشەکە تەنیا ئەوە نییە کە یاسا بە باشی بە کردەوەیی ناکرێت، تەنانەت کێشەکە تەنیا ئەوە نییە کە یاساکان زۆربەیان خراپ بن، بەڵکوو کێشەی بنەڕەتی ئەوەیە شتێک نییە ناوی یاسا بێت. بەڵگەش بۆ ئەو ئیدعایە ئەوەیە کە یاسا پڕە لە دژیەکی، ماددەکانی یاسا دژیەکییان لەگەڵ یەکتردایە، ناڕوونن، بۆ هەر ماددەیەک، چەند تەبسەرە هەیە، تا ئەو جێگایەی زانیاری نووسەر یاردی دەدات، کەمتر دەوڵەتێکمان لە جیهان دا هەیە ئەوەندە ماددە تەبسەرەی یاسایی هەبن، ئەوانەی یاساکان دەنووسن و ئەوانەی کە یاسای بنەڕەتییان نووسیوە شارەزای نووسین و دارشتنی یاسا نەبوون و نین. ئەگەر تێکستی یاسا بدەینە دەستی کەسێک کە زانستی لۆژیکی (منطق) خوێندبێت، دەزانین کە لەو یاسایە دا دەکرێ خوێندنەوەی دژبەیەکی لێ بکەین. کە وابوو روون نییە یاساکە چ دەڵێت، بۆ نموونە؛ بەسەرراگەیشتن و کۆنتڕۆڵی کاری ئیدارەکانی ناو شارەکان هاوکات وەک ئەرکی شۆڕاکان، شارەدار، فەرماندار و هەروەها وەزارەتی کیشوەر دەناسرێت (سەرباری ئەوەش ناوەندە ئەمنییەکان زۆرترین کاریگەرییان لەسەریان هەیە کە هەر لە یاسا دا نەهاتووە)، هەروەک دەبینین روون نییە کێ کارەکەی چییە؟ ئەوە بۆتە هۆی ئەوەی کە خەڵکیش نازانێ کار و ئەرکەکانی نوینەرەکانیان چین؟ لەبەر ئەوە داوای نابەجێ و نایاسایی لە شۆڕا و نوێنەرەکانیان دەکەن. لەو بەینەدا شۆڕا و نوینەرەکان بۆ دەنگی خەڵک و هەروەها بۆ بەرژەوەندی ماددی دەچنە ناو بازنەی کاری نایاسایی؛ بۆ نموونە؛ نوێنەرەکانی پەرلەمان دەستیان هەیە لە دەرکردن و دامەزراندی خەڵک لە شوێنێکدا کە لە بازنەی دەسەڵاتی ئەواندا نییە، دەستیان هەیە لە خوێندن لە زانکۆکان دا، خوێندکار بە واژۆی ئەوان دەتوانێ کۆڕسێک تیپەڕ بکات کە لێی دەرنەچووە، دەتوانێ یاسایەک پێشێل بکات کە وەزارت خوێندنی باڵا پەسەندی کردووە. هەروەها نوینەران و شۆڕاکان دەستیان هەیە لە مافیای "زمین خواری"دا، ئەوانە لەبەر ئەوەی کە ئەرز پارەی زۆری تێدایە دەستیان لەگەڵ هەموو شوێنە پەیوەندیدارەکاندا تێکەڵ دەکەن و بۆ ئەوەی ببنە خاوەنی ئەرز، تا رادەیەک کە نەک تەنیا شارەکانیان وێران کردووە، بەڵکوو ژینگەشیان تێکداوە و دارستانەکان بە یارمەتی هێزە ئەمنییەکان لەناو دەبەن. نوێنەرەکانی پەرلەمان و لە ئاستێکی خوارتر دا شۆڕاکانی شار، پەیوەندییەکی پتەو لەگەڵ سەرۆک تەواوی ئیدارەکان و ئوستان و ناوەندە ئەمنییەکان دەگرن و بە یەکەوە ئۆلیگارشییەکیان درووست کردووە کە تەنیا خۆیان و خانەوادە و و داروودەستەی ئەوان دەتوانن دەستیان بە کار و پارە و پۆست و پلەکان بگات. ئەرکەکان لەگەڵ یەکتردا تێکەڵ دەبن و هەر کەسێک کە هێزی زۆرتر بێت ئەو دەیباتەوە. هەر وەک ئەزموونیش نیشانی داوە کەسیک و ناوەندێک بەهێزترە کە پەیوەندییەکی باشتری لەگەڵ ناوەندە ئەمنییەکانی و باندەکانی گەندەڵی ئابوریدا هەبێت. هەر ئەوەش بۆتە هۆکار کە بە بەردەوامی خراپەکان بچنە سەرەوە و کەسێک کە بیهەوێ کارێک بۆ خەڵک بکات هەڵدەدرێتە دەرەوە.

شۆڕاکان بوونە پردێک لە نێوان خەڵک و ناوەندە ئەمنییەکان بۆ گەندەڵی و کۆلۆنیکردنی کۆمەڵگا، ئەو کارانەی کە کابرایەی عەجەم لە کوردستان دا بۆی ناکرێت ئەوان بە زمانی و جلی کوردییەوە بۆیان جێبەجێ دەکەن. لەوەش زیاتر ئەوان لە کاتی هەڵچوونی خەڵکدا پردێکن بۆ ئارامکردنەوەی خەڵک و گەوجاندنیان. نموونەی ئەو کارەیان کاتێکە کە هێزە نیزامیەکان کوردەکان دەدەنە بەر دەستڕێژی گوولە و دیانکووژن، لەکەس شارەوا نییە کە لانیکەم خەلکێکی زۆر رۆژانە لەسەر مەرزەکان دەکووژرێت، چۆنە کە خەڵک دەنگی لێوە نایەت؟ راستە کە خەڵک لەو سیستەمە دا لە ترسان و لە برسان لێکەوتووە و ناهومێدیان بەسەردا زاڵە، بەڵام وا نییە کە لە بەرامبەر ئەو هەموو ناعەدالەتییەدا هیچ دەنگێک نەبێت، دەوڵەت لە رێگەی ئەو کوردانەی کە کاربەدەستن، بە تایبەت شۆڕاکانییەوە رۆڵێک کارای دەگێڕێت لە سەرهەڵذانی هەر جۆرە ناڕەزایەتییەک.

لەگەڵ ئەوەشدا کە سنووری دەسەڵاتەکانی ناوەندەکان و پۆستەکان ناڕوونە و هێز نەک یاسا یەکلاکەرەوەی درووستی و نادرووستییە، زۆر خاڵی لاوازی دیکە هەن کە زۆر گرینگ و کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر گەندەڵی هەیە، بۆ نموونە: ئێستاش روون نیە کە مووچەی مانگانەی شۆڕاکان چەندە؟ بە جۆرێک باسیان کردووە مێکانیزمیان بۆ داناوە کە گەندەڵی درووست دەکات، پۆستی شۆڕا لە سەرتاوە وەک پیشەیەک چاوی لێنەکرا و ئێستاش وەک کارێکی لاوەکی و "پارە-وقت"ە، شۆڕای گووندەکان کە پارەیان پێ نادرێت لە بەرامبەر کارەکەیان دا، شۆڕای شارەکان پێشتر نەدەرا و ئێستا بە پێی "دانیشتن"ە و بەستراوەتەوە بە رادەی پارەیەک کە شارەدار وەریدەگرێت، مێکانیزمێکی زۆر ئاڵۆزیان بۆ داناوە کە لەو لینکەدا دەتوانن زانیاری باش لەوبارەوە وەدەست بخەن بڕواننە ئەو لینکە کە یاسای شۆڕاکانی تێدایە: (دیارە ئەوە یاسای پەسنکراوی چەند ساڵ پێشترە) 

ئەوان روون نییە دەبێ چەند کاتژمێر لە هەفتە دا لەسەر کار بن. ئەو کەسانەی کە کاریان بە شۆڕاکان هەبووە دەزانن کە هیچ مێکانیزمێکی یاسایی نییە کە روونی بکاتەوە کە کێ دەبێ چ کاتژمێرێک لەسەر کارەکەی بێت، شۆڕاکان ئەو دەرفەتەیان قۆستۆتەوە بۆ ئەوەی کە خۆیان لە هەموو کارێک وەربدەن و خەڵک بگەوجینن. لانی کەم لە کوردستان هەموو بەیانیان ئەوان لە سەرەخۆشین و لە مزگەوتەکان دا دەتوانین بیانبینینەوە. ئەگەر پڕۆژەیەک هەبێت و بگاتە قۆناغی دەستبەکاربوون ئەوە ئەوان خۆیان دەگەیێننە ئەوێ بۆ وێنەگرتن. هیچ مێکانیزمێکیش دیارە نەکراوە کە خەڵک دەبێ لە چ کاتێکدا و چۆن و گرینگتریش ئەوەی کە "بۆ چ کارێک" پەیوەندی بە شۆڕاکان و نوێنەرکانەوە بگرێت؟ هەر وەک خەڵک زۆربەی ئاگادارە شۆڕاکان دەچنە ناو بازنەی باندی گەندەڵی ئابوری و ئەمنییەوە و تەنیا بۆ خۆیان و خزم و داروودەستەکانیان کار دەکەن. (ئەگەر راپرسیەک سەبارەت بە شۆڕا و نوێنەرکانی پەرلەمان لە ناو خەڵکدا بکەین، راستی ئەو بۆچوونەمان بۆ دەردەکەوێت)

سەرباری هەموو ئەوانەش ئەگەر کەسانێک لە ناو ئەو کەسانەی کە دەوڵەت بۆخۆی لە فیلتەری خۆی تێپەڕی کردوون بەڵام خەڵکانێک پشتگیریان دەکەن، ئەگەر دەنگ بهێننەوە، ئەوە بە هەموو جۆرێک هەوڵی پەراوێزخستن و دەرکردنیان دەدرێت. نموونەی ئەو کەسانە لە ئاستی زۆر سەرێدا هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆاری ئێران لە ٨٨ دا بوو.

لەوانەیە زۆر کەس ئاگادار بن دەوڵەت بۆ هەر شارێک و شوێنێک، هەندیک کەسی متمانەپێکراوی خۆی هەن کە پێشتر ئەزموونی خراپەیان بۆ خەڵک زۆرە و پێشتر شۆڕا یان نوێنەر بوون، دەوڵەت هەوڵ دەدات بە هەر جۆرێک بێت ئەوانە بخاتە ناو گرووپەکانەوە، بۆ نموونە؛ ئەگەر ٥ کەس شۆڕا بن،٢-٣ کەسیان حەتمەن لەوانەن کە دەوڵەت پیشتر دەڵێ دەبێ ئەوانە لە ناو ئەو ٥ کەسە دا هەبن، ئەگەر کەسێک لەوانە بە هەموو فرتوفیڵەکانیشەوە دەنگ ناهێنێتەوە، کەسێک کە دەرچووی ئاخیرە لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە بانگهێشت دەکرێت، بە پارە و بە زۆرەملێ مەسڵەتی پێدەکەن لەگەڵ ئەو کەسەی هەڵبژێردراوی خۆیانە و بە بێدەنگی وەک کەسیکی براوە دەیهێننە ناوەوە. نموونەی ئەوانە دانانی بە زۆرەملێ رەفسەنجانی وەک دوایین کەسی هەڵبژێردراو لە بۆ پەرلەمان وەک نوێنەری تاران بوو. لەوەش خراپتر ئەوەیە کە کەسانێک کە ئاگادارن کە دەنگیان کەمە و ناتوانن ببنە شۆڕا یان نوێنەر بەڵام دێنە ناو هەڵبژاردنەوە بۆ پارە، بەشێک لە دەنگەکان کۆ دەکەنەوە و ئەگەر رکابەیان هەبێت بەوانیان دەفرۆشن. یان بە پارە ئیتلاف دەکەن لەگەڵ یەکتردا. 

دەرئەنجام:

بۆ هەموو ئەو کوردانەی کە سەر بە هەر روانگەیەکی فیکری یان سیاسی بن بەڵام باوەڕیان وابێت کە ئەو سیستەمە دێمۆکڕات نییە و لە بەرژەوەندی خەڵکدا کار ناکات، لەگەڵ ئەوەشدا دژ بە کوردەکان سیستەمی هەڵاواردن پەیڕەو دەکات، دەنگدان لە هەڵبژاردندا بە پێی ئەزموون نەیتوانییوە کاریگەری ئەرێنی هەبێت و بە هۆکاری فیکری، سیاسی و ئابووری، ئەو سیستمە جۆرێکە کە بە دەنگدان ناتوانرێ گۆڕانکاری ئەرێنی ئەوتۆ لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان و ئێراندا درووست بکات. 

کۆتایی بەشی یەکەم

لە یادداشتێکی دیکەدا هەوڵ دەدەین پێشنیار و ئاڵتێڕناتیڤ بدەینە بەر دەستی خوێنەران.


پەیوەندی‌دار:

وازهێنانی عەزیزی، دەرفەتێک بۆ حدک

کاتی فرۆشتنی حدکا و حدک هاتوە؟

عیرفان رەهنموون: لە پێوەندی لەگەڵ "ڕاسان" تا ئێستا یەک ڕەخنەی زانستییم نەدیتووە

کوژران و برینداربوونی سێ کۆڵبەر لە ورمێ

حافز نازری: هونەرمەندان بێ پشتیوان و تەنیان

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە

راپۆرتەهەواڵ

analis picture

هەپەگە: تەقینەوەکەی جزیرە کاردانەوە بوو بەرامبەر بە بێئاگای لە ئۆجەلان


هەواڵ


دیمانە

Interview Picture

بیرۆکەى ریفراندۆمی ٢٥ى ئەیلوول، مشتومڕی زۆرى لەبارەى سەربەخۆیی، دەسەڵاتی نەتەوەیی و ناسیۆنالیزم هێناوەتە ئاراوە. کامەران

دووشەممە ۳رەزبەر۱۳۹۶/ ۰:۵