بابەتی گەرم:

“سەلاحەدین دەمیرتاش” کێیە؟

Tuesday, June 9, 2015

ئامادەکردنی: ئێن‌ئێن‌ئێس‌رۆژ

شرۆڤەکارانی سیاسیی تورکیا، “سەلاحەدین دەمیرتاش”، هاوسەرۆکی گەنجی “پارتی دێمۆکراتیکی گەلان”، وەک یەکێک لە فاکتەرە گرینگەکانی سەرکەوتنی هەدەپە لە هەڵبژاردنی حەوتی ژووئەندا لەقەڵەم دەدەن.

دەمیرتاش لەدایکبووی ١٠ ئاپریلی ساڵی ١٩٧٣ لە پاڵۆی ئەلعەزیز لە باکووری کوردستانە. ناوبراو کوردی زازایە و دەرچووی کۆلێژی یاسایی زانکۆی ئانکارایە. دەمیرتاش بەر لەوەی بە شێوەی ئەکتیڤ بێتە ناو سیاسەت، لە بەڕێوەبەرانی لقی ئامەدی “کۆمەڵەی مافی مرۆڤ”[IHD] بوو. ناوبراو هەروەها لە دامەزرێنەرانی لقی ئامەدی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی و “ڕێکخستنی مافی مرۆڤی تورکیا”شە.

سەلاحەدین دەمیرتاش پاش داخرانی “پارتی کۆمەڵگای دێمۆکراتیک”[DTP]، کە برایەکەی “نورەدین دەمیرتاش”، سەرۆکی بوو، هاتە ناو پارتی ئاشتی و دێمۆکراسی[BDP] و لە کۆنگرەی فێبرواری ساڵی ٢٠١٠ی بەدەپەدا وەک هاوسەرۆکی بەدەپە هەڵبژێردرا.

ئاشنابوون بە دۆزی کورد و هاتنە ناو سیاسەت
دەمیرتاش دەڵێ لە مانگی مارسی ١٩٨٨ی زایینی، کاتێک خوێندکاری پۆلی دووی دواناوەندی بووە، بە بیستی دەنگی دروشمی خۆپێشاندەران لە دەرەوەی قوتابخانەکەی لە ئامەد و ئاخافتنی مامۆستاکەیان لەسەر چەرمەسەرییەکانی کورد بەدەست حکوومەتی سەددام حوسێن و کیمیابارانی هەڵەبجە، بۆ یەکەم جار زانیوییەتی کە ئەویش سەر بەو نەتەوە ستەملێکراوەیە بەڵام هەر بە پێشنیاری مامۆستاکەی، هەوڵ دەدا لە سیاسەت نزیک نەکاتەوە هەرچەند ئەشقی بە موزیکژەنی، لە موزیکی کوردی نزیک دەکاتەوە و ناچار دەبێ ساڵانێک بەدزی دایک و باوکی، گوێ لە گۆرانی کوردی بگرێ. 

ناوبراو دەگێڕێتەوە کە شوێنبزرکرانی سەرۆکی پارتی ڕەنجی گەل[HEP] لە ساڵی ١٩٩١ی زایینی و دۆزرانەوەی تەرمەکەی پاش سێ ڕۆژ و ئاڵۆزییەکانی ئامەد دوای ئەو ڕووداوە، بۆ یەکەم جار سەرنجی ڕاستەوخۆی ناوبراوی بۆ سیاسەت ڕاکێشاوە. 

هەروەها قۆڵبەستکرانی برایەکی بە تۆمەتی ئەندامەتی لە ڕێکخستنی گەنجانی پەکەکە لە زانکۆی “موغوڵا” و مەحکوومکرانی بە ٢٤ ساڵ زیندان بەهۆی نەبوونی دەرفەتی ماددی بۆ گرتنی پارێزەر، وای لێ کردووە کە خوێندن لە بواری بەڕێوەبەری دەریاوانی لە زانکۆی ئیزمیر جێبهێڵێ و ساڵی ١٩٩٣، لە زانکۆی ئانکارا دەست بە خوێندنی یاسا بکات.

ساڵی ٩٥، هەر لە زانکۆ هەوڵی داوە بچێتە شاخ بەڵام بە گیرانی لینکە تەشکیلاتییەکەی، پلانەکەی لێ ئاشکرا بووە و دواتر بەم هۆیە بۆ ماوەی ١٥ ڕۆژ قۆڵبەست کراوە.

لە پارێزڤانیی مافی مرۆڤەوە تا سەرۆکایەتیی بەدەپە
دەمیرتاش لە ساڵی ٢٠٠٠وە بۆ ئەملا، لەگەڵ عوسمان بایدەمیر و کۆمەڵێک یاساناس و چالاکی مافی مرۆڤ، لە بەڕێوەبەریی کۆمەڵەی مافی مرۆڤدا بووە و بەدواداچوونی بۆ سەدان دۆسیەی پێشێلکاری مافی مرۆڤ لە باکووری کوردستان کردووە. پاش ئەوەی لە ساڵی ٢٠٠٤دا، بایدەمیر بۆتە شارەداری گەوەرەشاری ئامەد، سەلاحەدین دەمیرتاش جێی ناوبراوی لە سەرۆکایەتیی کۆمەڵەی مافی مرۆڤدا گرتۆتەوە.

ناوبراو بە هۆی بەشداری لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنی ڕۆژ تیڤی لە ساڵی ٢٠٠٦ی زایینیدا، بە تۆمەتی پڕۆپاگەندەکردن بۆ پەکەکە، سەرەتا بە ساڵێک زیندان مەحکووم کرا بەڵام دادگای پێداچوونەوە، دواتر سزاکەی بۆ پێنج ساڵ زیندانی هەڵپەسێدرا گۆڕی.

سەلاحەدین دەمیرتاش لە ساڵی ٢٠٠٧ی زاییندا لە جێگەی خەتیب دیجلە، لە ئامەد وەک کاندیدی سەربەخۆ لە لیستی دەتەپە کاندید کرا و توانی نوێنەری ئەو شارە لە پارلەمانی تورکیا. دەمیرتاش لەو ساڵانەدا وەک جێگری بەرپرسی فڕاکسیۆنی دەتەپە لە پارلەمانی تورکیا درێژەی بە سیاسەت دەدا بەڵام بە داخرانی حیزبەکە لە بەهاری ٢٠٠٩دا، تێکەڵ بە بەدەپەی دەستەخوشکی DTP بوو.

دەمیرتاش، پاش داخرانی دەتەپە و قەدەخەکرانی سیاسەت کە زۆربەی دامەزرێنەرانی ئەو حیزبە، لە کۆنگرەی ئاوارتەی پارتی ئاشتی و دێمۆکراسی[BDP]دا بە زۆرینەی ڕەهای دەنگی ئەندامانی کۆنگرە، لە فێبرواری ٢٠١٠دا، وەک یەکەم سەرۆکی ئەو حیزبە هەڵبژێردرا. ناوبراو لە سێپتامبری ٢٠١١شدا بۆ جاری دووهەم، لەگەڵ "گوڵتەن کشاناک"، وەک هاوسەرۆکی بەدەپە هەڵبژێرایەوە.

سەرۆکی تازە هەڵبژێردراوی بەدەپە لەمەودوا بە شێوەیەکی ئەکتیڤتر لە جاران هاتە ناو سیاسەت و ڕۆڵی چالاکانەی لە وتووێژەکانی ناسراو بە قۆناخی ئۆسلۆ، ڕەوتی ئاشتی، کۆمەڵکوژی ڕۆبۆسکی، دۆسیەی کەجەکە و هتد گێڕا و بوو بە یەکێک لە سیما ناسراوەکانی تورکیا. لە ساڵی ٢٠١١ش، وەک یەکێک لە بەربژێرانی بەرەی ڕەنج، ئازادی و دێمۆکراسی، لە جۆڵەمێرگ خۆی پاڵاوات و بۆ دووهەم جار وەک پارلەمانتار هەڵبژێردرا.

هەدەپە و هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆمار
ساڵی ٢٠١٢ی زایینی، دەمیرتاش و هاوحیزبییەکانی، بەمەبەستی پێکهێنانی بەرەیەکی بەرفراوانتر لە چین و توێژە جیاوازەکانی کوردستان و تورکیا، حیزبێکی چەترئاسای فرەدەنگ بە ناوی “پارتی دێمۆکراتیکی گەلان”[HDP]یان دامەزراند. دەمیرتاش لەگەڵ “فیگەن یوکسەکداغ”، لە ٢٢ی حەزیرانی هەمان ساڵدا، وەک هاوسەرۆکانی هەدەپە هەڵبژێردران.

دەمیرتاش لە لایەن حیزبەکەیەوە لە ئەگۆستی ٢٠١٤ی زایینیدا وەک بەربژێری پۆستی سەرۆکایەتیی کۆمار دیاری کرا و لەم قۆناخەدا ڕاستەوخۆ لەگەڵ ڕەجەب تەییپ ئەردۆغان، سەرۆک و دامەزرێنەری ئاکەپە و سەرۆک وەزیری ١٢ ساڵی ڕابردووی تورکیا کەوتە ڕکەبەریی ڕاستەوخۆ. ناوبراو هەرچەند لەو ڕکەبەرییە نابەرابەرەدا، سەرکەوتنی بەدەست نەهێنا و وەک سەرۆککۆماری تورکیا هەڵنەبژێردرا بەڵام لە سەردەمی بانگەشەی هەڵبژارداندا، توانی سەرنجی زیاتری کۆمەڵگا و مێدیای تورکیا بۆ لای خۆی و حیزبەکەی ڕابکێشێ و ڕێژەی ٩.٧٦ی دەنگەکان بەدەست بهێنێ. شتێک کە سەرکەوتنی دواتری حیزبەکەی لە هەڵبژاردنی گشتیی تورکیای مسۆگەر کرد.

سەلاحەدین دەمیرتاش، وەک هاوسەرۆکی هەدەپە لە هەڵبژاردنی حەوتی ژووئەنی ٢٠١٥دا، ڕۆڵی سەرەکیی بانگەشەی هەڵبژاردنی حیزبەکەی لەئەستۆ بوو.

ناوبراو هاوکات لەگەڵ ئەوەی ڕەخنەگرێکی بوێری پارتی دەسەڵاتدار و شەخسی ئەردۆغانە، بە سیاسەتمەدارێکی وردبین و قسەخۆش ناسراوە و بە گوێرەی شرۆڤەکارانی سیاسی و ڕۆژنامەنووسانی تورک، دەمیرتاش کاریگەرییەکی زۆری لەسەر هێمن دەربازبوونی قۆناخی بانگەشەی هەڵبژاردنی و دووربوونی لە پۆلێمیکە باوە توند و پڕ لە بێ ڕێزییەکانی ساڵانی پێشووی ئەو قۆناخە لە تورکیا هەبوو.

هاوکات لەگەڵ ئەوەی کە زۆرێک پێیان وایە دەمیرتاش، وەک سیاسەتمەدارێکی گەنج، بە وزە و بوێر، لەم دوو هەڵبژاردنی دواییدا، سیمایەکی جوانتری لە سەرکردەیەکی دێمۆکرات، ئازادیخواز و چەپ لەخۆ نیشان داوە. 

"ناتکەین بە سەرۆک"
هەدەپە کە بەهۆی هەڤدیتنی چڕوپڕی لە ڕەوتی ئاشتیدا لەگەڵ ئاکەپە، لە لایەن ڕەخنەگرانەوە بە نەرمی نواندن لە بەرانبەر پارتی دەسەڵاتدار تۆمەتبار دەکرا و گومانی ئەوەی لەسەر بوو کە مومکینە ببێتە یارمەتیدەری وەڕاستگەڕانی خەونەکانی ئەردۆغان بۆ گۆرینی سیستمی سیاسیی تورکیا، بەر لە دەستپێکی فەرمیی بانگەشەی هەڵبژاردن، بە تاقە ڕستەیەکی دەمیرتاش، سەرجەم گومانەکانیان ڕەواندەوە.

دەمیرتاش نیوەڕۆی ١٧ی مارسی ٢٠١٥، لە کۆبوونەوەی ئاسایی حەفتانەی فڕاکسیۆنی هەدەپە لە پارلەماندا، ڕایگەیاند کە کورتترین لێدوانی حەفتانەی مێژووی فڕاکسیۆنەکەی دەدات و تەنیا بە گوتینی ئەوەی کە هەدەپە لەگەڵ ئاکەپە هیچ مامەڵە و هاوپەیمانییەکی قێزەون ئەنجام نادات، ڕوو لە ئەردۆغان، ڕەخنەگران و کۆمەڵگای تورکیا وتی "تا هەدەپەییەکان لەسەر خاکی ئەو وڵاتە هەناسە بدەن، تۆ نابی بە سەرۆک" و دواتر ڕستەکەی کورت کردەوە و وتی "تۆ ناکەین بە سەرۆک". ڕستەیەک کە دەنگدانەوەیەکی یەکجار زۆر فراوانی لە مێدیاکاندا هەبوو و بوو بە توخمی سەرەکیی بانگەشەی هەدەپە.

دەمیرتاش و هونەر

دەمیرتاش سەوداسەری هونەریشە و لە ژەنینی سازدا دەستێکی باڵای هەیە. ناوبراو لەو سەردەمەدا کە لە ئیزمیر خوێندکار بووە، لەگەڵ کۆمەڵێک لە هاوڕێیانی موزیکدۆستی، گرووپێک بە ناوی “کۆما بەلەنگاز”یان دامەزراندووە و جار و بار گۆرانییەکانی “ئەحمەد کایا، فەرهاد تونج و گرووپ یۆڕووم”یان گوتۆتەوە. لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی ئەمجارەشدا، دەمیرتاش لەگەڵ دیار دێرسیم، یەکێک لە گۆرانییەکانی بانگەشەی هەڵبژاردنی هەدەپەی وتەوە.

بنەماڵە
دەمیرتاش دوو برا و 4 خوشکی هەیە. دایکی، کەیبانووە و باوکی دووکانی تەعمیرچێتیی هەیە. خوشکێکی دیزاینەر، یەکیان پارێزەر و دووی تریان مامۆستانە. براکەی، “نوورەدین”، ساڵی ٢٠٠٤، پاش ١١ ساڵ و شەش مانگ، لە زیندان ئازاد بوو و ماوەیەک دواتر بوو بە سەرۆکی دەتەپە. ناوبراو ئێستا لە باشووری کوردستانە و ئەگەرچی دەگوترێ لە هەولێر دەژی، بەڵام بە گوتەی سەلاحەدینی برای، نورەدین لەم دواییانەدا لە شنگال و لە ڕیزی گەریلاکانی پەکەکە، لە شەڕ دژ بە داعشدا بەشداری کردووە. 

س.دەمیرتاش لە ساڵی ٢٠٠٢ی زاینییەوە لەگەڵ “باشاک دەمیرتاش”ی مامۆستا ژیانی هاوسەری پێکهێناوە و باوکی دوو کچ بە ناوەکانی “دەلال” و “دڵدا”یە.
م.م.

پەیوەندی‌دار:

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە

راپۆرتەهەواڵ

analis picture

١٣ بابەت لە سەر ڕاپەڕینی وەرزێرانی موکریان و خەڵکی بۆکان لە سەردەمی موسەدیق (بابەتی حەوتەم)


هەواڵ


دیمانە

Interview Picture

گەلێک دەوڵەت ، ئەوانەی کە ئەندامی ناتۆن و لەگەڵ ترکەکان کار دەکەن و پێوەندییان لەگەڵ تورکیا هەیە دەیانەوێ نێوانی ڕۆژئاوا

پێنج‌شەمە ۱۲رەزبەر۱۳۹۷/ ۲۳:۳۳