حافز نازری: وەکوو جەنگاوەرێکی کورد جەنگاوم

Monday, July 14, 2014


NNS ROJ: رەنگە کەم کەس لەگەڵ هونەر و بەرهەمەکانی "حافز نازری" ئاشنا بێت. هۆنەرمەندێک کە لەنێو بێدەنگی جڤاکی کورد و ئێران سەبارەت بە هۆنەرەکەی، خەریکە دەبێتە زمانی "نەوتراو"ەکانی گەلانی جیهان. بەرهەمێک کە بە وتەی ئەم هۆنەرمەندە کوردە "پەیامهێنەری ئاشتی و برادەرییە و پردێکە لە نێوان رۆژهەڵات و رۆژئاوادا".

ئەلبۆمی ئەم هۆنەرمەندە سەرەڕای دووبار جێگرتنی لە لوتکەی باشترین بەرهەمە کلاسیکەکانی جیهان، هەنووکە یەکێک لە چانسە سەرەکییەکانی وەرگرتنی خەڵاتی جیهانی گرەمی لە بەشی ئەلبۆمە کلاسیکەکانە. حافێز لەم وتووێژە دەڵێت بۆ گەیشتنی بەو ئاستە لە هۆنەری جیهانیدا وەکوو جەنگاوەرێکی کورد تێکۆشاوە.


سازدانی: عەممار گوڵی

بەر لەوەی بچینە سەر خودی ئەڵبۆمەکە و ئەو ئێلێمانانەی لە پێکهاتە مۆسیقاییەکەیدا دەکار کراوە، بێڵن با پرسیارێک لەسەر دوو ناوییەکەی لە ناوخۆی ئێران و دەروە بکەم. بۆچی بە زمانی فارسی ناوەکەی "رەهەندی یازدەیەم"ە و کەچی لە بڵاوکردنەوەی جیهانییەکەیدا ناوی "نەگوتراو"ە؟ بەگشتی چ نزیکایەتییەک لە نێوان ئەم دوو ناوەدا بەدی دەکرێت؟

کاتێ کە ناوێک وەردەگێڕدرێتە سەر زمانەکانی دیکە، لە هەر زمانێکدا رەنگ و بۆنێکی تایبەت هەڵدەگرێت. ئەو ناوەی کە من بۆ ئەم بەرهەمە دامنابوو، "Untold" یان "نەگوتراو" بوو. پێموابوو کە هاوتا فارسییەکەی لە چاو ئینگلیزییەکە زۆر جوان و سەرنجڕاکێش نابێت -هەرچەندە دواتر کاتێ زیاتر بیرم لێکردەوە بۆم دەرکەوت کە ئەم ناوەش دەیتوانی سەرنجڕاکێش بێت. ئەوە بوو ویستم ناوێکی جیا لە ناوە ئینگلیزییەکەی بۆ هەڵبژێرم. من هۆگرییەکی زۆرم بۆ زانستی ئەستێرەناسی و فیزیکی ناوەکی هەیە. هەروەک لەوانەیە ئێوەش ئاگادار بن، ئێمە پێشتر واماندەزانی کە جیهان لە سێ رەهەند پێکهاتووە؛ بەڵام ئەنشتاین پێمانی نیشان دا کە سرووشت لە چوار رەهەند پێکهاتووە و رەهەندی چوارەمیش هەمان رەهەندی 'زەمەن-شوێن'ە. ئێستاکەش دەزانین کە لە کائیناتدا نەک هەر چوار رەهەند، بەڵکوو یازدە رەهەند هەیە و رەهەندی یازدەیەمیش تەنیا بریتییە لە 'لەرین'. مۆسیقاش شتێکی بەدەر لەو 'لەرین'ە نییە و دوای ئەوەی زانیم کە ئەم بەرهەمە کارێکی جیاوازە، ناوی "رەهەندی یازدەیەم"م لەسەر دانا. ئەم ناوە لە چەند رووەوە لەگەڵ خودی بەرهەمەکە و ئەو فکرەی لە پشتییەتی یەک دەگرێتەوە، واتە ئەوەی کە رەهەندێکی تازە دەناسێنێت و من هەوڵم داوە بە مۆسیقا و ئەو پەیامەی هەیەتی بە جیهانی بناسێنم.

ئێوە لە تاران لە رێوڕەسمی پەردەلادان لەسەر ئەڵبۆمەکە باسی ئەوەتان کرد کە ئەم بەرهەمە 'شوناسێکی نوێیە' بۆ هونەری مۆسیقای جیهان کە نە رۆهەڵاتییە و نە رۆژئاوایی، دەکرێ هەندێ لە تایبەتمەندییەکانی ئەو 'شوناسە نوێیە'مان بۆ باس بکەن؟

لە وڵامی ئەم پرسیارەی ئێوەدا دەکرێ بە دەیان کتێب بنووسرێت. بەڵام ئەگەر بمهەوێت کورت و پوخت وڵام بدەمەوە دەبێ بێژم کە لە پێشدا گرینگترین تایبەتمەندیی بەرهەمی "Untold" یان رەهەندی یازدەیەم ئەمەیە کە رەنگە یەکێ لەو دەگمەن بەرهەمە مۆسیقاییانە لە جیهاندا بێت کە داهێنان و گۆڕانکاری لە هەر سێ لایەنە پێکهێنەرەکەی مۆسیقا لە یک کۆبەرهەمدا هاتبێت، واتە لە "دەنگ"، "ئاواز" و "ئۆرکێستراسیۆن"دا. لە رووی دەنگەوە کۆمەڵێ کاری تازە دەبینین. لە رووی ئاوازیشەوە هەروەتر و لە شێوازی ژەنین و تێکهەڵکێش کردنی ئامێرەکانیشدا کۆمەڵێ جووڵەی تازە کراوە. بەڵام رەنگە زۆریش پێویست نەکات هەر یەکەو بە جیا پێناسە بکەین. بە گشتی بەرامبەر بە رەهەندی دەنگ و گۆرانی رووکردێکی ئامێریانە بۆ گۆرانی و مەقامی ئێرانی هاتۆتە ئاراوە. لە رووی پێکهاتەی مۆسیقاییەوە تێکەڵەیەکی تازەیە لە بەریەککەوتنی مۆسیقای رۆژهەڵات و رۆژئاوا و هەڵبەت بە بۆچوونێکی جیاوازەوە بۆ هارمۆنیا. ئامێرێکی تازەش بە ناوی "حافز" بە جیهان دەناسێنێت کە بەش بە حاڵی خۆی سەرنجڕاکێشە.

پرسێک کە لەم بەرهەمەدا بە ئاشکرا دەکەوێتە بەرچاو ئەو داهێنانانەیە کە هێندە بەر دڵی هۆگران و گەشەپێدەرانی مۆسیقای سوننەتی[ی ئێرانی] نەکەوتووە و ئەوان وەک بیدعەتێک لە مۆسیقای سوننەتیدا ناویان بردووە.

دیارە هەر کارێکی تازە کۆمەڵێ رەخنەگر و چەپڵەلێدەری هەیە و ئەمەش شتێکی ئاساییە. ئەزقەزا بە پێچەوانەی ئەوەی چاوەڕوانم دەکرد و پێموابوو کە هەندێ بەرپەرچدانەوە لە بەرامبەر ئەم بەرهەمەدا بێتە ئاراوە، ئەم شتە رووی نەدا و بەرپەرچدانەوەکان لەو ئاستەدا نەبوون. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە کۆمەڵگە بە دوای داهێنان و کاری تازەوەیە و لە کاری دووپاتە و چەند پاتە بێزار بووە. من بە گشتی کەسێکی واقعبینم و نە پەسن و پێداهەڵگوتنەکان کاریگەریی ئەوتۆ لەسەر کارەکەم دادەنێن و نە قسەی بەرهەڵستکاران. من هونەرمەندێکم کە بڕوام بەو کارەیە کە دەیکەم. بە گشتی بڕوام بە پڕەنسیپێک هەیە و ئەو پڕەنسیپە دەپەرستم، ئەویش پڕەنسیپی 'گۆڕان'ە. پێمخۆش دەبێت کۆمەڵگە حەزی لە کارەکانم بێت؛ بەڵام تەنانەت ئەگەر پێچەوانەکەشی بێتە ئاراوە، بۆ من شتێکی ئەوتۆی لە بنەڕەتدا نابێت. چونکە من ئیمانم بەو رێگەیە هەیە کە هەنگاوم تێدا ناوە و درێژەشی پێ دەدەم. مخابن سەبارەت بەم کارە رەنگە بتوانم بێژم کە تا ئێستا رەخنەیەیک زانستیی لێ نەگیراوە. ئەو بۆچوونانەی کە دەیبینین زیاتر لە رووی هەستەوە بووە و تا ئەم ساتە کەس شرۆڤە و لێکدانەوەیەکی زانستیی بۆ نەکردووە و خاڵە ئەرێنی و نەرێنییەکانی لێ دەرنەهێناوە. دیارە ئەم بەرهەمە بە هۆی ئەوەی کە دیدێکی نوێ بە نیسبەت مۆسیقاوە دەخاتە بەرگوێی خەڵک، لە سەردەمی خۆی لە پێشترە. بەڵام بەم حاڵەیشەوە بە هۆی ئەو هەست و خۆشەویستییەی لەم ماوەیەدا لە لایەن خەڵکەوە پێم گەیشت، چ ئەوانەی هۆگریی خۆیان بۆ کارەکە دەربڕی و چ ئەو برادەرانەی زۆر نەکەوتە بەر دڵیان، سپاسی هەموویان دەکەم. من بەو رادەیەی کە خۆشەویستیم بۆ برادەرەکانم هەیە بۆ رەخنەگرانیشم هەمە. چونکە دەزانم کە رەخەنەگرەکانیشم بە جۆرێک لە جۆرەکان حەزیان لە کارەکانی منە، دەنا نەدەهاتن ئەو هەموو کاتە تەرخان بکەن و کارەکانی من تاوتووێ بکەن. ئەمەش جۆرە خۆشەویستییەکە. من خۆشیستیم بۆ هەموویان هەیە و هیچ قسەیەکی تایبەتم لە بەرامبەر پشتگیرییەکان و بەرهەڵستکارییەکانی ئەوان نەبووە و هەموویان بۆ من جێی رێزن.

هەڵبەت دەبێ ئەمەش بڵێم کە بەر لە بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکە وای بۆ دەچووم کە کۆمەڵێ دەنگدانەوەی، جا چ رەخنە یان پێشوازی، لێ دەکەوێتەوە. بەڵام ئەمە لەو ئاستەدا نەبوو کە من چاوەڕێم دەکرد. ئەو داهێنانانەی لەم بەرهەمەدا دەرکەوتوون کاری شەوێک و دوان نین، بەڵکوو ئەم کارە لەسەر بنەمای نەریت خۆی گرتووە. کاتێ ئێوە باس لە داهێنان دەکەن دەبێ ئەمەتان لە بەرچاو بێت کە پێویستە ئەو داهێنانە لە ناخی نەریتەوە هەڵقوڵێت. هەر کات بەرهەمێک بێ لە بەرچاو گرتنی ئەم پڕەنسیپە بیهەوێت کارێکی تازە بخاتە روو، ئەوە ئیتر داهێنان نییە و دوای ماوەیەک خەڵک پشتی تێدەکەن. بەڵام بە ڕای من بەهۆی ئەوەی لەم بەرهەمەدا بنەچەکان پارێزراون و زیندوون، خەڵک توانیان پەیوەندیی لەگەڵ بگرن. هەروەک دەزانن ئەم بەرهەمە لە دوو مانگی رابردوودا دوو جار چۆتە لوتکەی باشترین بەرهەمە کلاسیکەکانی جیهان و دوو جاریش لە ریزی دووەم و سێیەمدا بووە. واتە لەو رۆژەی بەرهەمەکە بڵاو کراوەتەوە هەمیشە لە لووتکەدا بووە. لە دنیادا پێشوازییەکی تایبەتی لێ کراوە و لە ئێرانیش سەرەڕای ئەوەی بە تێکڕایی بڵاو نەکراوەتەوە، بە ڕای من زۆر سەرکەوتوو بووە. هەروەک لە میدیاکانیشدا هاتووە، رێکلامێکی ئەوتۆ بۆ ئەم بەرهەمە نەکرا؛ بەڵام بەم حاڵەشەوە زۆر بە لامەوە سەرنجڕاکێشە کە خەڵک داوای تێکڕای بەرهەمەکە دەکەن.

یەکەم جارە بەرهەمێک لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە تا ئەم ئاستە لە دنیادا دەدرەوشێتەوە. وەک داهێنەری ئەم بەرهەمە هۆکارەکانی ئەم سەرکەوتنەتان لە چیدا دەبینن و ئەوەش کە بۆچی لە ئێران لەچاو جیهان پێشوازییەکان لەو ئاستەدا نەبوون؟

زۆر ئەستەمە بتوانی سەبارەت بە مۆسیقا داوەری بکەیت و بڵێیت کە بۆچی ئەوها بووە. بە ڕای من مۆسیقا دەنگی خودایە. ئێمە هەموومان لە ناخماندا رەگێکمان لە خودا هەیە. خودایەک کە دەبێ بیدۆزینەوە و لە ئەگەری دیتنەوەی ئەم زاتەدا هەموو شتێکی ئەم جیهانە دەبێتە خۆشەویستی. هونەری مۆسیقا و هەر هونەرێک کە تۆزقاڵێک لەو زاتەی خودای لە ناخدا هەبێت، لە هەر شوێنێکی ئەم جیهانە بێت، پێشوازیی لێ دەکرێت و گرینگیش نییە کە داهێنەرەکەی کێیە و سەر بە چ قەوم و نەتەوەیەکە. تەنیا زاتی بەرهەمەکە گرینگە. بە بڕوای من هۆکارێکی ئەو پێشوازییەی لەم کارە کرا، هەر ئەم بابەتەیە. لە رووی هونەریشەوە کارێکە کە سنوورەکان دەسڕێتەوە و ئەمەش بۆ جیهان شتێکی سەرنجڕاکێشە. هەمووان بە دوای ئەوەوەن کە شتگەلێکی تازە لەم جیهانە کەشف بکەن؛ دەنگە نەگوتراوەکان یان هەمان "Untold" کەشف بکەن کە تەنانەت لە سەرووی لایەنە مۆسیقاییەکەشەوە پەیامێکی تازەی پێ بوو.

سەبارەت بەوەی کە بۆچی لە ئێران پێشوازییەکی ئەوتۆی لێ نەکرا، دەبێ بڵێم کە پێشوازیی لێ کراوە بەڵام نابێ چاوەڕێی دەنگدانەوەی خێرای خەڵک یان کۆمەڵگە بین. ئەم کارە کارێکی تازە بوو و بگرە نەدەبوو پێشوازییەکی ئەوتۆی لێ بکرایە. هێشتا بەرهەمەکە بە تەواوی بڵاو نەکراوەتەوە، تەنیا دوو وەرزی لێ بڵاو کراوەتەوە. من چەند مانگی داهاتوو دەچمەوە بۆ ئێران و کۆمەڵێ کاری تازە دەکەم و هیوادارم کارەکە بە تێکڕایی بڵاو بکەمەوە. تەنیا مخابن کە بە جوانی نەناسێندرا.

بێگومان ئەوەی کە ئێوە سەر بە بنەماڵەی 'نازری'ن و سودوەرگرتن لە باوکێکی وەک مامۆستا شارامی نازری یەکێ لە هۆکارەکانی سەرکەوتنی ئێوە لە هونەری مۆسیقایە. مامۆستا شارام نازری چەندین جار خۆی بە قەرزداری ئەو کولتوورە دەزانێ کە تێیدا پەروەردە بووە، واتە گەلی کورد و مۆسیقا و کولتووری کوردی. شارامی نازری و گەلی کورد لە روانگەی حافزی نازرییەوە چۆنن؟

لە فیلمێکدا کە سەبارەت بە قۆناخەکانی بەرهەمهێنانی "Untold" چێ کراوە و لە رۆژانی داهاتوودا بڵاو دەکرێتەوە، من لەسەر ئەم بابەتە قسەم کردووە. بەڕاستی من پێموایە کە سیحرێک لە "جینی کورد"دا هەیە و شتێکی تایبەتە کە پێناسە ناکرێت. کورد بوون بۆخۆی ئوستوورەیەکە. هەڵبەتە من کەسێکی رەگەزپەرەست نیم بەڵام سەبارەت بە راستییەک قسە دەکەم. سەرەڕای ئەوەی کە من لە تاران لەدایک بووم و مخابن کوردی باش نازانم، کەچی لە ناو خێزانێکی کورددا هاتوومەتە دنیا و گەورە بووم. باوکیشم کوردە و دایکیشم. واتە من سەتاسەت کوردم و ئەمەش بۆ من شانازییەک بووە کە لەم "جینی کوردە"م پێ گەیشتووە. بەڕاستی وەک کوردێک خۆم بە جەنگاوەر و نەبەرد دەزانم و هەمیشە بۆ ئازادی و گۆڕان جەنگاوم، وەک خەباتکارێک، و ئەمەش تەنیا لەبەر ئەو جیناتە کوردە بووە کە سوودم لێی وەرگرتووە. هەمیشە وەک خەباتکارێک لە ژیانمدا شەڕم کردووە و بۆ گەیشتن بەو ئامانجەی بۆ خۆمم داناوە، هەوڵم داوە. خۆی ژیانی منیش سەلمێنەری ئەمەیە. من لە تەمەنی 20 ساڵیدا ئێرانم بەجێ هێشت، ئەویش لە کاتێکدا کە دەمتوانی لە رێگەی کۆنسێرت و مۆسیقاوە ببمە میلیۆنەر و بە باشترین شتەکانی ژیان بگەم. من هەمووی ئەمانەم وەلا نا و لە دژوارترین شاری جیهان، نیۆیۆرک، هەموو شتێکم لە خاڵی سفرەوە دەست پێکردەوە. نە کەسم دەناسی و نە کەس پشگیریی دەکردم و لەم هەلومەرجە دژوارەدا  خەباتم کرد و سوور بووم لەسەر رێگەکەم. بڕوام وایە کە ئەمەم لە زاتی کورد بوونم و خەباتکاربوونمەوە سەرچاوەی گرتووە. زاتێک کە منی بەرەو ئامانجێکی گەورەتر و ئاواتێکی گەورەتر لە ناوبانگ و دەوڵەمەندیی مادی هاندا. کەواتە کورد بوونم بۆ من شانازییەکە کە پێم بەخشراوە، هەروەک چۆن مۆسیقای کوردیش لە خۆیدا باندۆرێکی ناڕاستەوخۆی لەسەرم داناوە. ئەگەر سەرنجتان دابێت لە زۆربەی کارەکانمدا شوێنپێی مۆسیقای کوردی، بەتایبەت ستران و فەرهەنگ و بیرکردنەوەی کوردی دەکەوێتە بەرچاو. لە زۆر رووەوە بیرکردنەوە و کەسایەتیم جیاوازە لە باوکم. بەڵام منیش وەک باوکم خۆم بە قەرزداری ئەم کولتوورە و ئەم زاتە دەزانم و دیسانیش دەیڵێمەوە کە کورد بوون بۆ من شانازییەکە کە سوودم لێی وەرگرتووە. ئاواتەخوازم رۆژێک لە رۆژان بتوانم ببمە مایەی شانازیی کوردستان و بتوانم ناوی کورد و کوردستان لە جیهاندا بدرەوشێنمەوە.



سەرەڕای قسەکانی باوکتان و خۆتان سەبارەت بە مۆسیقا و کولتووری کوردی، رەخنەیەک کە دەگیرێت ئەمەیە کە بۆچی تا ئێستا بەرهەمێکی پوخت بۆ پێزانین لەم گەلە لە لایەن ئێوە و باوکتانەوە نەبینراوە؟

باشە بەرهەمی پوخت یانی چی؟ لە هەر حاڵدا تۆ بەرهەمێک دەبینی کە گەرچی زمانەکەی کوردی نەبێت بەڵام ‌شوناس و ناسنامەکەی کوردییە. زمان بە تەنیا ناتوانێت شوناس بەم بەرهەمانە ببەخشێت. گرینگ پاراستنی شوناسەکەیەتی نەک وردەکارییەکان. رەنگە ئێمە کارێکی تەواو کوردییمان نەبووبێت، بەڵام لە تەواوی ئەو کۆنسێرتانەدا بەڕێوەمان بردووە بەشێک لە بەرنامەکەمان بۆ مۆسیقای کوردی تەرخان کردووە. بۆ نموونە لە کۆنسێرتەکانی ئەم دواییەی "Untold"دا کە لە سەرانسەری ئەمریکا بەڕێوە چوو، بەشێک لە کۆنسێرتەکەمان بۆ مۆسیقای کوردی دانابوو. ئەم راستییە نابێ ون بکرێت کە دەکرێت لە مۆسیقای کوردیدا تا بێکۆتا بەرەو پێش بچیت، بەڵام بەڕاستی ئێمەش بەش بە حاڵێ خۆمان هەوڵی زۆرمان بۆ پەرەپێدانی ئەم کولتوور و هونەرە داوە. ئێستا هەندێ لە برادەران کاری کوردیی زۆریان ئەنجام داوە بەڵام دیسانیش دەڵێمەوە کە ئێمەش بەش بە حاڵی خۆمان هەوڵی زۆرمان داوە بۆ ئەوەی ئاڵای کورد بوونمان لە گرینگترین شوێنە کولتوورییەکانی جیهان بشەکێنینەوە، کارێک کە کەمتر هونەرمەندێک توانیویەتی بۆ کولتوور و خەڵکەکەی بیکات.

لەم ساڵانەدا زۆربەی هونەرمەندە گەورەکانی کورد[ی رۆژهەڵات] وەک باوکتان، کەیهانی کەلهوڕ و گرووپی کامکارەکان کۆنسێرت و بەرهەمیان بە هاوکاریی هونەرمەندانی کورد لە هەرێمی کوردستان ئەنجام داوە. گەلۆ هیچ بەرنامەیەکتان بۆ بەڕێوەبردنی کۆنسێرت یاخود بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکانتان لە هەرێمی کوردستان هەیە؟

ئەوەی راستی بێت ئەمە یەکێک لە ئاواتەکانی منە. یەکێک لەو هۆکارانەش کە بەم وتووێژە قایل بووم هەر ئەمە بوو کە لەم رێگەوە دەنگی خۆم بگەیەنمە گوێی بەرپرسانی رۆشنبیری و ناوەندە رۆشنبیرییەکانی کوردستان. ئاواتی من ئەوەیە کە گەر بکرێت، هەر ئەو پڕۆژەیەی دەمهەوێت لە ئێران سەری بخەم، بۆ کوردستانیشی ببەم. ئاواتەخوازم ئەستێرەکانی مۆسیقای کلاسیکی جیهان ببەینە کوردستان و کۆمەڵێ بەرنامەی رێکوپێک لە کوردستان پێشکەش بکەین؛ هاوشێوەی ئەو کارەی کە مانگی ئەیلوولدا لە ئێران بەڕێوەی دەبەم. کارێکی هونەریی لەم چەشنە لەم ساتەوەختەدا زۆر پێویستە، چونکە کاری من تەنیا کۆنسێرت نییە، بەڵکوو پەیامێکی هونەریشە. پڕۆژەیەکە هەوڵ دەدات ئاستی ڕوانینی کۆمەڵگە پێش بخات و پەیامێکی تازە بۆ نەوەی نوێ پێشکەش بکات. کۆنسێرتی مۆسیقا زیاتر لایەنی چێژ و خۆشیی بۆ خەڵک هەیە. بەڵام ئێمە بەم پڕۆژەیە نیازی بردنە سەرەوەی تێگەیشتن و روانینی گەنجانمان هەیە، ئەو گەنجانەی کە بەرهەمهێنەرانی دوارۆژی هەموو کولتوور و کۆمەڵگەیەکن. لە ساڵانی رابردوودا کۆمەڵێ داواکری لە ئێمە بۆ بەڕێوەبردنی کۆنسێرت لە کوردستان کراوە و هیوادارم بەرپرسانی رۆشنبیری لە رێگەی ئەم دیمانەوە ئامادەیی ئێمە بۆ ئەم کارە ببیسن و بتوانن هەل بۆ بەرنامەیەکی شۆڕشگێرانە لە کولتوور و هونەردا بڕەخسێنن. بەرنامەکانی ئێمە بەگشتی تێچووی زۆری دەوێت و تەنیا حکومەتەکان لە قەرەی دابین کردنی تێچووەکانی دێن، ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە زۆرێک لە ئوستوورە بەناوبانگەکانی جیهان تێیدا بەشدارن. هیوادارم هەلێک بڕەخسێت و ئێمە بتوانین لە رێگەی ئەستێرە جیهانییەکانی مۆسیقاوە شۆڕشێکی کولتووری و هونەری لە کوردستان بەرپا بکەین، نەک ئەوەی کە تەنیا بۆ خۆشیی خەڵک بەرنامەیەک بەڕێوە ببەین.

گەلۆ 'سەمفۆنیای رۆمی' یان 'نەگوتراو'ەکانیتان دێنە کوردستانیش؟

مخابن بە هۆی ئەوەی کە هیچ پەیوەندییەک لە نێوان ئێمە و بەرپرسانی هەرێمدا نییە، تا ئێستا لە کوردستان بڵاو نەکراوەتەوە. هیوادارم بەرپرسانی هەرێم دەرفەتێک بخوڵقێنن بۆ ئەوەی بتوانین ئەم بەرهەمە ناوازەیە کە زات و رەگی کولتووری کوردەواری لە ناخیدایە، پێشکەشی گەلەکەمان لە کوردستان بکەین؛ یان ئەوەی کۆمپانیایەک لە کوردستان بێت و بەرهەمەکە لە "کۆمپانیای سۆنی" بکڕێت و لە کوردستان بڵاوی بکاتەوە.

دوایین پرسیارم ئەمەیە کە ئێوە زۆر جار باسی ئەوەتان کردووە کە سەمفۆنیای رۆمی "پەیامهێنەری ئاشتی و برادەرییە و پردێکە لە نێوان رۆژهەڵات و رۆژئاوادا." بە گوێرەی ئەم پێناسەیە، هەنگاوی دواتر بۆ بڵاوکردنەوەی زیاتر ئەم پەیامە جیانییە چییە؟

ئامانجی من ئەوەیە کە کولتووری کورد و فارس بە شێوەیەکی دیکە و بە میناک و ڕامانێکی جیاواز لەوەی لە رابردوودا کراوە، بە جیهان بناسێنم. بەو بەرهەمە مۆسیقاییانەم هەوڵ دەدەم زمانێکی تازەی مۆسیقایی بخوڵقێنم. زمانێک کە پێمان دەڵێت ئێمە هەموومان سەرەڕای ئەوەی هەر یەکەو سەر بە خاک و وڵاتێکین، بەڵام لە هەمان کاتدا بەشێکین لەم جیهانەی کە هیچ سنوورێکی نییە و هی هەموومانە. هەر ئەوەی کە ئێوە ئێستاکە لە رێگەی ئەنتەرنێتەوە لە گەڵ من کە لە نیۆیۆرکم قسە دەکەن یان کەسێکی تر بە ئانوساتێک دەتوانێت بزانێت لە ئەفغانستان چ باسە، دەرخەری ئەم چەمکە جیهانییەیە. مرۆڤەکان دەبێ رێز لە کولتوورەکانی دیکە بگرن. دەبێ لە یەکترەوە فێر بن و بە سۆز و خۆشەویستییەوە رووبەرووی یەکتر ببنەوە و باسی یەکبوون بکەن. مۆسیقاش دەبێ بیرکردنەوەیەکی لەم چەشنەی لە پشت بێت. ئامانجی من لە سەمفۆنیای رۆمیدا ئەوەیە کە تا ئەو ساتەی لە ژیاندا ماوم، بەرهەمگەلێک بەدی بهێنم کە بەم رێگەیەدا و لە پێناو خوڵقاندنی زمانێکی مۆسیقایی جیهانیدا هەنگاو بنێت. پێموابێ رۆڵی من لە پەرەپێدانی ئەم پەیامە جیهانییەدا رۆڵێکی تایبەتە، ئەویش لەبەر ئەوەی کە لەم ساڵانەی دواییدا کۆمەڵێ هونەرمەندی گەورەمان بووە کە بەرهەمیان لە ئاستی جیهانیدا بووە، بەڵام ئەمە یەکەم جارە کە بەرهەمێک لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە تا ئەم ئاستە سەرنجی جیهان بەلای خۆیدا رادەکێشێت. ئەم سەرکەوتنەش ناتوانێ تەنیا هی کەسێک بێت. کاری من کارێکی نیشتمانییە. سەرکەوتنی من سەرکەوتنی ئێران و کوردستانە. هیوادارم رۆژێک شانازیی ئەوەم پێ ببەخشرێت کە راستینەی کولتووری کورد و فارس لە رێگەی مۆسیقایەکی نوێوە کە بەرهەمم هێناوە بە دنیا بناسێنم.
ئەم وتووێژە پێشتر لە ژمارەی ١٣٤٢ رۆژنامەی هاوڵاتی بڵاو کراوەتەوە.

پەیوەندی‌دار:

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە

راپۆرتەهەواڵ

analis picture

١٣ بابەت لە سەر ڕاپەڕینی وەرزێرانی موکریان و خەڵکی بۆکان لە سەردەمی موسەدیق (بابەتی حەوتەم)


هەواڵ


دیمانە

Interview Picture

گەلێک دەوڵەت ، ئەوانەی کە ئەندامی ناتۆن و لەگەڵ ترکەکان کار دەکەن و پێوەندییان لەگەڵ تورکیا هەیە دەیانەوێ نێوانی ڕۆژئاوا

پێنج‌شەمە ۱۲رەزبەر۱۳۹۷/ ۲۳:۳۳