بابەتی گەرم:

تەقینەوەی مین لە نۆدشە گیانی شوانێکی کوردی ستاند

Sunday, May 31, 2015

NNSROJ
: زانرا کە شەوی شەممە ٩ی جۆزەردان، شوانێکی کورد بە ناوی “عەزیز گوڵستانی”، لە ئاکامی تەقینەوەی مین لە ئاواییەکی نزیک بە نۆدشەی پاوە گیانی لەدەست داوە.

هەواڵەکە لە لایەن بەخشداری نەوسوودەوە بۆ مێهرنیوز پشتڕاست کراوەتەوە و شوێنی تەقینەوەی مینەکە، ٤ کیلۆمیتری نۆدشە ڕاگەیاندراوە.

لە سەردەمی شەڕی ئێران و عێڕاقدا زیاتر لە ١٦ میلیۆن مین لە پارێزگا سنوورییەکانی ئێران چێنراون و لەم نێوەشدا ئیلام، کرماشان، ورمێ و سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە پاڵ خوزستان، پشکی شێری مینە چێنراوەکانی سەردەمی شەڕ و قۆناخەکانی دواتریان بەرکەوتووە.

ئەگەرچی بەرپرسانی ئێرانی بانگەشە دەکەن کە زۆربەی ناوچەکانی کوردستان لە مینی چێنراو پاککراوەتەوە بەڵام تەقینەوەی مین، نەتەنیا لە سەر سنوورەکان، بەڵکوو لە قووڵایی خاکی رۆژهەڵاتی کوردستانیش، ساڵانە دەیان کوژراو و برینداری لێ دەکەوێتەوە.

شایانی باسە هەر لەم چەند حەوتوویەی ڕابردوودا ١٣ کەس، بۆ وێنە لە قەسری شیرینی سەر بە کرماشان و مێهرانی سەر بە ئیلامی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ئاکامی تەقینەوەی میندا گیان یا پارچەیەک لە جەستەیان لەدەست داوە.

پەیوەندی‌دار:

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە