بابەتی گەرم:

"گەلێک دەوڵەت نێوانی ڕۆژئاوا و تورکیا پێک بێنن...بەڵام لە نێوان ئێمە و دەوڵەتی تورکیا دا عەفرین هەیە"

Thursday, October 4, 2018



دابەزاندن و هێنانە سەر کوردیی سۆرانی: حەسەن قازی

دیار جوان: ئێوارە باش بینەران و بیسەرانی هیژا! لە هەرێمێکەوە کە لە دادێ دا خاوەن پۆتانسییەلێکە چارەنووسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دیاری بکا، تەنانەت شوێن لە سەر هێندێک لە ئاڵۆزییەکانی جیهان دا بنێ،لێرە ئێمە لە بەرنامەیەکی تایبەتی دا لەگەڵتانین. زۆر لە ئێوە لە پێوەندیی لەگەڵ ڕۆژئاوا و باکووری سووریا و لەو دواییانە دا ڕۆژهەڵاتی سووریا لە چاپەمەنی نووسراو دا لە خاوەنی دۆزەکە، لە بەرپرسانی دۆزەکە ، ڕاگەیاندن، لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنتان بیستووە. ئەمڕۆ ئێمە لەگەڵ ئەو کەسانە، ئەوانەی نزیکەی ٦ ساڵە  لە سەر ئەو خاکە شەڕی یەکێک لە ڕێکخستنە هەرە گەورەکانی تێڕۆر لە جیهان دا دەکەن، مەزلووم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزێن سووریای دێمۆکڕاتیک [ دەدوێین]  . تا ئەو جێگایەی کە ئێمە بتوانین پرسیاری لێ دەکەین. ئەو پرسیارانەی کە ئێوە پێتان خۆشە ووڵامەکانیان بزانن. ئەو پرسیارانەی کە بیروڕای گشتی پێی خۆشە ووڵامیان بزانێ ، گەلۆ چارەنووسی ئەو هەرێمە چی لێ دێ؟ ئەو هیوا و چاوەڕوانییانەی کە ئەمڕۆ بووژاونەتەوە، گەلۆ چ ئاکامێکان لێ دەر دەکەوێ یان نا؟ یان ئەوەی گەلۆ مەترسییەک لە سەر ئەم هەرێمە هەیە؟ ئێمە ئەوانە لە خاوەنی دۆزەکە دەپرسین . پێمان خۆش بوو ئەم بەرنامەیە بە شێوەیەکی زیندوو پێشکێش بکەین بۆ ئەوەی پرسیارەکانی ئێوەش وەربگرین، بە ڕێگەی حیسابی تایبەتی لە تۆڕی کۆمەڵی دا، بەڵام هەر وەک ئێوەش دەزانن و پێی دەزانن لێرە شەڕ هەیە،  فەرماندەی  قەسەدە [ هە سە دە / SDF ] لە سەر داوخوازی ئێمە  لە جەبهەی شەڕەوە هاتووەتە ئێرە . وەک دەزانن لە حاڵی حازر دا لە ڕۆژهەڵاتی دێرا زۆر شەڕێکی قورس لە ئارا دایە ، لە بەر ئەوە ئێمە داوای لێ بوردن دەکەین، ئێمە ناچارین بەرنامەکە قەید بکەین بەڵام  ئەوە بەو مانایە نییە ئێمە باسی شتی ئاکتوێل ناکەین، شتی کە پێوەندی هەیە بە داهاتووی سووریا  و بە تایبەتی ڕۆژئاوا وە. وەکوو گوتم تا ئەو جێگایەی بتوانم لە ناو سەعاتێک ، سەعاتێک و چل و پێنج دەقیقە دا حەول دەدەین  ئەو پرسیارانەی لە زەینی ئێوە دان ، پرسیاری کە ئێوە بیریان لێ دەکەنەوە لە بەڕێز مەزلووم عەبدی بپرسین . و ئێمە زەخت بێنین بۆ ئەوەی ووڵامی ئەوانیش وەربگرینەوە . بێگومان هێندێک شت  ڕەنگە پێوەندییان هەبێ بە نهێنی کاری شەڕ و ستراتێژی شەڕ، ئێمە لەو بارەیەشەوە پرسیار دەکەین، ئەگەر ئەوان بە دروستیان زانی ووڵامی ئەو جۆرە پرسیارانە بدەنەوە ئێمە پێزانی خۆمان لە ئاستیان دەردەبڕین . مەزلووم عەبدی بەخێر بێن.

مەزلووم عەبدی : ئێوەش بە خێر بین، سپاس

دیار جوان: گەلێک ساخ بی. جاری یەکەمە، هەموو کەس بیری لێ دەکردەوە مەزلووم عەبدی کێیە؟ جارێک بەڵکوو دوو جار لە چاپەمەنی جیهانی دا ئێوە ڕاگەیاندنتان دا ، بەڵام بۆ یەکەم جارە لە ئەکڕانی ستێرک تیڤی دان. ئەوەی ڕاستی بێ ئێمە پێمان خۆشە هێندێک شت بزانین. ئێوە لە جەبهەی شەڕ ڕا هاتوون. ئەگەر ئیزنت لە سەر بێ مادام ئەوەی کە ئێمە باسی جەبهەی شەڕمان کرد ، هێندێک لەو بارەیەوە دەست پێ بکەین. وەزعێکی ئاکتوێلە، و لە هەموو شتێکیش زیاتر ناوی ئەو هەنگاوەی ئێوە هێندێک جێگەی موناقەشەیە. شەڕی نەهێشتنی تێڕۆر بە پێشەنگی قەسەدە ئێستا بۆ ڕزگار کردنی شارۆچکەی " هەژین " . ئێوە دەڵێن ئەوە دوایین قەڵای داعشە  لە هەرێم دا. یانێ ئێمە وای وەربگرین کە بە ڕزگار کردنی " هەژین" هەموو شت تەواو دەبێ و  بەڵکوو بینەران پێیان خۆش بێ بزانن ، ئێوە ڕۆژانە زانیاری دەدەن، بریفینگ دەدەن.  لەوێ چ هەیە و چ دەقەومێ و ئیتر بە ' هەژین ' ڕا مرۆڤ دەتوانێ دڵی ئاسوودە بێ . ئایا ترسی تەقینەوە، هێرش نامێنێ و هەموو شت خڵاس دەبێ؟

مەزلووم عەبدی: جارێکی دیکە بە خێرهاتنتان دەکەین و سڵاو دەکەین لە هەموو بینەرانی ستێرک تیڤی. بە ڕاستی شەڕی ' ڕەقا ' با بڵێین پەلاماری ' ڕەقا'  کە پێتەختی خیلافەتێ بوو، پێتەختی داعش بوو، بە کەوتنی ڕەقا  دەتوانین بڵێین بە شێوەیەکی ڕەسمی خیلافەت تێک چوو . بەڵام داعش ما، هێزی داعش ما ، داعش بە تایبەتی لە سووریا هێزی خۆی لە هەریمی " دێرا زۆر " کۆ کردەوە و قورسایی خۆیان دا وێندەرێ. ئێوە دەزانن کە پەلاماری  ' تۆفانی جزیرێ '  ساڵێک لەمەو بەر دەستی پێ کرد و ئەو پەلامارە بەردەوام بوو، جار جار ڕادەگیرا،  و دیسان بەردەوام دەبوو. ئەمڕۆ داعش هەموو هێزی خۆی ، ئێمە دەتوانین بڵێین هەموو هێزی بە تەجروبەی خۆی ، هێزی ئەساسی خۆی 

دیار جوان : ئی پەلاماردەر

مەزلووم عەبدی: ئی پەلاماردەر، ئەو بێگانانەی دە ناویان دان، ئەوانەی کە هێشتا دەیانەوێ لە سەر شەڕ بەردەوام بن ، ئەوانەی ناگەڕێنەوە و هەڵنایەن  و بەستراونەتەوە بە مەفهوومی خیلافەت ئەوانە لەوێ کۆ بوونەتەوە، لە مەنتەقەی " هەژین" کۆ بوونەتەوە. " هەژین" خۆی هەرێمێکی گەورە نییە  لە تەنیشت چۆمی فوراتە، لە ڕۆژهەڵاتی چۆمی فورات هەڵکەوتووە . دڕێژایی وی ٣٠ کیلۆمیتر و پانتاییەکەی ١٠ کیلۆمیترە. ئێمە دەتوانین بڵێین ئەو مەنتەقە شاری گەورەی لێ نییە ، بەڵام هەمووی وەک شارێک وایە، یانی بەیەکەوە بەستراونەتەوە. 

دیار جوان: ئێمە دەتوانن ئاوا بڵێین داعشێک کە لاق و دەستی شکاوە ، هێشتا لەوێ ڕوحی زیندووە؟

مەزلووم عەبدی: هەیە، هێشتا لەوێ هەیە. بە پێی ئەو زانیارییانەی ئێمە لەوێوە وەریان دەگرین، هێشتا لەوێ هەن . و بە پێی بۆچوونی خۆیان [دەستووری] شەریعەت پێک دێنن، سیستمی خۆیان دروست کردووە، و بە بڕیارن کە ئەوێ بەر نەدەن و بە جێی نەهێڵن . بە گوێرەی وان ئەوە جێگای دواییە کە خیلافەتی لێ ماوە، شەریعەتی خیلافەت تێیدا هەڵدەسووڕێ. لە بەر ئەوە باش خۆیان ئامادە کردووە.

دیار جوان: ئەگەر ئێوە بانگەوازێک بدەن، بۆ ئەوەی شەڕی زیاتر نەبێ و بۆ ئەوەی شەڕڤانانی ئێوە ژیانی خۆیان لە دەست نەدەن، ئەوان خۆیان تەسلیمی ئێوە بکەن  و ئێوە کێشەکە بەو جۆرە جێ بە جێ بکەن ، ئێوە بیر لە شتێکی ئاوا دەکەنەوە. یانی ئەگەر شتێکی ئاوا پێک بێ ئایا ئەوە مومکینە؟

مەزلووم عەبدی:
نا ، ئێمە بانگەوازمان دا، بە ڕێگای ڕیش سپی مەنتەقە را  لێمان ڕاسپاردن ، ئێمە پێمان ڕاگەیاندن ئێمە ئیتر نامانەوێ کوشتن زۆرتر بێ ، بە تایبەتی لە وێندەرێ خەڵکی مەدەنی هەن، دەستوپێوەندی ئەوان هەن ، خێزانی وان لەوێندەرێن ، ئێمە نەماندەویست کەس بکووژرێ هەر بۆیە بانگەوازیمان کردن ، بە ڕێگای جیهازان [ دەستگای پێوەندی ] ئەوەمان کرد ، هێزی ئیتیلافیش بە فڕۆکە  ئاگەهی یان بە سەر دا بڵاو کردنەوە و هەر چۆنێک بێ  بە ڕێگای ڕیش سپی هەرێمێ دا بانگەوازمان بۆ ناردن.  

دیار جوان : یانی ستراتێژییەکی ئاوای ئێوە هەبوو، هەنگاوێکی ئاوا باوێژن ؟

مەزلووم عەبدی:
  هێندێکیان هاتن، ئەوانەی کە نەیاندەویست شەڕ بکەن خۆیان دەرباز کرد. گەلێک خەڵکی مەدەنیش هاتن هێندێک لەوانیش هاتن. بەڵام ئەوانەی کە ماونەتەوە لێبڕاون شەڕ بکەن ،و خێزان و منداڵەکانیشیان لەگەڵیانن . ئەوان بڕیاریان داوە شەڕ بکەن ، لەوێ خۆیان باش دامەزراندووە ، هیوایان ئەوەیە کە بەرخوە بدن و دەست بکەنەوە و شەڕ لەوێ تەواو بکەن، لە هەموو جێیەک مینیان داناوە ، هەموو جێیەک مینیان ناشتووە، هەموو چەکی خۆیان لەوێ کۆ کردووەتەوە. و لەوێ شەڕێکی دژوار دەکەن. با هەموو کەس بزانێ ئەو هێزانەی ئێمە کە لەوێ شەڕ دەکەن ، هێزی ئێمەیە لە 'دێرا زۆر '، مەجلیسی لەشکری دێرا زۆرە، ئەو هێزی کە سەر بە میلیسی مەجلیسی لەشکری دێرا زۆرن ئەوان لەوێ شەڕ دەکەن ، هەڵبەت هێزەکانی ئێمەی یەپەگە و یەپەژە ش لەگەڵ وان هەن ، بەڵام زۆربەیان خەڵکی دێرا زۆر بۆخۆیانن. هێزی ئێمە لەوێندەرێ یانی مەجلیسی لەشکریی دێرا زۆر ئەوانیش لێبڕاون کە لەوێ کارەکە بە کۆتا بێنن. 

دیار جوان : ئێوە ١١ ی سێپتامبر بە ڕەسمی دەستتان کرد بەو هەنگاوە ، بەو ئۆپێڕاسیۆنە ، ئێستا ئەوە ١٧ ڕۆژ تێپەڕیوە ، یانی مڕۆڤ دەتوانی زانیارییەکی ئاوا بدا بە بینەران کە لە ئێستاوە تا مانگێکی دیکە پاک کردنەوەی ئەو هەرێمە لە تێڕۆری داعش ڕادەگەیێنن. مرۆڤ دەتوانێ بە ئیحتیمال یان بە ڕێژەیی شتێکی ئاوا بڵێ ؟ بە پێی ئەو پێشوەچوونەی کە ئێوە دەی شۆپێنن؟

مەزلووم عەبدی:
بە ڕاستی ئێمە وامان بیر دەکردەوە بەڵکوو دە ماوەی دوو مانگ دا بە کۆتای بێنین. پلانێکی ئاوامان دانا بوو. بەڵام دوای ئەوەی ئێمە هەستمان کرد بە خۆ حاز کردنی وان و ئەو ئامادەکارییانەی کە کردوویانە  و بە شێوەیەکی بەربڵاو  لە هەموو جێیەک مینیان چاندووە ، خۆیان زۆر باش حازر کردووە. ئەوە شەڕی دواییە، ئێمە نامانەوێ نە ئینسانی مەدەنی ژیانی لە دەست بدا و شەڕڤانی ئێمە زەرەر ببینن، لە بەر ئەوە ئێمە پەلە ناکەین و دەمانەوەێ شەڕی دوایی ، شەڕی دوایی مەزن لە دژی داعش بە شێوەکی خاوێن بە کۆتا بێ. یانی چیرۆکی شەڕی دژی داعش بە خاوێنی بە کۆتا بێ.

دیار جوان: ئەمن دەگەرێمەوە سەر ئەو چیرۆکە. ئێوە لە قسەکانتان دا  باسی یەپەگە و یەپەژە تان کرد.ئێوە  وەکوو فەرماندەیەکی کورد ئەمڕۆ نزیکەی ٦٠٠٠٠  هەزار کەس لە ژێر فەرماندەیی ئێوە دا دژی تێڕۆر شەڕ دەکەن، بەشێک لەوان شەڕڤانی کوردن. ئەمنیش وەک کوردێک بەڵکوو بەشێک لە بینەرانیش وا بیر بکەنەوە ، ئەوە چۆنە ئێوە چوونە ' ‌هەجین' ێ  ؟ ئێوە بۆچی نەچوونە ، ئێوە بەو هێزەی خۆتان، بەو لێزانییەی خۆتان و بەو  بەبڕیار بوونەی خۆتان ، بۆچی نەچوونە عەفرینێ؟ یانی بۆچی؟ هەموو کەس چاوەڕوانە خەبەرێکی خێر لە دەورو بەری عەفرینەوە بێ . مەزلووم عەبدی لەگەڵ چاپەمەنی کۆبێتەوە و ڕابگەێێنێ کە ئێمە هەنگاومان دەست پێ کرد، ئێوە بۆ ڕووتان لە " هەجین' کرد ؟ 

مەزلووم عەبدی:
ئەوە پرسیارێکی گرینگە. سپاس بۆ ئەوەی ئەو پرسیارەت کرد. ئەوە باشە کە خەڵکی ئێمەش ڕاستییەکان بزانن. ڕاستی ئەوەیە ئەو هێزانەی ئێمە کە ئێستا لە " هەژین " شەڕ دەکەن ، هێزی دێرا زۆرن، خەڵکی ئێمەی عەڕەبن. لە سەدا  نەوەد و پێنجی ئەوان خەڵکی مەنتەقەی خۆیانن  و مافی وانە کە دژی داعش شەڕ بکەن  و مافی ئەوانە هەرێمی خۆیان ڕزگار بکەن ، جار جار، لەبەر شەڕی عەفرین ئێمە ئەو ئۆپێڕاسیۆنەمان ڕاگرت. ئێمە ئۆپێڕاسیۆنی دێرا زۆر مان ڕاگرت، بەڵام هێزی ئێمە لەوێ هێزی میلیسی سەر بە مەجلیسی لەشکری دێرا زۆرن، هەموویان خەڵکی مەنتەقەکەن ، عەڕەبی مەنتەقەن  و گوندەکانیان لە بەر دەست داعش دایە  و داعش لەو هەرێمە دا هەموو ڕۆژێ هێرشیان دەکاتە سەری و چالاکی تێرۆریستییان لە دژی دەکا. ئەوانە داوایان لە ئێمە کرد پەلە بکەن و هەرێمی خۆیان ڕزگار بکەن ، داوای یارمەتییان لە ئێمە کرد  و ئێمەش یارمەتیمان دا بە مەجلیسی لەشکری دێرا زۆر ، و دەتوانین ئەوە بڵێین کە هێزی وێندەرێ زۆربەیان خەڵکی مەنتەقەکەن  و ئەو هێزانەی ئێمە کە سەر بە مەجلیسی لەشکری دێرا زۆرن نزیکەی ١٩٠٠٠  هەزار کەسن ، یانی ١٩٠٠٠ هەزار هێزی ئێمە هەیە ، چونکە نیوەیان دە ناو شەڕ دان، جێگە گۆڕکێ بە یەک دەکەن  و چەند هەڤاڵی ئێمەی یەپەگە و یەپەژە هەڤاڵی ئاوای کە خاوەن تەجروبەن ، ئالیکاری ئەوان دەکەن،  کارو باری ئەوان هەڵدەسووڕێنن، فەرماندەییان دەکەن. لە ڕووی تێکنیکییەوە یارمەتییان دەدەن . ئێوە دەزانن کە ئەزموونی یەپەگە و یەپەژە بەهێزە یارمەتی ئەوان دەدەن و ئەوەش حەقی خەڵکی هەڕێمەکەیە کە ئەو ئۆپێڕاسیۆنە بکەن  و ئەو کارە پێک بێنن. ئەو مەسەلەیە پێوەندی نییە بە عەفرینەوە. 



دیار جوان: لە قسەکانی ئێوە مرۆڤ دەتوانێ نەتیجەیەکی ئاوا وەربگرێ: لە کاتێکدا کە ئێوە لە پێناو خەڵکی ڕەقا بە سەدان شەهیدتان دا، کە لە ناو ئەواندا کوردیش هەبوون. لە منبیجێ ئێوە شەهیدتان دا، لە تەبقایێ شەهیدتان دا، ئێوە ئێستا ئەوە لە دێرا زۆر شەهید دەدەن. یانی ئەگەر ئەمڕۆ بۆ هەریمێکی کورد، با ناوی بێنین'عەفرین' ئەگەر بتانەوێ لە چەتە پاکی بکەنەوە ، ئایا شەڕڤانی عەڕەب دێن [ بەشداری بکەن]. دەزانین یەپەگە دێ، یەپەژە دێ . کاتێک یەپەگە و یەپەژە هەنگاوێکی ئاوا ڕەسمی هە‌ڵهێنایەوە ، هێزی ئێوە هەیە کە ئێوە شەڕڤانی عەڕەبیش بنێرنە وێندەرێ یان ئەوان دڵخوازانە بچن و لەگەڵ هاوڕێی کوردی خۆیان  شەڕی چەتەی دەوڵەتی ترک لە عەفرینێ بکەن؟

مەزلووم عەبدی:
بەڵێ ئەوان دێن. ئێمە لەو باوەڕە داین ئەمڕۆ " هێزی سووریای دێمۆکڕاتیک " وەکوو پەیکەرێکی عەسکەری یە و تێێدا فەرق لە نێوان کورد و عەڕەبان دا نییە . ئەوان لە شەڕی عەفرین چوون و بەشداریان کرد ، هەتا نزیکی ١٠٠ هەڤاڵی عەڕەبی ئێمە لە عەفرین شەهید بوون. هەڤاڵی عەڕەبی ژن هەبوون، هەڤاڵی عەڕەبی گەنج هەبوون. لە هەموو ئوستانەکانی سوورییەوە خەڵک چوون لە عەفرینێ شەهید بوون. ئەمڕۆ ئەگەر جارێکی دیکە جا لە عەفرین بێ یان هەریمێکی دیکە شەڕ ببێ، شەڕڤانەکانی  عەڕەبی قەسەدەش تێیدا ئامادە دەبن و شەڕ دەکەن و لە پێشەوەی جەبهە شەڕ دەکەن.

دیار جوان: یانی خەڵکی دەور و بەری وان پێیان ناڵێن باشە ئێوە چکارتان داوە لەوە سێسەد چوارسەد کیلۆمێتر دوور کەونەوە و بچنە عەفرینێ؟  یانی حەساسیەتێکی ئاوا نییە؟

مەزلووم عەبدی:
کەس ناتوانێ ئەوە بڵێ، چونکە بە ڕاستی  یەپەگە و یە پە ژە  لەهەموو جێگایەک خۆیان سەلماند و ئیسپات کرد ، چونکە خەڵکی منبیج، خەڵکی تەبقا، خەڵکی ڕەقا  و ئەمڕۆ خەڵکی دێرا زۆرێ کوردیان بە تەنیشت خۆیانەوە دی و دیتیان کە کورد فەرماندەییان بۆ دەکەن، دیتیان کە کورد لە جەبهەی پێشەوە دان ، یارمەتی ئەوان دەدەن . هەموویان منەتی گەلی کوردیان لەبەرە ، جا ئەگەر ئەمڕۆ لە هەریمێکی کوردان شەڕ هەڵئایسێ ئەوان بە دڵسۆزی هەموویان بەشداری تێدا دەکەن.

دیار جوان: دیسان ئەگەر ئێمە بگەڕێینەوە سەر ناوی کە لەو هەنگاوە نراوە. بابڵێین فەرماندەیی ئێوە ڕابگەیێنێ کە ئێمە مەسەلەکەمان  بە کۆتا هێنا ، ئیتر " هەژین " لە تێڕۆڕ و لە چەتە پاک بووەتەوە. ئایا ئێوە بە دڵی ئاسوودە دەگەڕێنەوە مەقەڕاتی خۆتان یانی ئێوە هەناسەیەکی ئاسوودە هەڵدەکێشن و بڵێن ئێمە کۆتایمان هێنا بە تێڕۆر و ئیتر ئێمە خەریکی ئاوەدان کردنەوە دەبین ، ئیدی هەموو کەس دەتوانێ بە ئاسوودەیی سەر بنێتە سەر سەرین و بنوێ . ئێمە دەتوانین ئاوا بیر بکەینەوە؟

مەزلووم عەبدی:
نا وەکوو هێزی لەشکری ئێمە ناتوانین ئەوە بڵێین. 

دیار جوان: چما ؟

مەزلووم عەبدی:
لەوێداش واتە لە ڕاگەیاندنی پەلامارەکەش دا نووسرا بوو ئەوە ڕاستە شەڕی تێکجوونی تێڕۆرە، بەڵام ئێمە ئاوامان  نووسیبوو،  شەڕی تێکجوونی تێرۆر لە سەر جوغرافیاییەکی سنووردار، یانی دوای " هەجین" ئێمە دەتوانین بڵێین ئیدی ڕێکخستنی تێرۆریستی داعش جێگایەکی جوغرافیایی ئاشکرا، جێگایەک کە لێی بمێنێتەوە  و لەوێوە تەحەدا لە دنیا بکا و شەریعەت بەڕێوەبەرێ و قانوونی پاشکەوتووی خۆی هەڵسووڕێنێ، نامێنێ. یانی بە تێکچوونی داعش لە ' هەجین ' دا  ئێمە دەتوانین بڵێێن کە کۆنتڕۆڵی جوغرافیایی وی تەواو دەبێ و شەڕی جەبهەیی تەواو دەبێ، لە جێدا داعش ئەوەی گەڵاڵە کردووە، داعش دەڵێ لە دوای  ' هەجین' ئێمە دەرباز دەبین بەرەو ' ویلایەتی ئەمنی' ، ئێمە لە ویلایەتی عەسکەرییەوە بەرەو ویلایەتی ئەمنی دەچین ، ئەوەش واتە ...

دیار جوان: یانی تێکچوونی دوایی خۆیان بەو شێوەیە شرۆڤە کرد بوو یانی ئەوە کێشە نییە دەکرێ بەشێک لە خاک لە ئێمە بستێنن بەڵام  عەینی شتی کە ئێوە گوتتان ئەوان لە داخویانی خۆیاندا  نووسیویانە

مەزلووم عەبدی:
یانی مەسەلەن ئەوانیش ، با بڵێین سەرۆکی چەتەی داعش  بەغدادی لە داخویانی هەرە دوایی خۆی دا ، ڕەنگە هەموو کەس گوێی لێ بووبێ ،  گوتی ڕاستە مومکینە " هەژین " بکەوێ ، بەڵام بە کەوتنی "هەژین " خیلافەت تەواو نابێ . خیلافەت زیاتر پەرە دەستێنێ، زیاتر گەورە دەبێ. ئەویش پەیامێک بوو کە دوای " هەژین" بەردەوام دەبن لە سەر شەڕی خۆتان. 

دیار جوان: چالاکی ئیستیخباراتی ئێوەش لە هەریمێ دا هەیە، بە پێی ئەو زانیارییانەی بە ئێمە گەیشتوون ، یەکینەی ئێوە چوونەتە [ ناو هەژین] ، ئێوە پپێتان وایە ، هەر وەک ئیتیلافی ژێر فەرماندەیی ئەمریکا دەڵێ دەکرێ ئەلبەغدادی لە " هەجین" ێ  بێ. یانی زانیارییەکی ئاوا لە بەر دەست ئێوە دا هەیە؟

مەزلووم عەبدی:
ئەوە مەسەلەیەکی عەسکەرییە، ئینسان ناتوانێ  باسی بکا. ئیستیخباراتی ئێمە لە سەر ئەو بابەتە کار دەکەن. ئەمن دەتوانم ئەوە بڵێم : کە دوای "هەژین"  کاری ئێمە بەردەوام دەبێ و هەتا دێ کاری ئێمە دژوارتر دەبێ، یانی زیاتر دەبێ ، چونکە داعش دەیەوێ تۆڵە بستێنێتەوە و بە تایبەتی دیسان مەنتەقەی کوردان دەکاتە سێرەی هێرەشەکانی. ئێستاش لە هێندێک جێگای کە بنکەی خۆی هەیە وەک دێرا زۆر، ڕەقا، جارجار چالاکیان دەکا و دەیانەوێ لە دوای " هەجین " چالاکییەکانیان زیادتر بکەن . لە مەنتەقەی کوردان بە ڕاستی ئێمە ئامادەکاری دەکەین و ماوەیەکە بەوەوە خەریکین هەرێمی وەکوو کۆبانێ و جێگای دیکە ، وەک دێرک ، قامشلێ تەنانەت حەسەکە ، هەریمی با بڵێین  کە زۆربە گەلی کوردیان تێدایە ، لە بەر ئەوەی کە خەڵکی ئێمە ووشیارن و هاوکاری هێزی ئەمنییەتی ئێمە دەکەن هەتا ئێستا [داعش] چالاکی گەورەی نەکردووە ، وەک دەزانی دووساڵ لەمەوبەر لە قامشلێ تەقینەوەیەکی گەورە قەوما. بە دوای ئەوە دا چالاکی گەورە نەبووە. ئەوەش جێگای کەیف خۆشییە بۆ ئێمە ، ئێمە هەوڵ دەدەین لە شارە کوردەکان داعش نەتوانێ تۆڵە بستێنێتەوە.

دیار جوان: ئێمە ئەو تەسپیتەی دوایی ئێوە دەتوانین وەک پەیامێک بخوێنینەوە: یانی " هەژین " ڕزگار کرا بەڵام  دیسانیش هەموو هێز و یەکینەکانی سەر بە ئێوە نابێ تووشی خاتر جەمی و سستی ببن ، کار تەواو نەبووە، پاراستنی ئەسڵی تازە دەست پێ دەکا. ئایا مرۆڤ دەتوانێ ئاوای لێ تێ بگا؟

مەزلووم عەبدی:
سەد لە سەد وایە. یانی ئێمە وەک دەڵێن بە پێچەوانە لە دوای ' هەجین '  ئێمە چاوەڕان دەکەین داعش دەست بە تۆڵە ئەستاندنەوە بکا ، بە تایبەتی تۆڵەی خۆی لە کوردان بکاتەوە. چونکە ئەوان دەڵێن کوردان ئەو کارانەیان کرد، کوردان بوون بە سەبەبی تێکچوونی خیلافەت. ئێمە پێویستە ووشیار بین ، گەلی ئێمە دەبێ ووشیار بێ یارمەتی هێزی ئەمنییەتی ئێمە بدا ، یارمەتی هێزی ئاسایش بدا، یارمەتی هێزی ئیستیخبارات بکا. ئێمەش وەکوو هێزی عەسکەری ، ئێمەش بە پێی خۆمان حازرێتی و ئامادەکاری خۆمان دەکەین ، ئێستا ئێمە بەو پێیە بەرنامەمان داناوە ، ئێمە بەرنامەی خۆمان بۆ ساڵی ٢٠١٩ گەڵاڵە کردووە ، ئێمە بەرنامەمان لەگەڵ هێزی ئیتیلاف داناوە کە چون بتوانین هێزی ئەمنییەتی خۆمان بەهێزتر بکەین، هێزی ئیستیخباراتی خۆمان بەهێزتر بکەین، هێزی دژە تێرۆری خۆمان بەهێزتر بکەین بۆ ئەوەی بتوانین بە گژ هێرشی موحتەمەلی داعش دا بێینەوە چ لە شارە کوردەکان و چ لە شارە عەڕەبەکان یانی بە تەواوی لەو هەرێمەی کە ئێستا لە بەر دەست ئێمە دایە. واتە هەرێمی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا بۆ ئەوەی ئێمە پێشی داعش بگرین ئێمە لە ئێستاوە ئامادەکاری خۆمان دەکەین.

دیار جوان: ئێمە باسی قەسە دە دەکەین لە ١٠ی نۆڤامبری ساڵی ٢٠١٥ ، یانی بە ڕاستی لە دەمێک دا کە سەمپاتی بیروڕای گشتی جیهانی یانی لە سووریاوە بگرە هەتا ئەفغانستان ، هەتا ووڵاتەکانی ئەمریکای لاتین ، ئوڕووپا ، سکاندیناڤی ، ئاسیا با بڵێین  لە هەموو جێیەک  خۆشەویستیەک بۆ یەپەژە و یەپەگە ئەوەندە بەرەو ئاستێکی بەرز چوو بوو ، چ پێویستییەک هەبوو کە قەسەدە ساز بکرێ؟ یانی قەسەدە بۆچی؟ یەکی دیکەش پلان و پڕۆژەی ساز کردنی قەسەدە شتێکی سپۆنتان [لە خۆ وە ] بوو ، پێویستییەکی فەڕزی بوو ؟ ئەو هێزانەی کە ئێوە وەک هاوکاری خۆتان ناودێریان دەکەن بە سەر ئێوەیان دا فەرز کرد کە یەپەگە دەبێتە هۆی زویر بوونی هێندێک هاوپەیمانی ئێمە لە ناتۆ دا وەک نموونە دەوڵەت ترک زویر دەکا، دەوڵەتەکانی خەلیج زویر دەکا. وەرن ئێمە بۆ وێنە فۆرموولێکی دیکە ببینینەوە ، شتێکی ئاوا ساز کەین کە دڵی هەموو کەس ڕازی بکا. ئەو مەسەلە چ بوو؟ جارێکی دیکە بۆ ئەوەی ئێمە بیرەروەری خۆمان زیندوو کەینەوە.

مەزلووم عەبدی:
یانی یەپەگە و یەپەژە درێژە دەدەن بە دەوری خۆیان. یانی لە سەرەتاوە چۆن بوون ئێستاش هەر ئاوایە . ئەوان دەورێکی چالاک لە ناو ' هێزی دێمۆکڕاتیکی سووریا  ' دا دەگێڕن . دەوری پێشەنگایەتی. هۆی بەهێزی بوونی قەسەدە، یەپەگە و یەپەژە ن. ئەوە هەر بەردەوامە. بەڵام ئێمە دەتوانین ئاوا بڵێین یانی یەپەگە و یەپەژە لە هەرێمی ڕۆژئاوا دا ساز بوون ، ئەوە ڕاستییەکە. 

دیار جوان: ناسنامەی کورد بوونی وان

مەزلووم عەبدی:
دە هەرێمی کوردان دا ساز بوون ، لە هەرێمی ڕۆژئاوا دا دروست بوون. لە گەنجی کورد پێک هاتن، یانی جەوانانی کورد ئەو هێزەیان دامەزراند. و شارە کوردەکانیان لە دەست ڕێژیم ڕزگار کرد و دوایە لە گەڵ چەتەی جەیشولحوڕ ، چەتەکانی سەر بە ترکان 

دیار جوان: چەتەی سەری کانیێ

مەزلووم عەبدی:
  و دوایە لە هەمبەر داعش شاری کوردانیان قارەمانانە پاراست. سەردەمێک کە کەس نەی دەوێرا شەڕی داعش بکا، دەوڵەت نەیدەوێرا شەڕی داعش بکا، یەپەگە و یەپەژە شەڕی داعشیان کرد . شارەکانی خۆیان پاراست  و لووتکەی ئەوەش بەرخودان و شەڕی کۆبانێ بوو ، بەو شێوەیە داعشیان تێکەوە برد ، هەر بۆیە یەپەگە و یەپەژە بوون بە نموونە بۆ هەموو جیهان. چونکە ئەوان لە ڕیزی پێشەوەی شەڕی دژی تێڕۆر دا بوون. بەڵام ، لە دوای شەڕی کۆبانێ ئێمە ڕاستییەکمان دی . ئێمە دیتمان کە  شارەکانی کوردان ، ڕۆژئاوا، هەرێمێک کە ئێمە پێی دەڵێن ڕۆژئاوا کە زۆربەیان کوردن و بریتییە لە شاری کوردەکان، کوردستانە، کوردستانی سووریا بە مانایەکی دیکە کوردستانی ڕۆژئاوا. ئێمە دیتمان ئەو هەرێمانە ئەگەر ئێمە جیرانی خۆمان ڕزگار نەکەین، لە ژێر دەستی داعش خەلاس نەکەین بە ڕاستی ئێمە ناتوانین ئاسوودەیمان هەبێ. ئێمە دەمێک شارەکانی خۆمان ڕزگار کرد. ئێمە لە جێی خۆمان دا  ڕاوەستاین . ئێمە کە ' سەرێ کانی ' مان ڕزگار کرد، ' قامشلی ' ، ' دێرک ' مان ڕزگار کرد لە جێی خۆمان ڕاوستاین و ئێمە بانگەوازی ئاگربەستمان دا  ڕووەوە هەموو کەس. ئێمە گوتمان ئیدی بەسە، ئیدی ئێمە نامانەوێ شەڕی کەس بکەین. بەڵام هاتن شەڕیان لەگەڵ ئێمە کرد. و ئێمە دەزانین کە کێ ئەوانی لەو شەڕانە وەر دا. ئەوانەی  دنەی ئەو شەڕە دەدەن  کێن . لە سەرەتاوە دەوڵەتە دراوسێیەکانن ،

دیار جوان: باسی دەوڵەت ترک دەکەی ؟

مەزلووم عەبدی:
بەڵێ دەوڵەتی ترک ، ئەوانە بە دژی ئێمە جەبهەیان کردەوە و شەرتێکی ئەوان لە سەر چەتەکان ئەوەیە کە  دەبێ ئێوە شەڕی یەپەکە و یەپەژە بکەن بۆ ئەوەی ئێمەش  بەردەوام بین لە سەر پشتگیری ئێوە.

دیار جوان :  ئایا ڕێژیمی سووریا بێ گوناهە لەو مەسەلەیە دا ؟

مەزلووم عەبدی:
دەستی ڕێژیمی سووریاشی تێدایە .، سووریاش نایەوێ لەو هەرێمەی ئێمە دا ئیستیقرار هەبێ، ویستی ئاڵۆزی دروست بێ. ئێمە گەیشتینە ڕاستییەک بۆ ئەوەی کە ئێمە ، بۆ ئەوەی هەریمی ئێمە لە ئارامی دا بژی پێویستە هێزی چەتە، تێڕۆریستان، نەبنە جیرانی ئێمە. ئێمە لە کۆڵ خۆیان بکەینەوە و لە خۆمانیان دوور خەینەوە. بۆ ئەو مەبەستە پێویست بوو  ئەو هەرێمانەش ڕزگار بکەین. نوختەی دووەم ڕاستی ئەوە کە ئەوە ئەرکێک بوو لە سەر ئەستۆی ئێمە چونکە لە ناو یەپەگە و یەپەژەش دا جەوانی عەڕەب هەبوون ، ئەوانیش شەڕیان دەکرد ، زۆر لەوان خەڵکی ئەو هەرێمانە بوون، خەڵکی ڕەقا، دێرا زۆر، منبیج بوون . لە لای ئێمە بوون، لەگەڵ ئێمە لە شەڕی کۆبانێ دا بەشدارییان کرد ، لە شەڕی ' سەرێ کانییێ' دا  بەشدارییان کرد. لە زۆر شەڕان دا بەشدارییان کرد جەوانانی عەڕەب. ئەوانیش ویستیان ئێمە ئالیکارییان بکەین بۆ ئەوەی هەرێمی خۆیان ڕزگار بکەن ، بۆ وێنە بڵێم مەجلیسی عەسکەری منبیج هەبوو، هەموو جەوانی منبیجی بوون. شەهید 
'
 ئەبوو لەیلا ' و ئەمجەد و ئەوان لە کۆبانێ بوون ، بە شێوەیەکی چالاکانە لە خۆڕاگری کۆبانێ دا بەشدارییان کرد، دوای ئەوەی ئێمە کۆبانێ مان ڕزگار کرد گوتیان ئێمە دەبێ بچین منبیج یش ڕزگار بکەین، ئالیکاری ئێمە بکەن.
 
دیار جوان: یانی بانگەوازی لە لای ئەوانەوە دەستی پێ کرد؟

مەزلووم عەبدی:
بەڵێ لە لای ئەوانەوە دەستی پێ کرد، ئێمەش قەبووڵمان کرد، یانی ئەوە مەسەلەیەکی نەتەوەیی سووریایە، مەسەلەیەکی ئینسانی یە، مەسەلەیەکی هاوڕێیەتیشە. چونکە ئەوان هەواڵی ئێمە بوون و هەرێمەکانیان بندەست بوون ، و هەر وەها لە پێناو ئارامی هەرێمی ئێمەش ، هەرێمی ڕۆژئاواش شتێکی وا پێویست بوو. لەبەر ئەوە ئێمە ئەوەمان خستە خشتەی بەرنامەی خۆمان کە ئەو ناوچانە لە چەتان پاک بکەینەوە. بەڵام ئەو هەرێمانە زۆربەیان عەڕەبن . جەوانی عەڕەبن ، گەلێک هێزی دیکەش دەیانەویست لەو پێواژۆی ڕزگار کردنە دا بەشدار بن ، گەلێک فەسیلە [ تاقمی چەکدار] هەبوون کە پێشتر دامەزرابوون و هەواڵی ئێمە نەبوون. لە پێش ئێمە دا دامەزرا بوون، پێشتر لە ناو جەیشی حوڕ دا بوون ، ئەوانیش هاتبوون دەیانگوت دەمانەوێ لەگەڵ ئێوە ڕێک کەوین. یەپەگە و یەپەژە نەبوون ، جوێ بوون. 

دیار جوان: وەک سووار ڕەقا

مەزلووم عەبدی:
بەڵێ، سووار ڕەقاشیان دە ناو  دابوو. مەجلیسی عەسکەری مەنبیجێ هەبوو، جەوانانی دێرا زۆر هەبوون .

دیار جوان: پێم وایە جەبهەتولئەکرادیشیان دە ناو دا بوو.

مەزلووم عەبدی: جەبهەتولئەکراد هەبوو ، کەتایب شەمسوشیمال هەبوو . نزیکەی ١٨ فەسیلەی دیکە هەبوون. لە جزیرێ گەلێک فەسیلەی عەڕەبان هەبوون. هەواڵە شەمەری یەکانمان هەبوون. 

دیار جوان: سەنادید

مەزلووم عەبدی:
ئی سەنادید هەبوون ، گەلێک بوون. هێزێکی زۆر بوون. ئەوە ڕێکخستنیان بە ناوی یەپەگە و یەپەژە نە گونجاو بوو.

دیار جوان: شتی سەرنجڕاکێش بەڕێز مەزلووم عەبدی ، ئەگەر ئێمە نەگەڕێینەوە دواوە. حەساسییەتی هەرە زۆر لە نێوان پێکهاتەی عەڕەب و کورد لەو هەرێمە دا ، ئیمە دەزانین ئەوەی کە فتیلەی ئاور ، ئی بوویەران، هێرشی ساڵی ٢٠٠٤ ی  لە هەرێم دا هەلئایساند ڕەگەز پەرستی دەور و بەری دێرا زۆرێ و مەیادین و ئەبوو کەماڵ بوون. ئەو ناکۆکی چۆن  بوو، ئێمە ناوی ڕاستییەکەی بڵێین ئەو دوژمنایەتییە چۆن بوو کە ئێوە لە بیرتان کرد و لە نێوان دا نەتانهێشت . ئەوە بڕێک سەیرە . بۆ وێنە کورد و عەلەوی دەتوانن لەگەڵ یەکتری بسازێن.  کورد و عەڕەبی تارتووس ، ئی لازقییە ، هێندێک ئی حەڵەبێ یا ئی حومسێ بەڵێ ئەوانە دەتوانن ، بەڵام  بۆ خەڵک زۆر زەحمەت بوو کە کوردی دێرا زۆر. ئەبوو کەماڵ و مەیادین لەگەڵ ئەوان پێک بێن. ئێوە چتان کرد بۆ نەهێشتنی ئەو گێرە و کێشانە؟

مەزلووم عەبدی:
ئەمنیش دەمەویست ئەوە بڵێم. یانی با بڵێین شتی هەرە پیرۆز و ئی هەرە گەورە کە قەسەدە، هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی سووریا تێیدا سەرکەوت ئەوە بوو. برایەتی گەلانی دامەزراند، برایەتی گەلانی لە سەرەتاوە بە ڕێگای برایەتی چەکان دەست پێ کرد. برایەتی خوێنی دروست کرد. بەڕاستیش بەر لەوەی ئێمە قەسەدە دامەزرێنین لە ناو ڕیزی یەپەگە دا ، تەنانەت لە ناو ڕیزی  پەپەژە یانی هەواڵانی ژنیش دا  عەڕەب هەبوون . یانی خوێنی کوردان و عەڕەبان بوو بەیەک. لە پێناو پاراستنی هەرێمی کوردان دا گەلێک هەواڵی عەڕەبی ئێمە شەهید بوون. ئەو هەرێمانەی عەڕەبان کە یەپەگە ڕزگاری کردن یانی ئەوانەی یەپەگە بە خوێن ڕزگار کرد ، بەڵام ئەو هەرێمانەیان ڕادەستی ئەو هاوڕێیانە کرد و ڕێگایان دا ئەوان ئەو هەرێمانە بەڕێوە بەرن. یانی لە پڕاتیکی یەپەگە و یەپەژە دا ، خەڵکی مەنتەقە دیتیان کە یەپەگە و یەپەژە کە وەک ئی کوردان دەناسرێن  دیتیان کە ئەو ڕێکخستنانە ئازادی وانیان دەوێ ، دێمۆکڕاسییان دەوێ ، باشی ئەوانیان دەوێ ، دەیانەوێ ئەوان لە چنگ تێرۆریستان ڕزگار بکەن و ئەوان بەڕێوە ببەن و ئەوانەیان بە چاوی خۆیان دی. و هەستیان پێ کرد شتێکی کە ئێمە دەیڵێین ڕاستە. ئێمە خاوەنی قسەی خۆمانین.

دیار جوان: ئێوە باسی برایەتی خوێنیتان  کرد ، یانی ئێوە باسی شەهیدان دەکەن. سەرۆکی دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دۆناڵد تڕامپ سێ ڕۆژ لەمەوبەر لە کۆنفڕانسێکی چاپەمەنی دا باسی کوردەکانی سووریا، کوردەکانی ڕۆژئاوای کرد ، گوتی ئەوان گەلێکی قارەمانن، و لە پێناو ئێمە دا بە دەیان هەزار قوربانییان داوە. ژیانی خۆیان لە دەست داوە. بە پێی ئەو زانیارییانەی کە لە بەر دەست ئێوە دان وەک فەرماندەی گشتی قەسەدە ئەگەر ئێمە شەڕی ' سەری کانێیێ' بە شەڕی بە کردەوە دابنێین لە ٢٠١٣وە هەتا ئەمڕۆ هەژماری قوربانیان چەند بووە لە ژێرە فەرماندەیی ئێوە دا بۆ پاراستنی ئەم خاکە  چەند کەس ژیانی خۆیان لە دەست داوە؟

مەزلووم عەبدی:
بەر لە هەموو شتێک دەمەوێ ئەوە بڵێم ئەو  هەواڵانەی ئێمە کە شەهید بوون هەر کامێکیان وەک کێوێک بوون و لە پێناو گەلی ئێمە دا شەهید بوون و بۆ پاراستنی شارەکانی ئێمە شەهید بوون ، بۆ ڕزگار کردنی ئەو خاکە شەهید بوون. هەڵبەت کاتێک شانیان وەبەر جێ بەجێ کردنی ئەرکی خۆیان دا ، لە سەر نرخی ئینسانییەتیشیان  کردەوە ، لە پێناو ئینسانییەت دا شەڕیان کرد ، بۆ بەرژەوەندی هیچکەس ئەوەیان نەکرد، لە پێناو بەرژەوەندی ئینسانییەت شەڕێکی گەورە کرا و ئێمە بەوە سەربەرزین . ئێمە بەوە سەربەرزین کە ئینسانییەتمان لەو بەڵای تێڕۆرە ڕزگار کرد. بە ڕاستی شەڕێکی گەورە کرا بە تایبەتی لە دژی داعش . پێش لەوانیش شەر بە دژی چەتەکانی سەر بە ترکان کرا، شەڕی زۆر گەورە بوون،بەدەڵی ئەو شەڕانە زۆر قورس بوو . شەهیدی یەکەمی گەورەی ئێمە فەرماندە و ڕێکخەری یەکینەکانی پاراستنی گەل هەڤاڵ ' خەبات دێرک ' بوو، ئەو شەهیدی گەورەی ئێمە بوو لەوێوە دەستی پێ کرد ، هەتا ڕۆژی ئەمڕۆ ئێمە زۆر شەهیدمان داوە ، لە ڕیزەکانی یەپەگە و یەپەژە دا زۆر  کەس شەهید بوون ، لە ناو ڕیزەکانی قەسەدە دا.

دیار جوان: وەک هەژمار چەند کەس

مەزلووم عەبدی:
یانی ئێمە دەتوانین بڵێین ...
دیار جوان : لە بەر ئەوەی شەڕ بەردەوامە ، لەوانەیە ئێستاش کە ئێمە قسە دەکەین شەڕڤانی ئێوە ، لەو هەژمارە لەو لیستەیە ...

مەزلووم عەبدی:
دیارە ئێمە ڕەقەمێکی دەقیق ناتوانین بڵێین بەڵام شەهیدی ئێمە نزیکەی ٨٠٠٠ کەسن. هەشت هەزار هەواڵی شەهیدمان هەیە ، نیوەی ئەوانە هەواڵانی عەرەبی ئێمەن، تەنانەت لە نیوەش زیاترن و کاتێک من باسی برایەتی گەلانم کرد ...

دیار جوان: لە خۆڕاگری کۆبانێ دا شەهیدی باکوور ، ڕۆژهەڵات و باشووریش هەبوون.

مەزلووم عەبدی:
ئەوانیش . کاتێک من کوتم برایەتی ئێمە و عەڕەبان بە خوێن ساز بووە ، ئەمن مەبەستم ئەوە بوو. نزیکەی ٨٠٠٠ هەواڵی ئێمە شەهید بوون ، ئەوانە نیوەیان هەواڵی عەڕەب بوون، نیوەیان کورد بوون . یانی گەنجی عەرەب و گەنجی کورد لە جەبهەیەک دا بەیەکەوە شەهید بوون ، ئەوە بنگەی زۆرشتان دادەنێ، بناغەی برایەتییەکی ستڕاتێژیک ، دواڕۆژێکی ستڕاتێژیک  ساز دەکا. هەڵبەت نە تەنێ عەڕەب، هەواڵی سوریانی ئێمەش شەهید بوون ، پێکهاتەی سووریا، تورکومان شەهید بوون،  چەرکەز هەژماری ئەوان کەم بووە بەڵام لە ناو ئەوانیش دا شەهیدمان هەیە. لە دەرەوە هەواڵ هاتن. 

دیار جوان: ئی هەرە گرینگ

مەزلووم عەبدی:
ئەمریکایی لە نێو ئێمە دا شەهید بوون، فەڕانسەیی ، بریتانیایی، 

دیار جوان: کانادایی

مەزلووم عەبدی:
خەڵکی زۆر جێگایان، هەواڵە ئەنترناسیۆنالێستەکانمان ، هەواڵی تورک شەهید بوون، مرۆڤ هەموویانی وەبیر نایەتەوە باس بکا. بەڵام گەلێک شەهادەت ڕووی دا . ئێمە دەتوانین بڵێین ئەفسانەیەکی زۆر گەورە لە باکووری سووریا و لە ڕۆژئاوا تەجروبە کرا. ئەفسانەیەکی ئینسانی، هەموو کەسی تێدا بوو.



دیار جوان: ئێوە وەک فەرماندەی گشتی قەسەدە ئەوە بە بناغەی دەسکەوت دادەنێن . ‌هێندێک لایەنیش دەڵێن، ئەوە نابینن ، دەڵێن قەسەدە و هاوکاری ئەوان ئیتیلافی ناونەتەوەیی یان ئەمریکا با ئێمە ناوی بێنین، ئەو هاوکارییە لە ئەسڵ دا لەگەڵ ئەمریکایە . کێهە لایەن دنەی ئێوە دەدا بەرەوپیش، ‌هێزتان دەداتێ بەردەوام بن ، ئەو برایەتی و یەکگرتنە بەهێز بکەن ؟ کێهەیانە گەلۆ یەکگرتوویی پێکهاتەکانە یان هاوکاری ئێوە لەگەڵ ئیتیلاف. ئێمە هێندێکیش باسی حقووقی نێوان ئێوە و ئیتیلافیش بکەین. باسی ئەمریکا بکەین، فەڕانسەش لە ناو دایە، هێندێک ووڵاتی دیکەش لە ناو ئیتیلاف دان. ئێوە پشتی خۆتان زیاتر بە چ دەبەستن؟

مەزلووم عەبدی:
  با بڵێم هاوکاری ئێمە و خەڵکی مەنتەقە،ئێمە بە ئەزموونی قەسەدە ڕا دەزانین ، چونکە ئێمە لە سەنگەرێک داین ، لە مەتەرێزێک داین ، ڕێبازی ئێمە یەکە ، قەدەری ئێمە یەکە. بۆ وێنە بڵێم ئەو هەرێمانەی کە ئێمە ڕزگارمان کردوون ، چ ڕەقا بێ ، چ  دێرا زۆر، ئەوانە هەر لە دەسپێکەوە ، بەر لە کوردان لە دژی ڕێژیم هەستان. دژی حکوومەتی سووریا هەستان ، هەرێمی خۆیان ڕزگار کرد. یەکەم ئوستانی کە لە سووریا دا ڕزگار بوو و بڵێین حوکمی بەعسیان قەبووڵ نەکرد خەڵکی  ڕەقا بوون. ئەوان شاری خۆیان ڕزگار کرد و دوایە نەیانتوانی خۆیان بپارێزن و کەوتنە بن دەستی  ئەلقاعیدە و تێڕۆریستان و  داعش و هەموو شێوازی زوڵمیان لە چنگ وان چێشت، ئێمە چووین ئالیکاریمان کردن ئەوانمان ڕزگار کرد و ئەمڕۆش لە سەر بناوانی فەلسەفەی برایەتی گەلان ، نەتەوەی دێمۆکڕاتیک ، بەڕێوەبەریی هاوبەش . ئێستا ئەوان خۆیان خۆیان بەڕێوە دەبەن. 

دیار جوان: کاتێک کە ئێوە دەچنە ناو ئەو گوندانە بیر ناکەنەوە لەوەی کە چەکتان دە شان دایە و بە تانک و تۆپان دەچنە ناو ، پێتان وا نییە ئەو پێشوازی کردنەی گەل ، رووی بە پێکەنینی ئەوان لە ترسی چەک بێ؟ یان پێتان وایە ئەوان قەناعەتیان هێناوە کە ئێوە هێزی ڕزگاریدەری ئەوانن؟ 

مەزلووم عەبدی:
چووبینە ناو هەر گوندێک یان شارێک پێشتر پێوەندیمان لەگەڵیان هەبووە ،دان و ستاندنمان لەگەڵیان هەبووە، ئەوان چاوەڕوانی [ هاتنی ] ئێمە بوون. تەنانەت ئالیکاری ئێمەیان کردووە، هاوکاری ئێمەیان کردووە بۆ ئەوەی مەنتەقەی خۆیان ڕزگار بکەن . یانی شتێکی وا نییە کە هەر ئاوا ئێمە چووبێتین و بزانین چ هەیە چ نییە، ئەوەمان نەکردووە. مەسەلەیەکی بە پلان بووە ، لە پێشدا کارمان بۆ کردووە، ئینسانی ئێمە لەوێ بوون ، داوای یارمەتییان لە ئێمە کردووە بۆ ئەوەی مەنتەقەکەیان ڕزگار بکەین و کاتێکی ئێمە چووینە ناو، لەگەڵ خەڵک شانبەشانی یەک شەڕمان کردووە ، جا لەبەر ئەوە ئێمە وەک ئەڕتەشێک، وەک هێزێک لەگەڵیان بووین. یانی شتێکی کە ئێمە لە سەر پێ ڕادەگرێ ئەوەیە. پیوانەکانمانە سەبارەت بە عەداڵەت، پیوانەکانمانە سەبارەت بە دێمۆکڕاسی ، پێوانەکانمانە سەبارەت بە ئازادی . خەڵک ئەوەیان دیتووە، خەڵک ئەوەیان دیتووە، بۆ وێنە هەبوونی هەواڵی ژن، هەبوونی یەپەژە لە ناو ' هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی سووریا ' دا، بە سەری خۆی باوەڕییەکی گەورەی داوە بەو خەڵکە . دیتیان کە ژنی کورد نازانم لە کوێ ڕا هاتوون دێن وان ڕزگار دەکەن ، ئەو هێزەی کە دەوڵەت لە بەریان هەڵ دێ ، هێزی داعش لە بەریان هەڵدێ و دژی ئەوان شەڕ دەکەن، بە ئازایەتییەوە شەڕ دەکەن و دوایە دێن پشتیان دەگرن و دەیان پارێزن ، ژنی وان دەپارێزن، بنەماڵەی وان دەپارێزن . ئەوە شتێکی کەم نییە. باوەڕییەکی گەورەی لە ناو ئەو خەڵکە دا ساز کرد و هەڵبەت هەبوونی ئیتیلاف و هێزی دیکە تەئسیری خۆی هەیە. ئینسان ناتوانێ نکووڵی لەوە بکا. ئەوەش لە لایەکی دیکەوە باوەڕی لە خەڵک دا پێک دێنێ. با بڵێین ئەوان لە تەنیشت ئێمە هێزی ئیتیلاف دەبینن ئەوەش باوەڕییەک ساز دەکا.

دیار جوان : کە وابوو، 

مەزلووم عەبدی:
بەڵام هێزی ئەساسی ئەو کارەیە کە ئێمە بۆ ئەوانمان کردووە.

دیار جوان: کە وابوو، شتێکی ئاوا لە دڵی ئێوە دا هەیە ، پرسێک هەیە، سبەینێ هەموو شت تەواو بوو، ئەو ئیتیلافە لێرە چوو ، دیسان ئاڵۆزیی و شپرزەیی و شەڕ لە گۆڕێ دا دەبێ؟ ئێوە حیسابی خۆتان ئاوا دەکەن یان نا؟

مەزلووم عەبدی:
ئێمە ئاوا حیساب دەکەین، یانی خەتەرێکی ئاوا هەیە، مەترسییەکی ئاوا هەیە. ئێمە ناتوانین بڵێین هەر شت گوڵ و گوڵستان دەبێ . نەک لە بەر ئەوەی کە ئێمە لە خەڵکی مەنتەقە دەترسین . پێوەندی ئێمە لەگەڵ خەڵکی مەنتەقە خۆشە. ئێمە بە یەکەوەین و خەڵکی مەنتەقە نایانەوێ ئێمە لە مەنتەقە دەرکەوین ، یانی ئێمە چووبیتنە هەر مەنتەقەیەک ، ناخوازن ئێمە دەرکەوین ، تەنانەت دەیانەوێ شەڕڤانی کورد لەوێ بمێننەوە. ئێوە دەزانن ئێمە دەچین هەر هەرێمێک ڕزگار دەکەین شەڕڤانی کوردیشیان تێدایە . جاری وایە ئەرکی وان تەواو دەبێ لەوێ دەردەکەون . خەڵکی مەنتەقە  نایانەوێ  شەڕڤانی کورد لەوێ دەرکەون لەبەر ئەوەی جێگای باوەڕییانن ، باوەرییان دەدەنێ. لە منبیجێ وا بوو، لە تەبقا ئاوا بوو، تەنانەت کاتێک ئێمە چووینە ناو جەرابلوس و گەڕاینەوە دیسان خەڵکی جەرابلوس گوتیان لێرە مەڕۆن ئێمە ناخوازین کەسی دیکە بێنە ئەو ناوە. ئەوان جێی باوەڕین ، با بڵێین هەبوونی کوردان جێی باوەڕییە . ئێمە لەوان ناترسین، لەخەڵکی مەنتەقە ناترسین ، ئێمە لە یەکتری تێ دەگەین و لەجێدا ئەوان خۆیان خۆیان بەڕێوە دەبەن . دەوڵەتی ترک هەرچی لە دەستی دێ دەیکا بۆ ئەوەی فیتنە و فەسادی ساز بکا بۆ ئەوەی ئەو خەڵکە بە دژی ئێمە هان بدا ، بۆ ئەوەی فیتنە و فەسادی لە نێوان کورد و عەڕەبان دا ساز بکا، لە جێدا بۆ خۆشیان ئەوە دەڵێن و ددانی پێدا دەهێنن. بۆ وێنە ئەردۆغان چی گوت؟ گوتی ٧٠٠٠ کورد دەچنە ناو ڕەقا و ڕەقا داگیر دەکەن و دوایە شەڕی کورد و عەڕەبان ساز دەبێ. بەڵام ئەو شەڕە ساز نەبوو . ئێستا لەوێندەڕی هێزی کورد هێندە نەماون ،  هەموو هێزی عەڕەب لەوێن و هیچ نییە و هەمووشت دەکرێ بڵێین هەڵدەسووڕێ بەڵام،

دیار جوان: ئەمن دەمەوێ هێندێک ئەوە پێناسە بکەن. 

مەزلووم عەبدی:
بەڵام دەتوانین ئەوە بڵێین بۆ وێنە هەتا ئێستا ئێمە پیلان و دەک و دۆڵابی ترکانمان پووچەڵ کردووەتەوە بۆ ئەوەی فیتنە لە ناو عەڕەبان ساز بکەن ، بەڵام هەتا دەچێ حەولدانی وان زیاتر دەبێ ، زیاتر پارە بڵاو دەکەنەوە، زیاتر پیلان و دەک و دۆڵاب پێش دەخەن. لە هەمان کاتدا ، رێژیمی سووریاش هەمان کار دەکا ، دەیەوێ عەڕەبان بە گژ بەڕێوەبەری خۆسەر دا کا، بە گژ قەسەدە دا کا. ئەویش دەیەوەێ ئاڵۆزیی و شپرزەییەک دروست بکا ، حەولدانیان هەیە بۆ ئەوەی ئالۆزی ساز کەن ، بەڵام لە هەمبەر ئەوە دا ئێمەش هەنگاو هەڵدێنینەوە و ئامادە کاری دەکەین و نایەڵێن شتێکی ئاوا بێتە گۆڕێ.

دیار جوان: بەڵێ، ئێمە باسی ئیتیلافمان کرد، ئێمە باسی هاوکاری ئێوەمان کرد لەگەڵ وان، پێش ئەوە، ئێوەش گوتتان ئێمە دەچین ناوچەیەک ڕزگار دەکەین ، بە دوای ئەوەدا خەڵکی ئەوێ نایانەوێ ئێمە لەوێ دەرکەوین . باشە ئێوە دڵخوازنە لەو جۆرە شوێنانە دەچنە دەرێ ، یانی ئێوە زویر نابن کە ئێوە دەچنە ڕەقا، ئێمە لە نموونەی منبیج دا دیتمان، ئێوە چوونە وێندەرێ بە سەدان شەهیدتان دا ، دوای ئەوە ئێوە لەگەڵ چاپەمەنی کۆ بوونەوە و ڕاتان گەیاند ئێمە ئێرە ڕادەستی وان دەکەین. باشە ئێوە جار جار لە ناو خۆتان دا موناقەشە دەکەن لە مەڕ ئەوەی کە ئەوانەی زەحمەتەکەیان کێشاوە ئێوەن، ئەوەی شەهیدیان داوە ئێوەن ، کە وابێ ئەو شوێنە ئی ئێمەیە. ئایا موناقەشەیەکی ئاوا لە ناو  ئێوە دا پەیدا دەبێ؟ یان  ئەوەی کە دەردێکی ئاواتان هەیە  کە هەتا هەتایە دەسەڵاتداریی ئەوێ دوای ڕزگار بوونیش و مەجلیسی مەدەنی ئی ئێوە بن ؟

مەزلووم عەبدی:
یانی ئەمن دەتوانم ئەوە بڵێم  هەر هەنگاوێکی کە ئێمە هەڵی دەهێنینەوە لە ڕووی پلان و نەخشەیە. هەتا ئێستا ئێمە هیچ هەنگاوێکی بێ پلانمان نەهاویشتووە. ئێمە لە ژێر زەخت و گوشاریش دا هیج کارێکمان نەکردووە . بۆ وێنە با باسی نموونەی منبیج بکەم. منبیج هەرێمێکە لە لای ڕۆژئاوای فوراتە ، ڕۆژئاوای فورات . دەوڵەتی ترک بەر لەوەی ئێمە بچینە ناو منبیج هەمیشە لە سەر [ شاشان ] دەردەکەوتن و دەیانگوت فورات هێڵی سوورە و ئێمە ناهێڵین کەس بەرەو ڕۆژئاوای چۆمی فورات بپەڕێتەوە. و لە سەر ئەو مەسەلەیە جیدی بوون. با بڵێین هەموو حەوڵدانی دیپڵۆماسی خۆیان لە پێناو ئەوە دا هەڵسووڕاند . بەڵام مەجلیسی عەسکەری منبیج داوای ئالیکاری لە ئێمە کرد ، داوخوازی یارمەتی کرد لە یەپەگە و گوتی ئێمە لە کۆبانی و جێگای دیکە یارمەتی ئێوەمان دا ئێوەش وەرن ئالیکاریمان بکەن ئەو هەرێمە ڕزگار بکەین، هەرێمی خۆمان ڕزگار بکەین. ئێمەش قەبووڵمان کرد کە بچین ئالیکاری مەجلیسی عەسکەری منبیج بکەین بۆ  ئەوەی هەرێمەکەیان ڕزگار بکەین. لەوێ کوردیش هەن، سەدی بیست تەنانەت لە سەدا سی خەڵکی منبیجێ کوردن ، ئەوانیش لە جێی خۆیان کۆچبەر ببوون هەموویان هاتبوونە کۆبانێ ، ئەوانیش دەبوو بگەڕێنەوە و بچنەوە شاری خۆیان. ئێمە لە پێناو کوردانیش دا چووینە ئەوێ هەر نەک لە بەر خەڵکی مەنتەقەکە. لە هەمان کاتدا ڕێی عەفرینیش بوو بۆ ئەوەی مرۆڤ بگاتە عەفرینێ  بۆ ئەوەی ئێمە یارمەتی عەفرینیشمان دابا. و داوخوازی مەجلیسی عەسکەری منبیج و ئێمە وەک یەک وا بوو  و ئێمە بڕیارمان دا کە بچینە وێندەرێ.

دیار جوان: ئەگەر هەڵە نەبم  ئەو دەمی لە پێواژۆی ' ئینجرلک ' دا هێندێک دانو ستاندنیش کرا بوو ؟

مەزلووم عەبدی:
بەڵێ لەو بارەیەوە کاردانەوەی دەوڵەتی ترک هەبوو ، نەک هەر ئی دەوڵەتی ترک ، بەڵکوو ئی لایەنی دیکەش کە لەگەڵیانن. لە ناو ئیتیلافیش دا زۆر لایەن لەگەڵ ئەوانن. دەوڵەتێکی ئەندامی ناتۆیە. بە ئێمە گوترا  ئێوە دەتوانن بچن ئالیکاری مەجلیسی عەسکەری منبیج بکەن و لە ڕزگاری ئەوێ دا بەشداری بکەن بەڵام نابێ بڵێن  وەکوو هێزی عەسکەری تەنێ یەپەگە لە منبیجێ بێ. بەڵام لە جێدا شتێکی ئەوتۆ لە بەرنامەی ئێمە دا نەبوو و نییە . یانی بەرنامەی ئێمە ئەوە نییە کە یەپەگە و کورد بچنە هەر جێیەک لەوێ بمێننەوە و خۆ دامەزرێنن . نا ئێمەش گوتمان ئێمە لە جێدا بەرنامەیەکی ئەو شێوەیەمان نییە بۆ ئەوەی شتێکی ئاوا بکەین.  مەجلیسی عەسکەری منبیج هەیە ، بەشی کاری خۆی دەکا، لە ناو ئەواندا کوردیش هەن . کوردی منبیجیش هەن و فەرماندەکانی ئەوان هەموویان کوردن، کوردیی منبیجن ، ئی مەجلیسی عەسکەری منبیج ، شەڕکەرن و خەڵکی منبیجن وەکو شەهید ئەبوو لەیلا، و هەواڵەکانی . ئێمە گوتمان ئێمە ئالیکاری ئەوان دەکەین. ترکان ئەو دەمی ئەوەیان قەبووڵ نەکرد، گوتیان ئەوە وا نییە ، ڕاست نییە . ڕاستیش ئەوەیە مەسەلەی ئێمە مەسەلەی دیپڵۆماسی نییە ، هیچ حەوجێمان نییە کە بچین بە هەزاران لە هەواڵانی خۆمان لە منبیج دا بهێڵینەوە. یانی حەوجێی ئێمە بەو هەواڵانە هەیە بۆ ئەوەی جێی دیکە ڕزگار بکەن و مەنتەقەی خۆیان بپارێزن. پلانێکی ئاوای ئێمە نییە بە هەزاران کورد بچن لە منبیج دا ماڵ دانێن و لەوێ بمێننەوە. لە جێدا ئێمە خەڵکی وێ پەروەردە دەکەین و ئامادەیان دەکەین ، هەر لە فەلسەفە و لە پارادایمی ئێمە دا  هەیە و لە ڕێبازی خۆ پاراستنی ئێمە دا هەیە و ئێمە بەو ڕێبازە دا دەڕۆین. لەبەر ئەوە کاتێک [ ترکەکان] قەبووڵیان نەکرد، کۆبوونەوەیەک ساز کرا  لە  'ئینجرلک ' ، ئەوە پێشنیاری ئێمە بوو گوتمان با لەوێ بکرێ ، لە جێیەک لە دەرەوەی تەئسیری ترکان بێ، لەوێ کۆبوونەوەیەک کرا، لەو  کۆبوونەوەیە دا هەواڵانی ئێمە لە مەجلیسی عەسکەری منبیجێ چوونە  ئەوێ و بەشدارییان تێدا کرد و لەوێ ڕایانگەیاند لە جێدا ئێمە داوی ئالیکاریمان کردووە لە یەپەگە . یەپەگە بۆخۆشی لەوێ نامێنێ، ئێمەش داوای لێ بکەین  لەوێ نامێنێ. یەپەگە دەگەڕێتەوە شوێنی خۆی ، کوردن دەگەڕێنەوە هەرێمی خۆیان و ئێمە ئاوامان قەبووڵ کرد و لە ڕاستیشدا لە سەر بنەمای ئەو ڕێکەوتنەی کە لە ' ئینجرلک '  کرا بوو  ئەوە بە پێی بۆچوونی ئێمەش بوو .

دیار جوان: یانی لەوێ ڕێکەوتنێک کرا ؟

مەزلووم عەبدی:
ڕێکەوتن کرا، ترکیشی تێدا بوو، نوێنەری ترکانیشی تێدا بوو ، نوێنەرانی ئیتیلافیشی تێدا بوو ، نوێەرانی مەجلیسی عەسکەری منبیج یش لەوێ ئامادە بوون و لە ئاستی هەرە بەرز وەک فەرماندەیی قەسەدە و فەرماندەیی ئەڕتەشی ئەمریکا ئێمە کۆبوونەوەمان لەگەڵ کردن لە کۆبانێ واتە لە گەڵ بڕیارگەی ناوەندیی ئەمریکا و لە سەر ناوی قەسەدە من و هەواڵەکانم کۆبوونەوەمان کرد و لەوێشدا ڕامان گەیاند لە جێدا ئێمە دەچین و منبیج ڕزگار دەکەین . بەڵام ئێوە بشڵێن ئێمە لە منبیج نامێنینەوە . هەواڵەکانمان، ڕاوێژکارانی ئێمە لەوێ بمێننەوە و هێندێک لە هەواڵی ئێمە ئەوان پەروەردە بکەن ، حازریان بکەن ، بیانکەن بە هێزێکی عەسکەری بەهێز،

دیار جوان : هێزێکی ئامادە

مەزلووم عەبدی:
ئەگەر هەر کاتێک حەوجێی ئەوان هەبێ ئێمە دیسان دەچینە وێندەرێ. جارێکی دیکە دەچین بیانپارێزین. وەکوو دیکە چ حەوجێ نییە ئێمە لەوێ بین. و لە ڕاستیشدا ئاوا ڕووی دا. یانی ئاوا بوو ئێمە چووینە وێندەرێ . ئەوێمان ڕزگار کرد ، شەش هەزار هەواڵی ئێمە لە ڕۆژهەڵاتی فوراتەوە پەڕینەوە بەرەو ڕۆژئاوای فورات، منبیجیان ڕزگار کرد و دوای دوو مانگان هەموویان گەڕانەوە. 

دیار جوان : بە ڕێو ڕەسمی فەرمی

مەزلووم عەبدی:
مادام ئەو مەسەلەیمان کردەوە، ئەوەش بڵێم ئەمڕۆ ، دەمەوێ هێندێک شت بڵێم بۆ ئەوەی گەلی ئێمە پێی خۆشە لێی بزانێ. لەو دواییانە دا ڕێکەوتنێک لە نێوان ئەمریکا و ترکان دا کرا و ئەوە بۆ زانیاری بیروڕای گشتیش ڕاگەیێندرا، ئەمن دەمەوێ ئەوە بڵێم لەو ڕێکەوتنەی دا کە کراوە ئێمەشی تێداین ، ئێمەش لایەنێکی ئەو ڕێکەوتنەین . هەر مادەیەکی کە لەو ڕێکەوتنە دا هەیە بە ئێمە گوتراوە و ئێمەش قەبووڵمان کردووە .

دیار جوان: یانی بە پێی پەسند کردنی ئێوە کراوە

مەزلووم عەبدی:
بە پێی ئەرێ کردنی ئێمە کراوە و شتێکی کە پەسند نەکرابێ لە لایەن ئێمەوە تێیدا نییە. و ئێمە شەرتێکمان داناوە، بڕیارێکی کە ئێمە ڤێتۆی بکەین جێ بە جێ ناکرێ. یانێ شتێکی کە ئێمە سەبارەت بە منبیج ڤێتۆی بکەین.

دیار جوان: ئێوە دەتوانن بڕیارێک بلۆکە بکەن؟

مەزلووم عەبدی:
ئێمە دەتوانین بلۆکەی بکەین و پیشی بگرین. شتێکی کە ئێمە ڤێتۆی بکەین و بڵێین قەبووڵی ناکەین ئەوە جێ بە جێ ناکرێ. ئەوە شەرتی ئێمەیە لەگەڵ لایەنەکان. ئێمە لە سەر ئەو بنەمایە قەبووڵمان کردووە. ڕێکەوتنێک کراوە کە بریتییە لە سێ قۆناغ . ئێستا ئەوە هەڵدەسووڕێ .

دیار جوان: دەکرێ هێندێک ناوەرۆکی [ ئەو ڕێکەوتنە] شی بکەینەوە. ڕەنگە [گوتنی] هێندێک شت پێویست نەبێ، بەڵام هێندێک شتی ئەسڵی، بۆ وێنە ئێوە پێی دەڵێن سنووری ' ئاوی ساجر'. ئێمە دەمانەوێ لە سەر ناوەرۆکی بدوێن ئەگەر دەکرێ.

مەزلووم عەبدی:
یانی وەکوو بە ئاگاداری بیروڕای گشتی  گەیشتووە ، ئەگەر لەو چوارچێوەیە دا باسی بکەین. یانی ڕێکەوتنێک لە سەر بنەمای سێ قۆناغ کراوە. مەرحەلەی یەکەم ئەوەیە دەڵێن بڵا هێزەکانی یەپەگە و یەپەژە و پەیەدە ؛ هێزی سیاسی بە پەیەدە دادەنێن. پەیەدە، لە منبیج دەرکەون. لە مەرحەلەی دووەم دا هێزی عەسکەری ئەمریکایی و تورکی ئێمە چی پێ بڵێین  ئەمنییەتی هەرێمەکە بپارێزن و قۆناخی سێهەمیش ئەوەیە کە بەڕێوەبەرییەک کە هەموو لایەنەکان قەبووڵی بکەن بۆ منبیج  ساز بێ لە خەڵکی منبیج . ئەوە لە هەمان کاتدا داوخوازی ئێمەشە و شتێک نییە ئێمە دژی بین. لە جێدا هێزەکانی یەپەگە و یەپەژە و یانی ئەگەر ئێمە هێزی سیاسی ش حیساب بکەین یانی  ڕاوێژکارە سیاسییەکانمان ، با بڵێین  کادری سیستمی سیاسی ئێمە ، لە مەڕ خۆسەری ، ئەگەر ئێمە ئەوانە بە ڕاوێژکار بە دانیشمان حیساب بکەین ، بە ڕاوێژکاری پەیەدە دابنێین ، لە کاتێکد ا وا نییە .

دیار جوان : یانی کادرەکانی کارو باری ئیداری

مەزلووم عەبدی:
ئی بەڕێوەبەریی خۆسەری ، ئەوەی خەڵک فێری ئاسایش ، فێری کارو باری وەزاڕەتان و فڵڵان بکەن. ئەوان دەڵێن ئەوانە پەیەدەیین ، بەڵام ئەوە ئی ئیدارەی خۆسەری ن کە چوونە وێندەرێ. ئەوانە لە جێدا کاری خۆیان تەواو کرد بوو ، ئیدی کاریان لەوێ نەمابوو ، پێشتریش ئێمە کشابووینەوە، هێندێک لە هەواڵانی ئێمە مابوونەوە . حەوجێیەکی هێندەش بە وان نییە. یانی لەوێ هەن، کەسی کە دەتوانن کار بکەن و کارو بار هەڵسووڕێنن خەڵکی منبیجن . عەڕەب و کوردەکانی منبیجن. ئەوانەش لە سیستمی ئێمە دا گەورە بوون ، لە سیستمی خۆسەری ئێمە دا، لە سیستمی لەشکری ئێمە دا ، بەس ئەوان خەڵکی منبیجن  و منبیج بەڕێوە دەبەن. یانی کەس ناتوانێ ئەو مافە لە خەڵکی منبیج و جەوانانی منبیج بستێنێ . ئەوان شاری خۆیان بەڕێوە دەبەن ، کەسێک دەرنەکەوتووە بڵێی ئەوانە کێنە و چ کەسن. خەڵکی منبیجن و لەوێ دەمێننەوە و کاری خۆیان هەڵدەسووڕێنن و کاری خۆیان بەڕێوە دەبەن. ئەوە لە جێدا پێک هاتووە ، لە پێشدا  پێک هاتبوو و ئەوەندەی لە دەستی ئێمە هات کردمان ئێمە هێزێکی مەزنمان لە منبیج ساز کرد . ئێستا هێزی منبیجێ نزیکەی ٥٠٠٠ کەسە.، ٥٠٠٠ لە هێزی قەسەدە لە منبیج دا هەیە ، یانی مەجلیسی عەسکەری منبیج ، ئەوان کاروبار بەڕێوە دەبەن و ڕێوەبەرییەکەیان بەشی خۆیان دەکا ، لە سەر ئەو بنەمایە ئەوان ئێستا حەوجێیەکی ئەوتۆیان بە یەپەگە و یەپەژە نییە. ئێمە ڕامانگەیاندووە گووتوومانە ئەگەر هێڕشێک بکرێتە سەر منبیج  یەپەگە و یەپەژە ئامادەن بگەڕێنەوە ئەوێ. ئەوە قۆناغی یەکەم ، ئەوە تەواو بووە. شەرتی یەکەم بە کۆتا هاتووە. ئی دووەمیش ئەوەیە کە هێندێک بیروڕای گشتی چەواشە دەکەن . بۆ وێنە سەبارەت بە پاراستنی ئەمنییەتی منبیج لەلایەن ئەمریکاییەکان و عەسکەری ترکەوە. یانی چەواشە کاری دەکەن، دەمەوێ ئەوەش هێندێک بکەمەوە بۆ ئەوەی هەموو کەس بزانێ. ئێستا  ' ئاوی ساجر ؛ سنووری ئێمە و ترکانە. سنووری منبیج و ترکانە.

دیار جوان: هەر چۆنێک بێ  پێشتر  بەر لە ڕزگار کردن وەکوو هەرێمی تامپۆن ڕاگەیێندرا بوو.

مەزلووم عەبدی:
حدودی جوغرافیایی منبیج  چۆمی ساجرە. یانی ترک و چەتەکانیان لەو بەرن و مەجلیسی لەشکری منبیجیش لەم بەرە یە. ترک لە بەری خۆیان دەورییە دەردەخەن  پێم وایە ئەوە بوو بە دەورییەی [ پاتڕۆڵ]  پەنجاو پێنج. و لە بەری خۆیاندا دێن و دەچن. و هێزی ئیتیلافیش لەم بەرە دا دێن و دەچن ، بەیەکەوە قسە دەکەن ، کارەکانیان تەنسیق دەکەن ، ئەوە ئاوا هەلدەسووڕێ و ئەوە بۆ ئێمە باشە. ئەوان لە بەری خۆیانن و ئێمەش لە بەری خۆمانین. مەجلیسی عەسکەری منبیج کاری خۆی هەڵدەسووڕێنێ ، بەڕێوەی دەبا. ئێستا لە ڕۆژەڤی ئەواندا [ ئەمریکاییەکان و ترکەکان ]  ساز کردنی هێزی دەورییەی [ پاتڕۆڵ]  هاوبەش هەیە. مەجلیسی عەسکەری منبیج قەبووڵی نەکرد ترک وەرنە ئەم بەر . ئێستاش قەبووڵ ناکا. وتیان ترک میترێکیش نابێ بێنە ناو خاکی منبیجەوە 

دیار جوان: لە چۆمی بەولاوە نەیێن

مەزلووم عەبدی:
ترک و چەتەکانی خاکی منبیج پیس نەکەن. نەینە ناو ئەو خاکە چونکە ئەوە بۆ ئەمنییەتی منبیج خەتەرە. ئەوەیان قەبووڵ نەکرد . ئێستا بابڵێین وەک ڕێی چارەسەرییەکی هاوبەش نێوی دەنێن هەریمی تامپۆن ، منطقە محایدە. لە نێوان هێزی مەجلیسی عەسکەری منبیج و هێزی عەسکەری ترکان هەرێمێکە نزیکەی دە کیلۆ میترە یانی ووشکایی  جگە لە چۆمی ساجر . هەرێمە بەژاییەکە لە دەرەوەی هەرێمی منبیجە، پێوەندی بە هەرێمی منبیجەوە نییە ، ئەوە ئەرزی باب ە ، ئەرزی منبیج نییە. یانی لە زەوی باب دایە ، دیارە لە سەر ئەوەش پێک نەهاتوون. ئەوە نزیکەی دە کیلۆمیترە تێیدا ئەمریکایی و ترک بەیەکەوە هەڵدەسووڕێن . ترکان لە دەسپێک دا کوتیان دەبێ فەرماندەیی دەوری چۆمەکە هاوبەش بێ ، ئەمریکاییەکان قەبووڵیان نەکرد . ئەوان دەوڵەتێکی ئەندامی ناتۆن و فەرماندەی ناتۆن قەبووڵیان نەکرد . مەسەلەکە ماوەیەک وەک خۆی ڕاگیرا. لە بەر ئەوەی قەبووڵ نەکرا ڕاگیرا. ئەمن پێم وایە ئێستا ترکان جارێکی دیکە قەبووڵیان کردووە و هەموو شەرتەکانی ئەمریکایان قەبووڵ کردووە و قانوونی ئەمریکایان هەموو قەبووڵ کردووە و قەبووڵیان کردووە ئەمریکاییەکان ئەوان پەروەردە بکەن ، لە عەینی تابیع  ئەمریکاییەکان ئەوان پەروەردە بکەن ، ئەمن پێم وایە ١٥ ڕۆژی دیکە، ماوەیەکی دیکە لە وێندەرێ لە مەنتەقەی ' باب ' ، دەرەوەی منبیج هەرێمێکی تامپۆن لە نێوان ئێمە و ئەواندا ، ساز بێ ، دەورییەی [ پاتڕۆڵ] هاو بەش دەرکەون ، گرینگی ئەو مەرحەلەیەش تەواو دەبێ. بۆ قۆناغی سێهەمیش واتە بەڕێوەبەریی منبیج کە هەموو لایەک قەبووڵی بکەن ، لە جێدا ئەوە بەڕێوەبەرییەک هەیە، مەجلیسی مەدەنی منبیج هەیە ، مەجلیسی عەسکەری منیبج هەیە ، ئەوە دوو ساڵە منبیج بەڕێوە دەبەن. 



دیار جوان : هێزی جیهانیش ئەوان وەک بەردەنگ دەبینن.

مەزلووم عەبدی:
هەموو کەس ئەوان وەک بەردەنگ دەبینێ.

دیار جوان : سەناتۆر دێن ، ئەندامانی پارڵمان دێن .

مەزلووم عەبدی:
هەموو کەس  ئەوان دەبینێ و شوێنەکەیان بەڕێوە دەبەن. ترکان گوتیان چەتەیان هەیە کە خەڵکی منبیجن دەیانەوێ ئەوان بگەڕێننەوە منبیج .

دیار جوان: ئەوان بکەن بە بەشێک لەو بەڕێوەبەرییە ؟

مەزلووم عەبدی:
مەجلیسی عەسکەری منبیجێ، مەجلیسی مەدەنیش بە هەموو کەسیان گوتووە ئێستا لای ئێمە  مەجلیسی عەسکەری 'جرابلووس ' هەیە، مەجلیسی عەسکەری ' ئەعزاز ' هەیە ، مەجلیسی عەسکەری ' باب ' هەیە  هەموو گشتیان میوانن لە مینبیجن. شەرڤانی عەفرینێ لەوێندەڕێنە. هیندێک لە شەڕڤانی عەفرینێ لەوێن، خەڵکی مەدەنی عەفرینێ لەوێندەرێن ، کە مینبیجن، خەڵکی ئیدلیب لە مینبیجن . لە منبیج هەر کەس هەیە. ئەوانیش لە ووڵام دا گوتوویانە باشە سەر سەران ، با ئەوانە بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان ، با هەر کەس بگەڕێتەوە شوێنی خۆی ، جا ئەوجار ئەوانەی لای ترکانن با ئەوانیش بێنە لای ئێمە. ئەمن پێم وا نییە ترک ئەوە قەبووڵ بکەن. 

دیار جوان: ئەمن پرسێکم هەیە سەبارەت بە منبیج. کاتمان دەڕوا ئێمە گەیشتنە دەقیقەی پەنجا. ئێمە ناوبەرێک بدەین بەڵام سەبارەت بە منبیج  پرسیارێکم هەیە کە هەموو کەس پێی خۆشە ووڵامەکەی بزانێ. ئێمە بەوە بابەتی منبیج بە کۆتا بێنین. سەبارەت بە بابەتی منبیج مەزلووم عەبدی خۆشبین وەبەر چاو دێ. یانی ئەو ترس و نیگەرانی ، گەلۆ سێناریۆی عەفرین لە منبیج دووپاتە بێتەوە ئێمە ئەو پرسیارە دوای ئەم ناوبەرە لە فەرماندەی قەسەدە دەپرسین.   ئێمە لە بەشی پێشوو دا لە بەشی دوایی دا هێندێک لە سەر بابەتی منبیج پرسیارمان کرد . 
بەڕێز مەزلووم عەبدی ئێستا  لە دەسپێکی ساڵی ٢٠١٨ دەوڵەتی ترک بۆ ئەوەی لایەنی ڕەگەز پەرست ڕازی بکا پڕۆژەی هەڵبژاردنی پێشوەختی لە پێش وان دانا، شەرتی ئەوانیش ئەوە بوو گوتیان بۆ ئەوەی ئێمە ئەو پڕۆژەیە پەسند بکەین و سەری بخەین ، یانی بە ئەردۆغانیان گوت  ئێمە شتێکمان پێویستە . یانی شتێکی بەربەچاو پێویستە . ئەو شتە چ بوو داگیر کردنی عەفرین بوو . ئێستا باسی سێناریۆیەکی بە هەمان شێوە دەکرێ. لە مانگی مارس  [ ی ساڵی ٢٠١٩ ] هەڵبژاردنی ناوچەیی دەکرێن ، دەڵێن ئەردۆغان لە بەر ئەو بەڵێنەی کە داویە بە لایەنی ڕەگەزپەرست؛ مەهەپە، و هێندێک کۆڕ و کۆمەڵی دیکە، مەسەلەی منبیج دێنێتە ناو ڕۆژەڤ. ئایا ئێوە پێتان وایە ئەوە بکرێ. ئەمن بۆچی گوتم ئێوە لەو بارەیەوە هێندێک خۆشبینن یانی ئەوە پێک نایە  لە بەر ئەوە بوو کە بۆچی ئەوەیان پێ ناکرێ سەبەب ؟  و ئەگەر ئەوە  ببێ ئەو ئاکامانەی عەفرین دووپاتە دەبنەوە؟

مەزلووم عەبدی:
یانی وەکوو هێزێکی عەسکەری دەبێ ئێمە هەمیشە ئامادە و سەروەخت بین. هەوڵدانی ترکان بە تایبەتی ئی ئەردۆغان لە سەر ئەو بابەتە هەر هەیە. و دوێنێش ، وابزانم دوێنێ بوو داخویانی دا گوتی منیبج وەک ئێمە دەمانەوێ هەڵناسووڕێ ئێمە لە بیرمان نەکردووە و لە هێندێک داخویانی دیکەش دا گوتیان ، وا بزانم ئەمڕۆ گوتی ئۆپێڕاسیۆنێکی هاوبەش لەگەڵ ڕووسان لە ڕۆژهەڵاتی فوراتێ شتێکی نا مومکین نییە. تەنانەت بۆ وێنە گوتی جارێکی دیکە لێدانی هەرێمی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، ڕۆژئاوا  بە فڕۆکان ، ئەوەی کە جارێکی دیکە بکرێ نا مومکین نییە .

دیار جوان: یانی موستەحیل نییە .

مەزلووم عەبدی:
یانی نە موستەحیلە شتێکی وا نەبێ. شتێکی ئاوای گوت ، یانی ئەوە بەو مانایەیە کە ‌هەوڵدانیان هەیە، کاری  لە سەر دەکەن. لەگەڵ هێزەکانی لایەنگری خۆیان کار دەکەن. لەگەڵ ڕوسان لەو بارەیەوە کڕوکاشێک دەکەن ، شتێکی ئاوا هەیە. ئێمە هەر سەروەخت دەبین ، دەبێ ئامادەکاریمان هەبێ . بەڵام من دەتوانم ئەوە بلێم کە وەزعی منبیج و ڕۆژهەڵاتی فوراتێ وەکوو وەزعی عەفرین نییە. عەفرین بابەتێک بوو لە نێوان ئەوان و ڕووسەکاندا. ئەوان و ڕووسەکان پێک هاتن لە سەر بەرژەوەندیی زۆر گەورە، یانی بیروڕای گشتی ئەوە دەزانێ و لەو چوارچێوەیە دا بوو کە ئۆپێڕاسیۆنی عەفرین ئەنجام درا.

دیار جوان: مەسەلەن چما نا؟ یانی ڕووبەڕوو بوونەوی دەوڵەتی ترک و ڕووسیا لە ڕووبوونەوە لەگەڵ ئەمریکا زەحمەتترە. چونکە ئەوان هەر دووکیان لە ناتۆ دا هاوکارن. ئیدی ئێستا هەلومەرج دەست نادا کە دەوڵەتی ترک و ئەمریکا دوو ئەندامی ناتۆ تەنێ لە بەر خاتری بەرژەوەندیی گەلانی ناوچە ڕووبەڕووی یەکدی ببنەوە. چما نەبێ، بۆ نموونە ئەمریکا بڵێ تورکیا ئەندامێکی ناتۆ یە، ئەمن ناتوانم شەڕی بکەم ، ئەمن ناچارم  پاشەکشە بە هێزی خۆم بکەم. چما شتێکی ئاوا پێک نەیە؟

مەزلووم عەبدی:
شتی ئەساسی ئەوەیە، لە ڕۆژهەڵاتی فوراتێ و لە منبیجیش هێزی ئێمە بەهێزە. هێزی مەجلیسی عەسکەری منبیجێ بەهێزە و بە گشتی قەسەدە هەمووی بەهێزە و لەوێندەرێ بە دەیان هەزار شەڕڤانی ئێمە هەن و هەر وا بە هاسانی نابێ کە ، یانی ئاوا نییە کە لە ماوەیەکی کورت دا شتێک بە کۆتا بێ. یانێ ئەو ان دەتوانن بێن بەڵام نەتیجە چ دەبێ مەعلووم نییە. 

دیار جوان : ئێوە هەوڵی خۆتان دەدەمن.

مەزلووم عەبدی:
ئێمە هەوڵی خۆمان دەدەین و ترکەکانیش هەوڵی خۆیان دەدەن. ئەوانیش بە باشی حیسابی خۆیان دەکەن. ترکەکان دەیانەوێ ئەو کارانە بە هێزی خۆیان نەکەن ، ترک دەیانەوێ لەگەڵ ئەمریکا ڕێک کەون ، لەگەڵ هێزێکی دیکە ڕێک کەون ، هەر وەک لە عەفرین کردیان . ڕێکەوتنێکی ئاوا گشتی ساز بکەن و لە چوارچێوەی پێکهاتنێکی گەورە دا ئەوە ئەنجام بدەن. حاڵی حازر ڕێکەوتنێکی ئاوا بەربڵاو کە ڕێژیمی سووریاشی تێدا بێ ، ئەمریکایشی تێدا بێ ، رووسەکان و ئەمریکاییەکانی بەیەکەوە تێیدا بن ، لە حاڵی حازر دا شتێکی ئاوا زەحمەتە، شتێکی ئاوا نییە ئێستا، وەک دەزاندرێ بەرنامەکان جیاوازن. بەرنامە بریتی یە لە شەڕی داعش، تەرکیزی هێز لە سەر جێیەکی دیکە، ئێستا لە کورت خایەن دا شتێکی ئاوا زەحمەتە. بەڵام هەموو شت مومکینە، ئێمە دەبێ ووشیار بین و ئامادەکاری خۆمان بکەین. بەڵام ئێمە بەشێوازێکی بناغەیی پشت بە هێزی خۆمان دەبەستین . هێزمان هەیە، ئێمە هێزی خۆمان پەروەردە دەکەین و لە دوای شەری ڕەقا بە دواوە هەموو  'هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی سووریا ' لە ناو پەروەردە دایە، خۆی ئامادە دەکا، خۆی حازر دەکا. ڕاستە لە دێرا زۆرێ شەڕێک هەیە ، هێزی سەر بە مەجلیسی عەسکەری دیرا زۆر  لەوێ شەڕ دەکەن،  ئەو بەشە لە هێزی ئێمە لەوێ شەڕ دەکا. بەڵام هیزی یەپەگە و هێزی قەسەدە یانی بە گشتی ،تەنانەت هێزی مەجلیسی عەسکەری منبیج ئێستا  لە پەروەردە دان. خەرێکی ئامادەکاری گەورەن، شتێکی ئاوا بێتە پێشێ بەرخوە دەدەن.

دیار جوان: لە ئاست وەزعێکی ئاوا دا ،یانی ئێوە ، جگە لە ڕێگری لە تووشی شەڕ بوون لەگەڵ دەوڵەتی ترک، پڕۆژەیەکی دیکەتان  لە بەر دەست دا هەیە؟ لە نەتیجە دا ئێوە تورکیا وەک ووڵاتێکی دراوسێ قەبووڵ دەکەن. باش ، خراپ ، داگیرکەر یان دێمۆکڕاتیخواز ، ئەوە بابەتێکی دیکەیە ، یانی شتێکی کە دەوڵەتی تورکیا لە عەفرین و لە ناوچەی عەفرین کردی ناوەڕۆکی ڕاستەقینەی خۆی دەرخستە مەیدانێ. ئایا ئامادەن بە تورکیا بڵێن وەرن ئێمە ئەو کێشانە بە شەڕ نا بە دانوستاندنان چارەسەر بکەین؟ پلانێکی ئامادەی ئەوتۆتان  لە بەر دەست دا هەیە؟

مەزلووم عەبدی:
ئەگەر ئەتۆ ڕاستت بوێ گەلێک دەوڵەت ، ئەوانەی کە ئەندامی ناتۆن و لەگەڵ ترکەکان کار دەکەن و پێوەندییان لەگەڵ تورکیا هەیە دەیانەوێ نێوانی ڕۆژئاوا و تورکیا، نێوانی هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی سووریا و تورکیا پێک بێنن . ڕێکەوتنێک ساز کەن و ئەو بارودۆخی شەڕە کە لە گۆڕێ دایە نەهێڵن. جۆرە دۆخێکی ئاگربەس پێک بێنن. چونکە ئێستا بە مەسەلەی عەفرینێ ڕا وەزعێکی شەڕ هاتووەتە مەیدانێ.

دیار جوان: داخویانی سەرۆک کۆماری فەڕانسە ، ئێمانوێل مەکڕۆن کە دەڵێ ئەو شوێنە جێ و واری کوردانە و ئێمە دەمانەوێ چارەسەرییەکی ئاوا بدۆزینەوە کە دڵی ترکان نەشكێنین بەڵام لە هەمان کاتدا مافی خاوەنانی دۆزەکەش پێشێل نەکەین. ئێوە ئەوە وەک پارچەیەکی ئەو مەسەلەیە دەبینن ؟

مەزلووم عەبدی:
بەڵێ ڕاستە، سەرۆکی فەڕانسەش داخویانی دا، و با بڵێین هێندێکانیش بە فەرمی داخویانییان نەدا بەڵام لە کۆبوونەوەی دوو لایەنە لەگەڵ ئێمە ئەوەیان دەربڕیوە، لەو بارەیەوە هەوڵدان هەیە. بەڵام هەڵوێستی ئێمە ئاشکرا و ڕوونە لەو بارەیەوە وئێمە ئەوەمان بە هەموو کەسیش گوتووە. لە نێوان ئێمە و ترکان دا ' عەفرین ' هەیە. لە نێوان ئێمە ودەوڵەتی تورکیا دا  ' عەفرین ' هەیە. 

دیار جوان : ئەمنیش دەمەویست ئەوە بڵێم، ئێستا دەوڵەتی تورکیا بێ و کۆبوونەوەیەکی ڕەسمی لەگەڵ ئێوە بکا ، پێتان بڵێن ' عەفرین ' لە بیر بکەن بەڵام لە سەر بابەتی دیکە دەتوانین رێک بکەوین. ئێوە دەڵێن باشە، ئێوە دەست لە عەفرین بەر دەدەن؟

مەزلووم عەبدی:
شتێکی وا موستەحیلە ، مومکین نییە

دیار جوان : باشە

مەزلووم عەبدی:
ئێمە بە هەموو کەسمان گوتووە کە لە نێوان ئێمە و ترکان دا  ' عەفرین '   هەیە . مژاری عەفرین پێویستە چارەسەر بکرێ . دوای چارەسەر کردنی مژاری عەفرین  ئێمە ئامادەین ، وەک سیستمێکی جیران، بەشێک لە دەوڵەتێکی جیران ، وەک هەرێمێکی جیران لەگەڵ تورکیا ئێمە ئامادەین لە نێوان ئێمە دا ئاگربەس هەبێ ، رێکەوتن هەبێ، با بڵێین سنووری ئێمە ئارام بێ، ئەوە ئەو مژارانەن  کە ئێمە ئامادەین  [ لە سەریان بدوێین].

دیار جوان: یانی ئەگەر ئەوان بڵێن ئێمە ستاتووی ئێوە لێرە قەبووڵ دەکەین . لە چۆمی فورات ڕا بەو لاوە یانی لە کۆبانێ وە هەتا دێرکێ ، فەرمییەتی ئێوە ئێمە قەبووڵ دەکەین. دەتوانین بتان کەینە بەردەنگ ، بەڵام دەست لە عەفرین هەڵگرن. ئێوە ئەو دەمیش قەبووڵ ناکەن ؟

مەزلووم عەبدی:
نا ئەوە مومکین نییە، ئەوە مومکین نییە. عەفرین هێڵی سوورە. 

دیار جوان: ئێمە گەلێک باسی شەڕمان کرد، تۆمەز قەسەدە هەر خەریکی شەڕە ، ئێمە باسی ئەو لایەنەمان کرد ، با ئێستا بێینە سەر لایەنی سیاسی خەباتی قەسەدە. جێی قەسەدە لە پارسەنگی سیاسی دا چییە ، خاوەنی هێزێکی چۆنە؟ ئایا هیچ مێکانیزمی بڕیار دانی لە دەست دایە؟ ئێمە هێندێک باسی ئەو لایەنە بکەین . چونکە لە ماوەی ڕابردوو دا لە شامێ دانوستاندنی ناسینی نییەتی یەکتری ئەنجام دران. لە نێوان مەجلیسی دێمۆکڕاتیکی سووریا و حکوومەتی سووریا دا. لە دەنگدانەوەی ئەو بابەتە  لە یەک دوو جێدا ناوی قەسەدەش هاتە گۆڕێ . گوترا لە داهاتوو  دا قەسەدەش لەو دانوستاندنانە دا بەشداری دەکا. وەک موزاکەرە نا، وەک یەکتر ناسین ، گەلۆ نییەتی لایەنەکان چییە بۆ چارەسەری. ئەگە هاتوو [ حکوومەت ] گوتی ئێمە دەمانەوێ قەسەدەش ببێتە لایەنێکی ئەو دانوستاندنانە ، ئایا ئێوە بێ شەرتومەرج دەچن، بە شەرتومەتج دەچن ، چ دۆسییەیەکتان دە دەست دایە؟ دواتر لێتان دەپرسم ، لەوانەیە ئەو حکوومەتە داوای هێندێک شت لە ئێوە بکا . لەسەر ئەو بابەتە ئێوە بڵێن باشە ئەم شتە و ئەو شتە و فڵان شتە قەبووڵ دەکەین و موناقەشەی لە سەر دەکەین بەڵام  قەسەدە وەکوو فەماندەییەک واتە مەزلوم عەبدی دەبێ یان فەرماندەی دیکەی لە ئاستی بەرز دا وەک هەیئەتێک لەگەڵ مەجلیسی دێمۆکڕاتیکی سووریا را بچنە شامێ بە پێی چ شەرتێک دەچن؟ 

مەزلووم عەبدی:
لە جێدا قەسەدەش ئاگای لەو یەکتر دیتنانە هەیە. مەسەدە ( مەجلیسی دێمۆکڕاتیکی سووریا) وەکوو باڵی سیاسی قەسەدەیە ، قەسەدە ئەو مەجلیسە ئاوا دەناسێ. و کاتێک کە مەجلیسی دێمۆکڕاتیکی سووریا سەردانی شامیان کرد ، بۆچوونەکانی قەسەدەیان وەرگرت ، دیتنەکانی بەڕێوەبەری قەسەدیان وەرگرت و چوونە شامێ. یانی بابەتەکەیان بەیەکەوە بەستراوەتەوە. دەوڵەتی سووریاش لە بەر ئەوەی دەزانێ کە مەجلیسی دێمۆکڕاتیکی سووریا بە ئاگاداری قەسەدە هاتووەتە شامێ ، قەسەدەش ئاگادارە..

دیار جوان: ئێوە دەتان توانی بە مەجلیسی دێمۆکڕاتیکی سووریا بڵێن مەچن؟ ئێمە لەگەڵ ئەوە نیین و ئێمە ئیزن نادەین. لە نێوان ئێوە دا حقووقێکی ئاوا هەیە ؟

مەزلووم عەبدی:
ئەمن پێموایە ئەگەر ئێمە گوتبامان شەڕ هەیە، و ئێمە ڕازی نین ، ئەمن لەو باوەرە دام ئەو دەمێ بەڕێوەبەریی مەجلیسی دێمۆکڕاتیکی سووریا ئەوەی بە جیدی  وەردەگرت. 

دیار جوان: بەڵام ئێوە حوکم بە سەر ئەواندا ناکەن

مەزلووم عەبدی:
نا 

دیار جوان: یانی ئۆرگانی سەرەوە  ئەوانن ؟

مەزلووم عەبدی:
ئەوان باڵی سیاسین . و هاتن پرسیان بە ئێمە کرد گوتیان دەمانەوێ پێواژۆیەکی ئەوتۆ بەرەو پێش بەرین  و ئەو داوایەش لە لایەن ڕێژیمەوە هاتبوو نەک لە لایەن ئەوانەوە ، ڕێژیم داوایەکی ئەوتۆی لێ کردبوون ئێمەش گوتمان  ئێمە دژی ئەوە نین، ئەگەر ئەو کێشەیە بە ڕێگای سیاسی ڕا چارەسەر بکرێ بۆ ئێمە  زۆر باشترە. چونکە ئەو کێشەیە نە لە بەرژەوەندی گەلی کوردە و نە لە بەرژەوەندی گەڵانی هەرێمی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا دایە کە شەڕێکی دیکە لە ناوخۆی سووریا دا ساز بێ. شەڕی ناوخۆ. جا بۆیە ئەگەر ئەو کێشانە بە ڕێگای سیاسی ڕا چارەسەر بکرێن زۆر باشترە. لە سەر ئەو بنەمایە ئیمەش قەبووڵمان کرد.

دیار جوان : با ڕوونی کەینەوە. وەک نموونە  با بڵێین هەیئەتێکی ئێوە لەگەڵ مەسەدە ( مەجلیسی دێمۆکڕاتیکی سووریا ) دەچێ لە شامێ دیتنان دەکا. ئەگەر حکوومەتی سووریا یان ڕێژیم بە ئێوە بڵێ  ئێوە لە هەموو داخویانی و دەربڕینی خۆتان دا دەڵێن کە ئێوە هێزێکی نیشتمانی ن بۆ پاراستنی هەموو سووریا. لێرە ئەڕتەشێک هەیە. سیستمێک کە ئۆرگانی ئێوە  مەجلیسی دێمۆکراتیکی سووریا پارێزگاری لێ دەکا سیستمێکی فێدێراڵە، بەڵام دەوڵەتیش هەیە و ئەوە سەر بە دەوڵەت دەبێ. ئێوەش وەرن بە ناوی خۆتان تێکەڵی ئەو ئەڕتەشە ببن بەڵام لەو ناوچانەی کە ئێوە لەوانن ئێوە بیانپارێزن . ئایا ئێوە ئەوە قەبووڵ دەکەن ؟

مەزلووم عەبدی:
بەڵێ ئێمە قەبووڵی دەکەین. لەبەر ئەوەی کە ' هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی سووریا ' خۆی  بە هێزێکی سووریایی دەزانێ ، خۆی بە بەشێک لە ئەڕتەشی دادێی سووریا دەزانێ.

دیار جوان: نەک ئی ئێستا

مەزلووم عەبدی:
نا ، ئەڕتەشی دوا ڕۆژ. تەنانەت کاتێک کە دامەزرێندرا خۆی بە بناخەی ئەڕتەشێکی داهاتووی سووریا دانا. و ئەگەر چارەسەرییەکی سیاسی بدۆزرێتەوە و جێ بە جێ بکرێ و ڕێژیمی سووریا هەبوونی  ئەم هەرێمە قەبووڵ بکا، ستاتووسێک بدا بەم هەرێمە و  ' هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی سووریا ' وەکوو هێزێکی سووریایی لەو سیستمە دا کە دادەمەزرێ  بۆ ئەم هەرێمە قەبووڵ بکا ئەو دەمی ئێمەش ئەوە قەبووڵ دەکەین ، وەک بەشێک لەو ئەڕتەشی سووریایە بین  و کاران هەڵسووڕێنین .

دیار جوان: ئەگەر ئێمە نییەتی باشی ئێوە لە بەر چاو بگرین، بۆ نموونە  ئەو ناوچانەی ئێوە لێیانن، دەروازەکانی سنوور لەگەڵ ووڵاتە دراوسێیەکان ، ئێوە ئاڵای قەسەدە هەڵ دەکەن، ئەگەر بڵێن ئاڵایەکی ئێمەش دانێن ، ئایا ئێوە دژی ئەوە دەبن؟

مەزلووم عەبدی:
ئەگەر ئێمە ڕێک کەوین ، ئاڵای ئەوانیش دادەنێین.

دیار جوان: ئەوە دژی پڕۆژەی ئێوە نییە ؟

مەزلووم عەبدی:
نا، ئەگەر ڕێکەوتنێک بکرێ . ئەوان پڕۆژەی سیاسی ئێمە قەبووڵ بکەن ، ئەو دەمێ ئێمەش حکوومەتی مەرکەزی  قەبووڵ دەکەین  و کاتێک ئێمە حکوومەتی مەرکەزیمان قەبووڵ کرد ئەو دەمی ئیدی...

دیار جوان: هیچ شەرتێکتان هەیە ؟ باشە ئەوە تەواو قەبووڵ ، بەڵام ئەوە لەگەڵ بەشار پێک نایە، ئێوە چ دەردێکی ئەوتۆتان هەیە؟ یانی بەشار بۆ ئێوە دەردە، ڕێژیمی وی ، هەبوونی وی وەکوو تاکە کەس؟

مەزلووم عەبدی:
لە داهاتوو دا هەڵبژاردن دەبێ ، لە هەڵبژاردن دا هەر کەس دەرکەوێ ئێمە ڕێزی لێ دەگرین. بەشار دەبێ ، یەکی دی دەبێ ئەوە نە موشکیلەیە .

دیارجوان: ئایا ئێمە ئێستا دەتوانین گوتنی فەرماندەی قەسەدە ئاوا ڕابگەیێنین و بڵێین . لە داهاتوو دا ئەگەر ئەو دانوستاندنانە ئاوا بەردەوام بوون  و ئێمەش بووین بە لایەنێکی ئەوە لە سەر بنەمای ناسینی هەبوونی  پێکهاتەکانی هەرێم ، ناسینی ئەو پڕۆژەیە ئێمە دەتوانین وەکوو "هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی سووریا " ، وەک بەشێک لە ئەڕتەشی نیشتمانیی ئەم ووڵاتە لەو ناوچانەی ئێمە لێیان هەین بیانپارێزین و ئەگەر پێویست بکا ئێمە دەتوانین لەو سنوورەشی تێ پەڕێنین.

مەزلووم عەبدی:
بەڵێ، ڕاستە .

دیار جوان: لە ماوەی ڕابردوو دا  لە ' سوێدا ' ئێمە دەزانین لە ' سوێدا ' ناوەندی  پێکهاتەی  درووزی هەیە . لە ڕووی مێژووییەوە پێوەندییەک لە نێوان دروزی و گەلی کورد دا هەبووە، دۆستایەتییەک هەبووە، هاوکارییەک هەبووە. بە ڕێگای چاپەمەنی دا بانگەوازییەکی تایبەتی ئەوان بۆ ئێوە هەبوو. بۆ ئێوە ، بۆ یەپەگە، ڕایانگەیاند و گوتیان ئێمە لە وەزعێکی بە مەترسی داین ، ئێمە تووشی قڕ کردن و هێڕش بووین وەرن ئالیکاریمان بکەن.  ئەو بانگەوازە ئێوە تا چەندە دەتوانن پێک بهێنن ، و ئەگەر ووڵامتان ئەڕێنی بێ ئێوە بە چ شێوەیەک ئالیکاری درووزییان دەکەن؟ مەوداشتان دوورە ، بە سەدان کیلومیتر لە نێوان ئێوە و " سوێدا ' دا هەیە.

مەزلووم عەبدی:
وەک نزیکبوونەوە ئێمە ووڵاممان دانەوە. ئێمە بە ئەرێنی ووڵاممان دانەوە. بە ڕاستی درووزیش وەک کوردان بندەستن  و کێشەی مافیان هەیە، مافی نەتەوەیی ، ئەوانیش کەمایەتییەکی نەتەوەیین و خاوەن مافن. ئێمە پشتگیرییان دەکەین ، تێکەڵی و پێوەندی ئەوانیش لەگەڵ کوردان باشە . لە ڕوانگەی عەسکەری یەوە ئەوان لە باشووری سووریان ، لە سەر سنووری ئۆردۆن ، ئێمە لە باکووری سووریاین . یانی لە بواری عەسکەری دا بڵێێن ، ئێمە ئینسانی عەسکەرین و ئێمە ئۆبژێکتیڤن و بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ  هێزیان بۆ بنێرن ئەوە مومکینە نییە ، بەڵام ...

دیار جوان: بەڵام ئەگەر ئەوان چەند سەد کەسیان ناردە لای ئێوە گوتیان تەجروبەمان نییە، تکایە ئەو خەڵکەمان بۆ پەروەردە بکەن ، لە بواری ستراتێژی شەڕ، پاراستن . وەزعی ئێوە بۆ ئەوە مومکینە ؟

مەزلووم عەبدی:
مافێکی نەتەوەیی سووریایی ئەوانە و ئێمە ئالیکارییان دەکەین ، بە وانیشمان گوتووە ، بەڵکوو هێزی عەسکەری ئێمە ڕەنگە نەتوانن بچن لە ' سوێدا '  ئالیکاری ئەوان بکا، بەڵام  وەکوو دیکە ئێمە دەتوانین ئالیکارییان بکەین . هەر یارمەتییەکیان بوێ دەتوانین پێیان بکەین . دەتوانین هێزی ئەوان پەروەردە بکەین ، ئالیکاری دیکەیان پێ بکەین . ئێمە قسەمان لەگەڵ کردوون و دیدارمان لەگەڵیان دەبێ . بەڵام ئەوان کێشەیەکیان هەیە ئەویش کێشەی ئەوەیە کاتێک کە داعش هێرشی کردە سەر شاری ' سوێدا '  ژن ومنداڵی ئەوانی ڕفاند. گیرو گرفتێکی ئەوتۆیان هەیە. 

دیار جوان: خەڵکیان لێ بە ئێخسیر گرتوون.

مەزلووم عەبدی:
بەڵێ خەڵکیان لێ ئێخسیر کردوون 

دیار جوان:  ئێوە گوتبووتان بۆ ئەوەی ئێمە ئەو ئینسانانە ڕزگار بکەین  ئێمە ئامادەین ئەو داعشیانەی لای ئێمەن ، ئەو چەتانەی لای ئێمەن لەگەڵ ئێخسیرکانی وان بگۆڕینەوە.

مەزلووم عەبدی:
بەڵێ ئەوان کۆمیتەیەکیان بۆ ئەو کارە پێک هێناوە . بۆ ئەوەی کە ئێخسیرەکانیان ڕزگار بکەن . ئەو کۆمیتەیە هات و سەردانی فەرماندەییی قەسەدەشی کرد، هاتن سەریان لە مەجلیسی دێمۆکڕاتیکی سووریاش دا. داوخوازیان لە ئێمە کرد و ئێمەش داوخوازی ئەوانمان بە ئەرێنی وەرگرت. ئێمە بەڵێنمان پێ دان هەرچی لە دەستمان بێ دەیکەین و لەو بارەیەوە بە ڕێگای ڕیش سپییەکانی مەنتەقە و بەڕێگای کەسی مەدەنی، کەسی ئاوای کە لەو کارانە دەزانن ئێمە خەبەرمان بۆ ناردن خەبەرمان بۆ داعش نارد و پێمان ڕاگەیاندن بۆ ئەوەی ئەو ئێخسیرانەی درووزییەکان بەر دەن  لە بری ئەوان کێیان دەوێ ئێمە دەکرێ بەری بدەین و ئەو پێواژۆیە ئێستا بەردەوامە.



دیار جوان : ئێمە باسی ئێخسیرانمان کرد ، بە پێی ئەو  پێوەندییەی کە ئێمە هەمان بوو لەگەڵ ئەو یەکینانەی ئێوە کە بەو بابەتانەوە خەریک دەبن باسی ٧٠٠ داعشی بێگانە دەکرێ ، چەتەی بێگانە کە ئێستا لە دەست ئێوە دان. یانی هێزێکی تێڕۆری گەورە ئێستا  لە دەست ئێوە دایە. ئێوە بە ساغی ئەوانتان گرتووە، لە رەقا، گرتووتانن ، لە دێرا زۆریش، لە زۆر ناوچە گرتووتانن. چارە نووسی ئەو ئینسانانە چی لێ دێتەوە. بۆ نموونە  ئێستا هێندێک شارومەندی فەڕانسەیی لە دەست ئێوە دان. ئەگەر فەڕانسە داخویانییەکی ئاوا بدا کە ئێمە ڕەوایەتی و بریاری دادگەی باکووری سووریا و ڕۆژئاوا دەناسین بۆیە پێویست نییە کە ئێمە ئەوان وەربگرین. ئێوە ئەو مەسەلەیە وەک خۆدزینەوە لە بەرپرسیارەتی نابینن لە لایەن فەڕانسەوە؟ ئێوە هەتا کەنگێ ئەو ئینسانانە دەحاوێننەوە ومەسەلەکە چی لێ دێتەوە؟

مەزلووم عەبدی:
ڕاستت بوێ ئەوە گیروگرفتێکی گەورەیە. یانی لە سەر ئەو بابەتە هەمیشە دانوستاندن و چاوپێکەوتنمان هەیە لەگەڵ دەوڵەتان و لەگەڵ ئەو کەسانەی پێوەندیی پەیدا دەکەنەوە بەو دەردەست کراوانەی داعش. وەک ئێوە گوتتان ئەوە کێشەیەکی گەورەیە و هەتا ئێستا ووڵامێکی ئەرینیمان لەو  دەوڵەتانەوە وەرنەگرتووە. ئەوە جێگای ڕەخنەیە. ئێمە دەتوانین بڵێین ئەوە بۆچوونێکی ئۆپۆرتوونیستی یە. یانی ئەوان بوونە سەبەب کە ئینسانی وان بێنە ئێرە و لێڕە شەری ئێمە بکەن

دیار جوان: چاوی خۆیان قووچاند لە هاتنی وان بۆ ئێرە.

مەزلووم عەبدی:
لێرە شەڕی گەلی ئێمە بکەن و ئەو هەموو تێکدانەیان کرد و دوای ئەوەی کە گەلی ئێمە بە فیداکارییەکی گەورە ، ‌هێزی ئێمە بە فیداکارییەکی گەورە ئەو ئینسانانەیان گرت و ئەمڕۆ دە دەست ئێمە دا ئێخسیرن ، ئێستا قەبووڵیان ناکەنەوە. جا بۆیە گەلێک دەوڵەت ، بە تایبەتی دەوڵەتە ئوڕووپاییەکان ، زۆریان شارومەندنی وێندەرێنە،  هەڵوێستیان زۆر لاوازە، دەیانەوێ کێشەکە لە خۆیان دوور کەنەوە. تەنیا دەڵێن ئێمە ئالیکاریتان دەکەین ، لە مەسەلەی ژیانی وان و محاکەمە کردنی وان و زیندانی بوونی واندا و ئێمە یارمەتیتان دەدەین.

دیار جوان: ئایا ئێوە بەوە ڕازین؟

مەزلووم عەبدی:
نا ئێمە ڕازی نین. ئێمە بۆ ماوەیەکی کاتی ئەوەمان قەبووڵ کردووە ، بە شێوەیەکی کاتی قەبووڵمان کردووە ، ئێمەش بە پێویست نازانین زۆر پەلە بکەین ، وەک گوتم بە شێوەی کاتی قەبووڵمان کردووە هەر بە شەرتێکی کاتی  ئێمە ئەو ئینسانانە دەحاوێنینەوە ، شوێنی ڕاگیرانیان، لیپرسینەوەیان و زۆر شتی دیکە. 

دیارجوان: ئەوانە پۆتانسییەلێکی بە مەترسین. 

مەزلووم عەبدی:
ئێمە بەشیوەی کاتی قەبووڵمان کردووە ، بەڵام لە درێژخایەن دا قەبووڵ ناکەین ، ئەوە کێشەی وانە. دەبێ کێشەی خۆیان چارەسەر بکەن . تەنانەت دەبێ سپاسی ئێمە بکەن چونکە مەترسی ئەوانەمان قەمتەر کردووە . لە سەر ئەو بابەتە دیتنی ئێمە و لایەنەکان بەردەوامە.

دیار جوان: ئەو دانوستاندنانەتان لە ئاستی هەرێمی دایە یان لە ئاستی نێونەتەوەیی دا ؟

مەزلووم عەبدی:
لەو بارەیەوە پێوەندیمان لەگەڵ هەموو کەس هەیە. ڕاستەوڕاست لەگەڵ دەوڵەتان و لەگەڵ ڕێکخستنە دژی تێڕۆرەکانی ئەو دەوڵەتانەش وەکوو قەسەدە ئێمە پێوەندیمان لەگەلیان هەیە. ڕێکخراوە سیاسییەکانیشمان پێوەندیان لەگەڵیان هەیە . ڕێکخستنی لێبوردنی نێونەتەوەیی ، ئەمنستی ئینترنەشناڵ ئەویش لە ناو مەسەلەکە دایە. ئەوە شتێکە کە پای هەموو کەس دەگرێتەوە و هەموو پێی دەزانن ،  با ئەوەش بڵێم بۆ ئەوەی ئێمە ناحەقی لە کەس نەکەین هێندێک دەوڵەت هاوکاریان کردووین، ئێمە ڕێکەوتین  لەگەڵیان  و هێندێک لە گیراوەکانمان ڕادەستی ئەوان کرد. بەڵام ئەمن نامەوێ ناوی وان بڵێم.

دیار جوان : ئێمە باسی ئەوەش بکەین ئەگەر لە ساڵی ٢٠١٣وە دەست پێ بکەین. لە ؛ گرێ جیلۆ ' وە دەست پێ بکەین ، ڕمێلان ، و بە دەم تێپەڕینی زەمانەوە ، ' سەدی تشرین ' ، ' تەبقا ' ، ' سەدی فورات ' ،  ئەوانە لە ئەنجامی شەڕی گەورە لە هەمبەر چەتەی داعش دا ئێوە ئەو شوێنانەتان پاک کردەوە. ئایا ئەو شوێنانە تەنێ ئی ئێوەن؟ یانی داهاتەکانی ئەوێ ، ئەو نرخانەی کە لە وێ هەن  تەنێ وەک ئی خۆتانی دەبینن ؟

مەزلووم عەبدی:
بە ڕاستی نا ، ئەوە ئی هەموو سووریایە. گەلێک دەستگا و سازی نەتەوەیی سووریان. سازی ئابووریی نەتەوەیی سووریان . ئەوەش ئێمە زۆ جار بیروڕای گشتیمان لێ ئاگادار کردووە. کاتێک ئێمە ئەو شوێنانەمان گرت لە  بەر ئەوەی دەمانزانی حەساسییەتی ئاوا هەیە. حەساسییەتی گەلی سووریا ، ڕۆژی یەکەم کە ئێمە گرتمان بۆ نموونە بڵێم سەدی تەبقا، سەدی تشرین ، ئەوانە سازی نەتەوەیی گشتی سووریان و لە ڕۆژی یەکەم دا ڕامان گەیاند ئەوانە دامەزراوی نەتەوەیین ئەرکی ئێمەیە بیانپارێزین و ئەو ئەرکە بەجێ ذینین، بەڵام  ئەوە بێ حقووق و بێ  ڕێکەوتن و بێ چارەسەری سیاسی جێ بە جێ نابێ. ئێستا لە باکووری سووریا دا ، لە هەموو هەرێمی باکووری سووریا دا سەدی هەشتای زیاتری پێتڕۆڵ ( نەوت ) لێرە دەردەکەوێ. بەرهەمی کشتوکاڵی لە سەدی ٦٠ ی زیاتر لەم هەرێمەیە . گشت ئاو لەم هەرێمەیە. تەواوی دەستگای ئەنێرژی و گازی خۆزایی هەموو لێرەن . ئەوانە سەروەتی گەورەی گشت سووریان . ئەوانە هەر ئی مەنتەقەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی  سووریا نین ئی هەموو  سووریان ، بەڵام شەرتێکی ئێمە هەیە پێویستە لە ئاکامی ڕێکەوتنێکی سیاسی دا  بۆ هەموو سووریا ، کە سووریا هەموو  پێی ڕازی بێ، ئەو حکوومەتەی لە شام پێک دی لە لایەن هەموو خەڵکی سووریاوە قەبووڵ بکرێ و خەڵکی سووریا هەموویان حکوومەتی شام وەک حکوومەتی خۆیان ببینن  ئەو دەمی دە چوارچێوەی قانوونی بنچینەیی سووریا دا ئەو دامەزراوە نەتەوییانە هەڵبسووڕێن و کار بکەن.

دیار جوان: ئێوە باسی پێواژۆی موزاکەرە دەکەن. موزاکەرە بە  کوردی دان و ستاندنە. تۆ  هێندێک دەدەی و لە بەرانبەر دا دەستێنی. با وای دابنێین ئێوە هاتن لە دەوری مێزی دانوستاندن دا دانیشتن ، و بە ئێوە بڵێین ئێوە ئێرەتان دەوێ باشە بەڵام  لە بەرانبەر دا ڕەقا بدە بە من .، ئەگەر ڕەسمی بوونی فڵان جێ دەخوازی لە بەرانبەر دا منبیجم بدەیە، یا دەوروبەری دێرا زۆر. ئێوە ڕێگا دەدەن موناقەشەیەکی ئاوا بێتە گۆڕێ؟

مەزلووم عەبدی:
ئێستا هێندێک کەس بە زانایی ئەو شتانە لە دژی ئێمە بڵاو دەکەنەوە. شاپەوگاپەی ئاوا لە دژی ئێمە دەکەن. تەنانەت هێندێک مەترسی لای خەڵکی عەڕەبی ئێمە لە ڕەقا و جێگای دیکەش ساز بووە. ڕێژیم، ڕێژیمی سووریا ئیدیعای ئاوا زیاتر بڵاو دەکاتەوە . نا هیچ ڕاستییەک لەوە دا نییە. کاتێک ئێمە ئەو هەرێمانەمان ڕزگار کرد ئەوانەمان لە پێناو ئازادی و دێمۆکڕاسی ، لە پێناو عەداڵەت دا ڕزگار کرد ، ئێمە بۆ ئەوەمان ڕزگار نەکردن کە سەودایان پێوە بکەین  وبیانکەینە مژاری چەنە لە سەر دان. 

دیار جوان : لە بواری تەجارەت و بازرگانی دا

مەزلووم عەبدی:
دیارە لە بەر ئەوەی لە سەر هەرێمی ' ڕۆژئاوا ' خەتەر هەبوو ئێمە بۆیە ئەو هەرێمانەمان ڕزگار کرد . نا ، دواڕۆژی ئەو هەرێمانە گشتیان وەک هەرێمەکانی ' ڕۆژئاوا ' بۆ خۆی لە چوارچێوەی ڕێکەوتنێکی گشتی هەموو سووریا دا دیاری دەکرێ ، ئێمە بەو شێوەیە بەڵێنمان بە هەموو کەس داوە . ئێوە دەزانن لەو هەرێمانەی دا کە ئێوە باستان کردن بەڕێوەبەریی سیاسی خۆیان هەیە، بەڕێوەبەریی ئەمنییەتی یان هەیە، بەڕێوەبەریی لەشکری یان هەیە . ئێمە بە ئاشکرا بە هەموو کەسمان گوتووە ئێمە بەیەکەوین ، ئێمە بەیەکەوە سەودا دەکەین، بەیەکەوە موزاکەرە دەکەین. لەبەر ئەوە ئێستا هێندێک کەس، هێندێک لایەن دەیانەوێ تەنێ لەگەڵ کوردان دانوستاندن بکەن ، بە زانایی دەیانەوێ بابڵێین لە هەموو هەرێمەکان گشتیاندا دەڵێن ئێمە تەنێ لەگەڵ کوردەکان دانوستاندن دەکەین و لەگەڵ ئەوان ڕێک دەکەوین . ڕاستە مافی نەتەوەیی کوردان هەیە . کورد لە سەر مافی خۆیان هەتا دوایی پێکێشی دەکەن ، مافی خۆیان دەستێنن ، داوخوازی خۆسەری کوردان هەیە، داوخوازی فێدراسیۆن هەیە ، کورد لە سەر وانە ئیسڕار دەکەن و سەودایەکی با بڵێین دانوستاندن و موزاکەرەیەکی گەورە دەکەن چونکە ئێستا دەستی کوردان بەهێزە ، بەڵام بەرپرسیارەتی ئێمە  وەکوو قەسەدە ، وەکوو مەسەدە ، وەکوو هێزێکی کە ئەو شوێنانەی ڕزگار کردووە و ئێمە ئالیکاریان دەکەین بە بەڕەیوەبەرێتیی خۆیان خۆیان بەڕێوەبەرن ، ئەوە هەر هەرێمێکی تەنگەبەری  کوردان نییە ، بەڵکوو ئێمە هەرێمێکی بەرفرەوانمان ڕزگار کردووە بۆیە بڕیاری ئێمە بەو شێوەیەیە ، ئێمە دامەزراوەی ئەوتۆمان هەیە کە نوێنەرایەتی گشت ئەو هەریمانە دەکەن ، ئێستا قەسەدە نوێنەرایەتی گشت ئەو هەرێمانە دەکا یانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا هەمووی . ' پارتیی سووریای موستەقبەل ' ( پارتیی سووریای داهاتوو) دامەزرێندراوە،  بە ناسنامەیەکی سیاسی کە نوێنەرایەتی هەموو هەڕێمەکە دەکا. مەسەدە وەکوو باڵی سیاسی وەکوو .. 

دیار جوان : وەکوو چەتری گشتی یە

مەزلووم عەبدی:
وەکوو چەتری گشتی یە . و لە هەموو گرینگتر وەک دەزانن ماوەیەکی کورت لەمەوبەر حکوومەتی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕاگەیێندرا. لەو باوەڕە دام لە ڕۆژانی داهاتووش دا حکوومەت پێک دێ ، ئەوانە بەرپرسیاری ئەم شوێنانەن، نەک هەر بەرپرسیاری هەرێمی ڕۆژئاوا بەڵکوو بەرپرسیاری هەموو ئەو هەڕیمانەن؛ ئی ڕۆژئاوا و ئی باکووری سووریان . ئەوانە هەم لەگەڵ دەوڵەتی سووریا موزاکەرە دەکەن و هەم  ئەوانەن کە دەچنە ژێنێڤ و ئەوانەن کە لە سەر داهاتووی سووریا دەبێ دانوستاندن بکەن. هەم لە سەر مافی ئەو هەرێمانە گشتیان ڕاوەستن و دەناویان دا مافی کوردانیش.

دیار جوان: بۆ مەسەلەی ژێنێڤ هیچ بانگهێشتنێک بۆ ئەوان هاتووە؟ تا ئەو جێگای کە ئەمن دەزانم هەم نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا لە ناو ئیتیلاف دا و هەم  بە گشتی هێزەکانی ناو ئیتیلاف و بە ئەمریکاشەوە شتێکی ئاوایان دەربڕیوە کە لە دیدارەکانی ژێنێڤ دا نوێنەرایەتی ڕۆژئاوا،  باکووری سووریا و ڕۆژهەڵاتی سووریا  بە لێبڕاوانە ئامادە دەبن . ئێوە شتێکی ئەوتۆتان بیستووە؟

مەزلووم عەبدی:
نا، لەوەش زیاتر ، شتێکی ناچارییە کە دەبێ ئەو نوێنەرایەتییە بەشدار بێ . ئیجبارێکە کە دەبێ هەبێ. ئێستا ڕاستییەکی ئاوا لە گۆڕێ دایە: ڕێژیمی سووریا هەموو حیسابی خۆی لە سەر ئەوە دەکرد دوای تەواو بوونی شەڕی دژی داعش بتوانێ بە ڕێگای عەسکەری ئەو هەرێمە جارێکی دیکە داگیر بکا، بگەڕێتەوە ئەو هەرێمە و دۆخەکە بەرێتەوە سەر وەزعی بەر لە ساڵی ٢٠١١. یانی هەموو داوخواز و هیوای وان  ئەوە بوو. بەس ئێستا تێ گەیشتوون کە ئەوە سەرناگرێ و لە موستەحیلاتانە کە شتێکی ئاوا مەیسەر بێ. نە کۆنژێکتووری سیاسی ڕێگا بە شتێکی ئاوا دەدا و نە هێزیان هەیە کە شتێکی ئاوا بکەن. دەوڵەتی تورکیا هەتا دوایی زەخت و گوشاری گەورەی خۆی دێنێ ، هێرش دەکا بۆ ئەوەی ئەو پلانە پووچەڵ کاتەوە.  ئێمە لە هەمبەر ئەوەش ئامادەکاری خۆمان کردووە بۆیە مەجبورن ئەو نوێنەرایەتییە قەبووڵ بکەن. ئێستا ئێمە دەڵێین  سووریا ، دەوڵەتی سووریا بێ باکووری سووریا ناتوانێ بژی ، بەڵام باکووری سووریا دەتوانێ بێ سووریا بژی. 

دیار جوان : بێ حکوومەتی ناوەندی، بێ ڕێژیمی ناوەندی

مەزلووم عەبدی:
یانی حکوومەتی ناوەندی بە بێ باکووری سووریا ناتوانێ ببێتە حکوومەتێکی حەقیقی. بەڵام لە باکووری سووریا بەڕێوەبەرێتی خۆسەری ئێمە ، ئەوەی کە ئێستا  ڕاگەیێندراوە دەتوانێ بێ شام و بێ سووریاش  خۆی بەڕێوە بەرێ. لەبەر ئەوە ئەوان حەوجێداری باکووری سووریان. ئەوان مەجبوور دەبن ئەو نوێنەرایەتییە قەبووڵ بکەن. ئەمن لە سەر ئەو باوەرییەم.

دیار جوان: بۆ ئەوەی ئەو کاتەی ماومانە باش بەکار بێنین چونکە عەفرین مژارێکی سەرەکیمانە، هەموو کەس چاوەڕوان دەکا لەو بارەیەوە بزانێ . پێویستە ئێمە  لە سەر عەفرین قسە بکەین ، بەڵام ئەگەر دەکرێ کورت کورت. لە ساڵی ٢٠١٣ بەم لایەوە بە سەدان شەڕڤانی ئەنترناسیۆنالیست بە ئێوە پەیوەست بوون ، ئێوە هێندێک پێشتر باسی نەتەوایەتیی ئەوانتان کرد ، ئەوان لە هەموو جێیەکەوە هاتوون یانی لە چینەوە بگرە هەتا پورتوگاڵ، کانادا، ئەڵمان و فەڕانسە و جێی دی. ئەوەندە زۆرن کە مرۆڤ ناتوانێ باسی هەموویان بکا و ئەوە لە مێژوو دا جاری یەکەمە . تەنانەت بەر لە تەجروبەی شەڕ لە ' ڕۆژئاوا  ' و لە ' باکووری سووریا '  هەمیشە باسی چوونی چێ گێوارا و ئەکیپەکەی بۆ کووبا  دەکرا ، بەڵام شتی کە ئەمڕۆ لێرە دەقەومێ بە دەیان هێندە لە چوونی گێوارای بۆ کووبای تێ پەڕاندووە. هات و ئەو کێشەیە چارەسەر بوو چارەنوسی ئەو شەڕڤانانە چ دەبێ ، دانوستاندنی ئێوە لەو بارەیەوە یان شتێکی  ئێوە بۆ وان هەیە؟ ئەگەر بە کورتی ووڵام بدەنەوە.

مەزلووم عەبدی:
  ئێمە هەمیشە بە ئەوانمان گوتووە ، بە هەواڵەتی و بە کەیفخۆشی پێمان گوتوون

دیار جوان: ئەو شوێنە ئی ئێوەیە

مەزلووم عەبدی:
ئەو شوێنە ئی ئێوەیە ، ئێوە لێرە شەڕتان کردووە ، خوێنتان  داوە ، هەمیشە حەقی ئێوە لێرە هەیە و دەرگای ئێمە بۆ ئێوە کراوەیە و ئێمە دەمانەوێ ئێوە لێرە بمێننەوە بەڵام ئەوان خۆیان بڕیار دەدەن. 

دیار جوان: پێتان وایە کە هێندێک لەوان لێرە بمێننەوە؟
مەزلوم عەبدی:
هێندێکیان ماونەتەوە

دیار جوان : ئەمن پێم وایە هێندێک لەو شەڕڤانانە ژیانی خۆیان لە دەست داوە ، ماڵباتی وان ئێرەیان بە زێد  و واری ئەوان زانی و گوتیان ئێمە ناخوازین مەیتی وان بەرین.

مەزلووم عەبدی:
بەڵێ هێندێک لەوان لێرە ماونەوە، هێندێکیشیان چوونەوە ووڵاتی خۆیان و جارێکی دیکە گەڕانەوە ئێرە. 



دیار جوان: هێشتا لە ناو ئێوە دان . باشە. ووڵامی ئەو پرسیارەم وەرگرت. لەو ناو قسەکانماندا دەکرێ هێندێک پرسیاری دی بێنە گۆڕێ بەڵام مەسەلەی عەفرین. هەموو کەس پێی خۆشە بزانێ لە سەر عەفرین. بەر لە هەموو شت ئەمن دەمەوێ ئەوە بڵێم ، ئیدی ئەوە ئاشکرا بوو کە ئەوە لە ئاکامی هاوکارییەکی کە بەستراوەتەوە بە بەرژەوەندییان لە نێوان ڕووسیا و تورکیا دا ، لە ناو ئەوە دا بازرگانی هەیە ، لە ناو ئەوە دا فڕۆشتی مووشەکی ئێس – ٤٠٠ هەیە ، و لە ناو ئەوە دا، لە جیات ئەوەی کە ڕاستەوڕاست شەر بە دژی ئەمریکا و ئیتیلاف بکەن، ئێوەیان کردە قوربانی مەسەلەکە. عەفرین، یەپەگە، قەسەدە یان قوربانی کرد چونکە ڕاستەوخۆ ڕووسیا و ئەمریکا ناتوانن ڕووبەڕووی یەکتری ببنەوە. بەڵام پێواژۆیەکی بەر لەوە هەیە بۆ نموونە ئەمن بڵێم  دوومانگ بەر لە هێرش بۆ سەر عەفرین فەرماندەی گشتی یەپەگە بەڕێز سیپان حەمۆ  لە مۆسکۆ بوو ، وا بزانم لە ڕێوڕەسمێکی خەڵات کردن دا . لە گەڕانەوە دا ڕێزدار حەمو داخویانییەکی بەم شێوەیەی هەبوو ، ئەوە دیدارێکی ئەرێنی بوو ، باش بوو ، پڕ بوو، و ئەنجامی ئەوەش دەگاتە نوێنەرایەتی کردنی ڕۆژئاوا و باکووری سووریا لە  ' سووچی' . دوو مانگ تێپەڕ نەبوو، ڕووسیا سنووری هەوایی بۆ تورکیا کردەوە و بە ئاشکرایی ڕایگەیاند ئەمن بەشێکم لەو مەسەلەیە. لەو بابەتەوە وەکوو فەرماندەیی قەسەدە کە یەپەگەش لە بن چەتری ئێوە دایە ، ئێوە دەتانەوێ ڕەخنە لە خۆتان بگرن؟ ئێوە چما ئەو حیسابەتان نەدی؟

مەزلووم عەبدی:
ئەگەر ڕاستت بوێ ، ئەو شتانەی کە گوتراون ئاوا بوو. فەرماندەی یەپەگە هەڤاڵ سیپان دیدارەکانی ڕەسمی  بوون ، لەگەڵ سێرگێی شویگۆ، وەزیری بەرگری ، لەگەڵ سەرۆکی ستادی ئەڕتەشی ڕووسیا ، یانی دیدارەکانی ڕەسمی بوو. لەگەڵ قیادەی هێزەکانی ئەوان لە سووریا. ئەوان لە سەر ناوی دەوڵەتی خۆیان ئەو شتانەیان گوت. و هەڤاڵ سیپانیش ئەوشتانەی بۆ بیروڕای گشتی ڕاگەیاند. بەڵام دوایە ئێمە هەستمان پێ کرد ڕووسیا و تورکیا ، پووتین و ئەردۆغان ڕێک کەوتوون ، هەر وەک ئێوە گوتتان لە بری گەلێک تەنازولاتی گەورە کە کراوە مەسەلەی عەفرین هاتە گۆڕێ و ئێمەیان  لە ' سووچی ' دەر هاویشت . لە سەرەتا دا هەر تەنێ داخویانی هەڤاڵ سیپان نا،  بەڵکوو   خەبەریان بۆ بەڕێوەبەریی سیاسی ئێمە نارد،  لایەنی ئێمە ئەندامی دیاری کرد ، هەیئەت ساز کران ، چوونە حومەیم  بەکەیەوە قسەیان کرد کە بڕیار بوو ئەوانیش بچنە سووچی و لە دیدارەکاندا بەشدار بن. بەڵام لە ئەنجامی ئەو ڕێکەوتنە قرێژە دا کە لە سەر عەفرین کرا وەک زاندراوە پێواژۆی عەفرین دەستی پێ کرد و هاوکاری رووسیاو وتورکیا پێک هات. ئێمە بەم شێوەیە دەکرێ ڕەخنە لە خۆمان بگرین  یانی ئێمە ڕووداوەکانمان باش نەخوێندەوە ، ئێمە باوەڕمان کرد بە بەڵێنی ڕووسەکان چونکە ئەوانە بەڵینی ئەوتۆ بوون کە لە لایەن دەوڵەت ڕا درابوون ، هەر وا بەڵین دان نەبوو لە لایەن کەسی ئاساییەوە. یانی ئەوانەی نوێنەرایەتی دەوڵەتیان دەکرد ئەو بەڵێنانەیان دا. لە بەر ئەوەی ئێمە باوەڕمان بە قسەکانیان کرد و ئاوامان بۆ ڕای گشتی ڕاگەیاند دیارە لەو ڕووەوە دەبێ ڕەخنە لە خۆمان بگرین.

دیار جوان:  لە ساڵی ٢٠١٤، بە تایبەتی لە دوای  شەڕی کۆبانێ  پەیمانێک لە نێوان ڕووسیا و ئەمریکا دا ئاشکرا بوو، یانی سنووری هەوایییان دابەش کرد. ئێرە ئئ منە ،  هۆ وێ ئی تۆیە. یانی ڕێکەوتنێک کرا . ئێوە وەکوو هێزی پاراستنی گشتی لە باکووری سووریا و  ڕۆژئاوا  ئایا  بیرتان لێ کردبووەوە ئەگەر ببنە دۆستی ئیتیلاف کە ئەمریکا سەرۆکایەتی دەکا ڕووسیا  لێتان زویر دەبێ و  ئەگەر هەر دۆستی ڕووسیاش بن ئەمریکا زویر دەبێ و لە یەکتری  قەبووڵ ناکەن.  یەکەم باڵانسێک پێویست بوو ، بۆچی ئەو باڵانسە ساز نەبوو ؟  دووەم بۆچی ئێوە لایەنێکتان هەڵنەبژارد؟ ئێوە دەزانن  ئەوان بۆ شەڕی لەناو یەکتری دابەش کردن دا ڕووبەڕووی یەکتر دەبوونەوە. ئێوە بە خۆتان نەگۆت بۆ ئەو مەسەلەیە یا ئێمە بچین لەگەڵ ڕووسەکان هاوکاری بکەین و هەرێم لە تێڕۆر و چەتان پاک بکەینەوە، یان  با ڕووسیا نەبێ ئێمە ئەو مەسەلەیە  لەگەڵ ئیتلاف و  ئەمریکا و دەوڵەتەکانی تر ئەنجام بدەین.  و لە پێناو هەمان ئامانج دا شەڕ بکەن؟ 

مەزلووم عەبدی:
ئێستاش  ئێمە نامانەوێ لایەک هەڵبژێرین ، چونکە ئێمە سیاسەتێکی سەربەخۆ بەڕێوە دەبەین. ئێمە لە ڕۆژئاوا لە ڕۆژی یەکەمەوە لە دەسپێکەوە هێڵی سێیەممان گرتووە.  ئێمە لەسەر ئەو ڕێبازە بەردەوامین. هێشتا هیچ بڕیارمان نەداوە  دەست لە هێڵی سێیەم بەردەین و لایەک بگرین و ببین بە بەشێک لە هێزێک. ڕێبازی ئێمە هەتا ئێستا هەر ئاوایە.  ڕاستی ئەوەیە لە جێیەکی وەکوو سووریا دا کە تێیدا دوو هێزی گەورەی وەکوو ئەمریکا وڕووسیا لە هەمبەر یەکتری ڕاوەستاون سیاسەت کردن و شەڕ کردن زەحمەتە. هەتا ئێستا ئێمە ویستوومانە بە پێی سیاسەتی خۆمان بجووڵێینەوە و لێی لانەدەین  و وەفادار بین لە ئاست ستڕاتێژی خۆمان. هەڵبەت هێندێک کەمایەسیمان هەبوو، هێندێک لاوازیشمان دەرکەوت بەڵام خەتی گشتی وەک خۆی ماوەتەوە و ئێمە تێیدا بەردەوام دەبین.  ڕاستییەکەی ئەوەیە ، ڕووسیا هەرچەند لە مەسەلەی عەفرین دا دەغەڵکاری لەگەڵ کردین و پشتی لە ئێمە کرد ،بەڵێنی خۆی پێک نەهێنا، بەڵام  هەرچۆنێک بێ ڕاستییەکە لە سووریا دا 

دیار جوان : لایەنێکە

مەزلووم عەبدی:
لایەنێکە و  هێزێکی ئەساسی یە بۆ ئەوەی لە سووریا چارەسەرییەک بدۆزرێتەوە. ئێمە مەجبوورین بە بەردەنگی دابنێین ، دانوستاندنی لە گەڵ بکەین لە پێناو چارەسەری دا بۆ ئەوەی چارەسەرییەک پەیدا بێ.  ئەمریکاش ڕاستییەکە لێرە ، لە سەر زەوی سووریایە و  لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا ڕاستییەکە  و هەر دووک هێز لە سەر دوا ڕۆژی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی لە سەر سووریا ڕێکەوتنیشیان هەیە و  هێشتا کۆبوونەوەی هاوبەشیان هەیە و ئەو کۆبوونەوانە بەردەوامن . پێواژۆیەکە لە ناویان دا بەردەوامە. ئێمە وەکوو هێزێکی سەرەکی لە سووریا دا  ، ئێستا سەدی سی لە خاکی سووریا هێزی ئێمە کۆنتڕۆڵی دەکا، ئەوە بەرپرسیارەتییەکی گەورەیە  ئێمە مەجبوورین لەگەڵ گشت ئەو هێزانەی لە سووریا دا شوێندانەرن دانوستاندنمان هەبێ و بەو پێیە سیاسەتەکانمان هەڵسووڕێنین.

دیار جوان: ئەوە هێزی ئاشکران و لە ویترین دان و هەموو کەس دەیانناسێ و دەیانبینێ . بەڵام ئەو هێزانەی کە  [بەدەرەوە ] نین بۆ وێنە ئێران. ئێرانیش هەم هێزێکی گارانتۆرە ، هەر چەند لە سەر بابەتی ئدلیب  حەولیان دا ئێران فت کەن و بە هێندی نەگرن لەو کۆبوونەوەی دوایی سووچی دا ، بەشدارییان بە حەسەن ڕووحانی نەکرد، یا ئەو بەشدار نەبوو یان ئەردۆغان و پووتین پەشدارییان پێ نەکرد. بۆچوونی حەسەن ڕووحانی سەبارەت بە ئدلیب جیاوازە ، دەڵێ  دەبێ ئێمە [ چەتان] نەهێڵین و لەناویان بەرین. ئەردۆغان هیندێک جیا بیردەکاتەوە، بیری پووتین لەسەرە ئەوە هێندێک جوێ یە.  ئێوە لەگەڵ ڕووسیا دانوستاندنتان هەبووە ، لەگەڵ هێزەکانی ئیتیلاف و لەگەڵ ئەمریکا. سەبارەت بە دوا ڕۆژی سووریا  ئێوە لەگەڵ ئێرانێ هیچ دانوستاندن دەکەن یان کردووتانە ؟  

مەزلووم عەبدی:
  لەو هەرێمانە دا لەبەر ئەوەی ئێران گەلێک جاران لایەنی ڕێژیمی سووریای گرت  و لە ملەی ئێمە لەگەڵ ڕێژیمی سووریا دا لایەنی ڕێژیمی سووریای گرت و لەو پێوەندییە دا لە پێواژۆی ڕابردوو دا لە نێوان ئێمەو ئەوان  دا هێندێک  ناخۆشی هاتە مەیدانێ..

 دیار جوان: تانسیۆن بەرز بووەوە

مەزلووم عەبدی:
  تانسیۆن بەرز بووەوە ، ناخۆشی هاتە گۆڕێ  ، لە هەرێمی جزیرێ و لە شوێنی دیکە. ئێران زۆر جاران لە بەر بەرژەوەندی خۆی لە دژی ترکان هەڵوێستی گرت وەک  لە سەر مەسەلەی عەفرین و مەسەلەی دیکە. یانی تانسیۆن هەڵكشان و داکشانی هەیە لەگەڵ ئێرانێ. بەڵام ئێمە لە سەر ئەو باوەڕییەین لە ئاکام دا ئێران و ڕووسیا و تورکیا ئێستا بە یەکەوە کار دەکەن لە سەر مژاری ئدلیب دیتنیان یەکە، بە لانی کەمەوە داخویانییە ڕەسمییەکانیان ئاوایە و  هەموو دەربڕینە ڕەسمییەکانیان بەم شێوەیەیە و ئاوا دەجووڵێنەوە ، لە بەر ئەوە ئێمە ناتوانین ئەوان هێندە  لەو تەوەرە جوێ بکەینەوە. 

دیارجوان : دەزانی بۆچی ئەوە دەپرسم بەڕێز مەزلووم عەبدی ، بۆ وێنە  ئەو ئیتیلافەی کە ئەمریکا پێشەنگی دەکا، ئێران وەک دوژمنی سەرەکی خۆی  دەبینێ لە سووریا و  ئەمریکا بە لێبڕاوی دەڵێ پێویستە ئێمە ئێران لێرە دەرباوێژین. ئەگەر  ئەمریکایی  هاتن و بە ئێوەیان گوت بڕوانن ئێمە لە سەر ئەو هەنگاوە یارمەتی ئێوەمان دا و بووین بە هاوکاری یەکتر و ئێستا لەگەڵ ئێران  ڕووبەڕوو بووینەتەوە پێویستیمان بە ئالیکاری ئێوەیە ، ئەو دەمی هەڵوێستی قەسەدە چ دەبێ؟

 مەزلووم عەبدی:
ئەمن تاوێک لەمەوبەریش گوتم  هێڵی ئێمە هێڵی سێیەمینە. هێڵی سێیەم بە واتەیەکیش مانای ئەوەیە لایەنێک ناگرێ بە دژی لایەنێکی دیکە. لە سەر ئەو بابەتەش ئێمە ئاوا بەردەوام دەبین ، سیاسەتمان ئاوایە  و لە ڕووی لەشکری ، لە رووی عەسکەریشەوە ڕێبازی ئێمە ڕێبازی پاراستنی ڕەوا یە. پاراستنی ڕەوا بەو مانایەیە  ئەگەر لایەنێک هێرشی نەکردە سەرت ئەتۆش هێرشی ناکەیە سەر. بەڵام  ئەتۆ تەنێ بە ئامانجی پاراستن دەکرێ هێرش بکەیە سەر لایەنێک و ئەوە لە مەڕ ئێرانیش هەر وایە. ئەگەر ئێران  لایەنی ڕێژیمی سووریا نەگرێ،  ئەوان لە سنووری ئێمە دا هەن، یانی ئێرانی لە سنووری ئێمە دا هەن ، لە ئەبووکەماڵ هەن ، لە مەیادین هەن، لە دێرازۆر هەن، لە منبیج هەن  لە سنووری باشووری ئێمە دا ئەوان هەن لەگەڵ ڕێژیمی سووریان. ئەگەر ئێرانییەکان  هێرشی ئێمە نەکەن ، خۆ لەکاری ئێمە وەرنەدەن، لای لایەنان نەگرن  ئەو دەمی ئێمەش کارمان پێیان نییە. 

 دیار جوان: لە هەر هەنگاوێکی ئێوە دا  هێزی هەرە چالاک ، ئێوە خۆشتان گوتتان  یەپەگە و یەپەژە بوون ، زۆر لە فەرماندەکانی ئەوان لەو هەڵمەتانە دا ژیانی خۆیان لە دەست دا ، شەهید بوون. لە مینبیجێ، تەبقا ، ڕەقا و ئێستاش لە  دێرا زۆرێ بە شێوەیەکی چالاک شەڕ دەکەن. ئەگەر هات و لە دەمێکی کورت دا  فەرماندەیی یەپەگە  هەڵمەتی ڕزگار کردنی عەفرینی دەست پێ کرد  هەڵوێستی قەسەدە چ دەبێ؟   لە بەر ئەوەی یەپەگە یەکێک لە پێکهاتەکانی قەسەدەیە  ، قەسەدە خۆی وەک خاوەنی کێشەکە دەبینێ یان نا  وەک مژاری عەفرینێ دەکا دەڵێ ئێمە هێز دەنێرین ، شەڕی خۆمان ڕادەگرین، ئێمە تێکۆشانی خۆمان لێرە ڕادەگرین .  یەک لێرە دا من دەمەوێ دیتنی ئێوە لە سەر ئەو بابەتە بزانم  و دووەم ئەو مژارە سەرەرای  ئیتیلاف و هاوکارەکانی ئێوە بکرێ. ئایا ئێوە ئەو هێزەتان هەیە بۆ نموونە بڵێن  ئەو مەسەلەیە مەسەلەی ئێمەیە، مەسەلەی ئەم خاکەیە ،  مەسەلەی ئەم نەتەوەیە و  پێویستی ئێمە بە ئامۆژگاری و تەعلیمات و ڕاوێژی هیچ کەس نییە. مەسەلەیەکی نامووسی یە دەبێ ئێمە جێ بە جێی بکەین.   

مەزلووم عەبدی:
  بەڵێ، لە سەر بەشی یەکەمی پرسیارەکەت . قەسەدە و یەپەگە یەکن.  ڕاستە یەپەگە بەشی هەرە گەورەیە لە  قەسەدە دا ، بەڵام با بڵێین لە ڕووی پاراستن ، لە ڕێبازی پاراستنی ڕەوا دا یەکن و خەتێکی پاراستنی جیاوازیان نییە. لە سەر بابەتی عەفرین یەپەگە و یەپەژە یەکن . یانی وا بڵێین لە دەرەوەی یەپەگەش، لە دەرەوەی یەپەژەش  هەموو هێزەکانی دیکەی کە لە ژێر چەتری قەسەدە دان ، ئەوانیش لەگەڵ قەسەدە  لە عەفرینێ شەڕ دەکەن، ئەوەش بە ئاشکرایی دەڵێن. لە بەر ئەوەی عەفرین نەک هەر هەرێمێکی کوردی یە  بەڵکوو بەشێکیشە لە خاکی سووریا  و ئەرکی قەسەدەش ئەوەیە هەموو خاکی سووریا بپارێزێ . ئەمڕۆ دەوڵەتی ترک دەوڵەتێکی داگیر کەرە  و دەیەوێ دێمۆگڕافی عەفرینێ بگۆڕێ ، دەیەوێ عەفرین بکا  بە بەشێک لە تورکیا  و ئەوە بە مانای هێرشە بۆ سەر هەموو سووریا.  لەو چوار چیوەیە دا قەسەدە ئەرکی خۆی بۆ پاراستنی خاکی سووریا بە جێ دێنێ.

دیار جوان:  ئەمن کاتی ئەو هەڵمەتە ناپرسم ، ئێوە کەنگێ دەتانەوێ دەستی پێ کەن ، تەنێ دەمەوێ بپرسم داخودا ئەوە پلانی سەرەکی ئێوەیە یان نا ؟

 مەزلووم عەبدی:
بەڵێ. ئێمە دەتوانین ئاوا بڵێین  ئەگەر بە کورتی بڵێم کە دوارۆژی عەفرین چۆن دەبێ. ئێمە وەکوو  'هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی سووریا'  و بەتایبەتی با بڵێین هێزی سەرەکی ئێمە یەپەگە و یەپەژە  بڕیارمان هەیە کە عەفرین ڕزگار بکرێ. ئێمە بە هێزی خۆمان ڕزگاری بکەین .  بە هێزی زاتی خۆمان ڕزگاری بکەین.  بۆ ئەو مەبەستە ئامادەکاری هەیە، حازرێتی هەیە  با هەر کەس بزانێ کە ئەگەر کاتی خۆی بێ  ؛ ئەوە مژارێکی عەسکەری یە ،  ئەگەر کاتی خۆی بێ ، پێواژۆی ڕزگار کردنی عەفرین دەست پێ دەکا. 

دیار جوان : ئێوە خاوەنی مەسەلەکەن. یانی داخویانی  ئێوە و لایەنی سیاسی بە یەک دانەنێین ؟

 مەزلووم عەبدی:
  با بڵێین کاتێک کە لە ڕووی عەسکەرییەوە ،  مەرجی عەسکەری تەواو بوو،  کاتێک مەرج گونجاو بن لە پێناو ڕزگار کردنی [ عەفرین ] دا  ئەو پێواژۆیە دەست پێ دەکا.
 
 دیار جوان:  ئامادەکاری هەیە ، ڕەنگە ئێوە ئاشکرای نەکەن، بەڵام ئامادە کاری هەیە؟

 مەزلووم  عەبدی :
بەڵێ هەن، یانی  لە ڕۆژەڤی ئێمە دایە ، ئەمن تەنێ دەتوانم ئەوەندە بڵێم. فەقەت ئێرە سووریایە ، بابڵێین ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، سووریایە. شەڕی هێزانە . هەر هێزێک بەرژەوەندی خۆی بە بنەما دادەنێ.  ئەگەر کاتی هات ، مەرجی نوێ هاتە گۆڕێ ، تێکهەڵچوونی نوێ قەومان.ئەو تێکهەڵچوونانەی کە لە نێوان ئەو  هێزانە دا لە سەر وەزعی عەفرینە هاتنە ئاراوە با بڵێین شوێن دابنێ  و وەزع گونجاو بێ بەڵکوو ئەو دەمی ئێمە بتوانین زووتریش  عەفرین ڕزگار بکەین. 

دیار جوان:  یانی پڵانی ئەسڵی ئێوەیە  و لەوانەیە ئێوە هێندێک خێراتری بکەن ، ئەگەر ئەو شەرتومەرجی کە باسی دەکەن پەیدا بێ .

مەزلووم عەبدی:
  ئێستا ئێمە شەرتومەرجی سووریا هەمووی  دەشۆپێنین و ئەگەر ئەو هاوسەنگییانەی هەن تێک بچن، هێندێک شەرتی گونجاو وەرنە ڕوو  بەڵکوو زووتریش ئێمە بتوانین دەست بەو  پیواژۆیە بکەین.

 دیار جوان:  بەڵام  بێگومان ستڕاتێژی شەڕ ئێوە باشتر دەزانن،  زەمان تێپەڕ دەبێ ، لە دەمی پێشوو دا ڕووداو دەقەومین ،  دەرفەت دەکەوتنە دەستی مرۆڤ ، لە بەر هێندێک حەساسییەتان ، هێندێک وەزعی مەوزووعی  زەخت دەکار نە دەکرا. وەک مەزلووم عەبدی ، لە پێواژۆی ٢٠١٥   هەتا ئێستا  ئەگەر بە تایبەتی ئێمە چاو لە دەورو بەری عەفرین بکەین  لە زەینی بەڕێزت دا دوو شتی ئەسڵی چییە ئەگەر بڵێی بریا ئێمە ئەوەمان کرد با و بریا ئەوەمان نە کردبایە ؟  بۆ وێنە بڵێم  وەختایەک دەرفەت کەوتە دەستتان و کە تەماشای نەخشە دەکەن هێزەکانی سەر بە یەپەگە و یەپەژە  و هێزەکانی دیکەی دەورو بەری عەفرینێ  دەیانتوانی بەرەو ' عەزاز ' بچن ، دەیانتوانی  بەرەو ناوچەی دیکە بچن ، بەرەو ' باب ' بچن  و تەنانەت ڕێگای نێوان کۆبانێ و عەفرینێ بە تەواوی کۆنتڕۆڵ بکەن چونکە ئەو دەمێ ئەوێ لە ژێر کۆنتڕۆڵی داعش دا بوو . ئایا ئێوە لەوە پەشیمانن بۆچی ئەو دەمێ دەستپێشخەری زیاترتان نەکرد و بێ گوێدانە هیچ لایەک، بەرەو پێش نەچوون؟ 
 
مەزلووم عەبدی:
  دیارە ئەگەر ئێستا بگەڕێینەوە و ئاوڕ لە ڕابردووی خۆمان بدەینەوە. لە ڕووی عەسکەرییەوە پێواژۆی بەیەکەوە گرێدانی کانتۆنەکان ئەو جۆرەی کە گەلی ئێمە ناودێری دەکا لە جێگایەک چەقی و جێ بە جێ نەبوو.



دیار جوان: پێم وایە نزیک ٧٠ کیلۆمیتر مابوو

مەزلووم عەبدی:
بە گشتی بیست کیلۆمیتر مابوو، ئێمە دەگەیشتینێ. لە ڕووی عەسکەرییەوە کاتێک ئێمە ئاوڕی لێ دەدەینەوە هەڵبەت بە ڕاستیش بۆ ئێمە مژارێکی جێگای ڕەخنەیە ، شیاوی ڕەخنە لەخۆ کردن و موحاسەبەیە. ئەگەر ئێمە باشتر کارمان کردبا، زووتر کارمان کرد با ، ئامادەکاری خۆمان باشتر کرد با ، هەم هێزەکانی ئێمە لە عەفرین و هەم هێزەکانمان لە ڕۆژهەڵاتی فوراتێ ، یانی ئەو پێواژۆیە زەحمەت بوو ، بەڵام موومکین بوو. و لە بەر ئەوەی ئەو ئەرکە ڕانەپەڕێندرا بۆ ئێمە مژاری موحاسەبەیە. جێگای خەمگینی یە با وامان گوتبێ. ئەوە لە ڕووی عەسکەرییەوە ، لە رووی سیاسیشەوە ئێمە لەو باوەڕە داین ئێمە سیاسەتێکی دروستمان وە پێش گرتووە یانی بە بەراوەرد لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و بە بەراوەرد لەگەڵ هێزی دیکە و بە بەراوەرد لەگەڵ ڕێژیمیش ئێمە سیاسەتێکی ئۆبژێکتیڤ ..

دیار جوان: سیاسەتێکی دروست ، تاکتیکێکی هەڵە؟

مەزلووم عەبدی:
و عاقڵانەمان بەرەو پێش برد، بەڵام لە پڕاتیک دا 

دیار جوان : لە پراکتیزە کردن دا

مەزلووم عەبدی:
لە پڕاکتیزە کردن دا بە تایبەتی لە پێوەندی لەگەڵ عەفرین ، لە پێوەندی لەگەڵ پاراستنی عەفرینێ دا هێندێک کەمایەسیمان هەبوو ، هێندێک بۆچوونی سەتحی ( بانەکی) مان هەبوو. ئێستا ئێمە خۆزگە دەخوازیین بریا لێی قووڵتر ببووباینەوە، بریا ئێمە زووتر هێندێک هەنگاوی سیاسیمان هاویشتبایە. بۆ وێنە تاوێک لەوە پێش ئەتۆ باست کرد ، ئێمە دەغەڵکاری و دووڕوویەتی هێزە ناونەتەوەییەکانمان زۆۆتر دیتبایە و بەو شێوەیە توانیبامان ئامادەکاریی سیاسی زیاتر بکەین . هەڵبەت ئەوەش ئێمە بە مژارێکی جێی لێ پرسینەوەی دادەنێین .

دیار جوان: پڕۆژەیەکی ڕووسیا بەو شێوەیە هەبوو ئەوان فکری ئەوەیان کردبووەوە ئوتوبۆسی کەسک بۆ عەفرینیش بنێرن . یانی ئەو پڕۆژەی شکاندنی حورمەتی مرۆڤایەتی. ئێوە ئامادە بوون شتێکی ئاوا پێک بێنن ؟  یانی ئەوان ئوتوبۆسی کەسک بێنن بەر لە هێرش و پەلامار و شەڕڤانی یەپەگە لە پێش چاوی دنیایە سوار کەن و بڵێن ئێمە وامان کردووە. ئایا شتێکی ئاوا مومکین بوو پێک بێ ؟

مەزلووم عەبدی:
بە شێوەیەکی تایبەتی شتی وایان بە ئێمە نەگوت. ئێمەش لە ڕێگای میدیاوە بیستمان. دیارە لە ژیانی خۆماندا مومکین نەبوو ئێمە شتێکی وا قەبووڵ بکەین .

دیار جوان: ئەگەر ئێوە زانیباتان کە نەتیجە ئاواش دەبێ کە بوو ؟

مەزلووم عەبدی:
دیسان ئێمە قەبووڵمان نەدەکرد. ئێمە لە ژیانی خۆماندا ئەوەمان قەبووڵ نە دەکرد . و لە جێدا یەک لە سەبەبەکانی کە ئێمە بڕیاری پاشەکشەمان دا لە عەفرین، بڕیاری ئەوەی کە هێزی خۆمان لە عەفرین بکێشینەوە، لە بەر ئەوە بوو ئێمە هێزی خۆمان لە عەفرین بهێنینە دەرێ ، هێزی خۆمان ئامادە بکەین  بۆ ئەوەی کە جارێکی دی عەفرین ڕزگار بکەین. 

دیار جوان: کەمێک سەرنجە بدەینە سەر جیرانی عەفرینێ ' ئدلیب ' . سێناریۆیەک بۆ ئدلیب ساز بوو . ئێمە دیتمان لە ڕۆژێک دا ٦٠ فڕۆکەی ڕووس و ئی ڕێژیمێ  هەستان و لە دەوروبەری ئەوێیان دا و قیامەت . لە تارانێ کۆبوونەوە پێک هات. لایەنەکان ڕێک نەکەوتن و لە ڕووی یەکتری دا گوتیان ، پووتین بە ئەردۆغانی گوت ئەگەر ئەمن هەڵە نەبم ، لێرە نوێنەری ئەلنوسرە ئامادە نییە، نوێنەری داعش نییە. چاوی لە چاوی ئەردۆغان بڕی و بە شێوەیەکی لێبڕاو گوتی ئێمە ئەوان لە ناو دەبەین و نایان هێڵین. باسی جەبهەتولنوسڕە و تاقمەکانی دی دەکەم. باسی شێست هەزار کەس دەکرێ، ١٨ گرووپ و شێست هەزار کەسی کە لە وێندەرێن. ڕووحانیش هەمان شت ،هەر هەمان بڕیارداری لە خۆیەوە نیشان دا. ئەمریکاش بە شێوەیەکی ئاشکرا نەیگوت ئەمن لە دژی ئۆپێڕاسیۆنی ' ئدلیب ' م. بەڵام گوتی بیانوو مەدەنە دەستی من کە من جارێکی دی هێرش بۆ سەر ئێوە بکەم.

مەزلووم  عەبدی:
لە سەر مژاری بە کار هێنانی چەکی شیمیایی 

دیار جوان : لە ناو شەو و ڕۆژێک دا دیسان  لە سووچی پووتین و ئەردۆغان یەکتریان دیت . مەسەلەی ئدلیب چییە؟ داخودا تورک  ئەوە نازانێ کە لە ئدلیبیش ، هەرچۆن لە غووتا تاقمەکانی سەر بە تورک ئەوێیان بە جێ هێشت، لە دووما ، لە دەوروبەری شامێ ، لە حەلەبێ ، قەدەری ئدلیب یش هەر هەمان شت بێ. ئایا ئەو مەسەلەیە هەتا باب، عەزاز و جەڕابلوس درێژ دەبێتەوە؟

مەزلووم عەبدی:
یانی ئەو بڕیارە درا بوو کە ئۆپێڕاسیۆنی ' ئدلیب '  ئەنجام بدرێ. دەبوو لە ١٦ی مانگی ڕابردوو دا کرا با و ئەوە لە کۆبوونەوەی تارانیش دا ئەرێ کرا بوو. بەڵام لە دوای کۆبوونەوەی تاران هێندێک پێشوەچوون هەبوو لە نێوان هەر سێک گارانتۆران ( ڕووسیا، تورکیا و ئێران) دا. دوو پێشوەچوون هەبوون ؛ کە پێواژۆ بەو شێوەیە گۆڕانی بەسەر دادێ ، نوختەی یەکەم ئەو کەسانەی کە ناخوازن  ' ئدلیب' بەو شێوەیە ڕزگار بکرێ ، و ئەو لایەنە ، واتە لایەنی ڕووسیا و ڕێژیم و ئەوانیدی بە تەواوی سەرکەون و سەرکەوتنێکی گەورەی عەسکەری بە دەست بێنن . بەرژەوەندی وان لە دڕێژە کێشانی وەزعی  ئێستای ' ئدلیب ' دایە. ئەوانە بە ئاشکراش گوتیان و بۆ ئەوە بیروڕای گشتی ئامادە کرا و هەر وەک ئەتۆ گوتت چەکی شیمیاییان کردە سەبەب و هەڕەشەیان کرد وگوشاریان هێنا یانی بیروڕایەکی گشتی بە دژی ئۆپێڕاسیۆنەکە ساز بوو بۆ ئەوەی بەو شێوەیە دەست پێ نەکا. دەوڵەتە ئوڕووپاییەکان و ئەمریکاش لە ناو ئەوە دا بوون و ئەوانە بە شێوازێکی ئاشکرا یانی بۆ ئەوەی ئۆپێڕاسیۆن دەست پێ نەکا گوشاری خۆیان کرد و تەئسیریشیان هەبوو ، شوێندانەر بوون. بەڵام پێشوەچوونی ئەساسی ئەوە بوو کە دوای تاران ، ئەردٶغان چووە لای پووتین  و لە سووچی یەکتریان دیت و بە شێوازی فەرمی شتێکی کە بە ئێمە گوتراوە، یانی ئەوەی کە کەسی پێوەندیدار بە ئێمەیان گوتووە ئەردۆغان بە پووتینی گوتووە ئەمن دۆستی تۆم ، ئەتۆ منت لە ئێعدام خڵاس کرد ، ڕێژیمی منت نەجات دا ، باسی کودەتای ١٦ی تەمووز و پێواژۆی دیکە دەکەن و ئەمن دۆستی نزیکی تۆم و ئەگەر من تێک بچم  ئەو دەمی زەرەر لە ئێوەش دەکەوێ و ئەگەر ئەو ئۆپێڕاسیۆنی ئدلیب بکرێ  ئەوە بەو مانایە دەبێ کە ئەمن تێک دەچم ، چونکە لە ناو تورکیا ش خەسارم پێ دەگا ، لە باری سیاسیشەوە لە تورکیا دا تێک دەچم.  چونکە  ئەردۆغان هەموو  هێوای خۆی لە سەر عەفرین و ئدلیب هەڵناوە  و دەیەویست ئەو پێواژۆیە بگۆڕدرێ و پووتین یش بۆ ئەوەی لە بری ئەوە هێندێک شتی نوێ لە تورکیا بستێنێ  و تەنازوڵاتی دیکەی پێ بکا قەبووڵی کرد و بەو شێوەیە پێواژۆیەکە  لە جیات ئەوەی بە شەڕ چارەسەر بکرێ ئێستا شانسێکی دیکەیان داوە بە ئەردۆغان و داوایان لێ کردووە  لە هێندێک هەرێمان چەتەیان دەرخەن  وەکوو ڕێگای حەڵەب و حەما ، حەڵەب و لازقییە ، کە لە جەوهەری خۆی دا ئەو شوێنانە جێگای هەرە ستڕاتێژیکین لە ئدلیب دا. ئەوە ئێستا دەبێتە ٦ ساڵ کە چەتە لەوێ  خەتی پاراستنی خۆیان ساز کردووە ،  خۆیان لەوێندەرێ بەهێز کردووە و ئێستا دەیانەوێ ئەوێ بێ چەک بکەن  و بە شێوەیەکی کاتی قەبووڵیان کردووە و وەک ئەوەی کە دەکرێ بڵێین  ویستی ئەردۆغانیان پێک هێنا لە بری  هێندێک تەعویزان و چەند مانگی دیکەش دەرفەتیان داوە بە ئەردۆغان ، بەڵام ،

دیار جوان : یانی چارەسەری دوایی ئەوەیە ؟

مەزلووم عەبدی:
نا ، ئەوە ڕێکەوتنێکی کاتی یە ، ڕووسیا بۆخۆشی ئاشکرای کرد گوتی ئەوە چارەسەرێکی کاتی یە، پێم وایە هەرە دوایی جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا  بۆگدانۆف  بە ئاشکرایی ڕایگەیاند کە ئەوە ڕێکەوتنێکی کاتی یە . تاریخیان دیاری کردووە. ئێمە لە سەر ئەو باوەرەین چەتە لەوێ دەرناکەون ، ئەردۆغان دەیەوێ بیروڕای گشتی هەڵخەڵەتێنێ بەڵام ئەوە نە ڕووسیا و نە ئەوانیدی قەبووڵی ناکەن. 

دیار جوان : بەڵام ئێوە پێشتر باسی هێندێک فاکتۆرتان کرد ، ئەگەر ئەوانە هەبن، دەکرێ هەڵمەتی ڕزگار کردنی عەفرین خێراتر ببێ ، ئەوە یەکێک لەو فاکتۆرانەیە؟

مەزلووم عەبدی:
ئەویش هۆکارێکی ئەساسی یە. یانی بە گشتی و لە ئەساس دا ئەردۆغان دیتی کە  ئەگەر ئۆپێڕاسیۆنێکی لەشکری بکرێ شەڕێکی گەورە هەڵدائیسێ. یانی چەتەکانیش شەڕ دەکەن  و شەڕێکی گەورەتر ساز دەبێ  و لە ئاکامی ئەو شەڕەش دا هاوسەنگی ئەو هەرێمە یانی هەرێمی  باکووری ڕۆژئاوای سووریا ، ئەو هەرێمە، یانی ئەو گۆشەیە ، یانی ئەو گۆشەیەی کە عەفرین و ئدلیب ی تێدایە، لەوێ هاوسەنگی شەڕ و هاوسەنگی هێزان هەمووی دەگۆڕدرێ ، بە قازانجی یەپەگەش تەواو دەبێ.

دیار جوان: یانی ئەوان چاوەڕوانییەکی ئەوتۆیان هەیە

مەزلووم عەبدی:
بۆیە ئەمن لەو باوەڕە دام ئەردۆغان هەرچی تەعویز  بوو  دای و هەرچی  موساوەمە هەبوو کردی و هەرچییەکی لێیان داوا کرد قەبووڵی کرد بۆ ئەوەی پێواژۆیەکە هێندێک درێژ کاتەوە. 

دیار جوان: چاوەڕوانییەکی ئەوتۆتان هەیە بڵێن بۆ ئەوەی ئێمە پێواژۆی ئازاد کردنی عەفرین دەست پێ بکەین دەبێ لە ئدلیب شەر هەبێ ؟  یانی ئێوە مەسەلەی عەفرین لە ئدلیب  دەبەستنەوە ؟

مەزلووم عەبدی:
نا، شتێکی ئاوا نییە. ئێمە هێزێکی عەسکەرین ، کاتێک دوژمنی ئێمە لاواز ببن ئێمە لە دەرفەتێکی کە دێتە پێشی کەلک وەردەگرین. ئەگەر ئەمڕۆ لە هەریمێک هاوسەنگی هێزان تێک بچێ ، هەڵبەت هێزێکی لەشکری دەتوانێ لەوە کەلک بستێنێ . ئێمەش قازانجی لێ دەکەین. بەڵام نا ،  ڕزگار کردنی عەفرینێ  بە تەواوی بەستراوەتەوە بە ئامادەکاری هێزی ئێمە و ئەوە بەستراوەتەوە بە دەمێکی گونجاو و موناسب کە ئێمە بتوانین دەست بەو پێواژۆیە بکەین .

دیار جوان: کەم کەم ئیدی ڕێکخراوە سیاسییەکان، کۆمەڵایەتییەکان  لەم هەرێمە  بە یەکتری پەیوەست دەبن ، مرۆڤ بخوازێ و نەخوازێ ئیدی پێواژۆی چارەسەری بە ئاوایەک هەم لەم هەرێمەی کە ئێوەی لێن واتە باکوور، ڕۆژهەڵاتی سووریا و هەریمی ڕۆژئاوا و هەمیش لە گشت سووریا ، وەزعێکی ئاوا دێتە گۆڕێ با تەماشای لایەنی عەسکەری وی  بکەین، لە بن سیوانی قەسەدە دا   یەپەگە ، یەپەژە ، سانالیز، سووتۆرۆ، و گەڵێک یەکینەی دیکە هەن ، ئایا ئەوە ئاوا دەمێنێتەوە یان دەکرێ بڵێین ئیدی کاتی هاتووە ، پێشتر کاری ئێمە پێویستی بە قەوارەیەکی تر بوو، بەڵام  ئێستا چارەسەری پەیدا دەبێ  ئێمە کەوتووینەتە پێواژۆی دەستپێکردنی چارەسەری بۆیە پێویستە یەک ئاڵا، یەک هێز  هەبێ و بە پێی تایبەتمەندی هەرێم هێندێک شت بگۆڕدرێن ؟

مەزلووم عەبدی:
ئەتۆ مەبەستت دوا ڕۆژی قەسەدەیە ؟

دیار جوان: بەڵێ عەینەن .

مەزلووم عەبدی:
ئێمە لە قەسەدە دا بڕیارێکمان داوە لە مەڕ خۆ سازدانەوە ، کۆبوونەوە دەکەین ، کووبوونەوەی بەربڵاو. هەڵبەتە ئەوانە کاروباری عەسکەرین  و کراوە نین بۆ بیرو ڕای گشتی. وەک بە عەڕەبی دەڵێن ئیعادەت هەیکەلی ،

دیار جوان: لە سەر ڕا دامەزراندنەوە ، دیزاین کردن 

مەزلووم عەبدی:
پێواژۆی تازە کردنەوە و لە سەر ڕا دامەزراندنەوە دەستی پێ کردووە . کاتێک قەسەدە دامەزرێندا بارو دۆخ جیاواز بوو، وەزعی هێزەکان جیاواز بوو و ئێستا جیاوازە. لە دەسپێک دا کاتێک قەسەدە دامەزرێندرا ئیتیلافێک بوو لە هێزان ، ئەو دەمی بارودۆخ جیاواز بوو،  ئێستا وەزع گۆڕاوە، ئێستا ئەم هەرێمە پێویستی بە هێزێکی ڕەسمی هەیە. ئەو هێزە پێویستە باڵی سیاسی خۆی هەبێ ، وەزاڕەتی خۆی هەبێ ، ڕێكخستن و سازی لە مەڕ خۆی هەبێ، هێزێکی گەورەیە . هێزی قەسەدە ئێستا دەگاتە حەفتا هەزار کەس، لە شێست هەزاری لە مێژە تێپەڕاندووە. ئیدی نابێ وەک پێشوو فەسیلە بین و  فەسیلەی پچووک بین و فەسیلەی گەورە بین . بە سەدان فەسیلەی  جودا جودا بین ، گرووپی جودا جودا بین ، ئەوە مومکین نییە . هیندێک هێز هەن پێویستە تایبەتمەندی خۆیان بپارێزن . بۆ نموونە ئێستا لە ناو ئێمە دا  ' جەیشی سو وار  ' هەیە ،  ' هێزی ئدلیب ' هەیە ،  ئدلیب ئێستا داگیر کراوە ئەوانە دەیانەوێ بگەڕێنەوە ئدلیبێ یانی بگەڕێنەوە هەرێمی خۆیان. 

دیار جوان : تایبەتمەندی خۆیان بپارێزن

مەزلووم عەبدی:
هێزێکی مەزنە پێویستە تایبەتمەندی خۆی بپارێزێ . ئەوەندەی کە بە دۆخی سیاسی بەسترابێتەوە مەجلیسی سیاسی – عەسکەری  منبیج هەیە ، ئێمە پێشتر لە سەر ئەوە قسەمان کرد . ئەوانە تایبەتمەندی خۆیان دەپارێزن     

  دیار جوان : و هێزی ژن یش ؟
مەزلووم عەبدی:
بەڵێ هێزی ژن . یانی هێزی ژن  هێزێکی خۆسەرە ، خۆ موختارە و ئیرادەی خۆی لە دەستی خۆی دایە. دەبێ خۆسەری خۆی بپارێزێ . بەڵام هێزێکی عەشیرەتیشمان هەیە ، هێزی  ' شەمەری ' یان هەیە 

دیار جوان : ئەلسەنادیدە

مەزلووم عەبدی:
یانی هێزێکی تایبەتی یە، بەستراوەتەوە بە شێخ حەمید و هەرێمەکەیان زۆر هەراو نییە و بەرتەنگە ، تایبەتمەندی عەشیرەتییان هەیە ' سەنادید ' ئەویش وەکوو  فەوجێک لە ناو هێزی ئێمە لە دێرک هەبوونی خۆی دەپارێزێ. هێزی سوریانیمان هەیە ، یانی بەشی عەسکەری سوریانی هەن ، ئاشووری هەن  ئەوانەش تایبەتمەندی خۆیان دەپارێزن . یانی هێندێکیان تایبەتمەندی خۆیان دەپارێزن بەڵام  تەشکیلاتی عەسکەری گشتی ئیدی بە شێوەی کەتیبان، فەوجان ، لیوایان  لە ژێر فەرماندەیی ساحان ، فەرماندەیی هەرێمان  خۆیان تەنزیم دەکەن ، ئیسکلێتی خۆیان تەنزیم دەکەن و ئیدی دەبێتە هێزێکی ڕەسمی. ئێستا قەسەدە بەرەو بوون بە هێزێکی ڕەسمی دەچێ ، هێزێکی نەتەوەیی یە ، هێزێکی ڕەسمی یە ، خاوەنی ئۆرگانیزاسیۆنە ، حقووقی ناوخۆێی لە مەڕ خۆی هەیە و وەک هێزێکی لەشکری سیستمی فەرمان و ئەمری هەیە 

دیار جوان : دانی فەرمان

مەزلووم عەبدی :
سیستمی فەرمان دان هەیە ، ئیدی بەرەو هێزێکی فەرمی دەچێ ، یانی ئەمن دەتوانم ئاوا بڵێم  لە ناو قەسەدە دا هێندێک گرووپ تایبەتمەندی خۆیان دەپارێزن ، بەڵام زۆربەی قەسەدە یانی سەدی نەوەد لە هێزی گشتی قەسەدە وەکوو هێزێکی لەشکری ، وەک هێزێکی نیزامی و فەرمی لە سەڕ ڕا خۆی ساز دەداتەوە و ئەو پێواژۆیە ئێستا دەستی پێ کردووە و هەڵدەسووڕێ.

دیار جوان : دوو دەقیقەمان وەخت ماوە. لە کاتی نائاسایی دا ، لە کاتی شەڕ ، لە کاتی هێرش نموونەی ئەوە لە زۆر ووڵاتان هەبووە ، هەر کەس بە پێی خۆی ناوێکی لێ ناوە ، سەفەر بەری ، بەسیجیی گشتی ، سەرهەڵدانی جەماوەری. لێرەش ئەوە کرا ، لە بەر پێداویستی کۆمەڵ و پێویستی ئەرکی پاراستن و ئەرکی پاراستن بۆ ماوەی ساڵێک وەکوو حەوجێیەک  ئێوە ڕاتان گەیاند. ئەگەر ئارامی دەست پێ بکا  ئەوە ئیدی نامێنێ وایە ؟ یان بەردەوام دەبێ ؟

مەزلووم عەبدی:
هەتا ئێستا پێداویستی هەیە بە ئەرکی پاراستن . هێشتا حەوجێ پێ بوونی تەواو نەبووە ، ئەوە  بەردەوام دەبێ ، بەڵام ئێستا قەسەدە گەورە بووەتەوە ، لە هێندێک جێیان ئێمە دەمانەوێ ئەوە تەوعی بێ.

دیار جوان: یانی دڵخوازانە بێ

مەزلووم عەبدی: 
دڵخوازانە بێ ، دیسان ئەرکی پاراستن ڕاپەڕێنێ، دلخوازانە بێ. ئەمن پێم وایە دەبێ زەخت و زۆر بۆ شێوازی ئەو پەیوەست بوونە هێندێک کەم ببێتەوە و ئیدی جێی خۆ بدا بە شێوازی دڵخوازانەی تەڤلێبوون. بەڵام تا ماوەیەکی دیکەش پێدوایستی بە ئەرکی پاراستن هەیە.

دیار جوان: مەزلووم عەبدی فەرماندەی گشتی قەسەدە ئێمە گەلێکتان سپاس دەکەین  لە نێو شەڕ ڕا هاتن لەم بەرنامەیە دا بەشدار بوون . بەڵام هێشتا پرسیار هەن کە دەمانەوێ بیان پرسین چبکەین کات هەر ئەوەندە بوو . ئینشائەڵا  لە دادێ دا جارێکی دیکە ئێوە قانیع دەکەین کە هەم  لە سەر ئەنجامی ئەم پێواژۆیە و هەم بە گشتی ئەو  تابلۆیەی کە دەردەکەوێ و دێتە مەیدانێ لە گەڵتان بدوێین .  ماڵتان ئاوا بێ بۆ هاتنتان  و گەلێک سپاس.

مەزلووم عەبدی:
ئێمەش سپاستان دەکەین بۆ هاتنتان 

دیار جوان: زۆر سپاس . بینەرانی هێژا! نزیکەی سەعاتێک و چل و پێنج دەقیقە لەگەڵ فەرماندەی گشتی قەسەدە مەزلووم عەبدی  دانوستاندنێکمان کرد ، سەبارەت بە چارەنووسی هەرێم، ئەنجام بەرەو کوێ دەچێ ، ئی هەرە گرینگیش ئێمە لە سەر بابەتی عەفرین قسەمان کرد . ئەوان بە بڕیارن بە بێ ئەوەی هیچ تەعویزێک بدەن ، بێ دانی هێج بەشێک لە ناوچە و شوێنی ڕزگار کراو، عەفرین ئامانجی سەرەکییانە ، ئەوەی کە پێواژۆی ڕزگار کردنی عەفرین کەنگێ ڕادەگەیێندرێ ئیدی ئەوە بڕیاری وانە ، بەڵام لە پلانیان دایە بە پێی گۆڕانی هێندێک بار و دۆخ دەکرێ بە شێوەیەکی خێراتر دەست پێ بکا. بەڵام بۆ ئەوان عەفرین  نەبێ نابێ . بەم شێوەیە بەرنامەی تایبەتیمان تەواو دەبێ . هەر لە خۆشی دابن . شەوتان باش        

تێبینێ : ئەو هەڤپەیڤینە  ڕۆژنامەنووسی ناسراو دیار جوان لە ٢٨ی مانگی سێپتامبر دا لەگەڵ ژەنەڕاڵ مەزلووم عەبدی فەرماندەی گشتی ' ‌ هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی سووریا ' [ قەسەدە /  Syrian Democratic Forces [ ئەنجامی داوە و لە یەکشەمە شەو ٣٠ی سێپتامبری ٢٠١٨  لە تێلێڤیزیۆنی ستێرک  لە بەرنامەیەکی تایبەتی یەک سەعات و چلوپێنج دەقیقەیی دا  بڵاو کراوەتەوە 

سەرچاوە : وێبنووسی ڕوانگە ، ٤ی ئۆکتۆبری ٢٠١٨


پەیوەندی‌دار:

شاهیدی دانی زارەکی لە کۆمیتەی کارو باری بەرگری پاڕڵمانی بریتانیا ( هاوس ئاف کامنس)

ڕۆژئاوا لەژێر هێرشی سوپای تورکیادا

تەقینەوەی خۆکوژی لە حەسەکە؛ لانیکەم ۲۲ کەس گیانیان لەدەست داوە

"ڕێگە بە دروستبوونی قەندیلێکی نوێ نادەین"

ئەمریکا داوا لە تورکیا دەکات هێرشەکانی بۆ سەر باکووری حەڵەب ڕابگرێت

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە