بابەتی گەرم:

عارف سه‌لیمی

کاکە "ڕەنج"ی پێش "شەهیدان"

Monday, April 27, 2015
عارف سەلیمی

1 دەڵێی هەموو شتێک پێشوەختە ئامادە کراوە و خاڵ بە خاڵ بڕیارە جێبەجێ بکرێت، تەنانەت کات و ساتی بەرنامەکەش. ئێستا، پاش نزیکەی هەشت مانگ لە پەلاماری داعش بۆ سەر هەرێمی کوردستان و دوای ئەوەی مەترسییەکە بە ڕادەیەکی بەرچاو ڕەویوەتەوە، ئیتر کاتی ئەوە هاتووە  "شۆمانەکان" و "سنووپەکان"/ فیگۆڕەکانی سەر شاشەی تەلەفزیۆنەکان، قوڵ لە قوڵی بازرگانە ڕانتخۆرەکان، بێنەوە مەیدان و بننەوە دوا پاڵەوانی ناو ماڵەکان.

ڕەنج سەنگاوی پێشکەشکارە ناودارەکەی کەناڵی ڕووداو، لەناو جەرگەی بەرنامە حەیاتەکەیدا دەبێتە "ڕۆبن هوود" و "سانتا کڵاوز" و بە دەوڵەمەند و بازرگانەکان ( بەتایبەت بازرگانە نەوتییەکان و وەزیرە نەوتییەکەی سامانە سرووشتییەکان) دەڵێت وەرن یارمەتیی بنەماڵەی شەهیدان و منداڵانی پێشمەرگە گیانبەخت کردووەکان بدەن.

سات و سەودایەکی پڕ بە پێستە. بازرگانییەکی پڕ خێر و بەرەکەتە؛ خێریشە و کەسابەتیشە. کاڵای ئەمجارە، منداڵانی ئەو پێشمەرگە شەهیدانەن کە لە هەشت مانگی ڕابردوودا لە بەرەکانی شەڕ، بۆ پاراستنی سنوورەکانی کوردستان و لە هەمان کاتدا بۆ پاراستنی ئاسایشی گیرفانی بازرگانە ڕانتخۆرە نەوتییەکان، خەڵتانی خوێن کراون. هەر ئەو پێشمەرگانەی لە یەک ساڵی ڕابردوودا بە سێ مانگ و بە چوار مانگ کەچە مووچەیان دوا کەوتووە.

2 یەکەم پرسیار کە سەبارەت بە کەمپەینە حەیاتەکەی "ڕەنج سەنگاوی" لە کەناڵە ئازیزەکەی سەرۆکی حکومەت ختووکەی ویژدان دەدات، ئەوەیە کە گەلۆ تێچووی سازکردنی یەک خولەکی ئەو بەرنامەیە مووچەی چەند ڕۆژی ئەو پێشمەرگە گیان بەختکردووانەیە.

پرسیارێکی تر کە یەکجێ خۆی دەخزێنێتە مێشکەوە ئەمەیە کە داخۆ لەو ماوەیەدا مووچە خەیاڵییەکەی "ڕەنج سەنگاوی" یان تەنانەت کارمەندانی دیکەی تەلەفزیۆنە بەناو "ئەهلییەکان"، بۆ یەک ڕۆژیش دوا کەوتووە؟ یان گەلۆ چاوی ئەوان لە هی ئەو پێشمەرگانەی بە گیرفانی بەتاڵەوە لە بەرەکانی شەڕ دەجەنگان کاڵتر بووە؟

پرسیارێکی دیکەش ئەمجارە بە چەشنێکی دیکە سەرهەڵدێنێت. ئەویش ئەمەیە کە گەلۆ تا ئێستاکە لە چ وڵاتێکی جیهان کەمپەینێکی لەو چەشنە و بەم ڕادەیە گاڵتەجاڕانە بۆ بنەماڵەی سەربازە گیانبەختکردووەکانیان بەڕێوە چووە؟ گەلۆ ئەگەر تەلەفزیۆنێک لە وڵاتێکی وەکوو ئەمریکا "ناماقووڵ"یی لەم چەشنە بکات و بۆ نموونە کەمپەینی هاوکاری بۆ بنەماڵەی سەربازە کوژراوەکانیان [لە ئەفغانستان یان عێراق] ڕابگەیەنێت، لە لایەن کۆنگرێس و سیناتی ئەو وڵاتەوە سەگ و شوانی نایەتەوە؟ یان دەنا حەیای سەرۆک کۆمار و حکومەتەکەی نابێتە پەڕۆی بۆسۆ؟

تەنانەت لە دەوڵەتێکی داپڵۆسێنەر و تا سەرئێسقان ڕانتێری وەکوو کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش، گەلۆ تا ئێستا بیستووتانە کارێکی لەم چەشنە بۆ بنەماڵەی ئەو سەرباز و پاسدارانەی لە شەڕی ئێران- عێراقدا کوژراون، ئەنجام درابێت؟ یان ئەو بنەماڵانە هەموو جۆرە ئیمتیازاتێکیان ڕاستەوخۆ و بە بێمنەتی لە حکومەت وەرگرتووە؟

لە چەند مانگی ڕابردوودا چەندین هەواڵ لەسەر کۆمەڵێ بازرگانی کورد بڵاو کرایەوە کە لە گەرمەی شەڕی پێشمەرگە لەگەڵ داعش، سات و سەودایان لەگەڵ ئەو گرووپە هەبووە. نەوتیان لێی کڕیوە و پیکابیان پێی فرۆشتووە. ئەو بازرگان و پارەدارانەی کە نە قەت ناوەکانیان ئاشکرا کرا و نە کەس بیستی داخۆ گیرابێتن یان حوکم درابێتن.

ئێستا بیهێننە بەر چاوتان یەکێ لەو بازرگانانەی دەستی لەگەڵ داعش تێکەڵ کردبوو/کردووە، بێت و بەشداریی کەمپەینە جوانەکەی "ڕەنج سەنگاوی بکات.

قەباحەت ئالێرەدا چەکەرە دەکات...

3 ئەو بنەماڵانەی کە ئەرکی سەرشانی حکومەتە بە دەمیانەوە بچێت و بە هەموو شێوەیەک خزمەتیان بکات، ئەوندە جێی بەزەیی دەبن کە کەناڵێکی تەلەفزیۆنی داوا لە وەزیری سامانە سرووشتییەکان و بازرگانە ڕانتخۆرە نەوتییەکان بکات بۆ ئەوەی پارەیان بۆ کۆ بکەنەوە. کەناڵێک کە خۆی هی سەرۆکی حکومەتە و بە ڕانتی نەوت دامەزراوە. وەزیرێک کە پارەی ژێربەڕە و سەربەڕەی نەوتی لایە و کۆمەڵێ بازرگانی خاوەن کۆمپانیاش کە سەرەداوی زۆربەیان بۆ گیرفانی خودی جەنابی سەرۆک وەزیران دەگەڕێتەوە. سەرۆک وەزیرانێک کە نەیتوانیوە مووچەی پێشمەرگە "بێ دواکەوتن" دابین بکات و حکومەتەکەی نەیتوانیوە ئەرکی سەرشانی بەجێ بگەیەنێت و بە گوێرەی پێویست ئاوڕ لە "بنەماڵەی شەهیدان" بداتەوە: بازنەیەکی بەتاڵی لێوانلێو لە قەباحەت.

لە هەر لایەکەوە لێی بڕوانیت قەباحەتێکی ئەخلاقییە. ئەو کارە کە بە ڕواڵەت بەرگێکی خێرخوازیی بە بەریدا کراوە، هێندە قێزەونە کە ئەگەر ژێرەکەی هەڵبدەیتەوە و لە ناوەڕۆکەکەی بکۆڵیتەوە مەحاڵە ڕشانەوەت نەیێت [هەڵبەت ئەگەر تۆزێ ویژدانت هەبێت].

ئەو کەمپەینە، بە پاڵەوان کردنی فیگۆڕە بابردەڵەیەکی تەلەفزیۆنییە بە ناوی "ڕەنج سەنگاوی" و هاوکات خۆ دەرخستن و خۆ گیفکردنی کۆمەڵێ بازرگانی ڕانت خۆری نەوتە لە بەرامبەر شاشەی تەلەفزیۆنەکان و منەت و شاباشیان بەسەر بنەماڵەی پێشمەرگە گیانبەختکردووەکان.

ئەو کارە بە هەر لەونێک لێکی بدەیتەوە هەوڵدانە بۆ سڕینەوەی ئەو پرسیارە کە بۆچی حکومەتی هەرێم نەیتوانییە پێداویستییە سەرەتاییەکانی ئەو بنەماڵانە دابین بکات. هاوکات بە شێوەیەکی شاراوە [و بەرنامە بۆ داڕێژراوە؟] پاکانە کردنە بۆ ئاشتی هەورامی گزیرە نەوتییەکەی جەنابی سەرۆکی حکومەت و ئەو کۆمپانیا زەبەلاحە نەوتیانەی کەس نازانێت داخۆ بە چ میکانیزمێکی هاوشێوەی ڕێککەوتنی پەنجا ساڵەی بە تاڵان بردنی نەوت لە لایەن تورکیاوە هاتوونەتە هەرێمی کوردستان.

گەلۆ ئەوەی کە تۆ بێیت [وەکی بڵێی سیناریۆیەکی ئامادەکراوبێت] نامە بۆ ئاشتی هەورامی بنێریت و داوا لەو کۆمپانیانە بکەیت یارمەتیی بنەماڵەی پێشمەرگە شەهیدەکان بدەن، هاوشێوەی ئەو هەوڵانە نییە خەڵکانێک لە گۆشە و کەنارەوە بۆ سپی کردنەوەی پارەکانیان دەیگرنە بەر؟ ئەرێ هەر بەڕاست ئەوە پاکانە کردنی ناڕاستەوخۆ بۆ گزیرە ئابوورییەکانی نێچیروان بارزانی نییە؟

لێ هەڵپێچانی ڕووکەشیانەی کۆمپانیا نەوتییەکان و وەزیری سامانە سرووشتییەکان زیاتر لە هەوڵدانێک دەچێت بۆ خاوێن کردنەوەی "ئاشتی هەورامی" و کۆمپانیا شاراوەکانی خودی نێچیروان بارزانی. لوتکەی قەباحەتەکە ڕێک لەم بەشەی کەمپەینەکەدایە.

4 کێشەیەکی تری ئەو کەمپەینە لەوەدایە کە سامانی ئەو خەڵکە وەک یارمەتی دەدرێتەوە بە خۆیان. ئەگەر سیستەمێکی ڕێکوپێکی ئابووری و ئیداری هەبوایە، هەر یەک لەو سەرمایەدارانەی بۆ کەمپەینەکە بانگهێشت کراون، دەبوا ساڵانە دە قاتی ئەم یارمەتییەی بە منەت و خۆ بادانەوە بەسەر بنەماڵەی شەهیداندا دەیبارێنن، باج بە حکومەت بدەن. ئەوەش با بمێنێتەوە کە هەندێک لەوانە راستەوخۆ بە پارەی نەوت و گومرک و هتد کە سامانی خەڵکن، بوونەتە سەرمایەدار.

دەرەنجامی یاریی سیاسی و سەرمایەدارانەی ئەو جیلەیە کە خۆیان بە خاوەنی هەر چەشنە پێشكەوتنێکی تەنانەت بچووکیش دەبینن، بەڵام نەک بەشداری نەهامەتییەکان نین، بەڵکوو تەنانەت خۆیان بە شەریکی قەیرانەکان، وێرانییەکان و داڕمانەکانیش نازانن.

لە لایەکەوە دەبینی کە سیاسەتی حکومەتی هەرێم و پاوانخوازیی شەریکە گیرفانیەکانی بەرپرسە حکومییەکان هۆکار بووە بۆ ئەوەی گوشاری دارایی، دەروونی و کۆمەڵایەتی لە سەر خەڵك كەڵەکە ببێت و لە لایەکی دیکەوە هەر ئەوانە دێن و دڵنەوایی ئەو خەڵکە دەدەنەوە و دەبنە پاڵەوانی منداڵانی شەهیدان، بێ ئەوەی یەک چرکەش بیر لەوە بکرێتەوە کە ئەو فس فس پاڵەوانانە هەر خۆیان بکەری دەستە یەک و دەستە دووی ئەم ڕەوشەی ئێستان.

5 ئەم کارە چ "ڕووداو" بیکات یان "ئێن ئاڕتی" یان "کوردسات" هەر یەک شتە و یەک قەباحەتە. بگرە ئەگەر ئاوا بڕواتە پێش، هیچ دوور مەبینن کە سبەی و دووسبەی ئەوانیش کەمپەینی هاوشێوە وەڕێبخەن و دەست بە کێبرکێی بەکاڵا کردنی بنەماڵەی شەهیدان بکەن.

دیسانیش ئەگەر ئەم کارە لە لایەن شوێنی دیکەوە بێجگە لە دەستوپێوەندەکانی نزیک لە سەرۆکی حکومەت بکرایە، سەرەڕای ناحەز بوونی، بەڵام لەوانە بوو ڕێی تێ بچێت. چونکە ئەوان دەیانتوانی بڵێن حکومەت پێی نەکراوە و ئێمە دەیکەین. بەڵام چی دەڵێن ئەگەر کەناڵێک کە ڕاستەوخۆ هی خودی سەرۆکی حکومەتە ئەم کارە بکات و مانۆڕی پێوە لێبدات؟ خۆتان و ویژدانتان قەباحەت لەمە گەورەترهەیە؟

6 ئینسیاتیفی ئاوا ئەگەر بۆ ڕوودای لەناکاو بکرێت زۆر جیاوازە. بەڵام سەبارەت بە "بنەماڵەی شەهیدان شتێکی دیکەیە. ئەوانەی کە لە هەموو وڵاتاندا ئەرکی سەرشانی حکومەتە بە هانایانەوە بچێت.

ئەگەر رەنج سەنگاوی یان هەر کەسێکی تر بە هەر نیەتێک [جا خۆ نواندن بێت یان خێرخوازی] کەمپەین بۆ لێقەوماوان و ئاوارەکانی هەر گۆشەیەکی کوردستان یان دنیا ساز بکەن، ئەوە شتێکی دیکەیە. بەڵام ئەمەیان بە تەواوەتی جیاوازە. پێویست بەوە ناکات تۆ بزانی چ نیەتێکیان لەپشتە. پێویستت بە بەڵگە نییە. هەر نەفسی کەمپەین سازکردن بۆ بنەماڵەی ئەو "سەرباز"/پێشمەرگانەی لەشەڕدا گیانیان بەخت کردووە خۆی لە خۆیدا قەباحەتە.

ئەمە زۆر جیاوازە لەوەی خەڵکانێک خواردن بۆ بەرەکانی شەڕ ببەن. یارمەتیدانی هێزی شەڕکەر یان هەڵمەتی پارە کۆکردنەوە بۆ بەرەکانی شەڕ، لە هەموو شوێنێک هەبووە یان هەیە. بەڵام یارمەتیدانی خێزان و منداڵی سەرباز یان پێشمەرگەی گیان بەختکردوو کە ئەرکی سەرشانی حکومەتە یارمەتیی بدات، ئەویش لە لایەن میدیای سێبەری سەر بە سەرۆکی ئەو حکومەتەوە قەباحەتە و لە قەباحەت ئەولاتریش.

پەیوەندی‌دار:

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە